لە سێدارەدانی قازی محەمەد، میراتی کۆمار و بیرۆکەی ئازادیی كورد

PM:01:12:01/04/2026 ‌
٧٩ ساڵ بەسەر لە سێدارەدانی قازی محەمەد سەرۆکی یەکەم کۆماری کوردی لە مەهاباد تێپەڕی، ساڵی (١٩٤٦) تاقیکردنەوەیەکی تایبەتیی بوو لە مێژووی کورددا. هەرچەندە تەمەنی کورتی بوو، بەڵام کۆمار میراتێکی هزری و سیاسیی زیندووی دوای خۆی جێهێشت کە هێشتا کاریگەریی لەسەر واقیعی هەر چوار پارچەی کوردستان هەیە و شانازییەكیشە نەوە دوای نەوە بەرچاوڕوونی دەدات كە خەباتی كورد بە سەربەخۆییە و ئەم كاروانە خۆشبەختانە نەوەستاوە.

فەلسەفەی ئازادی و سەروەریی میلی
کۆماری مەهاباد تەنیا پرۆژەیەکی سیاسیی کاتی نەبوو، بەڵکو جاڕدانێکی چارەنووسساز بوو بۆ مافی چارەی خۆنووسین، هەروەها سەروەری خەڵک و خاك. ئەو چەمکانەی کۆماری مەهاباد بانگەوازی بۆ کرد، بریتی بوون لە دادوەری، خوێندن بە زمانی کوردی، حوکمی زاتی، هەتا ئێستەیش ئەم سێ چەمکە بنچینەی سەروەریی نەتەوەی کوردن. بۆیە لە سێدارەدانی قازی محەمەد هەوڵێک بوو بۆ خنکاندنی ئەم هزرە، کەچی بە قووڵی لە بیر و رۆحی کورددا زۆرتر و بەهێزتر مانەوە و بوو بە ئیهام و سیمبولی كورد دژی ستەم، هەروەها بووە سەرچاوەی هۆشیاریی بۆ نەوەکان و بەردەوامیدان بە خەبات بۆ ئازادی.

کاریگەری کۆمار لەسەر کوردستانی عێراق (باشووری کوردستان)
کوردستانی عێراق کە ئێستە خاوەنی جۆرێك فیدراڵی ددان پێدانراوە، میراتی ناڕاستەوخۆی کۆماری مەهابادە. تاقیکردنەوە مێژووییەکان دەریانخستووە کۆمار سەرچاوەی ئیلهامی بزووتنەوە ئازادیخوازەکانی کورد بووە لە چلەکان و پەنجاکانی سەدەی رابردوودا، هەروەها هۆکار بووە لە دانانی بەردی بناغەی ئەو هزرە سیاسییەی کە کوردستانی گەیاندە ئەو رۆژەی ببێتە خاوەن هەرێمێکی سەربەخۆ. 

جیا لەوەیش، لە ساتی دامەزراندنی كۆماردا، باشوور و ڕۆژهەڵاتی كوردستان سنوورەكان دەشكێنن و دەبن بە یەك سوپا و لە پشتی یەكتر دەوەستن بۆ سەرخستنی كۆمارەكەی كورد، ئەمە ساتێكی مێژووكردە كە ئێستەیش لە هێرشەكانی سەر ڕۆژئاوای كوردستاندا لە مانگەكانی ڕابردوو و هێرشە درۆنی و مووشەكییەكانی سەر هەرێمی كوردستاندا لەم ڕۆژانەدا، دیسان كورد بوونەتەوە یەك و هیچ سنوورێك ناناسن و لە سەرانسەری جیهاندا پشتیوانی یەكتر دەكەن.

کاریگەری کۆمار لەسەر کوردستانی ئێران (ڕۆژهەڵاتی کوردستان)
لە ئێران، کۆماری مەهاباد بووە نموونەیەکی بەرجەستە بۆ داوای مافی کولتووری و سیاسی. ئەمڕۆ بزووتنەوە ئازادیخوازەکانی کوردی رۆژهەڵات، ئینجا بزووتنەوەی دیموکراتی بن یان حزبە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکان، ئەم تاقیکردنەوەیە وەک وانەیەک فێری کردوون چۆن گرنگی بە ڕێکخستنی کۆمەڵگەی کوردی لەسەر بنەمای ناسنامەیەکی هاوبەش بدەن، هەروەها  پاراستنی زمان و کولتوور، هەرچەندە کۆتوبەند و گوشاری سیاسی زۆریان لەسەرە.

کاریگەری کۆمار لەسەر کوردستانی تورکیا (باكوری کوردستان)
ئەو کاریگەرییە لە کوردستانی تورکیایش دەرکەوتووە، هەر لە پەرەپێدانی هزری نەتەوەیی کورد و پێداگری لە داوای مافە کولتووری و سیاسییەکان. بزووتنەوە سیاسییەکان وەک حزبەیلی کوردی و کۆمەڵە ڕۆشنبیری و کولتوورییەکانی باكور، کۆماری مەهاباد وەک مەرجەعێکی هزری و سیاسی دەبینن، بە تایبەتی ئەوەی پێوەندی بە مافە سەرەتاییەكانەوە هەیە، هەروەها ناسنامە و داواکردنی حوکمی زاتی لەناو چوارچێوەی دەوڵەتی تورکیادا، ئەو بنەمایانەن كە كوردی باكور وەك قۆناغی یەكەم دەیەوێ بەدەستی بێنێ.

کاریگەری کۆمار لەسەر کوردستانی سوریا (ڕۆژئاوای کوردستان)
لە کوردستانی سوریا، میراتی کۆماری مەهاباد ئیلهامێک بوو بۆ بیرۆکەی دامەزراندنی حوکمی زاتی بە سەپاندنی دیفاكتۆی كوردی، بزووتنەوە کوردییەکان لە ناوچەکان وەک حوکمەتی خۆجێیی لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، کاریگەریی راستەوخۆی بیرۆکەی سەرەکی قازی محەمەدی پێوە دیارە، كاتێك داوا دەكەن كورد خۆی خۆی بەڕێوە ببات و ناسنامە بەدەست بێنێ و سوود لە سەرچاوە سروشتییەكانی و بەڕێوەبردنی سنوورەكان ببینێ.

کۆمار وەک چەمکێکی هزری
کۆماری مەهاباد دەکرێ وەک تاقیکردنەوەیەکی هزریش سەیر بكرێ، چونکە ئازادی و سەروەری خەڵک، تەنیا خواستێكی سیاسیی نییە، بەڵکو هۆشیارییەکی گشتییە بۆ بەدەستهێنانی ماف و پاراستنی ناسنامە و بناغەدانانی مافە نەتەوەییەكان. 

كەواتە دوای ٧٩ ساڵ، نەمانی قازی محەمەد و رووخانی دەوڵەتی کوردی، تەنیا یادەوەرییەکی غەمگین نییە، بەڵکو دەرفەتێکیشە بۆ ئەوەی بیری ئازادی و سەروەریی پتەوتر بكەین و خواستەكانمان بەرز بكەینەوە بۆ دەوڵەتێكی نوێی كوردی لەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەی باس دەكرێ كە لە داهاتوودا دادەڕێژرێتەوە.