ڕووسیا و چین لە ململانێی ئەمریکا و ئێراندا

PM:07:52:05/04/2026 ‌
وا دیارە ڕووسیا و چین هەوڵی یەکلاییکردنەوەی ململانێکە نادەن، هێندەی ئەوەی کار بۆ بەڕێوەبردنی دەکەن. بۆ ئەوان، بەردەوامبوونی ئێران وەک هێزێکی هەرێمیی خۆڕاگر، بەبێ ئەوەی بگۆڕێت بۆ سەرچاوەی پشێوییەکی گشتگیر، بژاردەی هەرە گونجاوە.

دوای تێپەڕبوونی مانگێک بەسەر دەستپێکردنی شەڕی ئەمریکا-ئیسرائیل لەدژی ئێران، نەخشەی هەڵوێستە نێودەوڵەتییەکان ئاڵۆزتر دەردەکەون لەوەی لێدوانە ئاشکراکان نیشانی دەدەن. 

دوور لە چاوی میدیا و ڕۆژنامەکان، هێزە گەورەکان بەپێی پلانی ورد دەجوڵێنەوە کە هەوڵ دەدەن بەرژەوەندییەکان هاوسەنگ بکەن و خۆیان لە خلیسکان بەرەو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی گشتگیر بپارێزن کە ڕەنگە تەواوی سیستەمی نێودەوڵەتی سەرلەنوێ دابڕێژێتەوە. لەم چوارچێوەیەدا، هەڵوێستەکانی (ڕووسیا و چین) وەک وریاترین و پراگماتیترین هەڵوێست دەردەکەون، چونکە لە نێوان پشتگیرییەکی حیساببۆکراو بۆ تاران و ئارەزوویەکی ڕوون بۆ کۆنترۆڵکردنی پەرەسەندنەکان  کۆبووەتەوە.

ڕووسیا کە ئێستا لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی کراوەدایە لەگەڵ ڕۆژئاوا لە گۆڕەپانی ئۆکرانیا، سەیری شەڕی دژی ئێران دەکات وەک دەرفەتێکی ستراتیژیی دووفاقی؛ لە لایەکەوە ئەم شەڕە ڕێگە دەدات بە دابەشبوونی زیاتری سەرچاوەکانی هێزی ئەمریکا، لە لایەکی تریشەوە بەشێک لە سەرنجی ڕۆژئاوا لەسەر بەرەی ئەوروپای ڕۆژهەڵات دوور دەخاتەوە. بۆیە، سەیر نییە کە مۆسکۆ مەیلی هەبێت بۆ پێشکەشکردنی جۆرەها پشتگیری ناڕاستەوخۆ بۆ تاران، بەتایبەت لە بوارەکانی هەواڵگری و تەکنیکی، بە شێوەیەک کە توانای خۆڕاگرییەکەی بەهێز بکات بەبێ ئەوەی ڕووسیا بخاتە ناو ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان.

ئەم پشتگیرییە بەواتای گرتنەبەری هەڵوێستێکی ئایدیۆلۆژی نایەت، هێندەی ئەوەی ڕەنگدانەوەی لۆژیکی بەرژەوەندییە؛ مۆسکۆ درک بەوە دەکات کە کەوتنی خێرای ئێران ڕەنگە هەژموونی واشنتۆن بەهێز بکات و مەودایەکی فراوانتری جوڵەی پێ بدات لە دۆسێکانی تردا، ئەمەش خزمەتی بەرژەوەندییەکانی ڕووسیا ناکات لە مەودای ناوەنددا. لە بەرامبەردا، ڕووسیا هەوڵ دەدات ململانێکە لە ئاستێکدا بهێڵێتەوە کە بتوانرێت کۆنترۆڵ بکرێت، بەجۆرێک ململانێیکە بەردەوام بێت بەبێ ئەوەی بگۆڕێت بۆ شەڕێکی هەرێمیی فراوان.

ڕێڕەوە بازرگانییە نوێیەکان

لێرەوە دەتوانرێت لە بایەخدانی مۆسکۆ تێبگەین بۆ دابینکردنی جێگرەوەی لۆجیستی و ئابووری بۆ ئێران، وەک چالاککردنی ڕێڕەوە بازرگانییە نوێیەکان کە پشتبەستنی تاران بەو ڕێگایانە کەم دەکاتەوە کە لەژێر چاودێریی دەریایی ڕۆژئاوادان. هەروەها بەکارهێنانی کەرەستە سیاسییەکانی، بەتایبەت لە ئەنجومەنی ئاسایش، وەک بەشێکی سەرەکی دەمێنێتەوە لەو ستراتیژییەتەی کە ئامانجی ڕێگریکردنە لە پێدانی شەرعییەتی نێودەوڵەتی بە هەر پەرەسەندنێکی سەربازیی فراوان دژی ئێران. لە بەرامبەردا، چین هەڵوێستێکی وریاتر دەگرێتە بەر، ئەگەرچی بایەخەکەی کەمتر نییە. پەکین کە گەورەترین هاوردەکاری وزەیە لە جیهاندا، بە نیگەرانییەکی قووڵەوە سەیری هەر ئاڵۆزییەک دەکات کە ڕووبەڕووی بازاڕەکانی نەوت ببێتەوە، بەتایبەت گەرووی هورمز. بۆیە، ئەولەویەتی هەرە لە پێشینەی بریتییە لە پاراستنی سەقامگیریی لێشاوی وزە، تەنانەت ئەگەر پێویست بکات لەسەر پەتی دبلۆماسی لە نێوان تاران و واشنتۆن ڕێ بکات.

هیچ بەرژەوەندییەک نییە

چین پەرەسەندنی سەربازی بە بژاردەیەک نابینێت کە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی بکات، بەڵکو بە پێچەوانەوە، پێی وایە هەر شەڕێکی فراوان ڕەنگە ڕێڕەوە ئابوورییە جیهانییەکەی پەک بخات. بۆیە، مەیلی بۆ ئەوە هەیە ڕۆڵی ناوبژیوانێکی بێدەنگ بگێڕێت، لەرێگەی هاندانی هێورکردنەوە و فشاری ڕانەگەیەندراو لەسەر هەموو لایەنەکان بۆ دوورکەوتنەوە لە تەقینەوە گەورەکە. لە هەمان کاتدا، سوورە لەسەر بەردەوامیی پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ ئێران، لەوانە کڕینی نەوت لەرێگەی کەناڵە جێگرەوەکانەوە، ئەمەش هەناسەیەکی گرنگ بە ئابووریی ئێران دەبەخشێت.

بەڵام ئەم پشتگیرییە چینییە، وەک هاوتا ڕووسییەکەی، بێ سنوور نییە؛ پەکین ڕەتی دەکاتەوە تێچووی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕۆژئاوا لە ئەستۆ بگرێت بەهۆی ئێرانەوە، و سەرکێشی ناکات بە خستنەبەردەمی کۆمپانیاکانی بۆ سزای فراوان کە زیان بە ئابوورییەکەی بگەیەنێت. بۆیە، هەڵوێستەکەی لەژێر حوکمی هاوکێشەیەکی ورددایە: پشتگیرییەکی بەس بۆ ڕێگریکردن لە هەرەسهێنان، و فشارێکی بەردەوام بۆ دوورکەوتنەوە لە پەرەسەندن.

سەرەڕای جیاوازی پاڵنەرەکان، ڕووسیا و چین لە خاڵێکی سەرەکیدا بەیەک دەگەن، ئەویش ڕەتکردنەوەی هەژموونی ڕەهای ئەمریکایە. هەردووکیان درک بەوە دەکەن کە لاوازکردنی یەکجاریی ئێران ڕەنگە دەرگا بۆ فشارێکی گەورەتر لەسەر ئەوان بکاتەوە لە داهاتوودا. لێرەوە، ئامانجە هاوبەشەکەیان لە سەرکەوتنی ئێراندا نییە، هێندەی ئەوەی لە ڕێگریکردنە لە شکستێکی تێکشکێنەر، واتە گەیشتن بەوەی دەکرێت ناوی بنێین "یەکسانبوونی ستراتیژی" کە هاوسەنگییە هەبووەکە دەپارێزێت.

ئەم بەیەکگەیشتنە ڕەنگە شێوەی پشتگیریی ناڕاستەوخۆدا وەربگیرێت، چ لە ڕێگەی گواستنەوەی تەکنەلۆژیا و کەرەستە لەژێر چوارچێوە یاساییە کۆنەکاندا، یان لە ڕێگەی ئاسانکاری ئابووری کە کاریگەری سزاکان کەم دەکاتەوە. بەڵام ئەم جوڵانە لەژێر سەقفێکی ڕووندایە، ئەویش تێنەپەڕاندنی هێڵە سوورەکانە کە ڕەنگە ببێتە هۆی وروژاندنی وەڵامێکی ڕاستەوخۆی ڕۆژئاوا.

لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێک سیناریۆ دەمێننەوە کە ڕەنگە پاڵ بە مۆسکۆ و پەکینەوە بنێن بۆ پێداچوونەوە بە حیساباتەکانیان؛ لە دیارترینی ئەو سیناریۆیانە ئەگەری پەرەسەندنێکی گەورەی ئێرانییە، چ لەرێگەی داخستنی گەرووی هورمز بۆ ماوەیەکی درێژ یان ڕۆیشتن بەرەو بژاردە هەستیارترەکان. لەم جۆرە بارودۆخانەدا، ڕەنگە چین خۆی ناچار بێت پشتگیرییەکانی کەم بکاتەوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی، و ڕووسیاش ڕەنگە هەڵوێستەکەی هەڵبسەنگێنێتەوە بەپێی پەرەسەندنەکانی تری گۆڕەپانی نێودەوڵەتی.

هەر گۆڕانکارییەک لە پەیوەندی نێوان مۆسکۆ و واشنتۆن، بەتایبەت ئەگەر پەیوەست بێت بە دۆسێکانی تری وەک ئۆکرانیا، ڕەنگە بە ناڕاستەوخۆ ڕەنگ بداتەوە لەسەر ئاستی پشتگیریی ڕووسیا بۆ ئێران. ئەگەرچی ئەم جۆرە سیناریۆیانە ئێستا دوور دەردەکەون، بەڵام وەک بەشێک لە حیساباتی ستراتیژی دەمێننەوە کە ناتوانرێت پشتگوێ بخرێن.

لە کۆتاییدا دەبێت بوترێت، وا دیارە ڕووسیا و چین هەوڵی یەکلاییکردنەوەی ململانێکە نادەن هێندەی ئەوەی کار بۆ بەڕێوەبردنی دەکەن. بۆ ئەوان، بەردەوامبوونی ئێران وەک هێزێکی هەرێمیی خۆڕاگر، بەبێ ئەوەی بگۆڕێت بۆ سەرچاوەی پشێوییەکی گشتگیر، بژاردەی هەرە گونجاوە. لە نێوان ئەمە و ئەودا، ناوچەکە لەبەردەم قۆناغێکی هەستیاردایە، کە تێیدا حیساباتە گەورەکان لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی واقیعی مەیدانی تێکەڵ دەبن، لە دیمەنێکدا کە بۆ چەندان ئەگەر کراوەیە، بەڵام هەموویان لە دەوری یەک بیرۆکە دەخولێنەوە: بەڕێوەبردنی هاوسەنگی، نەک شکاندنی.