كورد بێ ئومێد نابێت

AM:11:28:20/01/2026 ‌
ئەگەرچی رووداوەكان دڵخۆشكەر نین، بەڵام سەرۆك و رابەری گەلی كورد هیچ كات گەلی كورستانی بێ ئومێد نەكردووە.

جەبرێكی واقیعییە لە هەر رووداو و گۆڕانكارییەك لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە وڵاتانەوە بەرەو هەولێری پایتەخت بە پێگە سێ قۆڵییەكەیانەوە، سەلماندوویانە هەولێر ناوەندی بڕیاردانە و بێ ئۆكەی سەرۆك بارزانی، یەك دێڕیش بۆ چارەنووسی گەلی كورد لە هەر شوێنێك بێ نانووسرێتەوە.

لە سالی ٢٠٠٢ پێشكەوتنی رژێمە كۆنەكەی عێراق لەسەر نەخشەی هەموو وڵاتەكە، یەكەم كۆبوونەوەی موعارەزەی عێراقی بە میوانداری رابەری كورد سەرۆك بارزانی ،لە پیرمام بەرێوە چوو.

لە سالی ٢٠٠٣ هەر دوای كەوتنی ڕژێم و دروستبوونی عێراقی بە ناو فیدراڵ، هەرێمی كوردستان بووە ئەمرێكی واقیع. ئەو كاتیش زلهێزان بۆ بەرژەوەندییەكانی خۆیان و تەسفیە حیساباتی خۆیان لە ناوچەكە، بەسەر ورد و درشت سەردەكەوتن، بەڵام دیسان سەرۆك بارزانی لێزانانە هاوبەش و هاوكارەكانی رێكخست، ئیدارەی دۆخەكەی دا و ئیرادەی گەلەكەی سەرخست.

سەرۆك بارزانی ساڵ بە ساڵ هەرێمی بە ئاقارێكی تردا پەڕاندە قۆناغی ئاشتی و ئارامی .دواتر لە ٢٠١٤دا كە داعش لە هێرشی عێراق، مووسڵی گرت و نزیك لە بەغدای پایتەختیش بووەوە، زلهێزان و هەموو دنیای دەرەوە نووزەیان لێوە نەهات، بەڵام كە هەڕەشە كەوتە سەر هەرێمی كوردستان، سەرۆك بە رابەرایەتیی خۆی، هێزی پێشمەرگەی بە جووڵە خست و ئیرادەی گەلەكەی پاراست.

پاشان دنیا هاتە سەرخەت و سەرۆكی ئەمەریكا دركی بە هێز و گەورەیی سەرۆك و پێشمەرگە كرد. لە هەمان كاتدا لە وتارێك سەرۆكی ئەمەریكا گوتی، ئەو ناوچەیە دەپارێزین كە شوێنی پێكەوەژیانە و گەلێكی لێبوردە، دەكەنە هەرێمێكی ئازاد و هێمن بۆ هەموو جیاوازەكان.

هەموو ئەوانە سەلمێنەری ئەزموونی سیاسیی مەرجەعی گەلی كورد سەرۆك بارزانین، ئێستەش گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و رووداوە خێراكان و ئەوەی لە رۆژئاوا لە ئارادایە، دڵخۆشكەر نین. بەڵام ئێستەش گەلی كورد سەرۆك بارزانی رابەریەتی و دڵنیام ئومێدێكی گەورە بەدی دەكرێت، بۆ چارەنووسی گەلی كوردستان لە هەر چوار پارچەی نیشتمان.

بەرخودان و خوێنبەخشی كوردانی رۆژئاوا بە فیڕۆ ناچێ و هەموو سەركەوتنێكیش قوربانیدانی دەوێ.