کەزی، پەلک، پرچ، زولف و... ناوگەلی جۆراوجۆرن بۆ شتێكی دیاریکراو، لە ڕووی زمانەوانییەوە هەر ناوچەیەک دەشێت وشەیەکی وەک ئەمانەی هەبێت یان تەنانەت وشەی تریش کە ئێمە نەمانبیستبێ، بەڵام هەموویان ئاماژەن بۆ بەشێکی گرنگ و تایبەت لە جەستەی ژن کە قژێتی و بە شێوەیەکی ژنانە درێژ بووە و کراوە بە پەلک. لە دەڤەری جافایەتی لای ئێمە هەمیشە دەیانگوت قژت بکە بە پەلک یان بۆ قژت ناکەی بە پەلک؟ بە پەلککردنی قژ لە دنیای ژندا، مانابەخشینێکی ڕەمزییە کە گوزارشت لە جوانیی ژن و دنیای ژنێتی و هاوکات تایبەتمەندکردنی بەشێک لە جەستەی ژن بووە.
ئەگەرچی دەكرێ شێوازی پەلککردنی قژ لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە جیاواز بێت، بەڵام هەبوونی نەریتێكی وا لەناو کولتووری کورددا، نیشانەی پێگەی ڕەمزی و مانادار و بزۆزی نیشانە جەستەییەکانە لەناو کۆمەڵی کوردەواریدا. دەشێت ئەو لوولخواردنەی پەلک/کەزی و گرێ لەناو گرێدا، وەک پەیمان و ئەڵقەیەکی وەفاداری بخوێنینەوە کە لە کرداری ژنانی کورددا لە هەندێک ناوچە ڕەنگدانەوەی هەبووە.
ساڵانی پێشتر کە هێشتا داونەریتەکان قاوغی نەریتی خۆیان نەشکاندبوو و فەرامۆشی و کاڵبوونەوە دەوری نەگرتبوون، ژنان لە کاتی شینگێڕی یان پرسەی پیاوە نزیکەکانیاندا بە تایبەتی بۆ مێرد، قژی خۆیان دەبڕی یان بە گشتی لە شینگێڕییەکاندا قژی خۆیان دەڕنی. دەشێت ئەمە وا بخوێنینەوە ژنان بە هۆی سایکۆلۆجیای ژیاندۆستییان لە پاش کۆستێک بەشێوەیەکی هیستری، پەلاماری نزیکترین ئاڵقەی ژیان کە هەمان کەزی یان پرچە، دەدەن، ئەمەیش ئەو دژوازییەیە کە لە وڵاتانی پێشمۆدێڕن یان لە حاڵی تێپەڕیندا دەیبینین.
واتە لە یەک کاتدا پرج نیشانەی ژیان و وەفا و... لە ساتێکی تردا مانەوەی دەبێت بە نیشانەی بێوەفایی و پێنەزانین و... هەڵبەت ئەمە لە بازنەی خواستەکانی ژیاندۆستی و مەرگدۆستی و بەتایبەتی پێوەست بە شینگێڕی و کۆستەوە تایبەتمەندییەکی ڕێژەیی و لە گۆڕانی بەردەوام وەردەگرن و ڕەنگە هەبوونی کورد لەناو دۆزێکی بەردەوام مان و نەمان/ ژیان و مەرگ (ئیرۆس و تاناتۆس)، وایکردبێ خەسڵەتێکی ڕێژەیی و بگۆڕ ببەخشێتە نیشانەکانی ناو دنیای خۆی، ئیتر ئەمە کەزی و پرچ بێت یان جامانە و گوڵوەنی یان چەک و چیا!
لەگەڵ ئەمانەدا، کەزی یان پرچ یان زولف و پەرچەم... تەمێکی تابۆئامێز و بڤەئاسا دەوری گرتووە، ئەگەرچی پێش هاتنی ئیسلام ئێمە کەمتر گێڕانەوەی وامان بەرچاو دەکەوێت، باڵاپۆشی و داپۆشینی کەزی و پرچ، لەناو کورددا باو بووبێ و پاش هاتنی ئیسلامیش، بەر لە سەرهەڵدانی ڕێبازە توندئاژۆ ئیسلامییەکانی ئەم دوو دەیەی دوایی، داپۆشینی کەزی و پرچ لەناو کورددا باو نەبووە، بە ئاشکرا دەریخستووە کە نیشانەیەکی پاک و بێگەردی ژنێتییە و هێندەی دەلالەتێکی مەعنەوییە لە وەفا و پەیمانی ژن بە جوانی و ژنێتی، داوێک نییە بۆ ڕاوکردنی پیاو یان ڕاکێشانی چاوی نامەحرەم!
ئەوە گێڕانەوەی سێکسیستی و شەهوەتئامێزی ئاینی و نەریتی بوو، ئەم بەشەی لە ژنێتی دابەزاندە ئەو هەرێمە گوناهئالوود و ئەهریمەنییە و حوکمی دزێوی و ناحەزبوونی ژنی دەرکرد و بە داوی شەیتان و ئەهریمەنی زانی، تا پیاو بە سەریەوە بەرەو جەهەننەم بپەڕنەوە، بەڵام بێگومان ئەمە تێڕوانینێکی داسەپێنراوی ئایدۆلۆجییە و گەلێک دوورە لەو واقیعە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەی ژن لەناو کولتووری کوردیدا خۆی تەعبیری لێ کردووە.
پێم وایە بۆ قووڵبوونەوە لەم بابەتە، توێژینەوەی زۆرمان پێویستە و وەک بۆم دەرکەوتووە جگە لە هەندێ قسە و لێدوانی پەرتەوازە و نووسینی سەرپێیی، کاری ئەوتۆ لەم ڕووەوە نەکراوە و ئەگەریش کرابێ بە داخەوە بەردەستی من نەکەوتووە.
بە گشتی، مەبەستمە بڵێم، ژن هەم وەک زەینییەت و هەمیش وەک جەستە، دەتوانێ تایبەتمەندییەکی بزۆز و داینامیک ببەخشێتە نیشانەکان و وزەیەکی نوێ بخاتە دەماری جەستەی کۆمەڵگەوە. کەزی یان پەلکی کچانی شەڕڤان، بە درێژایی چەند دەیەی خەبات، تایبەتمەندیی شۆڕشگێڕی و کەوینەکراویشی زیاد کردووەتە سەر ئەو تایبەتمەندییانەی سەرەوە کە ئاماژەم پێدان. ئەمەیش بێگومان یەکێک لە خاڵە ئەرێنییەكانی کۆمەڵگەی کوردییە کە نیشانەکان دەکات بە ڕەمز و ڕەمزەکان زیاتر و زیاتر بە مانای نوێ بارگاوی دەکات و شانازیی ئەم درەوشانەوەیە بەر ژنێتی و جەستەی ژن کەوتووە.
سەردەمێک ئەم حیکایەتەیان بە گوێی ئێمەدا دەخوێند، جەستەی ژن هەرێمی گوناهـ و چێژە و دەبێت بشارێتەوە و سەرکوت بکرێت، بێگومان هەڵسوکەوت لەگەڵ جەستە لە کولتوورێکەوە بۆ کولتوورێکی تر جیاوازە و مرۆڤەکان ئازادن چۆن ڕەفتار لەگەڵ جەستەیان دەکەن، بەڵام ئەو گێڕانەوە میتافیزیکی و ئاینییە، ئیتر وەڵامدەرەوە نییە، ژن و جەستەی دەتوانن نوێنەرایەتی شۆڕش و بەرخۆدانیش بکەن، هاوکات وێنەرایەتیی ژنێتی خۆی و هەموو خواست و ئارەزووەکانیشی دەکات.
ژنی کورد، بە درێژایی چەندان ساڵ خەبات بۆ ئازادی و ڕزگاریی، بەم ئاستە گەیشتووە کە هەموو ئەکت و ئەندامێکی بکات بە نیشانە و مانای پێ دروست بکات، پێم وایە بڕینی کەزی کچە شەڕڤانێک لە ڕۆژئاوای وڵات، بەر لەوەی لێدانێکی بە ئەنقەست یان بەهەڵکەوت یان... دداننانە بە توانای ئەو نیشانە و سیمبولە و ئەکت و ژنێتی ئەو کچەدا، هەربۆیە پاش بڕینی ئەو کەزییە، سەتان هەزار کەزی هۆنرانەوە و هەزاران قژ لەسەر شاشەکان کران بە پەلک و ژنێتی و شۆڕش و ئازادی ژنی کوردی، زیاتر و زیاتر مانیفێست کرد.