میدیا و یاریی بە حەقیقەت

PM:12:03:14/02/2026 ‌
هەرچی زیاتر کات تێدەپەڕێت و میدیا و تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی پەرەی زیاتر دەستێنن، زیاتر و زۆرتر لە تیۆرەکەی مارشاڵ مەک لۆهان (١٩١١-١٩٨٠) لەبارەی گوندی جیهانیی تێدەگەین. گوندێک کە گۆی زەوی لە خۆیدا هەڵگرتووە و لە چوارچێوەی وێنا و وێنەکاندا وەک گوشراوە و گیراوەیەکی ئاراستەکراو پێشکەشی زەین و چاو و گوێچکەی بەردەنگی دەکات. 

قووڵایی کاریگەریی ئەم وێنا و نەخشاندنەی میدیاکان بە ڕادەیەکە، لە کاتی شەڕی کەنداو لە ١٩٩١ ژان بۆدریار فەیلەسووف و کۆمەڵناسی فرەنسایی، گوتی "شەڕی کەنداو لە میدیادا ڕووی داوە". بێگومان ئەم سەرنجە بە مانای ئەوە نەبوو کە شەڕەکە لە مەیدانی واقیعیدا ڕووی نەداوە، بەڵکوو بە مانای ئەو سیستمە پاساوهێنانەوە و ئەو لۆجیکەی ئامادەسازیی گوتاری شەڕە کە میدیاکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی، ئەوکات زەوینەسازییان بۆ کردووە. 

لێرەدا میدیا دەتوانێ ڕۆڵێکی سامناک و یەکلاکەرەوە ببینێت بەوەی ڕای گشتی لە چوارچێوەی سیستمێک لە بەڵگەهێنانەوە و پاساودانەوە، بەشێوەیەک بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە و هەرجۆرە کردەوەیەکی توندئاژۆ نەک تەنیا ڕەوا، بەڵکوو پێویستی و حەتمی بێت. حیکایەتێکی تاڵ و مەترسیداریی دنیای هاوچەرخی مرۆڤە، لەم فەزایەدا هەر لایەنێک میدیای بەهێزی هەبێ بەشێکی زۆر لە قورسایی یارییەکە بە قازانجی خۆی دەشکێنێتەوە. بە دەربڕینێکی تر، دەتوانین بڵێین میدیای بەهێز و گشتی و کاریگەر، دەتوانێت بکەر و ئاراستەکەر بێت، میدیای بچووک و دەستبەتاڵ و ناکاریگەر، بەرکار و ئاراستەکراوە. 

بێگومان ئەم هاوکێشەیە زۆر ئاشنایە و هاوتای هەمان هاوکێشەی داگیرکەر و داگیرکراوە کە ئێستە لە گۆڕپانی میدیا و وێنەسازییدا خۆی دەردەخات. بە دڵنیاییەوە کاریگەریی میدیا وەک بەکارهێنەری هەموو تەکنیک و هونەرەکانی دەنگ، ڕەنگ، فەزا. زمان و جووڵە و... زۆر لە کاریگەریی گوتارێكی بچووکی ناو واقیع لە ڕێگەی تەنانەت ڕێبەرێکی دیاریکراویشەوە، زیاتر و زۆرترە. جەوهەریترین تەکنیک کە میدیا لەم هاوکێشەیەدا کەڵکی لێ وەردەگرێت، ماکیاجکردنە. واتە میدیا دەتوانێت هەم لایەن، کەس، دیاردە، نەتەوە و... بە مەکیاج ناشیرین بکات و هەمیش خۆشەویستی بکات. 

لەم ڕوانگەیەوە میدیا هونەرێکە پێوەستە بە جوانیناسی، واتە ئیشی میدیا جوانکردن یان دزێوکردنە. نیچە سەرنجێکی تایبەتی هەیە بە ڕوونی مەبەستی ئێمە لەم ڕووەوە بەرجەستە دەکاتەوە، ئەم بیرمەندە ئەڵمانییە دەڵێت: ئێمە ئەگەر قالۆنچەیەک بکوژین، هەستێکی گشتی لە پاڵەوانێتیمان دەبێت، بەڵام ئەگەر پەپوولەیەک بکوژین، هەستێکی گشتیمان لە شەڕانیبوون و تاریکبوونی دەروون دەبێت، ئەنجامگیرییەکە ئەوەیە، ئەخلاقیش پێوەرە جوانیناسانەکان پێڕەو دەکات. واتە ئێمە ئەگەر ڕۆبۆتێکی ژن لە ڕێگەی زیرەکیی دەسکردەوە بە جوانترین شیوە بخەنە بەردەستمان، هەستێک لە ستایش و جوانیپەرەستیمان تێدا هەڵدەخڕێنرێت، بەڵام ئەگەر وێنەی ڕاستەقینەی ژنێکی برینداری ئەفریقمان پێشان بدەن، هەستێک لە بەزەیی تێپەڕ و بێدەسەڵاتانەمان تێدا دەورووژێنرێت و پێمان باشترە وێنەکە لە بەرچاومان لابدرێ و بەسەریدا تێپەڕێن. 

وەک دەبینین لێرەدا، جوانیناسی، ئەخلاق و داوەریکردن بە توندی پێکەوە گرێ دراون. لە ڕاستیدا ئەم دیمەنە گشتی و هزرئامێزانەیەم بۆیە باس کرد تا بڵێم ئێمە لەناو یاریی میدیا جیهان و ناوچەییە بەهێزەکاندا بەرکار و ئۆبژەیەکی بەردەستی ئەوانین. هەڵبەت ئەمە شتێک نییە تازە هاتبێتە ئاراوە و ئێمە ببین بە ئۆبژە و بابەتی بەردەم کامێرا و ئەودیو نیگای کامێرامان و دەرهێنەران، لە کۆڕەوەکەدا ئەوەی جیهانی ڕاچڵەکان هەر ئەم وێنە و ڤیدیۆیانە بوون کە ڕای گشتییان هێنایە سەر ئەو قەناعەتەی کارەساتێک ڕووی داوە و خەریکە قووڵتر دەبێتەوە. 

لێرەدا دەتوانین بپرسین جیهان کێیە؟ زلهێزەکان؟ ئایا ئەگەر وێنە و گرتەڤیدیۆی ڕاستەوخۆ و بێلایەن و سەربەخۆی حەقیقەتی ڕووداوەکە نەبوایە، زلهێزەکان و جیهان لایان لە کارەساتەکە دەکردەوە؟ چونکە هەموومان دەزانین ئەودەم هەڵاتن لەو وێنە و ڤیدیۆیانە بەم شێوەیەی ئێستە ئاسان نەبوو تا بێدەنگیی لێ بکرێت. کەواتە میدیا بە مەرجی سەربەخۆیی و نەبوونی لەژێر ئایدۆلۆجیای هێزێکی دیاریکراودا دەتوانێت ڕزگاریبەخش و بە سوود بێت. 

هەڵبەت سەردەمی ئێستە بە زەحمەت بتوانین میدیای سەربەخۆ بە تایبەتی لەناو میدیا ناسراوە جیهانییەکان، بە تایبەتی میدیا عەرەبییەکاندا بدۆزینەوە، ئەمانە هەم لایەنداری ئایدۆلۆجییان هەیە، هەمیش لەناو هاوکێشەی سیاسی و ئۆتۆریتەی زاڵدا دەژین، بۆیە هەر میدیایەک حەقیقەتی تایبەت بەخۆی بەرهەم دێنێت و ئەوەیش بەسەر ڕووداوە واقیعییەکەدا دێت، یارییەکە کە جۆگەلەی خوێن و ئازارەکانی لە پشتەوەی کامێراکەوە نابینرێن. 

پێم وایە ئەگەر بۆ ئەم ڕووداوانەی کوردستان بۆ نموونە لافاوەکەی چەمچەماڵ، ئەو گەڕە میدییایە گەورەیە نەبوایە، ئەو سەرکەوتن و درەوشانەوەیە نەدەهاتە ئاراوە. مەیەستم ئەوە نییە ئەم کەناڵانە چ هێڵێکی حزبی و سیاسییان هەیە، بەڵکوو سەرنجم لەسەر ئەوەیە لە کارەساتدا هەموو ماکیاج و جوانکاریی ڕەش و سپی خۆی وەلاوە نا و واقیعی کارەساتەکەی وەها بۆ ڕای گشتیی کوردستان خستە ڕوو کە ئەو بەهاناوەهاتنە مێژووییەی تۆمار کرد، وەک کورد دەبێت سەربەرز بین پێی، هەم لەوەی واقیعی ئازاری کۆمەڵگەکەی خۆمانمان بینی و لێی تێگەیشتووین و هەمیش هەست و سۆزێکی گشتیمان تۆمار کرد کە بۆ هەتاهەتایە لە زەیندا دەمێنێتەوە و وەک هوشیاری و بە تەنگەوەهاتنێکی کوردانە و نیشتمانی یاد دەکرێتەوە.