لە مێژووی نەتەوەکاندا هەندێک شار هەن تەنیا ناو نین لە نەخشەدا، بەڵکو لە بیر و بڕیاره مێژوویهكاندان، هەولێر یەکێکە لەو شارانهی له کاتێکدا جیهان لە ناڕەزایهتی و تێکچووندا دەسوڕێتەوە، ئەو لە ئارامییەوە ڕێگەی بڕیار نیشان دەدات.
هەولێر تهنیا پایتەختی دەسەڵات نییە، بهڵكو پایتەختی متمانە، گوێگرتن و چارەسەرە.
سهردانی سهرۆك بارزانی بۆ ڤاتیكان و ئهوروپا, ئامادهبوونی نێچیرڤان بارزانی سهرۆكی ههرێمی كوردستان، له کۆبوونەوە مێژوویهكهی نێوان مەزڵووم عەبدی و تۆم باراک، ههوڵ و تێكۆشانی مهسرور بارزانی سهرۆك وهزیرانی كوردستان له داڤۆس, تەنیا وێنەیەکی دیپلۆماسیی نین، ئەمانە ڕووداوگەلێکن تێیدا شوێن قسە دەکات، و شار بڕیار دەدات، لە جیهانێکدا کە دەنگی چەک زۆرجار بەرزترە لە دەنگی وتار، هەولێر دەنگی ئارامی هەڵدەگرێت.
ئەم ههوڵ و تێكۆشانه دووپاتکردنەوەی ئەو ڕاستییەیە کە باشووری کوردستان تەنیا پارچەیەکی جیۆگرافیا نییە، بەڵکو پشتێنەیەکی ستراتیجی و ئەخلاقییە بۆ ڕۆژاوای کوردستان، ئەم پشتێنەیە لەسەر بنەمای یەکڕیزیی نەتەوەیی ڕادەوەستێت، نە لەسەر هاوکێشەی حزب و کەس, چونکە لە ساتە هەستیارەکاندا، نەتەوەکان بە یەکڕیزی دەژین، نەک بە جیاوازی لابەلاوە.
فەلسەفەی هەولێر لەوەدا نییە چی دەڵێت، بەڵکو لەوەدایە چۆن گوێ دەگرێت، گوێدان بە ترسی ناوچەکە، بە هیوای گەلەکان، بە ئەو قسە نەوتراوانەی لە ناو دڵی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا هەڵدەقووڵێن, هەولێر شوێنێکە گفتوگۆ تێیدا نابێت بە نیشانەی لاوازی، بەڵکو دەبێت بە بەڵگەی مێژوویی یەکخستن.
ئەگەر پێمان وابێت چارەنووسی ناوچەکە تەنیا لە پایتەختە گەورەکانەوە ڕێکدەخرێت، هەولێر جارێکی تر ئەم بیرە دەشکێنێت، هەندێکجار مێژوو لە شوێنێک دەست پێ دەکات کە کەس چاوەڕێی ناکات، ئەمجارە، مێژووی کورد لە هەولێرهوه دەنووسرێت.