بۆچی جەنگ ڕوو دەدات؟

AM:10:52:29/03/2026 ‌
واتای وشەی جەنگ چییە و ژیان لەناو دۆخی جەنگدا چۆنە؟ ئەوەیە كە جەنگێكت بەسەردا بسەپێنرێت كە تێیدا نە دەستت هەبووبێت و نە قازانج، بە جۆرێك كە شەو و ڕۆژی تەمەنت لە ژێر ڕەحمەتی مەرگدا بێت و لە یادەوەرییەكانی منداڵی، هەرزەكاری، گەنجی و تەنانەت لە پیریشدا، هیچت بیر نەمێنێت جگە لە جەنگ و شوێنەوارەكانی؛ بە كورتی جەنگ ئەو بۆمبەیە كە هەموو شتێك، چ ڕواڵەت و چ ناخ، بە تەواوی خاپوور دەكات. جەنگ ڕەفتارێكی دڕندەیە كە زۆربەی گەلانی دنیا لە قۆناغێك یان بڕگەیەك لە مێژوویاندا پەنایان بۆ بردووە، جا چ ناچار بووبن یان بە ئەنقەست ئەنجامیان دابێت، چ لە ڕابردوو بێت یان ئێستە، كاتێك جەنگ وەك پاساوێك دەبینرا لەبەر هەبوونی هێزێكی ڕەها.

كاتێك مرۆڤ دەوڵەت، شانشین و ئیمپراتۆریی مەزنی بنیات نا، نەوەستا و تێر نەبوو، بەڵكو ڕێك بە پێچەوانەوە، مەرجی مانەوەی ئەو قەوارە گەورانە ئەوە بوو كە هێرش بەرن، فراوانخوازی بكەن، هەژموون پەیدا بكەن و ئەوانی تر بخەنە ژێر ڕكێفی خۆیانەوە، تا كار گەیشتە ئەو ئاستەی هەندێك لە مێژوونووسان قۆناغی داگیركاری و سەركەوتنە سەربازییەكانیان وەك «قۆناغی هێز و گەشانەوە» لە مێژووی ئەو دەوڵەتانەدا دەبینی. كەواتە، هەمووان جەنگاون و هەموو لایەكیش كەوتوونەتە بەر پەلامار و جەنگیان بەسەردا سەپێنراوە.

مرۆڤ بە درێژایی مێژووی خۆی، تا ئێستەش لە نێوان دوو باردایە: یان «گورگێكە كە بە دڕندەیی نێچیرەكەی دەخوات»، یان «مەڕێكە كە بە بێدەنگی و كڕڕی هەڵدەلووشرێت»؛ بۆیە زۆربەی جار مەڕەكە ئاواتەخوازە ڕۆژێك ببێتە گورگ و ئەویش جەنگی خۆی بەرپا بكات. هەروەك شاعیر و ڕۆماننووسی عەرەب ئیبراهیم نەسروڵا دەڵێت: «خودا هیچ دڕندەیەكی لە مرۆڤ خراپتر دروست نەكردووە، مرۆڤیش هیچ شتێكی لە جەنگ خراپتر دانەهێناوە.»

گەڕان بەدوای وەڵامە مەحاڵەكاندا
بۆچی جەنگ بەم پێداگرییە سەختەوە بەدوامانەوەیە؟ بۆچی هەر كە كۆتایی دێت، خێرا بەشێوەیەكی دڕندانەتر دەست پێ دەكاتەوە، وەك بڵێیت سێبەرێكە و لە مرۆڤ جیا نابێتەوە؟ چۆن هیچ شارستانییەتێك نەیتوانیوە لێی ڕزگار بێت، هەرچەندە گەیشتبێتە لووتكەی پێشكەوتن یان دەسەڵات؟ ئایا ئەمە سروشتێكی چەسپاوە لەناو مرۆڤەكاندا، یان باجێكی قورسە بۆ مەرجی مرۆڤبوون؟

مێژوونووسی بەریتانی (ڕیچارد ئۆڤێری) لە كتێبی «بۆچی جەنگ؟»دا، ڕووبەڕووی هەوڵێك دەبێتەوە بۆ تێگەیشتن لەم دیاردەیەی كە لە قووڵایی مێژووی مرۆڤایەتیدا ڕەگی داكوتاوە. (ئۆڤێری) لەم توێژینەوەیەیدا لەناو ئەرشیڤی سوپاكان و نەخشەی بەرەكانی جەنگدا ناگەڕێت، بەڵكو لە جەنگ وەك ڕەفتارێكی مرۆیی ئاڵۆز دەڕوانێت؛ جێگەیەك كە تێیدا زانستە سروشتی و مرۆییەكان یەك دەگرنەوە، لە دەروونناسییەوە بۆ ژینناسی (بایۆلۆجی)، تێپەڕین بەناو مرۆڤناسی و ژینگەناسی، تا دەگاتە زانستی شوێنەوار كە تێیدا هیچ گێڕانەوەیەكی نووسراو نییە، بەڵكو تەنیا پارچە كەللەسەر و جێگەی خەنجەری كۆن و شكانی ئێسكەكانن كە كات هیلاكی كردوون.

(ئۆڤێری) جەنگ وەك بەشێك لە پێكهاتەی خودی مرۆڤ دەبینێت، جا چ وەك ئەنجامێكی ژینناسی بێت، یان دەستكەوتێكی كلتووری كە لە ژێر فشاری ژینگەیی بەردەوامدا دروست بووە.

ئۆڤێری گەشتەكەی بە گەڕانەوە بۆ نامەگۆڕینەوە بەناوبانگەكەی نێوان (ئالبێرت ئاینشتاین) و (سیگمۆند فرۆید) لە ساڵی ١٩٣٢ دەست پێ دەكات، كاتێك یەكەمیان لە دووەمیان دەپرسێت: «بۆچی دەجەنگین؟» وەڵامەكەی (فرۆید)یش تژی بوو لە ڕەشبینی؛ مرۆڤ لە ناخیدا «حەزی مەرگ»ی هەڵگرتووە، ڕێك وەك ئەوەی بوونەوەرەكانی تر دەیكەن.

لە ایەكی ترەوە زانستی مرۆڤناسی گریمانەیەكی تر دەخاتە ڕوو: ئایا جەنگ سروشتێكی خۆڕسكی مرۆییە؟ ئەمەش ڕێگە خۆش دەكات بۆ خستنەڕووی بیرۆكەكانی (داروین) كە جەنگ وەك ئامرازێك بۆ مانەوە دەبینن كە هێز بە بەهێزەكان دەبەخشێت و لاوازەكان دوور دەخاتەوە. 

هەروەها توێژینەوەكانی پێوەست بە دڕندەیی مەیموونە شێوە مرۆییەكان (شامپانزی) و (گۆریلا) پێشان دەدەن كە مەیلی مرۆڤ بۆ جەنگ ڕیشەیەكی سروشتی هەیە، هەرچەندە مرۆڤ كۆیلەی حەزە خۆڕسكەكانی نییە و هێشتا مەودایەكی بۆ هەڵبژاردن ماوە.

هەروەها بەگوێرەی دەروونناسی، مەیلی شەڕكردن تەنیا لە ئارەزووی مانەوەوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵكو لە ئارەزوویەكی قووڵەوە دێت بۆ چەسپاندنی «خۆ» لە ڕێگەی نكوڵیكردن لە «ئەوی تر». توێژینەوە نوێیەكان لەسەر ڕەفتاری منداڵان پێشانی دەدەن كە زۆربەی یارییەكانیان توندوتیژی، ڕاوكردن، بەدیلگرتن، هێرش و بەرگریی تێدایە. ئامارەكان ئاماژە بەوە دەدەن كە زیاتر لە ٧٠٪ی كوڕان لە تەمەنی قوتابخانەدا بەشداریی لەم جۆرە یارییانەدا دەكەن، ئەمەش بەرهەمهێنانەوەیەكی  شێوازی ململانێ پێشان دەدات. كولتووری باویش دێت و ئەم پێكهاتەیە بەهێز دەكات؛ لە فیلم و زنجیرەكانەوە كە توندوتیژی جوان دەكەن و وەك «ڕێوڕەسمێكی پاڵەوانانە» پێشانی دەدەن.


شوێنەوارناسیی یەكەمین تووڕەیی و فشاری ژینگە
دۆزینەوە شوێنەوارییەكان لە باكوری ئیسپانیا (٨٠٠ هەزار ساڵ پێش ئێستە) كەللەسەری شكاو و ئێسكی بڕدراو پێشان دەدەن، كە ئەگەری ڕوودانی كوشتنی دڕندانە یان تەنانەت مرۆڤخۆری لە نێوان گرووپە مرۆییە سەرەتاییەكاندا دەسەلمێنن. لە زانستی ژینگەناسیدا، سروشت وەك هاندەرێكی جەنگ دەردەكەوێت. كاتێك ئاو كەم دەبێت، یان خاك وشك دەبێت، چیتر لە بەردەم مرۆڤدا جگە لە جەنگ بۆ مانەوە هیچ ڕێگەیەكی تری بۆ نامێنێتەوە. لە برسێتی و قاتوقڕییە دێرینەكانەوە تا ململانێ هاوچەرخەكانی سەر ڕووبارەكان، زەوی كاتێك تەنگ دەبێت، دڕندەكانی ئازاد دەكات. گۆڕانكارییە ژینگەییە لە ناكاوەكان، زۆرجار پریشكی یەكەمی جەنگە فراوانەكان بوون، تەنانەت ئەگەر لە ژێر دروشمی نەتەوەییشدا خۆیان شاردبێتەوە.

پاڵنەرەكانی جەنگ
ئەو پاڵنەرانەی كە (ڕیچارد ئۆڤێری) باسیان لێوە دەكات، بزوێنەری مێژووین و هۆكاری جەنگن كە بەم شێوەیە پۆلێنبەند دەكرێن:

١. سەرچاوە فیسۆلۆجییەكان: جەنگی نان و مانەوە لەم پاڵنەرەدا، جەنگ وەك ئامرازێكی ئابووری سەیر دەكرێت؛ مرۆڤ كاتێك هەست بە مەترسی دەكات لەسەر سەرچاوە سەرەكییەكانی ژیان وەك ئاو، خاكی بەپیت، یان وزە، پەنا بۆ توندوتیژی دەبات. داگیركارییەكانی ئیمپراتۆریی (ڕۆمانی) نموونەیەكی مێژوویی ڕوونە كە بۆ دەستبەسەرداگرتنی گەنم و كۆیلە بوو كە بڕبڕەی پشتی ئابووریی ئەوكات بوون. لە سەردەمی نوێشدا، جەنگەكانی نەوت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ململانێی داهاتوو لەسەر «ئاوی شیرین» پێشانی دەدەن كە مرۆڤ ئامادەیە گەورەترین تاوان بكات تەنیا بۆ ئەوەی دڵنیایی بدات بە مانەوەی خۆی، لێرەدا جەنگ وەك «وەبەرهێنانێكی خوێناوی» دەردەكەوێت.

٢. بیروباوەڕ و ئایدۆلۆجیا: جەنگ لە پێناو ڕەهاییدا
ئەمە ترسناكترین جۆری پاڵنەرە، چونكە جەنگاوەر لێرەدا وا هەست ناكات تاوانبارە، بەڵكو وا دەزانێت «پەیامێكی پیرۆز» جێبەجێ دەكات. ئاین وەك چەك، لە جەنگە خاچپەرستەكانەوە تا دەگاتە توندڕەوییە هاوچەرخەكان، وەك ئامرازێكی كۆكەرەوە بەكار دێت و دەقەكان بە جۆرێك لێك دەدرێنەوە كە كوشتنی بەرانبەر ببێتە كلیلی بەهەشت. هەروەها ئایدۆلۆجیای عەلمانی و بیروباوەڕە سیاسییەكانی وەك (فاشیزم) و (كۆمۆنیزم)، جەنگیان وەك پێویستییەك بۆ «پاككردنەوەی دنیا» دەبینی و لێرەدا جەنگ دەبێتە «ئەركێكی ئەخلاقی» لە دیدی جەنگاوەرەكەوە.

٣. دەسەڵات، هەژموون و نەخۆشیی مەزنی
ئەم پاڵنەرە پێوەندی بە سایكۆلۆجیای سەركردەكانەوە هەیە؛ لێرەدا جەنگ بۆ نان یان بۆ خودا نییە، بەڵكو بۆ تێركردنی «خود» (Ego)ی سەركردەیەكە كە دەیەوێت ناوی لە مێژوودا بمێنێتەوە. بۆ نموونە (ئەسكەندەر) و (ناپلیۆن) دنیایان وەك نەخشەیەك دەبینی كە دەبێت بە ڕەنگی ئەوان ڕەنگاوڕەنگ بێت، یان (هیتلەر) و نەژادپەرستییەكەی كە تێیدا دەسەڵات تێكەڵی ڕق بووبوو؛ جەنگ لای ئەو تەنیا فراوانخوازی نەبوو، بەڵكو هەوڵێك بوو بۆ سەپاندنی سیستمێكی ژینناسیی نوێ كە تێیدا تەنیا «نەژادی باڵا» مافی ژیانی هەبێت كە ئەمە جەنگێك بوو دژی خودی مرۆڤایەتی.

٤. ئاسایش و ترسی پێشوەختە (Pre-emptive Strike)
زۆر لە جەنگەكان لەبەرئەوە ڕوو دەدەن چونكە لایەنێك دەترسێت؛ كاتێك دەوڵەتێك دەبینێت دراوسێكەی چەكدار دەبێت، ئەویش چەك دەكڕێت و ئەم ترسە بەردەوام دەبێت تا دەگاتە خاڵی تەقینەوە. جەنگی جیهانیی یەكەم باشترین نموونەیە كە تێیدا هیچ كەسێك نەیویست جەنگێكی وا گەورە ڕوو بدات، بەڵام زنجیرەیەك لە ترس و پەیماننامەی سەربازی وایكرد هەمووان پێكەوە هەڵبگیرسێن.

كۆتایی: ئایا گریمانەی ئاشتی بوونی هەیە؟
هەر جەنگێك «دروست دەكرێت»؛ ئەگەرچی وەك چارەنووسێكی حەتمی دەربكەوێت، بەڵام ڕاستییەكەی لە پشت هەر فیشەكێكەوە بڕیارێكی مرۆیی هەیە. (ئۆڤێری) دەمانگەیەنێتە ئەو دەرەنجامەی كە مرۆڤ ئەگەرچی غەریزەی توندوتیژی لە ناخیدایە، بەڵام خاوەنی «ژیربێژی»یەتی. قەبارەی وێرانی و شوێنەوارەكانی جەنگ تەنیا ئەو كاتە بە تەواوی دەردەكەون كە دەنگی تۆپەكان كپ دەبن؛ ئەو كاتە دەبینین كە جەنگ دڕندەیەكە بەپێی هیچ ژیربێژییەك ناجووڵێت، بەڵكو ئامێرێكی بێبەزەییە كە هەموو لایەك تێیدا دەدۆڕێن. ڕەنگە نەتوانین جەنگ لە مێژوو بسڕینەوە، بەڵام تێگەیشتن لەم پاڵنەرانە هەنگاوێكە بۆ ئەوەی چیتر نەبینە كۆیلەی ئەو «گورگە ناوەكییە»ی كە لەناو هەمووماندا هەیە، چونكە مرۆڤایەتی ئەمڕۆ تینووی دڵنیایی و ئارامییە، نەك ئەو «دروشمە شەڕانگێزانە»ی كە لەسەر تەرمی قوربانییەكان دەنووسرایەوە.