ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ڕۆژئاوای کوردستان و دەستکردنەوەی فاشیستی و داعشیانەی هێزەکانی سوپای سوریا لە گەلی کورد، هەر لە حەلەب و شێخ مەقسوودەوە، بگرە تا ناوچەکانی تری ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەر و دواجار هەڵوێستی عەرەبە هاوپەیمان و "برا"کانی کورد کە لە ڕیزەکانی هەسەدەدا بوون و پشتکردنە کورد و بوون بە پردی توندئاژۆیی دیمەشق و لە و دەیان نموونەی ناو مەیدانی ڕووداوەکان، دەشێت بایی ئەوەندە سەرنج بدرێ كە تۆزێک زیاتر بیر لە تێزی "برایەتی گەلان" و وەهمی یەکانگیریی دوو یان چەند زمان و کو‌لتوور و نەتەوە بکرێت کە هەرکامیان مێژوو، خەیاڵدان و یادەوەرییەکی گشتییان هەیە.
هه‌موومان ده‌زانین ڕۆژئاوای کوردستان پێڕه‌وی ئایدۆلۆجیایه‌ک ده‌کات (بەڵکوو بە زوویی بگەین بەو ئەنجامەی کە بڵێین پێڕەوی "دەکرد"!)، ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین ماوه‌ی بەسه‌رچووه، ئه‌وا ئیتر بۆ کورد وه‌ک زه‌هری کوشنده وایه. یانی ده‌مێکه ئێمه تاڵاوی ئه‌و زه‌هره ده‌چێژین. ئایدۆلۆجیایەکی پاشماوەی جیهانی دووجەمسەر و بلۆکی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوایە و لە دوای شەڕی ساردیش هێشتا بە کەمی خۆی نوێ کردووەتەوە.
هێڵه گشتی و نه‌گۆڕه‌کانی ئه‌م ئایدۆلۆجیایه وایکردووه ئێران له پله‌ی سیستمێکی ئایدۆلۆجیی ئاینی و سته‌مکاردا، بە شێوەیەکی ڕەمزی ببێت به هاوپه‌یمانێکی نه‌ک ته‌نیا پراکتیکی، به‌ڵکوو مه‌عنه‌ویش، ئه‌مە ته‌نیا به یه‌ک هۆکار، ئه‌ویش ئه‌وه‌یە ئێران دژی ئیمپریالیزمی ئه‌وسا و سه‌رمایه‌داریی ئێستەیه که ئه‌مەریکا و ئیسرائیل نوێنه‌ره دیار و ڕاسته‌قینه‌کانین، له ڕوانگه‌ی ئه‌مانه‌وه!
دیارە ئەم هاوپەیمانێتییە تا لە بەرژەوەندی دۆزی کورددا بێت، هیچ کێشەیەکی نییە، تا بۆ ئەوە بێت شەڕوشۆڕ لە ماڵی کورد دوور بخاتەوە، هیچ لۆمەیەکی لەسەر نییە، بەڵام ڕۆژئاوا و سیاسەتوانانی، ئەگەرچی بەهۆی هاوپەیمانییان لەگەڵ ئەمەریکا ناچار بە هەندێک کرانەوە و چەمانەوەی ئایدۆلۆجیی بوون و نیشانەکانی پێمان دەڵێن بە هۆی "ئەمری واقیع"ەوە وردەوردە لەو دەمارگرژی و نەچەماوییە ئایدۆلۆجییە دوور دەکەونەوە، یان لانیکەم تۆزێک نەرمونیانتر بوونە، بەڵام هەر جۆرە پێوەندییەکی هەڵە و هاوپەیمانێتییەکی ناوەخت، دەتوانێت قورساییەکەی لە لای ڕۆژئاوا و ئەمەریکا کەم بکاتەوە.
وەک چۆن بینیمان بەهۆی ڕاڕایی و دوودڵی سیاسەتی ڕۆژئاوا لە خستنەڕووی ئاشكرا و ڕاشکاوی داوکارییەکانی و هەروەها بەرتەسککردنی پێوەندییە دیپلۆماسییەکانی بە چەند وڵاتی کاریگەرەوە، بەڵام کەمتر وایکرد ئەحمەد جۆلانی بە نێوەندگیری ئەمەریکا و فرەنسا لەگەڵ ئیسرائیل، بگاتە ڕێککەوتن و ئەو پشتێنە ئەمنییەی ئیسرائیل لە باشووری سوریا ویستی، بەدیبهێنێت و دواجار دەستی شەرع و سوپا داعشییەکەی بۆ یەکخستنی سووریا و قڕکردنی کورد، ئاوەڵا بکات. ئەمە سەرباری دۆخی جیۆپۆڵەتیکی، ڕاڕایی سیاسیی بەرپرسانی ڕۆژئاوایشی تێدا بووە.
من تێدەگەم گۆڕینی بنەما گشتییەکانی ئایدۆلۆجیایەک پێویستی بە کات و هاوکێشە و هێزی نوێ هەیە، لە سیاسەتدا هیچ ئایدۆلۆجیایەکی نەگۆڕ و هەمیشەیی نییە و هەر وڵات یا سیستمێک بەم پێوەرە بڕاوتە پێشەوە، ئەوا جگە لە خولانەوە لەناو بازنەیەکی سەرگێژکەردا هیچی دیکەی بۆ مسۆگەر نابێت!
ڕۆژئاوای کوردستان دەبێت پێداچوونەوەیەکی بنەمایی بە بنەمایەکی سیاسیی نەزۆک و ماوەبەسەرچوودا بکات، ئەویش دژایه‌تیی سه‌رمایه‌داری (ئیمپریالیزم)ـە وەک پێوەری ئەکتی سیاسی له هه‌موو سه‌رده‌مه‌کاندا. هەنووکە بۆ دنیا ڕوون بووەوە سەرمایەداری لە قەیراندایە و ئەم قەیرانە دیموکراسی و بەهاكانی دادپەروەریشی بە ئامانج گرتووە، بەڵام دەبێت ئێمە وەک کورد کە خاوەن دۆزێكی نەتەوەیی ئاڵۆز و سەرکوتکراوین، بپرسین بۆچی بۆ وڵاتانی ئیسلامی و نائیسلامی هیچ کێشەیەک نییە هاوپەیمانێتی ئاشكرا و توندوتۆڵی وڵاتانی ڕۆژئاوا و تەنانەت ئیسرائیل بن، بەڵام ئێمە خۆمان کردووە بە کەواسووری بەر لەشکر و دەمانەوێت جیهان ڕزگار بکەین؟ بۆچی تورکیا و سەعوودیە و زۆر وڵاتی عەرەبی و چین، ئەم ڕاستییە دەبینن و هیچ بڤە و تابۆیەک بۆ پێشکەوتنی دۆزی خۆیان دیاری ناکەن، بەڵام ئێمە وا نین؟
ئەم لاسارییە ئایدۆلۆجییە تا ئێستەیش دەرئەنجامی خراپی تایبەت بە خۆی هەبووە و نه‌ک ته‌نیا به‌سیره‌ت و پوخته‌بوونی سیاسیی تێدا نییه، به‌ڵکوو ڕێک ڕه‌نگدانه‌وه‌ی دۆگماتیزم و چه‌قبه‌ستوویی سیاسییه. ئایدۆلۆجیای پێڕه‌وکراوی ڕۆژئاوا له ڕۆژانی تاسووعا و عاشوورادا بۆ ئیمام حوسێن شین ده‌گێڕێت و له‌گه‌ڵ تاران و قوم له ئامێزی یه‌کدا سته‌می مێژوو بۆ یه‌کتر باس ده‌که‌ن، که‌چی بەراورد بە بانگەشەكانیان، که‌مترین هه‌ڵوێست و پشتگیری‌یان له به‌ندکراو و لێقه‌وماو و قوربانیانی شۆڕشی ژینا هه‌بوو!
ئه‌م هێڵە ده‌یتوانی لە ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌دا له باتی خه‌ونی پووچی برایه‌تیی گه‌لان، سیاسه‌تی کراوه و نه‌رم له ئاستی جیهان و ناوچه‌که‌دا پێڕه‌و بکات، ده‌یتوانی له بازنه‌ی ئه‌و کوردایه‌تییه‌ی بانگەشەی بۆ ده‌کات، سیاسه‌تێک دابڕێژێت هه‌م پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی هه‌رێم و ئه‌زموونی باشووری کوردستان قووڵتر و ستراتیجیتر بێت (وەک بینیمان هەر باشوور و ڕێبەرایەتی و خەڵکەکەی پشتیان گرت و پێشیان بە مەکینەی کوشتاری دیمەشق و تورکیا گرت)، هه‌میش درک به واقیعی نه‌زمی نوێی ناوچه‌که و ڕۆڵی تورکیا بکه‌ن له گۆڕانکارییه‌کانی به‌رده‌مدا.
پێم وایه ڕۆژئاوا ته‌نانه‌ت له کاتی سیفریشدا ده‌بێت واز له‌م ئایدۆلۆجیا ڕه‌ق و به‌سه‌رچووه بێنێت و واقیع ببینێ، واقیعیش ئه‌و هێزانه‌ن له ناوچه‌که‌دا، هه‌رێمی کوردستان و پێگه‌ی جیۆپۆڵەتیکی هه‌رێمه له ئاراسته‌کردنی ڕووداو و گۆڕانکارییه‌کاندا و ده‌توانێت له‌مانه که‌ڵک وه‌ربگرێت، به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه، سڕبوون به‌هۆی ئه‌م ئایدۆلۆجیایه‌وه که‌ی دەتوێتەوە؟ تا کەی سێبەری ئەویتری گەورە و داگیرکەر بەسەر زمان و شوناس و خاکمانەوە بێت؟ ئەویش تەنیا بەو هۆیەی ئێمە ئەم ئەویترە چەوسێنەرە بە بەشێک لە خۆمان دەزانین، کەچی ئەو ئێمە وەک کۆیلە و کۆلۆنی دەبینێ.