ماوەی یەك مانگی ڕابردوو زەمەنێكی پڕ لە ئاڵۆزی و كێشە بوو لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی. كۆماری ئیسلامی ڕووبەڕووی ڕابوونێكی جەماوەریی خۆڕسك و بێڕێبەر بووەوە و مێژووی هەموو خۆپێشاندانەكانی ئێران شتی وای بەخۆوە نەبینیبوو. گەورەیی ڕووداوەكە و قووڵایی پەرچدانەوەی هێزەكانی دەوڵەت و هاوكات بڕینی پێوەندیی ئێران، تا ئەم چركەساتەش لەگەڵ دنیای دەرەوە و پشكنینی هەموو ئاپێكی دیجیتاڵیی لە ناوخۆ، بۆ سڕینەوەی بچووكترین شوێنەواری تۆماركردنی گرتە ڤیدیۆی ڕووداوەكان و .. وایكردووە ئێمە بەوردی نەزانین ئاست و قووڵایی ڕابوون و سەركوتكارییەكە چۆن و چەند بووە، بەڵام بەپێی ئەو گرتە كەم و كورتانەی لێرە و لەوێ بینراون، هەم ڕابوونەكە ناقۆڵا بووە و هەم سەركوتكارییەكە سامناك و بێڕەحمانە.
ئەم دۆخە و دزەكردنی هەر ئەم كەمە گرتە تۆماركراوە وەك بەڵگە بۆ دنیای دەرەوە، پەلكێشكردنی ناوەندەكانی مافی مرۆڤ و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی وەك نەتەوە یەكگرتووەكان و لیژنەی مافی مرۆڤی ئەو ڕێكخراوەیە، تەنانەت ئەنجوومەنی ئاسایشیش دۆخێكی لەرزۆك و مەترسیدار و هاوكات رژدی بۆ ئێران دروست كرد، دەسەڵاتدارانی وا لێكرد كە ئیتر هاوكێشەكە تەنیا بە یاریی میدیایی و قسەی سەر شاشە و گوشاری سیاسی و ئابووری نەبینن، ڕاستییەكەی تا ئێستەش نازانرێت ئەمەریكا و هاوپەیمانە نزیكەكانی وەك بەریتانیا و فڕەنسا و ئیسرائیل، بڕیارە بەو كاروانە سەربازیی جووڵەپێكراوە بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوین چ كارێكی یەكلاكەرەوە بكەن.
دوای داخستنی پێوەندیی ئێران لەگەڵ دنیای دەرەوە، ئەوەی مایەوە كۆمەڵێك كەناڵی ئاسمانیی ئۆپۆزسیۆن و مافی مرۆڤ بوون كە هەركامەیان بەشێوەیەك ئاراستەیەكی ئایدۆلۆجیی دیاریكراو لە پشت گوتارەكانیان بوون، بێگومان ئەمە نەك بە مانای ڕەوانەبوونی گوتارەكەیان نایەت، بەڵكو بەو مانایەیە كە خوێنی مرۆڤ لەم جیۆگرافیایەدا چەندە بێ خاوەن و هەرزانە.
من نامەوێت لەسەر ئامار یان شێوازی ئەم كارەساتە و قووڵایی و بێ وێنەبوونی قسە بكەم، بەڵكو دەمەوێت بڵێم لە نەزمی نوێی نێودەوڵەتیدا، فەزایەكی زاڵ هەیە كە بەر لەوەی مرۆڤ وەك خاوەن بوون و قەوارەیەكی مرۆیی ببینێت، وەك قورسایی و داشێكی ئایدۆلۆجی دەبینێت و هەر لەو چوارچێوەیەشدا پێناسەی دەكات و بەهەمان ئاراستەش گوتاری خۆی مەكیاج دەكات. بەدڵنیاییەوە من و سەتان ڕۆژنامەنووسی وەك من خەون بە مافی مرۆڤ و جێبەجێبوونی هەموو ئەو دروشمە جوان و درەوشاوە و زەبەلاحانەوە دەبینن كە لە دەوری مافەكانی مرۆڤ و ئازادییە ئینسانی و مەدەنییەكانی تیۆریزە كراون، بە درێژایی چەندان سەدە خەباتی ڕۆشنگەرانەی سیاسی و هزری و كولتووری، بەڵام ئەمری واقیع پێمان دەڵێت، ئێمە لەو دنیا خەونئامێز و ئایدیالییەی كە بیرمەند و ڕۆشنگەرانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات بەنیسبەت مرۆڤ و پێویستییە وجوودی و مەدەنی و ئازادییەكانی باسیان نەك تەنیا زۆر دوور كەوتووینەتەوە، بەڵكو لە ناو جۆرێك گزی و یاریی باوكراو و زاڵیشدا دەژین.
من وەك ڕۆژنامەنووس لانیكەم لە سەردەمی ترەمپدا نەزمی نوێ لە ناو بازنەیكدا ناتوانم ببینم كە بەڕاستی مرۆڤ تەوەر و ناوەندەكەی بێت، مرۆڤ ئازادییە مەدەنییەكانی، مرۆڤ و مافە سرووشتییە ئەزەلی و ئەبەدییەكانی وەك لە سەرەوەش ئاماژەم پێ دا، باسكردنی مافی مرۆڤ و... وەك گوتار لانیكەمی دڵخۆشیی ئێمەیە لەم سەردەمە خوێناوییەدا، بەڵام نابێت ئەوەش لە بیر بكەین مرۆڤ و نرخی خوێنەكەی بەستراوە بەو دۆخ و كارتانەی كە زلهێزەكانی یاریی پێ دەكەن.
وەك شاملووی شاعیر دەڵێت، من لە پاش مەرگ ئیتر ئازادیم بۆ چییە! ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەند سەدەیە لە ناو گۆمی خوێندا مەلە دەكات، دەوڵەتانی دیكتاتۆری خۆجێی و كۆلۆنیالیست و داگیركارە جیهانییەكان بەرپرسیارە سەرەكی و دیارەكانی ئەم نۆرمە خوێناوییە بەردەوامە مێژووییەن. یەكێك لە تایبەتمەنیییەكانی سەردەمی ترەمپ، ڕاشكاری و نەبوونی ڕووپاماییە. ئەو شێلگیرانە داوای گرینلاند دەكات و هۆكارەكەشی بە ڕوونی و لە بەرچاوی دنیا لە داڤۆس گوتی، ئەمەریكا و خواستەكانی تەوەرن و دەبێت دنیا زیاتر لە هەمبەری ئایدیال و خواستە ئەمەریكییەكان پاشەكشی بكات، تەنانەت ئەوروپاش لەم دۆخە نوێیە لە ناو جۆرێك ڕاچڵەكانی نەرمدا دەژی. من هیچ كات نە ئەو سیستەمانەی ڕٶژئاوا و نە بەهاكانی ئەو كۆمەڵگایانە (بە هەموو كەموكوڕی و هەڵاواردنە مێژوویی و خۆجێی و جیهانییەكانیانەوە) لەگەڵ ئەم سیستمە شەپۆقە و توتالیتار و دژەمرۆڤانەی ڕۆژهەڵات بەراورد ناكەم، بەڵام ناتوانم ئیمانێكی تەواویشم بە بانگەشە و خەونی ئەو ڕۆژئاوای و ئەمەریكای سوور و سپی و چاو شین و گەشانە بێت كە دەتوانن لەسەر میزی دانوستان، ئەحمەد جۆلانی تەحریروشام و داعش بكەن بە ئەحمەد شەرع و بۆینباخی لە مل بئاڵێنن و قەناسی لێ وەربگرن و قەڵەمی واژووی بۆ دیپلۆماسیی سووك و چرووك بدەنێ.
ئەمە هەمان پڕۆژەی پشتكردن لە خەڵی ئەفغانستان و چەند ساڵ پێش ئێستە بوو كە بە تاقە ڕۆژێك، هەوڵی سەرووی 20 ساڵی خەباتی مەدەنی و كولتووری و سیاسی ڕادەستی تاڵیبان كرایەوە! شتێك كە هەموو دنیای شٶك كرد. بێگومان مەكینەی ئەم یارییە بەرژەوەندی و خواستی سیاسی و ئابووریی زلهێزەكان بوو، نە ئایدۆلۆجیا یان مافی مرۆڤ یان هەر دەستەواژەیەكی بریقەداری تر كە نموونەكانی وەك ڕۆسۆ و مۆنتۆسكیۆ و كانت و دەیانی تر بەرهەمیان هێنا. بۆیە من بە مافی خۆم دەزانم لە سەردەمی ئەم خوێن و نەزمەی بازرگانیكردندا، بەتایبەتی وەك كوردێك پرسیارێكی گەورە لەسەر هەر دروشمێكی بریقەدار دابنێم، وەك چۆن دەیان ساڵە پرسیار لەسەر خواست و ئیرادەی داگیركەر و داپڵۆسێنەر و ئامانج و مەبەست و ستەمكارییەكانیان دادەنێم، بە هیوای ڕٶژانێك كە مافی مرۆڤ و ئازادی و خوێن و كەرامەتیان تەنیا وشە و گوتاری ناو زمانەكان نەبێت.