چەپکە گوڵەکەی مام و ئیرادەی کاک

AM:09:59:25/01/2026 ‌
ئێمە لەسەر لێوارێکی مێژوویی وەستاوین کە تێیدا بێدەنگی و بێ‌بڕیاری، تەنیا هەڵە نییە، بەڵکوو خۆکوژییە. هەر گۆڕانکارییەک کە ئیرادەی نیشتمانیی خۆمانی تێدا نەبێت، تەنیا گۆڕینی شێوازی کۆیلایەتییە. دەبێت بە ئاگاییەکی قووڵەوە بزانین، ئەو گۆڕانکارییەی بە دەستی جەراحە غەربییەکان و هێزە دەرەکییەکان دەكرێ، هەرگیز نابێتە زایینی ئازادی؛ بەڵکوو هێنانی کۆرپەلەیەکی ناتەواوە بۆ ناو دنیا.
 
مێژووی ئێمە بۆ ماوەیەکی درێژ وەک شانۆیەکی دووبارە وێنا کراوە، ئێستە گەیشتووینەتە ساتەوەختێک تێیدا کات تەنیا ژمارە نییە، بەڵکوو ترپەی بوونمانە. ئەگەر ئەمڕۆ بڕیارێکی ستراتیجی و ژیرانە نەدەین، کەوتن لەم بەرزاییە سیاسییەی ئێستەوە، پاشەکشەیە بۆ شۆڕشی شاخ.

جەنەراڵ مەلا مستەفای بارزانی، بە هاوکاری یاوەرەکانی لە ڕێگەی شۆڕشی ئەیلوولەوە، دۆزی کوردی لە یاخیبوونێکی ناوخۆییەوە گۆڕی بۆ قەوارەیەکی سیاسی و نەتەوەیی کە جیهان ناچار بوو ددانی پێدا بنێت. ئێمە ئەمڕۆ لەژێر سێبەری ئەو میراتە مێژووییە و بە ڕێبەرایەتیی هەردوو سەرکردەی مێژوویی کورد، سەرۆک بارزانی و مام جەلالی ڕەحمەتی، خاوەنی سوپا، پەرلەمان، دیپلۆماسی و ئابووریی خۆمانین. هێزی ئێمە چیتر تەنیا چەکی شان نییە، بەڵکوو هێزێکی دامەزراوەییە، بۆیە دەبێت بڕیارەکانمان لە ئاستی ئەم هێزە گەورەیەدا بن، چونکە بەرپرسیارێتیی ئێمە پاراستنی قەوارەیەکی نیشتمانییە کە دەبێت بڕیارەکانی هێندەی گەورەیی و سەنگە سیاسییەکەی بێت.

لەم وێستگە چارەنووسسازەدا، سەرۆک مەسعوود بارزانی، وەک کۆتا لاپەڕەی ئەو کتێبە پڕ لە شکۆیەیە، ئەو سێبەرە ئارام و بەهێزەیە کە وەک هەڵۆیەک لەسەر لووتکەی مێژوو وەستاوە تا دوا ئەرکی ئەم نەتەوەیە کە گەیاندنی کەشتییەکەیە بە کەناری دەوڵەت، بڕانێ. 
بارزانی لە 2017 ئەو بوێرییەی کردە ڕێبەر، چونکە بە وردی دەیزانی زلهێزەکان تەنیا بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان نەخشە دادەڕێژنەوە، بۆیە ویستی ئیرادەی گەلەکەی بکاتە پارسەنگی هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان.

ئێستە کاتی ئەوەیە تاک بە تاکمان ببینە هاوڕێ و هاوسەنگەری "کۆتا پیاوی شۆڕش" بۆ تەواوکردنی ئەم کاروانە، دەبێت ببینە "سەرۆک مام جەلال لە کۆکەرەوەییدا، واتە پێڕەوکردنی ئەو فەلسەفەیەی کە نیشتمان وەک چەپکەگوڵەکە دەبینێت و هەموو دەنگە جیاوازەکان لە دەوری یەک ئامانجی باڵا کۆ دەکاتەوە، ببینە هەمیشە زیندوو ئیدریس بارزانی وەك ئەندازیاری ئاشتەوایی نیشتمانی. دەبێت وەک مارگێت گۆگۆ و هێزەکانی هورمزلو، دینمان و ئایینمان هەر نیشتمان بێت، وەک ئەو ئەفسەرە قارەمانانەی سوپایان بۆ خاک جێهێشت، عەقید زەکەریا، عەزیز عەقراوی، وەک عەریف غەریب کە بە قەناسەکەی 
نیشانەکانی بە وردی دەپێکا". دەبێت ئێمەیش لە پاراستنی ئەم قەوارەیەدا هاوشێوەی ئەوان، هاوڕێ و هاوسەنگەر بین، چونکە سەرۆک بارزانی وەک کۆتا لاپەڕەی شکۆی شۆڕش، زەوینەی بۆ ڕەخساندووین تا لە قۆناغی "خەبات بۆ مانەوە" تێپەڕین بەرەو "خەبات بۆ سەروەری" هەنگاو بنێین. 

كەواتە هەر بڕیارێکی ئێمە ئەگەر لە ئاستی گەورەیی ئەم دامەزراوانەدا نەبێت، بێڕێزییە بەو مێژووە و تێنەگەیشتنە لەو ئەرکە نەتەوەییەی ئێستە لەسەرشانی سەرۆک بارزانی وەک ڕێبەرێکی دەوڵەتداریی  ماوەتەوە. دەبێت ڕاستگۆ بین لەگەڵ خۆمان، بارزانی دواین وێستگەی گەیشتنە بە دەوڵەت، لە دوای ئەو، نەک هەر نایەینە ناو نەخشەی جیهان، بەڵکوو دەوڵەتبوون دەبێتە مەحاڵێک کە تەنیا لە خەونەکانماندا بۆی دەگەڕێین.