میدیای کوردی لە نێوان ئایدۆلۆجیا و هوشیاریدا

PM:01:48:25/02/2026 ‌

پاش پەرەسەندن و گشتگیربوونی تۆڕەكانی کۆمەڵایەتی کە ئازادی دەربڕین و چاودێریی تاک بەسەر دەسەڵات و کۆی ڕووداوەکاندا زیاتر و بەرفراوانتر بوو، وا مەزەندە دەکرا ئەم هەلە مێژووییە بەهۆی پێشکەوتنی ئایدۆلۆجیا و گشتیکردنەوەی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری لەلایەن ڕۆژئاواوە، مومارەسە و مەشقی تاک و کۆمەڵگە بۆ دیموکراسی و قبووڵکردنەوەی ڕای ئازاد و گفتوگۆ، ئاراستەیەکی ئەرێنی و کولتوورسازانە بگرێتە بەر. بەڵام دوای زیاتر لە دوو دەیە بەسەر ئەم گشتگیربوونەی تۆڕەیلی کۆمەڵایەتی و خوێندنەوەی دەرکەوتە و شێوازەکانی بەکارهێنان و گێڕانەوەی تاکە جیاوازەکانی سەربە ئایدۆلۆجیا جۆراوجۆرەکانی ناو کۆمەڵگە، دەرکەوت بەس هەبوونی تریبۆنێک بۆ ڕای ئازاد و گفتوگۆ، مانای ئەوە ناگەیەنێ ئێمە فێری قبووڵکردنی ڕای یەکتر و دەنگە جیاوازەکان و لە دەربڕینێکی گشتیدا ڕێزگرتن لە حەقیقەت و ڕاستی ڕووداوەکان دەبین.

بێگومان حەقیقەت نەک بە مانا فەلسەفی و ڕێژەییەکەی، بەڵکوو بە مانای پابەندی بەو بنەما مرۆیی و ئەخلاقییانە مەبەستمە کە ئێمە وەک مرۆڤ هەم بە شێوەی سروشتی و هەمیش بە شێوەی کولتووری، هەڵگری هەین. ئەگەر نموونەیەک بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم باسە بهێنمەوە دەڵێم: لە شەڕی نێوان دوو وڵاتدا ئێمە دەتوانین هۆگریی ئایدۆلۆجی و سیاسیمان بۆ یەکێک لەو وڵاتانە هەبێت، بەڵام کاتێک لەم شەڕەدا ژن و منداڵ و بە گشتی خەڵکی مەدەنیی دەبنە قوربانی، بێگومان ڕاوەستان دژی شەڕ و ئەو میدیایانەی بانگەشەی شەڕی ڕەوا و پیرۆز دەکەن، دەبێت بە بابەتێکی ئەخلاقی و حەقیقەتی سروشتی مرۆیی ئێمە. 

هاوکات ئێمە دەتوانین لەژێر ناوی چەندان یاریی دیسکۆرسیڤ و سیستمی مانایی سیاسی و ئایدۆلۆجیدا فۆرمێک لە پیرۆزمەندیی داڕێژین و بەرگریی لە شەڕێک بکەین کە تێیدا کۆمەڵێک مرۆڤ بەبێ ئەوەی هیچ تێگەیشنێکیان بۆ شەڕ هەبێت و هیچ ڕۆڵێکیان لە دروستبوونی ئەو ململانێیەدا هەبێت، دەبنە قوربانی. بێگومان هیچ وڵاتێک پیرۆزیی خاکی خۆی و سنووری سەرزەمین و ناسنامە و کیانی خۆی لە لا سووک و چرووک نییە، بەڵام یەکێک لەو پرسیارانەی ئێمە پێوەست بەم بابەتەوە دەتوانین بیکەین، ئایا ئەم پیرۆزییە نابێتە هۆی ئەوەی شەڕێکی خوێناویی چەندان ساڵە کە سەدەکانیش تێپەڕێنێت، بوون و کیانی کۆی نەتەوەیەک بخاتە مەترسییەوە؟ لە شەڕدا کێ براوەیە؟ 

دەتوانین باسی شەڕە 100 ساڵییەکانی نێوان فرانسا و ئینگلیز لە سەدەی 14 و 15ی زاینی بکەین، یان نێوان ڕۆم و یۆنانی کۆن، یاخۆ شەڕی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین کە لە سەردەمی گەڕانەوەی مووسا و جووەکانەوە لە میسر گەرای خستووە و تا سەردەمی ناتانیاهۆ و مەحموود عەباس درێژ بووەتەوە. بۆچی شەڕ کۆتایی بۆ نییە؟ ئایا مرۆڤ لە جەوهەردا شەڕانییە یان شەڕ بابەتێکی ڕۆنراوی ئایدۆلۆجی و میتافیزیکییە؟ یاخۆ لەم ڕوانگەیەوە ئێمە ناگەین بەو قەناعەتەی کە هەبوونی شەڕ بەشێک لە ئەجێندای نێودەوڵەتیی یان مێژووییە کە قازانجی هێز یان لایەنانێک دابین دەکات و ئاشی پێخۆری ئەوان بە خوێن دەگەڕێت؟
 
ئێمە کاتێک وەک کورد دۆخی خۆمان لە مێژوودا دەخوێنینەوە، بەو ڕاستییە دەگەین کە لایەنگری شەڕ نەبووین، ئەگەر شەڕمان کردووە بێگومان بۆ بەرگریی و مانەوەمان بووە، بەرخۆدانێک بووە لە هەمبەر شەڕی لابەلا و نابەرانبەری دەرەکیدا و هەر ئەمەش وایکردووە لەناو گوتاری مانەوەدا بخولێینەوە و فۆرمێک لە شەڕ بۆ مانەوە لە قاوغێکی کلاسیکیدا پێڕەو بکەین، دیارە مەبەستی من پەرەپێدانی کورد نییە بە شەڕ لە فۆرمێکی هێرشبەرانە و داگیرکەرانەدا کە هەر لە واقیعیشدا ئەمەی پێ ناکرێت. بەڵام لە ڕووە مێژوویی و کولتوورییەکەوە ئێمە ناتوانین بەرگریی لەم ئەخلاقە شەڕبێزانەیەی نەتەوەکەمان نەکەین کە تەنیا و تەنیا لە کاتێکدا شەڕی کردووە کە بووە بە ڕیشییەوە! لە هەمانکاتدا بوێری و نەبەردی خۆیشی تۆمار کردووە. واتە خۆلادان لە شەڕ نەک بە مانای ترسنۆکی و هەڵاتن لە مافخوازیی نەبووە، بەڵکوو بە مانای ژیاندۆستی و مەرگبێزییە و پێم وایە ئەمە یەکێک لە تایبەتمەندییە هەرە بەرزەکانی ئەم نەتەوەیەیە کە خۆی بە سەتان شێوە ڕووبەڕووی مەرگ کراوەتەوە، بەڵام لە تووناوتوونەکانی مەرگدا ڕۆحی خۆی جێنەهێشتووە و هێشتا لە سەودای ژیاندایە. 

ئەم ڕۆحیەتە مێژوویی و کولتوورییە (بە مانا ئەنتۆلۆجییەکەی) لەناو گەمەی مێدیایی بێسنوور و تێکئاڵاوی گەڕەکەکانی گوندی جیهانیدا پەلکێشی ناو زۆنگاوێک کراوە کە خوێنڕێژان و بازرگانانی گیان و بوونی مرۆڤ، دروستیان کردووە. کاتێک لە کارەسات و قەڵاچۆکردنی کورد لە ڕۆژئاوا ئێمەی کورد کەناڵەکانی ئەلجەزیرە، ئەلعەربییە و ئەلحەدەس دەبینین، وێنەی ئەهریمەنێکی بێ دین و مرۆڤێکی نامۆ لە جیهانی مرۆڤی کورد دەکێشن، تا چەند دەتوانین بەرپەرچدانەوەی ئاوەزمەندانە و دوور لە دەمارگرژیمان لە ئاستی گشتی و ناو شەقامدا هەبێت کە خۆمان بگێڕینەوە؟ بوونی خۆمان وەک ئەوەی لە مێژوودا هەبووە و ئەوەی ئێستە هەیە، پێشان بدەین؟ 

ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئەو خاڵەی لە سەرەتادا باسم کرد کە تۆڕەكانی کۆمەڵایەتی هەلی دەربڕین و گێڕانەوەیان بۆ مرۆڤی ئەم دەڤەرە خوێناوییە رەخساند، تا مەشقی گفتوگۆ و دیموکراسی بکەن، دەڵێم، چاوەڕوانیمان لەو دەروازەیەی ئازادی بە پێچەوانە دەرچوو، ئێمە ڕۆژانە لە پاڵ چەند هەڵوێستی ژیرانە و هوشیارانەدا، دەیان دەربڕینی توندئاژۆ دەبینین کە سەرچاوەکەیان برینە، ئەو برینەی کولتووری زاڵ و تۆتالیتەر و هەمووشتخوازی ناوچەکە لە مرۆڤی ئێمەدا دروستی کردووە.

واتە لە پاڵ ئازادی دەربڕین و ئەو هەلە مێژووییەدا، یاریی سیاسی گوتارەکان و ئایدۆلۆجیای پیرۆزمەندانە، جەوهەری مرۆیی ئێمەی تێک داوە و هەر میدیایەک بەپێی توانا مادی و سیاسییەکانی، گێڕانەوەیەک لە حەقیقەت بە مانا باو و گشتییەکەی دەخاتە ڕوو کە بەر لەوەی مرۆڤ بیری گەڕان و کنە و پشکنین بە دوای ڕاستییەکاندا بكاتەوە، دەیخاتە ناو تۆڕێکی دەروونی لە هەستی دەمارگرژی و تۆڵەسەندنەوەوە کە جگە لە خوێن و شەڕ، ئاسۆیەکی دیکەی لێ چاوەڕوان ناکرێت. 

ئەمە بە پلەی یەکەم ئەو میدیا زەبەلاحانە و ئەو ئەجێندا ئایدۆلۆجی و سیاسی و سەرمایەدارانە لێی بەرپرسن کە مرۆڤ تەنیا وەک ئامراز دەبینن و خاک و هێماکانی مێژوو و کولتوورێکیش وەک کەلوپەلی ناو جامخانە و بووکەڵەکانی یاریی دەبینن. 

ئەم دۆخە ئاڵۆزە ڕۆڵی میدیای کوردی هەم وەک ئایدۆلۆجیاساز و هەمیش وەک سازێنەری هوشیاری، ئاڵۆزتر و هەستیارتر دەکات. لەم هاوکێشەیەدا ئەگەر خواستێک لە تۆڵە و دەمارگرژی بەرهەم بێت و ببێت بە ئایدۆلۆجیایەک بۆ ڕزگاریی نەتەوەیی، ئەوا بەر لەوەی لایەنی تاریکی ئەم خواستە لە ئەستۆی کورد بێت، لە ئەستۆی ئەو وڵاتانەیە کە کوردیان کرد بە دیل و کۆلۆنیی مادی و مەعنەویی خۆیان، بەبێ ئەوەی مەبەستم بەرگری لە شەڕ بێت یان پاساو بۆ کەموکورتییەکانی خۆمان وەک کورد بهێنمەوە.