(ترێند) توانا و جووڵەی گشتی بیركردنەوە و هەڵسوکەوت، یان سەرگەرمی و تێڕوانینی هاوبەشی ناو كۆمەڵگە، وەک فۆرمێك لە فۆرمەكانی ئازادی بەرز دەنرخێنێ. خێرایی و دووبارەبوونەوەی ترێند لە لایەك زمان و ئازادی وەک بەرپرسیارێتی و بوێری بەرجەستە دەكات، لە لایەكی دیكە جیاوازی زمانیی داهێنانی تاکی سەركێش پەردەپۆش دەكات.
بۆ بەدواداچوونی توانای ترێند كە بوێری لە خۆدا هەڵگرتووە و سەركێشی داهێنان كە چەمكی دەستپێشخەری دەنوێنێ، هەوڵ دەدەم خوێندنەوەیەكی گشتی بۆ زمان لە ڕێگای (ئازادی/ بەرپرسیارێتی) و (ئازادی/ داهێنان) بكەم و خوێندنەوەیەكی تایبەت بۆ (جیاوازی زمانیی تاكی سەركێش) بكەم و لە ڕێگەی چەمكی جیاوازییەوە بڵێم: ئەگەرچی لە ڕووییەك لە ڕووەكان چیرۆكی بەرپرسیارێتی سەردەم و خێرایی و دووبارەبوونەوەی ترێند (وەک هاوبەشی پێویستی كۆمەڵگە و توانای بوێری و هێزی میدیا و هەست و ئارەزووی مرۆڤ لە كاتە دیاریكراوەكاندا) زمانی هاوبەشی سەردەم دەپارێزێت، لە ڕوویەكی دیكەوە (وەک یەکێک لە گرنگترین و قووڵترین پانتاییەكانی ئازادی كە هۆشیاریی ڕەخنەیی زمانی تاکی سەركێش و دەستپێشخەری هەڵگرتووە، کاریگەری قووڵی لە گۆڕانكارییەكاندا هەیە)، جیاوازی داهێنان پەراوێز دەخات.
بە كورتی، (خێرایی ترێند) بە قووڵی بیر لە سەركێشی و هەنگاونان و سەیرورەی گۆڕانكارییەكان ناكاتەوە، بەقەد ئەوەی بیر لە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی (ترسی لەدەستچوون) دەكات، بە قەد ئەوەی هەوڵی سەرگەرمی كاتی دەدات، ڕاكێشانی سەرنجی گشتی (چیڕۆكی بەرپرسیارێتی) وەک هێزی میدیا و تەكنۆلۆجیا لە بازاڕی ئەخلاقدا، چەشنی (داهێنان) برەو پێ بدات؛ بەڵام لە بەرانبەردا (هەنگاونان بەرەو داهێنان) لەگەڵ گرفتە ناكۆتاییەكانی (ئازادی و جیاوازی و زمان)دا دەژی و بە قووڵی بیر لە سەیرورە و گۆڕان دەكاتەوە.
كەواتە زمانی داهێنان (وەک كردە) و بەکارهێنانی ترێند (وەک ئامراز)، یان لە خاڵی جیاوازی نێوان سەركێشی و بوێرییدا دەشێ (ئازادی زمانی جیاواز و هەنگاوهەڵگرتن بەرەو داهێنان)، كۆی ئەو ڕوونکردنەوە و ڕێکخستنە نمایشخوازانەی ترێند و سەرگەرمی تێپەڕێنێ، چونكە هەمیشە داهێنان و جیاوازی شێوازێکی نوێ بۆ كردەی ئازادی زمان دەدۆزمەوە، بەبێ ئەوەی پشت بە شێوەخوازی ڕاكێشانی سەرنجی گشتی و هاوبەشیکردن، هێزی سەرگەرمی، لایک، کۆمێنت ببەستبێ. وەک چۆن (خێرایی و توانای ترێند و ئامرازی تەكنۆلۆجی)، شێوازێکی نوێ بۆ خۆنمایشكردن و چیڕۆكی بەرپرسیارێتی وەک دەرئەنجامی هاوبەشی پێویستی كۆمەڵگە، هێزی میدیا و هەست و ئارەزووی مرۆڤ لە كاتێكی دیاریكراودا دەدۆزێتەوە.
هەڵبەتە گرفتە ناكۆتاییەكانی ئازادی زمان، لە بوێری و سەركێشی ترێند و داهێنانەوەیە، بەڵام یەکێک لە بنەڕەتیترین سەركێشییەكانی ئازادی زمان، جیاوازییە، نەك چیرۆكی بەرپرسیارێتی، جیاوازی هەمیشە تێگەیشتنێکی نوێیە بۆ دیتنی گرفتە ناكۆتاییەكانی تاك و زمان. بەو مانایەی داهێنان تەنها کۆمەڵێک فۆرمی خێرا و كاتی بڵاوبوونەوەی سەردەم نییە، وەک چۆن زمان تەنیا کۆمەڵێک وشە یان دەق نییە کە واتایەكی بەرپرسیارانە و ڕێكخراوی ترێندخوازیی هەبێت، بەڵكوو داهێنانی زمانیی تاکی سەركێش، گەڕانەوەیە بۆ ئازادی ئازادی... ئازادی داهێنان جیاوازییە. بوێری و سەركێشی زمانی داهێنانە و یەكێك لە ڕەگەزەكانی ئازادی، بوێریی و سەركێشی زمانە. بەو مانایە پێشكەوتنی زمان هەم ناوەکییە و هەم دەرەكییە.
بەڵام بڵاوبوونەوە و دووبارەبوونەوەی ترێند دروستكراوی تاک نییە، بەڵكوو لە هێزی هاوبەشی كۆمەڵگە و میدیا و تەكنۆلۆجیای سەردەمدایە... هەموو ئەم تێگەیشتنە جیاوازانە لەو بیركردنەوانەن كە توانای ترێند (خێرایی بڵاوبوونەوە) و مێژووی زمان (بەردەوامی) وەک (ئارەزووی پێشكەوتن) پرۆسێسی دەكەن؛ بەڵام هەمیشە (جیاوازی زمانیی تاکی داهێنەر) دەیەوێت بیرۆکەی ترێندی تەكنۆلۆجی و بیرۆكەی بەردەوامی مێژوویی لە سەیرورەدا تێپەڕێنێ، دەیەوێت لە جیاتی ڕووبەڕووبوونەوەی ترسی لە دەستچوون و لە جیاتی چیرۆكی بەرپرسیارێتی، هەمیشە (قووڵی مەعریفی) و (دابڕانی مێژوویی) پەرە پێ بدات.
بەمجۆرە (جیاوازی زمانیی تاکی سەركێش) لە ڕووی ڕەخنەییەوە توانیووییەتی مێژووی زمان لە چوارچێوەی مێتۆدەكانی بەردەوامی و بەرپرسیارێتی ئاڕاستەكراو و دووبارەبوونەوە، ڕزگار بکات. جیاوازی زمانیی تاکی داهێنەر، هەمیشە بەدوای بوێری- سەركێشی و ئازادییەكانی داهێنان و سەیرورەی مەعریفەی جیاوازەوەیە، هەمیشە لە وێنە باوەكە و خێرایی بڵاوبوونەوەی تەكنۆلۆجیای سەردەم، دوور دەكەوێتەوە... جیاوازی داهێنان بەجێی ئەوەی پێشنیاری بەرپرسیارێتی و نمایشخوازی بکات، پێیوایە دەبێ دەق و زمان لەسەر ئازادی جیاوازییەكان و سەركێشی تاک و هەنگاونان بەرەو داهێنان ڕابێتەوە، هەمیشە خۆی پێوەری ساتەوەختی جیاوازیی خۆی بێت، نەک وەک ئاوێنە ڕەنگدانەوەی بیرۆکەی چەپێنراوی زمان و چەپێنراوی ناوەوەی تاک بێت، نەك خۆی لە پێویستی كۆمەڵایەتی و هێزی میدیا و سەرگەرمی و تەكنۆلۆجیای سەردەمدا بدۆزێتەوە.
لێرەدا سەیرورەی جیاوازیی و تاکخوازی دەبێتە خاڵی لاوازی بەرپرسیارێتی و بەكاربردنی زمانی هاوبەش، چیرۆكی بەرپرسیارێتی و تەكنۆلۆجیای بەكاربردن بەوە تۆمەتبار دەكات کە فۆرمخوازی سەردەم یان ترێند (هۆشیاری گشتی) لە خۆنماییشكردن زێتر شتێكی دیكە نییە. بەمجۆرە بازاڕی خۆنماییشكردن چەمكی جیاوازی زمانیی تاکی سەركێش دەخاتە چوارچێوەی ناپاكییەوە، هەمیشە عەقڵییەتی باو، هۆشیاری گشتی، چیرۆكی بەرپرسیارییەتی... چەمكی جیاوازی و تاکخوازی پەراوێز و سەركوت دەكات!
دەمەوێ بڵێم، هەندێک جار (دەسەڵاتی زاڵ) جیاوازی و تاکخوازی وەھا پێشان دەدات کە پێشێلكردنی پێشكەوتن و بەرپرسیارێتییە؛ بەو مانایەش ڕامانی قووڵ لە بەرانبەر خێرایی بڵاوبوونەوە، داهێنان لە بەرانبەر سەرگەرمی، نەرێنی لە بەرانبەر ئەرێنی، بە شێواندنی ئاسایش و ئازادی لێكدەداتەوە، ئەگەرچی كردەی جیاوازی زمانیی تاکی سەركێش لە هەنگاونان بەرەو داهێناندا، هەمیشە چەمكی بەرپرسیارێتی و ترێند وەک ئامراز دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
خاڵێکی دیکەی نەرێنی و هۆشیاری ڕەخنەیی ئەوەیە كە زمان و شێوازی نووسینی جیاواز، نامۆیی دەخاتەوە، بێگومان زمانی نامۆ و جیاواز هاوشێوەی ژیانی خەڵك نییە، بەڵام هەڵبژاردنی مرۆڤەكان دەگۆڕێ، هەندێک جاریش ناكۆكی تاکگەرایی دەخاتەوە (تۆ لە یەك كاتدا ئازادی و بەرپرسیارێتی وەک دوو بیرۆكەی دژ بەیەك هەڵدەگریت، دەشزانی هەردووكیان وەک ئەرێنی و نەرێنی یەك ئەویتر لاواز دەكات، لەگەڵ ئەوەیشدا باوەڕ بە هەردووكیان دەكەیت و لۆجیكی دژ بە لۆجیك بەكار دەهێنیت.) ئەمە وایکردووە چەمكی جیاوازی سەربە ئازادی بێ و چەمكی سەرگەرمی سەربە توانای ترێند، چەمكی داهێنان سەربە بوێری و سەركێشی بێ و چەمكی بەرپرسیارێتی سەربە تێڕوانینی هاوبەشی ناو كۆمەڵگە، بە پێچەوانەیشەوە ڕاستە، هەر بەو مانایە پێشكەوتن لە جیاوازییدایە.
لە ڕووی ناوەڕۆکیشەوە، پرسیاری گرنگ ئەوەیە: ئایا (جێ پەنجەی نامۆیی- جێ پەنجەی نەرێنی) لە وێنەی خێرای ترێنددا، لە وێنەی بەربڵاوی ئەرێنییدا بەشێوەیەکی تەواو پێشکەش کراوە؟ چەمكی پێشكەوتن لە جیاوازییدایە و هەوڵ دەدات ڕوونی بکاتەوە کە ئازادی سنووری دیاریکراوی نییە، ئەمەیش هۆی ئەوە بوو کە جیاوازی لە قۆناغی دواتردا بەرەو بەرپرسیارێتی بگوازێتەوە و بە جۆرێكی دیكە گرنگی بە پێوەندی نێوان قووڵایی و خێرایی بدات. بێگومان لە هەموو ئەم ڕەخنانەدا، ناتوانرێت گرنگی و کاریگەریی زمانی جیاواز ل ەبەرانبەر ئازادی، سەركێشی لە بەرانبەر داهێنان، نەرێنی لە بەرانبەر ئەرێنی، بچووک بکرێتەوە، چونكە ئەوە سەیرورەی جیاوازییە ڕێگایەکی نوێی کردووەتەوە بۆ تێگەیشتن لە ئازادی زمان و سەركێشییەكانی تاکی داهێنەر و ڕەخنەكارییەوە، ئەگەرچی زۆرجار زمانی جیاواز و سەركێشییەكان و ڕەخنەكاریی بۆ شێواندنی ڕەهەندەکانی ئاسایش و ئازادی بەکارهاتووە.
قسەی کۆتایی ئەوەیە: جیاوازی زمانیی تاکی سەركێش، تێگەیشتنێكە هەم توانای ڕووبەڕووبوونەوەی هەیە و هەم دەستپێشخەری و هەنگاونان بەرەو داهێنان- سەیرورە. سەیرورەی داهێنان لە دەستپێشخەری و هەنگاوهەڵگرتندا گوزارشت لە ئازادی و بیرکردنەوەی قووڵ و زمانی تاکی جیاواز دەكات. لەوێوە ڕەخنەی تووند لە جوولەی گشتیی بیركردنەوە، هەڵسوکەوت یان تێڕوانینی باوی ناو كۆمەڵگە و چیرۆكی بەرپرسیارێتی و توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ترسی ناوەكی دەگرێت. ترسی ناوەكی لەوەدایە كە لەپێناو داهێنان و چركەساتە دەرەكییەكاندا مانای ئازادی و ئاسایش و بەرپرسیارێتی ناوەكی کەمڕەنگ دەکات، بەڵام لە کۆی گشتیدا (هەنگاونان بەرەو داهێنان و جیاوازی) بە یەکێک لە بنەماییترین تێگەیشتنەكانی ئازادی و پێشكەوتن و گۆڕانکارییەكانی سەردەم دەژمێردرێت.