پێشەکی
ئەم وتارە هەوڵ دەدات شیکردنەوەیەک لەبارەی پێوەندییە ئاڵۆزەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل لەگەڵ گەلی کورد، پێشکەش بكات. بە تایبەتی لە چوارچێوەی چەمکی "مانیفێست دێستینی" (Manifest Destiny) و کاریگەریی لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا. هەروەها هەوڵم داوە ئەو پرسیارانە تاوتوێ بکەم کە بۆچی کورد بووەتە جێی سەرنجی ئەم دوو وڵاتە و چۆن ناسنامەی کولتووری و مێژوویی کورد لەم هاوکێشە ستراتیجییەدا دەبینرێت.
مانیفێست دێستینی: بنەما فیکرییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا
چەمکی مانیفێست دێستینی، لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەدا سەریهەڵدا، ئاماژەیە بۆ ئەو باوەڕە بەربڵاوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا كە لەلایەن خوداوە قەدەری نووسراوە بۆ فراوانکردنی خاک و بڵاوکردنەوەی بەهاکانی دیموکراسی و شارستانییەتەکەی، بەسەر کیشوەری ئەمەریکای باکوردا. ئەم چەمکە لە بنەڕەتدا پاساوێک بوو، بۆ فراوانخوازییەکانی ئەمەریکا بەرەو ڕۆژئاوا و داگیرکردنی زەوی، بە بیانووی ئەوەی ئەمە ئەرکێکی ئیلاهی و حەتمییە.
لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا، "مانیفێست دێستینی" لە چوارچێوەی جیۆگرافیای کیشوەرەکە تێپەڕی و بووە بەشێک لە فەلسەفەی گشتیی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا. ئەم چەمکە، بە تایبەتی لە سەدەی 20 و 21دا، وەک بنەمایەک بۆ بڵاوکردنەوەی دیموکراسی، ئازادی و سیستمی ئابووری بازاڕی ئازاد لە سەرانسەری جیهاندا، بەکارهاتووە. ئەمەیش وایکردووە ئەمەریکا خۆی وەک هێزێکی ڕزگارکەر و پێشەنگی شارستانییەت ببینێت، ئەرکیەتی بەهاکانی خۆی بەسەر گەلانی دیکەدا بسەپێنێت یان هاوکارییان بکات بۆ گەیشتن بەو بەهایانە.
کاریگەرییەکانی "مانیفێست دێستینی" لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکادا، دەکرێت لە چەند ئاستێکدا شی بکرێتەوە:
• فراوانخوازی ئابووری: باوەڕ بەوەی سیستمی ئابووری ئەمەریکا (بازاڕی ئازاد و سەرمایەداری)، باشترین مۆدێلە و دەبێت لە جیهاندا بڵاو بکرێتەوە، ئەمەیش وایکردووە ئەمەریکا هەوڵ بدات هەژموونی دۆلاری ئەمەریکی و سیستمی دارایی خۆی بەسەر ئابووری جیهانیدا بسەپێنێت.
• بڵاوکردنەوەی دیموکراسی: تێڕوانینێکە بەوەی دیموکراسی ئەمەریکی باشترین شێوەی حوکمڕانییە و ئەركی ئەمەریکایە یارمەتی گەلانی دیکە بدات بۆ دامەزراندنی سیستمی دیموکراسی، تەنانەت ئەگەر بە دەستێوەردانی سەربازیش بێت.
• ڕۆڵی ڕزگارکەر: ئەمەریکا خۆی وەک پارێزەری ئازادی و مافەکانی مرۆڤ لە جیهاندا دەبینێت، ئەمەیش پاساوێک دەدات بە دەستێوەردانەکانی لە کاروباری وڵاتانی دیکە.
پێوەندی ئەمەریکا و کورد: لە چوارچێوەی ستراتیجیی گشتیدا
لە دوای ساڵانی هەشتاکانەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا گرنگییەکی زۆری بە پێوەندییەکانی لەگەڵ گەلی کورد داوە. ئەم گرنگیدانە لە چەند فاکتەرێکەوە سەرچاوە دەگرێت، یەکێکیان بریتییە لە بینینی پۆتێنسیاڵێکی گەورە لە کورددا بۆ گۆڕینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەرەو ناوچەیەکی دیموکراسی. ئەم تێڕوانینە لەگەڵ بنەماکانی "مانیفێست دێستینی" دەگونجێت، چونکە ئەمەریکا خۆی وەک هێزێکی بڵاوکەرەوەی دیموکراسی دەبینێت.
هەندێک لە شرۆڤەکاران پێیانوایە، کورد بەهۆی تایبەتمەندییە کولتووری و مێژووییەکانیەوە، زیاتر لەگەڵ بەهاکانی ڕۆژئاوا دەگونجێت. بۆ نموونە، ئاماژە بەوە دەکرێت کورد نە بەتەواوی سەربە شارستانییەتی ئیسلامە و نە بەتەواوی سەر بە شارستانییەتی ڕۆژهەڵاتە، بەڵکوو وەک نەتەوەیەکی هیندۆ - ئەورووپی، لە بنەڕەتدا پێوەندییەکی قووڵتری لەگەڵ شارستانییەتی ڕۆژئاوادا هەیە . ئاینی زەردەشتی، وەک نموونەیەک، بە تەواوی جیاوازە لە ئاینی ئیسلام و زیاتر لەگەڵ ئایینەکانی وەک مەسیحییەتدا هاوبەشیی شارستانی هەیە، چونکە ئاین ڕۆڵێکی سەرەکی لە دروستکردنی شارستانییەت و کۆمەڵگەدا دەبینێت، ئەمەیش وا دەکات کورد بە خێرایی لەگەڵ بیرۆکە و سیستمەکانی ڕۆژئاوادا بگونجێت.
لە ڕووی پراکتیکیشەوە، کورد لە ساڵی 1992ەوە ئامادەیی خۆی بۆ هاوکاری و هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەمەریکا سەلماندووە، ئەم هاوکارییە بەردەوام بووە و تەنانەت لە کاتی شەڕی دژی داعشدا، ئەمەریکا پشتیوانیی بەرچاوی کردووە. سەرەڕای جیاوازییە ئایدۆلۆجییەکان، وەک ئایدۆلۆجیای ڕۆژئاڤا کە دژی بازاڕی ئازاد و لیبڕالیزمی ئەمەریکایە، ئەمەریکا بەردەوام بووە لە پشتیوانیی کورد، ئەمەیش نیشانەی ئەوەیە پێوەندییەکە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ستراتیجی هاوبەش دامەزراوە.
ڕۆڵی ئیسرائیل و جەنگی شارستانییەتەکان
ئیسرائیل، وەک دەوڵەتێکی مۆدێرن و دیموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، خۆی بە بەشێک لە شارستانییەتی ڕۆژئاوا دەزانێت. هەندێک شرۆڤەکار پێیانوایە، ململانێی ئێستەی ناوچەکە دەکرێت وەک "جەنگی شارستانییەتەکان" سەیر بکرێت، تێیدا بەها و سیستمەکانی ڕۆژئاوا لەگەڵ شارستانییەتەکانی تردا لە بەریەککەوتندان. ئەم تێڕوانینە، لە سەرەتای نەوەدەکانەوە و بە تایبەتی دوای ڕووداوەکانی 11ی سێپتەمبەری 2001 زیاتر پەرەی سەند، کاریگەری لەسەر سیاسەتی دەرەوەی زلهێزەکان هەبووە .
لە چوارچێوەی ئەم جەنگە شارستانییەدا، هاوپەیمانی نێوان ئەمەریکا، ئیسرائیل و کورد، دەکرێت وەک ستراتیجێک بۆ بەهێزکردنی هەژموونی ڕۆژئاوا لە ناوچەکەدا سەیر بکرێت. ئیسرائیل وەک خاڵێکی ستراتیجی ڕۆژئاوا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ لەم هاوکێشەیەدا بگێڕێت.
داهاتووی هاوپەیمانی و پێشنیارەکان
بە لەبەرچاوگرتنی ئەم شیکردنەوەیە، دەرفەتێکی مێژوویی بۆ کورد هاتووەتە ئاراوە، بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی لە ناوچەکەدا. هاوکاریی ئەمەریکا و ئیسرائیل دەتوانێت ببێتە هۆی بەهێزبوونی هاوپەیمانێکی ستراتیجی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و یارمەتی کورد بدات بۆ گەیشتن بە مافەکانی.
پێشنیار دەکرێت کورد بە ڕژدی ئەم دەرفەتە وەربگرێت و هەموو هەوڵێک بدات بۆ قۆستنەوەی، ئەمەیش لە دواییدا دەتوانێت لە ڕێگەی دروستکردنی بازاڕێکی ئازاد لە نێوان باشوور، ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، هەژموونی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا زیاتر بکات. ئێستە لەم بارودۆخی جەنگەدا، بە پشتیوانی ئاسمانی ئەمەریکا و ئیسرائیل، دەکرێت ناوچە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ڕزگار بکرێن، ئەمە دەبێتە هۆی بچووککردنەوەی ڕووبەری ئێران و کەمکردنەوەی باڵادەستییەکەی لە ناوچەکەدا و ئەمەریکایش ئەمەی دەوێت.
دەرەنجام
لە کۆتاییدا، پێوەندی نێوان ئەمەریکا، ئیسرائیل و کورد، لە چوارچێوەی چەمکی "مانیفێست دێستینی" و ستراتیجی گشتیی ڕۆژئاوا بۆ بڵاوکردنەوەی بەهاکانی دیموکراسی و بازاڕی ئازاد، یەك دەگرێتەوە.
کورد ئێستە لە بەردەم دەرفەتێکی مێژووییدایە و دەتوانێت بۆ بەدەستهێنانی ئامانجە نەتەوەییەکانی و بەهێزکردنی پێگەی خۆی وەک هاوپەیمانێکی ستراتیجی لە ناوچەکەدا، بیقۆزێتەوە. هەر دەرچوونێک لەم دەرفەتە، دەتوانێت لێکەوتەی نەرێنی گەورەی بۆ داهاتووی کورد هەبێت.
هەندێک لە سەرچاوەکان
[1] Britannica, T. Editors of Encyclopaedia. (2026, January 16). Manifest Destiny | Summary, Examples, Westward. Encyclopedia Britannica.
[2] American Experience. America's Manifest Destiny. Smithsonian American Art Museum.
[3] ThoughtCo. (2020, December 6). American Manifest Destiny and Modern Foreign Policy.
[4] TRT World. (2025, January 9). Manifest Destiny: Is this expansionist US political doctrine.