دەڵێن جارێكیان مێشوولەیەك لەسەر پشتی فیلێك نیشتەوە، ئەو گیانەوەرانەی لە دەوری فیلەكە بوون، پێیان گوت مێشوولەیەك لە سەرپشتی تۆیە، فیلەكەش گوتی مێشوولە چییە؟ من یەكەم جارە هەر گوێشم لە ناوی دەبیت؟ تا هەستی پێ بكەم. دروست ململانێی شاسواری خەونە نەزۆكەكان و نەوە كۆنەكەیم بەو ڕووداوە دێتە بەرچاو. ئاخر بیركردنەوە لە ململانێكردنی حزبێك كە خاوەنی زۆرترین دەنگی دەنگدەرانە و هەرچی جومگەی سیاسی و حوكمڕانی هەیە لە دەستیەتی، لە ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتیدا، پێگەیەكی دیاری هەیە و یەكەم حزبیشە لەسەر ئاستی عێراقیش، كارێكە مرۆڤی ژیر نەك نایكات، بەڵكو بیریشی لێ ناكاتەوە، چونكە دەزانێ دواجار میزەڵانەكە فش دەبێتەوە.
بێگومان بۆ یەكێتی، ئێمە كۆمێنتێكمان نییە، چونكە یەكێتی خۆی داواكاریی هەیە و داوای هاوسەنگی لە پۆستەكان دەكات كە ئەمەش بەلای پارتییەوە ڕەتكەرەوەیە، بەڵام ئەوەی شاسوار كردی كارێكە، دووبارە كردنەوەی هەمان هەڵە مێژوویی و نەزۆكەكەی یوسف محەمەدە، بەداخەوە لە هەرێمی كوردستاندا زەوینە لە بەردەم چەندان كەسی بە ناو سیاسی دەڕەخسێت كە بە هۆی ساویلكەیی دەنگدەرەكانیان و هاوكات گوتارێكی میدیای پۆپۆلیستییانە، بگەنە بەرزترین ئاستی دەسەڵات، بەڵام ئەم گەنجانە چونكە قاڵبووی ناو هیچ قوتابخانەیەكی شۆڕشگێڕی و كوردایەتی و نەتەوایەتی نەبوونە، هاوكات لە ڕووی تەمەن و هزری سیاسیشەوە هێشتا وەك پێویست پێ نەگەیشتوون، ئیتر وەك ڕێوی كە سێبەرەكەی خۆی بە شێر دەبینێت، خۆیان لێ دەگۆڕێت و دەست بۆ كار و پڕۆژەیەك دەبەن كە دواجار سەری خۆیان دەخوات.
یوسف محەمەدیش ئەو كاتەی سەرۆكی پەرلەمان بوو، هەوڵی ئەوەی دا پارتی بخاتە دەرەوەی بازنەی حوكمڕانێتی و لە ڕێگەی بەرەیەكەوە پارتی تەنیا بهیڵێتەوە، كەچی دواجار خۆی تەنیا كەوتەوە و دەرگای پەرلەمانیشی بە ڕوودا داخرا. دەبوو شاسوار، پەند لەو ڕووداوە وەربگرێت و هەوڵی ئەوە نەدا بچێتە شەڕێكەوە كە كەسانی زۆر لەو ئازاتر، جەماوەریتر، بە تواناتر و مەردتر كردوویانە، كەچی دواجار بە دۆڕاوی و شەرمەزارییەوە لێی هاتوونەتە دەر.
ئەم هەنگاوەی نەوەی نوێ، گرێكوێرەی پێكهێنانی حكوومەتی سەختتر كرد و گرێیەكە بردە ناودەم، كە پێشتر دەرفەتێك هەبوو بەدەست بكرێتەوە. بیركردنەوە لەوەی كە پارتی ئۆفەر بكرێت، یان حوكمڕِانێتییەك بێ ئەو حزبە لە هەرێمی كوردستان بكرێت، لە خەونی نەزۆك دەچێت. پارتی هیچ كاتێك نەوەی نوێی بە شایانی بەراورد و ململانێی خۆی نەزانیوە، بۆیە ئەگەر سەرنج بدەین دەبینین، لە ئاستی فەرمی و نافەرمیدا، لە ناوەندە میدیاییەكانیشیدا هیچ كاتێك باسی نەوەی نوێ و سەرۆكەكەیان ناكەن، چونكە لە بنەڕەتدا، پارتی بە نەبوو دەیانبینێت.
شاسوار ئازاد بوو لەوەی داوای دەرچوون لە گرتووخانە بكات، بەڵام دەرچوونێك خۆت و نەوەكەتی لە پێناودا بدۆڕێنی، شەرمەزارییە و دەرخەری ئەو ڕاستییەیە كە گرتووخانە تەنیا قارەمانەكان دەیتوانن بیبەزێنن. تەنیا پاڵەوانەكان دەتوانن بە شكۆمەندییەوە لێی بێنەدەر. ئەم هەنگاوەی نەوەی نوێ، هاوكێشەكەی ئاڵۆزتر كرد، هاوكات بە ناو نەوەكەشی كردە بەشێك لەو ململانێی سیاسییەی كە لە نێوان دوو حزبدا هەیە و لە بنەڕەتدا پێوەندیی بەوەوە نییە. هەر چۆنێك بێت نەوەی نوێ بەم هەڵوێستەی، نەزانانە بەردێكی خستە گۆمەوە كە ئەگەر دەربهێنرێت یان نا، ئەوا بەلای پارتییەوە وەك یەك وایە، چونكە لای پارتی نەوەی نوێ وەك نەبوو وایە.
پەراوێزەكان:
1_ ڕۆمان و واقیع ، لوسیانگۆڵدمان، و- سەلاح عومەر، زنجیرە كتێبی گیرفان، ل 120.
2_ ه _س _پ .
3_ وێنەی شیعریی لە دیوانی تەمەنی ئەحمەد محمەددا/ ئیدریس محەمەد رەزا.