ئێران بە زۆر دەمانكات بە دوژمنی خۆی

AM:11:27:08/03/2026 ‌

لەگەڵ هەر كێشمەكێشێك و بە یەكدا هەڵشاخانێكی سیاسی و سەربازیی نێوان ئەمەریكا و ئێران، بەداخەوە ئێران ئەگەرچی دراوسێی هەرێمی كوردستانیشە، بێ پاساو دەست بە پەلاماردانی كوردستان و بەتایبەتی هەولێری پایتەخت دەكات. ئەم كاردانەوە نابەجێیانەی ئێران، جگە لەوەی هیچ بیانوویەكی سیاسی و سەربازیی نییە، هاوكات بە جۆرێك لە جۆرەكان بە زۆر هەرێمەكە و خەڵكەكەشمان ناچار دەكات ببینە هاوسۆزی ئەمەریكا و دڵمان بە هەر لێدانێكی ئەم وڵاتە خۆش بێت، چونكە بە زۆر دەمانكاتە دوژمنی خۆی، لە ڕێگەی ئەو مامەڵەیەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەیكات. 

هەرێمی كوردستان، قەوارەیەكی سیاسی و دەستووری ددانپیانراوە و لە چوارچێوەی عێراقدا هەرێمێكی فیدراڵییە، ئەم هەرێمە لە ماوەی سی و پێنج ساڵی ڕابردوودا، هەوڵی داوە بە یەك مەودا لە نێوان هەموو وڵاتە دراوسێكان بوەستێت و پێوەندییەكی سیاسیی كراوە و تەندروستی لەگەڵ هەمووان هەبێت، كە لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی سەروەری خاك و خەڵكی یەكتر داڕێژرابێت، بۆیە هیچ كاتێك هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ نەبووەتە بەشێك لە شەڕی ئەم دوو وڵاتە كە ئەمە ناكۆكیی سیاسی و ئاینی نێوانیانە، كەچی وێڕای ئەو هەڵوێستە سەربەخۆییە و ڕێزگرتنە لە ئێران وەك دراوسێیەكی نزیكی ئێمە كە ئاڵۆگۆڕی بازرگانی و گەشتیاریمان لەگەڵ هەیە، تا ئاستێكی زۆریش لە ڕووی كولتوور و  فەرهەنگەوە نزیكین لە یەكتر، كەچی بە داخەوە ئێران بەردەوام شاری هەرێمی كوردستان و پایتەختی هەرێم بەتایبەتی بۆردمان دەكات. 

ئەم بە ئامانجگرتنە ئەگەر كاردانەوەی ئەوەش بێت كە ئێران بە خەیاڵی خۆی ئێمە بە دۆستی ئەمەریكا بزانێت، بەڵام دیسانەوە پاساوی ئەوە بەو وڵاتە نادات بە درۆن و مووشەك، خەڵك و ژێرخانی ئابووری هەرێم بە نموونە وەك فڕۆكەخانەی هەولێر بە ئامانج بگرێت. ئێران زۆر بە ڕوونی ئەوە دەزانێت كە هەڵوێستی حكوومەتی ناوەندی عێراق بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان و ئەزموونەكەی، چۆنە و چۆن بەردەوام بیانووی بڕینی بودجە و مووچە دەهێنێتەوە، كەچی لەگەڵ ئەم هەموو ڕاستییانەشدا، بەداخەوە دێت فڕۆكخانە كە كەرتێكی خزمەتگوزاری گشتییە و داهاتەكەی دێتەوە ناو خەزێنەی گشتی، بۆردمان دەكات. 

بەغدا بەردەوام مەرجی 120 ملیارەكەی كردووەتە بیانوو بۆ ئەوەی مووچە دوابخات، بێگومان كاتێكیش ئاساییشی فڕۆكەخانە و هەرێمی كوردستانیش بە گشتی دەكەونە بەردەم مەترسییەوە، ئیتر ڕاستەوخۆ كاریگەریی بەسەر كۆكردنەوەی داهات و ناردنی ئەو 120 ملیارە دەبێت. كاتێك وڵاتێك بە نموونە بە زۆر ناچارت دەكات بكەویتە سەنگەری بەرانبەرەكەت و هاوهەڵوێستی ئەو بیت، ئیتر ناچار دەبیت وا بكەیت. ئەم هێرشانە بۆ سەر هەولێر، هاوسۆزییەكی گشتی و هاوهەڵوێستی شەقام و جەماوەر لە دژی ئێران دروست دەكات، چونكە هەموو كارێك كاردانەوەی هەیە و كاردانەوەكان هەمیشە لە كارەكان توندترن، بۆیە بۆ ئێران وا باشە دەیان سەنگەری شەڕ نەكاتەوە كە دواجار دۆڕاوی سەرەكی هەر تەنیا خۆی دەبێت، چونكە ناتوانێ لە یەك كاتدا شەڕی هەمووان بكات.