نامەوێت قسە لەسەر نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم خۆی بکەم، چونکە ئەو پێویستی بە قسە و گوتاری من نییە، پێگە و کەسایەتی و دنیابینی و هێزی دیپلۆماسی و توانای ئەو، بە پشتبەستن بە عەقڵ و هێزی نەرم لەپێناو چارەسەری کێشە و قەیرانە هەرە سەختەکان، رەفتارەکانی بە بەکارهێنانی وشە و کرداری سیاسییانە، نیشانەن بۆ هێز و توانا و پێگەی ئەم کارەکتەرە لێهاتووە.
هێرشکردنە سەر ماڵی سەرۆکی هەرێم لە دهۆک، درێژەپێدانی نیەتی دوژمنکارانەی ئاشکرای ئەو هێزانەیە کە چەند ساڵێکە بە ئاشکرا و ڕاشکاوانە لەژێر دروشم و نیەت و تۆمەتی دروستکراوی جیاوازدا، پەلاماری هەرێمی کوردستان دەدەن و دەیانەوێت ئەوەی هەیە یەکسانی سفری بکەنەوە و کوردیش وەک خۆیان بگەڕێننەوە بۆ سەردەمی جەهالەت و دواکەوتن و نادادپەروەریی ڕەگەزپەرستی و مەزەوی و سیاسی، ئەمەیش لە کردەوەدا دەیسەلمێنێت، هەرچەندە سەرۆکی هەرێم بە پێداگریی و وریایی زۆرەوە، پێوەندییەکانی هەرێمی کوردستانی لەگەڵ بەغدا لە قەیرانەوە گەیاندووەتە ئارامی و لێکتێگەیشتن، بەڵام دیارە ئەوانەی پەلاماری کوردستان دەدەن بە درۆن و مووشەک، بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ ئاشتەوایی و پێوەندی دەستووری و یاسایی نێوان هەولێر و بەغدا نین.
بە پێچەوانەوە، دەیانەوێت ئەو پێوەندییە بە زۆر لەحیم کراوەی هەیە، نەمێنێت. واتە هێزە تیرۆریست و تووندڕۆکان نایانەوێت عێراق بە یەکگرتوویی بمێنێتەوە، گەرەکیانە ململانێی سیاسی بکەنە کێشە لە نێوان کورد و عەرەب، لە نێوان مەزەو و پێکهاتەکاندا، هەرچەندە کوردستان هەتا ئێستە ژیرانە هەموو ئەم لوغمانەی پووچەڵ کردووەتەوە، بەڵام مەرج نییە ئەمە هەتا دوماهی بێت.
لە هەمانکاتدا، حکوومەتی عێراق لە بەغدا، هەموو جارێک کە گوشاری کۆمەڵگەی نێوەدوڵەتی لە بەرانبەر هێرشەکان دژی هەرێمی کوردستانی بۆ دێت، یەکسەر بانگەشەی پێکهێنانی لیژنە و بەدواداچوون دەکات و لە دوماهیشدا تاوانباران ئازاد دەکات و وایان لێ دەکات دەستکراوەتر لە جاران لە پەرلەمان و دامەزراوەکانی تری عێراق و لەناو گرووپە میلیشیا لە یاسادەرچووەکان هەڕەشە بکەن و پەلاماری چەکداری و سیاسی و ڕاگەیاندن بدەن و دەیانەوێت شەقامی عەرەبی لە دژی کورد، لە دژی پێشکەوتن و گەشەکردنی هەرێمی کوردستان، بەکار بهێنن.
هێرشکردنە سەر ماڵی سەرۆکی هەرێم، ڕێک و دروست هێرشە بۆ سەر هێما و نیشانە یاسایی و سیمبولییەكانی کوردستان، هێرشە بۆ سەر هەموو ماڵێکی کورد لە هەرێمی کوردستان. نەک لەبەر سەرۆکی هەرێم و کەسایەتییەکەی، بەڵکو ئەم جۆرە هێرشانە لە هەموو دەوڵەتێک بە هێرش بۆ سەر هەموو دامەزراوە و کەسایەتی و ناسنامە و پێکهاتەی دەوڵەتەکە هەژمار دەکرێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە هەموو جارێک ڕوونتر گوتی، ئەمە دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر "یەکپارچەیی عێراق".
بۆ من هەموو بستەخاکێکی هەرێم پیرۆز و جێی بایەخە، هێرشکردنە سەر ماڵ و پێگەی کەسایەتییەکانی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییان، بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی و بەزاندنی هەموو بەها و سنوورەکان دژی کوردستیانیان دەزانم و پێم وایە عێراق (یان ناتوانێت هیج لەگەڵ گرووپە تووندڕۆ تیرۆریستییەکان بکات، یان خۆی حەز دەکات و لەگەڵ ئەم جۆرە هێرشانەیە، یانژی دەیەوێت گەمەیەکی سیاسی دۆڕاو لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیهان و تەنانەت خۆیشیان بکات). دوور نییە هەرسێ جۆر بێت.
بە هێرشکردنە سەر ماڵی (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هاوسۆزی و پێوەندیی و هاودەنگییەکی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی بەرفرەوان هاتە ئاراوە، ئەمەیش لە جیاتی دروستکردنی ترس لای هاووڵاتییانی هەرێم و لاوازکردنی پێگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، متمانە و پاڵپشتی و هاوسۆزی بەهێز و موکمتر کرد.
پێش دوماهی ئەم بابەتە، لە ڕاستیدا ئەو گرووپ و لایەنانەی بە ڕقەوە دەیانەوێت پەلاماری کورستان بدەن، ئینجا ئەمە بە بێدەنگی بەغدا بێت، یان هەر لایەن و دەوڵەتێک بێت، ناهەق نین، چۆن ئەوانە لە داخی ئارامی و پێکەوەژیان و گەشەکردن و پێوەندیی نێوەدەوڵەتی هەرێمی کورستان نەتەقن و بە سک نەدەن. ئاخر چۆن دەکرێت و لۆجیک پێی قووت دەدرێت، سەرۆکی ئەمەریکا (دۆناڵد ترەمپ) لە ماوەی مانگێکدا دووجار لەناو ئەم هەموو دەوڵەت و سەرکردە و سەرۆک و پاشایانەی لە ناوچەکە و دنیادا هەن، تەنیا پێوەندی ڕاستەخۆ لەگەڵ (نێچیرڤان بارزانی) بکات و نامەی تایبەتی نەورۆز بۆ سەرۆکی هەرێم بنێرێت و بە کوردی بنووسێت (نەورۆز پیرۆزە).
ژبیر نەکەین، ئەم هێرشانە ئازاری هەرێمی کوردستان دەدەن، سنوور و بەها دیپلۆماسی و دەستوورییەکان دەکەنە شتێکی بێ بەها، بەڵام ناوبانگی سەرۆکی هەرێم و پێگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەهێز دەکەن، بۆیە گلەیی لە دوژمنان و ناحەزان ناکەم و بە ناهەقیان نازانم لە داخی کورد ئاوس بن. هەرێمی کوردستان لە ئاڵۆزترین دۆخی جەنگدا، ڕوونترین هەڵوێستی نەبوونە بەشێک لە کێشەکانی هەبێت، یەک گوتار و هەڵوێستی نەتەوەیی لە قەیران و کێشەکانی سوریا و تورکیا و ئێراندا هەبێت.