کیانی زمان

AM:11:39:21/02/2026 ‌
(بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی)
 
مێژووی مرۆڤایەتی بە هەموو شەڕ و شۆڕەکانی، ئاشتی و خۆشییەکانی، پێشکەوتن و شکستنەکانییەوە، هەمووی لەناو زماندا کورت و كۆ دەبێتەوە. هەڵبەت ئەمە ئەو ڕوانگەیەیە ڕەنگە مرۆڤ لە ناوەڕاستەکانی سەدەی 20دا زیاتر درکی پێ کردبێت و لەسەر زمان و ئەرک و ڕۆڵی هەم وەک ئامرازی پێوەندیی مرۆیی و کۆمەڵایەتی و هەمیش وەک ئاماژە کە هەڵگری هەموو هەست و نەست و بوون و ئەندێشەی مرۆڤە، ورد بووبێتەوە. 

بێگومان ئەو نەتەوانەی کە زووتر هاتنە ناو دنیای مۆدێڕنەوە و کیانی سیاسییان دامەزراند، لە ژینگە و کەشێکی لەبارتر و ئارامتردا توانییان لەسەر زمان و لایەن و ڕەهەندە ڕەنگین و توێ و نەناسراوەکانی ڕا بمێنن و تێفکرن. ئەمڕۆ ئەگەر میراسێکی گەورە لە تێڕامانە زمانەوانییەکان و تیۆرەكانی زماندا لە بەردەستدایە، بەرهەمی ژینگەی ئەو نەتەوانەیە کە لە باتی جەنگ و ململانێی نەبڕاوە، بۆ دروستکردنی کیانی سیاسیی خۆیان، لەناو زانکۆ و فەزای کۆڕ و سیمینارە فکری و ئەدەبی و زمانەوانییەکاندا، ئیشیان کردووە. 

لەگەڵ ئەوەیشدا مادە و ماکی سەرەکیی بەشێکی زۆر لەم تێز و تیۆرە زمانی و زمانەوانیانە، لە زمان و کولتووری ئەو نەتەوانەوە هەڵقوڵان و قۆسترانەوە کە باووباپیری ئەم زمانەوان و بیرمەندانەی ڕۆژئاوا چارەنووسی سیاسی و ناسنامەی نەتەوەیی و مێژووییان خستە ناو دۆزەخێک بە ناوی دیزاینکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوین، لە چاورچێوەی سایکس-پیکۆ و دابەشکارییەکانی دوای جەنگی جیهانی و تڕۆبوونی ئیمپراتۆری عوسمانی. ئیمپراتۆرێک کە بەرگەی هەموو لەتوپەتبوون و کلکەقونەیەکی گرت، جگە لەوەی واز لە کوردستان بێنێت و لێگەڕێت ئەویش کیانی سەربەخۆی خۆی هەبێت، هەربۆیە پاش شۆڕشی نوێی تورکیا و سەرهەڵدانی کەمالیزم، یەکەم کار کە کردیان، حاشاکردن بوو لە زمان، کولتوور و بوونی کورد. 

لە هەر سێ ڕەهەندەکەوە، دەیویست ئەم ئەنجامە مسۆگەر بکات کە تورکیا دەبێت یەکگرتوو بێت و بوار نادات بە مافدان بە کورد، برینی قووڵی مێژوویی واتە دابەشبوون و هەڵشێلانی پاش جەنگی جیهانی، دووبارە بێتەوە، بۆیە گلدانەوەی کورد لە جیۆگرافیای تورکیادا بە زەبروزەنگ دەلالەتی ئەو گرێ قووڵە مێژوویی و نەخۆشییەی عوسمانی بوو کە وڵاتانی ڕۆژئاوایی بۆیان دروست کردبوو، هێشتنەوەی کورد لە چوارچێوەی جیۆگرافیای دەسکردی تورکیادا، بە جۆرێک کردنەوە یان مەڵهەمدانە لە گرێی دەسدرێژی و تێکدانی ئیمپراتۆریای عوسمانی. 

ئەمەم باس کرد، تا بڵێم ڕاستە زمان هەموو ئەو پێشکەوتن و تیۆرانەی لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات بەخۆوە بینیوە، بەڵام زمان بەبێ خاک، هێما و هێز، ناتوانێت ببێت بەو ئامانجە مەعنەوی و ڕۆحانییەی ناسنامە و کولتووری نەتەوەیەک لە خۆیدا هەڵدەگرێت. ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەرەڕای ئەوەی مێژوویەک لە شۆڕش و خەباتی شاخ و شار/سیاسەت و کولتوورمان هەبوو، بەڵام دوای شٶڕشی گەلانی ئێران زمانی کورد بڤە كرا، ئەگەرچی قەدەغە نەبوو وەک قسەکردن و وەک ئەوەی لە تورکیای کەمالی هەبوو، بەڵام هێڵێکی نامۆ و غەوارەی بە دەوردا کێشرابوو، زمانی کوردی وەک زمانی لادێی، زمانی عەیبە، زمانی نائیداری و نافەرمی، زمانی دواكەوتوویی و... لە زەینی ئێرانییەکان و هەروەها لە وێنا و هەستی گشتیی بەشێکی زۆر لە کوردانیشدا پێناسە کرا بوو. 

زۆری خایاند تا ئەم تابۆ و تەڵەیە هەرەسی هێنا و ئێمە لەو شەرمنۆکییە ساختە کۆلۆنیالیستییەی کە بە نیسبەت زمانەکەمانەوە دروست کرابوو، ڕزگارمان بێت، دڵنیا نیم ئێستەیش بەشێکی زۆری کورد بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵات لەم تەلیسمە دەربازبووبن. بەشێکی زۆری خانمان بە تایبەتی لە سنە و کرماشان، وەک بڵێی هێشتا قەناعەتیان نەهێناوە بەوەی ئەم زمانە مێژوویەکی هەیە و زمانی دایک و بابیانە، نەک لە قسەکردن بە كوردی خۆ دەدزنەوە، بەڵکوو قسەکردن پێی بە نیشانەی "بێکلاسی" یان هەمان شت کە لە باشوور پێی دەڵێن نەبوونی سەقافەت! دەزانن.

بە دڵنیاییەوە لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی کەناڵە ئاسمانییەکان و تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی و هەروەها هەبوونی پارچەیەکی نیمچەئازادی کوردستان/باشوور، زۆر کاریگەریی ئەرێنی دروست بووە. دەتوانم بڵێم لەو ڕووەوە لە مەترسی و هەڕەشەی سەر زمان قوتار بووین، بەڵام لە ئاستەکانی تردا هێشتا لەژێر هەڕەشەداین. 

پێوەست بەو ئاستەی لە خۆنامۆبوونی زمانی، دەکرێت هەر ئەوە بێنینە پێش چاوی خۆمان کە ئەم خانمانە لە قسەکردن بە زمانی دایکی هەڵدێن، دایکانی داهاتوو و پەروەردەکارانی نەوەی دواڕۆژمانن و دەتوانن نەوەیەکی لامل و هەشبەسەر پەروەردە بکەن کە نەک تەنیا لە زمانەکەی خۆی هەڵبێت و دژی کولتوور و ناسنامەی خۆی بوەستێتەوە، بەڵکوو لەوەیش زیاتر بڕوات و خزمەت بە زمانی داگیرکەری تورک، فارس و عەرەب و بگرە ئینگلیزیش بکات. 

ئێمە وەک ڕۆژنامەنووس، ڕۆشنبیر، ستارتژیست، چالاکی سیاسی و... دەبێت ئەم مەترسییانە ڕژد ببینین و بەرنامەمان هەبێت بۆی، نەک ئەوەی لە ڕۆژی زمانی دایکیدا هەرکاممان یەک غەرامەی دوورودرێژ لەبارەی ئەوەی زمانی دایک دروستە یان زمانی دایکی! زانستگا ڕاستە یا زانکۆ و دەیان شتی تر کە بەر لەوەی ئەرکی ئێمەمانان بێت، ئەرکی ئەکادیمیا و ئەنیستیوتی زمانە! مشتومڕمان بێ.

ئێمە ناتوانین هەرکاممان بەپێی مرخ و سەلیقەی خۆی هاوتا بۆ چەمک و دەستەواژە زانستییە جۆراوجۆرەکان دابنێین، ڕەنگە ئەمە خۆی یەکێک لە هۆکارەکانی تۆراندنی فێرکارە کوردە پێڕەوکەکان بێت، بۆیە لەم قۆناغەدا و پێوەست بە زمانی دایکییەوە، باوەڕهێنان بە کیانێکی زمانی، واتە هێز و ناوەند و دەسەڵات و کۆمەڵێک داودەزگا کە بە هەموو بارێکدا لەسەر زمان و پەرەپێدانی لە ئاستەکانی کۆمەڵایەتی، زانستی، سیاسی، دامەزراوە، مێدیا و ئاینی و... ئیش بکات و ئەم ئاسۆیە دەبێت فراوانتر بێت لە باشووری کوردستان. ئەگەر دەمانەوێت نەتەوەیەکی یەکگرتوو لانیکەم لە ئاستە زمانی و کولتووری و ناسنامەییەکەیدا دروست بکەین و بەرەو سەرکەوتنی زیاتر هەنگاو هەڵێنین.