گۆڕانکارییە سیاسییەکانی دوای ساڵی 2003، جارێکی تر هێزی ڕەقی وەک ئامرازی سەرەکیی یەکلاکردنەوەی ململانێکان هێنایەوە پێشەوە و بووە هۆی پاشەکشەی "هێزی نەرم (Soft Power)" ئەمە لە کاتێکدا کە هێزی نەرم بۆ ماوەی پتر لە دەیەیەک، ستراتیجی سەرەکیی ئەمەریکا و ئەوروپا و بەشێک لە وڵاتانی دیموکرسیخواز بوو، بەهۆیەوە جیهان سەقامگیرییەکی ڕێژەیی بەخۆوە بینی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تا ئاستێكی باش لە سایەی ئەو سەقامگیرییەدا پشوویەکی دا کە پێشتر هاوشێوەی کەم بوو، بۆیە دەکرێت بڵێین یەکێک لە ئارامترین قۆناغەکانی مێژووی سیاسی بوو.
"هێزی نەرم " یەکێکە لە چەمکەکانی زانستی سیاسی، بیرمەندی ئەمەریکایی (جۆزیف نای) دایهێنا، بریتییە لە توانای دەوڵەت بۆ بەدەستهێنانی ئەوەی دەیەوێت یان دەیخوازێت، ئەویش لە ڕێگەی سەرنجڕاکێشان و قایلکردنەوە، نەک لە ڕێی زۆرەملێ و هەڕەشە و ناچارکردن، كە بە هێزی ڕەق ناسراوە.
بە کورتی، ئەگەر هێزی ڕەق بریتی بێت لە بەکارهێنانی هێزی سەربازی و ئابوری، ئەوا هێزی نەرم بریتییە لەوەی "بەرانبەرەکەت وا لێ بکەیت هەمان ئەو شتە بکات کە تۆ دەتەوێت"، چونکە سەرسامە بە مۆدێل و بەهاکانی تۆ.
هێزی نەرم لە سێ بواردا کار دەکات: کولتوور وەک (فیلم، مۆسیقا، سینەما، ئەدەبیات، زمان هتد....) بەها سیاسییەکان وەک (دیموکراسیەت و مافی مرۆڤ و ئازادی دەربڕین و هتد ...) لەگەڵ سیاسەتی دەرەکی، کاتێک سیاسەتی دەوڵەتێک بە شەرعی و ئەخلاقی دەبینرێت، وڵاتانی تر زیاتر ئامادەن هاوپەیمانی لەگەڵدا ببەستن و چاوی لێ بکەن. ئێستە ئەمە بە ڕوونی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا هەستی پێ دەکرێت، سەرەڕای هەوڵەکانی "ترەمپ" بۆ هاندانی وڵاتە هاوپەیمانەکانی و چوونە ناو جەنگ، بەڵام هیچ یەکێک لەوان ئامادە نەبوون تەنانەت هاوکاریی لۆجستیشی بکەن، ئەمەیش لەبەر ناڕوونی و بێ متمانەیی سیاسەتی دەرەکی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەگەڵ دەرەوەی خۆی.
لە دوای جەنگی ئەفغانستانەوە، جارێکی تر هێزی ڕەق (هارد پاوەر) کە بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی لە هەرسێ قۆناغی (دەوڵەت- شار و ئیمپراتۆریەت و دەوڵەت نەتەوە) زمانی دبلۆماسی دەوڵەت بوو، دیسان بووەوە بە ئامرازی یەکلاکردنەوەی کێشە و ململانێکان وهێزی نەرم چیتر بەهای جارانی نەما و لە بری زمانی نەرم، هەڕەشە و گوشارە سەربازییەکان بوونە ئامرازی پێوەندی نێوان دەوڵەتەکان.
ئەمەریکا کە هەرخۆی خاوەنی چەمکەکەیە و وەک ستراتیجێک بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ لە سیاسەتی دەرەوەی خۆیدا جێبەجێی کرد، هەر خۆیشی دەسبەرداری بوو، دواتر هێزی سەربازی و ئابوری بە چڕی خستەوە گەڕ، سەرەتا لە ئەفغانستان و نوێترینیشی وا لە ئێران و ململانێ نێودەوڵەتیەکاندا کە دووبارە جیهانی گەڕاندەوە بۆ بنەماکانی "ڕیالیزمی کلاسیک"، کە هێزی ڕەق قسەی کۆتایی دەکات.
هەڵبەتە پاشەکشەی هێزی نەرم بێ هۆکار نییە و کۆمەڵێک فاکتەر ڕۆڵیان لەوەدا گێڕاوە و وایانکردووە شەقی پۆستاڵ و لوولەی تفەنگ ئاراستەی ڕووداوەکان بگۆڕن و لە بری قایلکردنی ئاشتییانە، ناچارکردن و زۆرەملێ ببێتە زمانی سەردەم، هۆکارەکانیش لەم چەند خاڵەدا کورت دەکەینەوە:
1-قەیرانی متمانە بە مۆدێلی ڕۆژئاوا..
ئەمەریکا و ئەوروپا سەرچاوەی سەرەکیی هێزی نەرمی جیهانی بوون، بەڵام بەهۆی " دووفاقی لە پێوەرەکاندا" متمانە بەم ستراتیجە لاواز بوو، ڕۆژئاوا لە شوێنێکدا باس لە مافی مرۆڤ دەکات و لە شوێنێکی تردا دەیخەنە ژێرپێ و چاوپۆشی لێ دەکەن، ئەمە وایکرد گوتاری "بەها مرۆییەکان" کاریگەریی کاڵ بێتەوە و متمانەی خۆی لە دەست بدات، هەر بۆ نموونە، چاوپۆشی بەراتبەر ئەو کارەساتە مرۆییەی سوپای ئیسرائیل لە غەزە كردی.
2-سەرهەڵدانی هێزی تیژ "شارپ پاوەر"
سەرهەڵدانی 'هێزی تیژ' چەمکێکی نوێیە، وڵاتانی وەک چین و ڕووسیا پێڕەوی دەکەن. ئەوان لەبری سەرنجڕاکێشان لە ڕێگەی مۆدێلی سیاسییەوە، پەنا دەبەنە بەر چەواشەکاریی زانیاری، هاککردن و بەکارهێنانی میدیای ئاراستەکراو بۆ تێکدانی سەقامگیریی ناوخۆیی وڵاتانی تر.
ئەمە نە "قایلکردنە" و نە "زۆرەملێی سەربازی"، بەڵکو جۆرێکە لە تێکدانی سیستمی کۆمەڵایەتی و سیاسی بەرانبەرەکەیان لە ناوەوەی خۆی.
3-بڵاوبوونەوەی "فەوزای دیجیتاڵی"
ئەو پاشاگەردانی و بێ هودەییەی ئێستە لە ڕێی دیجیتاڵ میدیاوە بە ڕێوە دەچێت، بووەتە هۆی تێکچوونی سەلیقەی کۆمەڵگە، جاران هێزی نەرم لە ڕێگەی فیلم و کتێب و دیپلۆماسییەوە کاری خۆی دەکرد، بەڵام ئێستە سۆشیاڵ میدیا جیهانی کردووە بە ناوەندێکی گەورەی جەنگ و ململانێ و یەکلاکردنەوەی کێشەکان، لێرەدا "حەقیقەت" کەمتر بایەخی ماوە و ئەوەی دەنگی بەرزتر بێت یان "ترێند" بێت، کاریگەریی زیاترە. ئەمەیش بووەتە هۆی پاشەکشەی هێزی نەرم کە لەسەر بنەمای بەها بنیات نرابوو، چونکە ڕاستەوخۆ کاری کردووەتە سەر بنەمای بەها باڵاکان و بێ هودەیی جێی گرتووەتەوە.
جیهان ئێستە لە قۆناغێکی ڕاگوزەردایە و تێیدا هێزی ڕەق دەسەڵات دەسەپێنێت، بەڵام ئەزموونی هەڵسوکەوتی سیاسی ئەوەی سەلماندووە کە هێزی ڕەق بەبێ پاساوی ئەخلاقی (هێزی نەرم)، ناتوانێت بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ سەقامگیریی جیهانی بپارێزێت.