زۆر بە كورتی

PM:03:51:03/01/2026 ‌
حزبەكەی عەلی حەمەساڵح، وەك ئەوەی ناسراوە و لەناو خەڵك وەها ناوی دێت، لە یەكەم ئەزموونی بەشداریی لە پەرلەمانی عێراقدا، كاڵفامانە لەگەڵ هێزێك چووە كێبەركێوە كە خاوەنی 27 كورسی و ملیۆنێك و 100 هەزار دەنگدەرە! كارێك كە نەك ئەوانەی سەتان جار لە عەلی و حزبەكەی بەهێزتر و جەماوەریتر بوونە، نەیانوێراوە بیكەن، بەڵكو هەر بیریشیان لێ نەكردووەتەوە، بەمە ئەم ڕەوتە سیاسییە بچووكە لە یەكەم ئەزموونیدا بە دۆڕاوی چووە ململانێیەكەوە و هاوكات هەر لەو ئەزموونەیشیدا بووە داهێنەری تێكدانی یەكڕیزی كورد و ئەو سازانەی هەمیشە لە كۆتایی تاقیكردنەوەكانی پەرلەمانی عێراقدا بەدی دەهات.

كاندیدی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان، ماف و بەركەوتەی جەماوەریی و یاسایی پارتییە، وەك ئەوەی 20 ساڵە وا بووە، بێگومان كاندیدەكەی هەڵوێست، مافی ئەو پۆستەی نەبوو لە بەر ئەم خاڵانە:
یەكەم، ئەم ڕەوتە، پێنچ پەرلەمانتاری هەیە، یەكێك لە پەرلەمانتارانی بە دوو هەزار دەنگ دەرچووە، لە كاتێكدا كاندیدی پارتی هەیە 12 هەزار دەنگی لە سۆران هێنابوو، بەڵام  دەرنەچوو، ئەمە وێرای پیلانی بەغدا لە دژی كورد و پارتی، هاوكات گاڵتەجاڕیی هەڵبژاردنەكانی عێراقیش دەردەخات. واتا چۆن دەبێت ڕەوتێك بە پێنچ كورسییەوە ئەو پۆستە وەربگرێت، بەڵام حزبێك بە 27 كورسییەوە وەرینەگرێت؟

دووەم، ئەم پۆستە نوێنەرایەتیی خەڵكی كوردستان دەكات، دەبێ كەسێك لەو شوێنە بێت كوردانە بیر بكاتەوە و مامەڵە لەگەڵ ئەو ئەقڵە شۆڤێنییە بكات كە لە بەغدا هەیە، ئەینا دەیان یاسا بەسەر هەرێمدا دەسەپێنن.
كاندیدەكەی هەڵوێست و ڕەوتەكەی، نەیانشاردووەتەوە كە عێراق بە قووڵایی خۆیان دەزانن و بەردەوام داوای بەدەستەوەدانی هەموو شتێكی هەرێم بۆ بەغدا دەكەن، ئەم دیدە ترسناكە لەسەر هەرێم، چونكە ئەم ڕەوتە نزیكە لە شیعەكان و ئەو ئاراستە و كەسایەتییە شۆڤێنییانەی بەردەوام دژایەتی هەرێم دەكەن و هەمیشە لە مامەڵەدان لەگەڵ هەر نەیارێكی كورددا.

سێیەم، ئەم پۆستە تەنیا بە هەڵبژاردن یەكلا ناكرێتەوە، بەڵكو دەبێ لە بەرایی هەموو شتێكدا، سازانی كورد و بە تایبەتیش پارتی و یەكێتی لەسەر بێت، چونكە هەر لە سەرەتاوە بەو شێوەیە هاتووە.
چوارەم، دەنگەكانی كاندیدەكەی هەڵوێست، لە هاوپیەمانیی و ژمارەی زۆری كورسییەوە نەبوو هەتا ڕێككەوتنی پێ بكەن، بەڵكو دەنگی شۆڤێنییەكانی دوژمنی كورد بوو، بۆ تێكدانی زیاتری ڕیزی كورد و دەسكەلاكردن و قووڵكردنەوەی ئەو تێڕوانینە شیعەگەر و عێراقییەیە بەرانبەر بە كورد، لەو ڕێگەیەوە مەبەستیان بوو درز بخەنە ناو یەكەم بەركەوتنی كورد و خولی نوێی پەرلەمان، بەداخەوە بە هۆی هەڵوێستیشەوە كردیان.

پێنجەم، بە نموونە یەكێتی كاندیدی نەبێت، یان لایەنە كوردییەكانی دیكە، داوای ئەو پۆستە نەكەن، بۆچی هەڵوێست ئەوەندە ئاسان خۆی تێهەڵقورتاند؟ ئەم دەستەوارەیەی بە چەند و چۆن كردووە؟ یان هێشتا لە گڕوگاڵی سیاسەت و هەلپەرستیدان؟

شەشەم، زۆر گرنگ بوو كەركووكییەك لەو پۆستەدا بێ، چونكە ئەو شارە وێڕای ئەوەی بەردەوام هەڕەشەی تەعریبی لەسەرە، هاوكات بۆ كورد و هێزە كوردییەكانیش بەخششێكی جوان بوو، ئەم پۆستە وەك بەركەوتەیەكی كەركووك سەیر بكەن و مامەڵەی لەگەڵ بكەن.
شاخەوان عەبدوڵا جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان لە خولی پێشوودا، بەردەوام وەك سەرەڕمێكی تیژ، بەرانبەر بە ئەقڵی شۆڤێنی عەرەب و ئەو تێڕوانینە تەعریبگەرایە دەوەستایەوە كە هەمیشە دەیەوێت خۆی لە كەركووك وەك خاوەن ماڵ و كوردیش وەك میوان پێشان بدا.

هەرچۆنێك بێت، هەڵوێست مافی ئەو پۆستەی نییە، چونكە نوێنەرایەتیی كەمینەیەكی خەڵكی كوردستان دەكات، بە تایبەتیش لە بەرانبەر حزبێكی ملیۆنی ڕەگداكوتاو كە ژمارەیەكی قورسی ناو ململانێ گەورەكانە، بۆیە هەڵوێست بزانێ یان نەزانێ، یارییەكی پێ كرا كە 24 سەعاتی نەخایاند بە دۆڕاوی لێی دەرچوو.