ڕۆڵی نەخۆشخانە لە نێوان غەزال و دایكمدا

PM:01:07:26/04/2026 ‌
چەند ڕۆژێك لەمەوبەر، بەهۆی دەستدرێژییەكانی ئێران، تەنانەت لە دۆخی ئاگربەستیشدا، بۆ سەر هەرێمی كوردستان و سەروەرییەكەی، بە داخەوە كچە پێشمەرگەیەكی ڕۆژهەڵات شەهید بوو. ئەم پێشمەرگەیە بەر لە شەهیدبوونی، بە برینداری براوەتە چەند نەخۆشخانەیەك، لە نێویشیاندا بەخشین كە بەردەوام بانگەشەی بەخشین دەكات و گوایە  لە خزمەت نەخۆش  و خەڵكدایە و لەلایەن حزبێكی ئیسلامییەوە خاوەنداری دەكرێت، بەڵام بەداخەوە وەك پێویست بەهانایەوە ناچن و بە داخەوە برینەكەی چارەسەر ناكرێت و بەهۆی برینەكەیەوە شەهید بوو.

ئەگەر لە ڕوانگەی زاستی پزیشكی ، یاسایی، ڕێسا و مافی نەخۆشەوە بڕوانینە ئەم ڕووداوە، دەچێتە خانەی كوشتنی بە ئەنقەست، بۆیە خێزانەكەی غەزال، دەتوانن داوا لە داواكاری گشتیی بكەن، ئەم دۆسیە بجووڵێنێت، چونكە ئەگەر ئەم دواكەوتن و دەستاودەستكردنە نەبووایە، ڕەنگە بواری مانەوەی لە ژیان هەبووایە. لەمەیش  پڕئازارتر ڕێگەنەدان بووە بە شوشتنی لە مزگەوتەكانی سلێمانیدا، وەك نەریتێكی ئاینی، لە كاتێكدا لە قورئانی پیرۆزدا خودا جەخت دەكاتەوە "مزگەوتەكان ماڵی خودان". نەیگوتووە ئەو ماڵە تەنیا بۆ پیاوە ! 

هەرچۆنێك بێت، ئەم ڕووداوە كاردانەوەی میدیایی و هاوسۆزیی گەورەی مرۆیی لێ كەوتەوە و بووە هۆی ئەوەی گومان و لێكدانەوەی سیاسیشی بۆ بكرێت، چونكە ڕووداوەكە لە سلێمانی بووە. چەند مانگێك لەمەوبەر، دایكە پیرەكەم بەهۆی كەوتنەخوارەوەی لە پەیژەكانی ماڵەوە، بەداخەوە تۆپی حەوزی شكا. بێگومان هەر شكانێكیش لەو تەمەنەدا، بێ سێ و دوو پێویستی بە نەشتەرگەری و لە جێدانانی پلاتینە، بۆیە یەكڕاست بردمانە نەخۆشانەی ئاشتی لە سۆران و لەوێ لە بەشی فریاكەوتن بەوپەڕی ڕێز و هاوكارییەوە وەریانگرت و هەرچی پێویست بوو وەك فریاگوزاریی سەرەتا، بۆیان كرد. ئەمە وێرای ئەوەی سروشتی بەشی فریاكەوتن لە هەموو نەخۆشخانەكاندا وایە بە خولەكیش نەخۆشی لێ نابڕێت.

دوای پشكنینەكان، پزیشك گوتی، ئەم نەشتەرگەرییە لێرە دەكرێت، بەڵام دایكت جۆرێك لە خوێنمەینی هەیە و ڕەنگە كێشە لە دڵیدا هەبێت، بۆیە دەبێ لە سەنتەری دڵ، پشكنینێكی بۆ بكرێت كە تایبەتە بە سنگ و تەنیا لەوێش هەیە، ڕۆژی نۆی كانوونی دووەمی ئەمساڵ بوو، ڕۆژێكی باراناوی، تەمتومان هەموو شەقامەكانی گرتبوو، لەوێ پزیشك و كارمەندەكان، خۆیان ئەمبولانسیان بۆ دابین كردین و بەو كەشوهەوا ناجێگیرە، چووینە سەنتەری دڵ لە هەولێر. لەوێش بەوپەڕی ڕێزەوە دایكمیان گواستەوە ژێر چاودێریی و هەرچی ئامێری پێوانەكردنی فشار، لێدانی دڵ،  هەناسەدان هەیە، خستیانە سەری و دواتریش ئەو پشكنینەی پێویست بوو بۆی كرا، ئیدی لەوێ بەرەو نەخۆشخانەی فریاكەوتنی ڕۆژئاوای هەولێر چووین و یەكڕاست خەواندیان. 

ئەو نەخۆشخانەیە یەكێكە لەو فریاكەوتنانەی بەردەوام  حاڵەتەكانی فریاكەوتن هەر لە شەڕ و وەرگەرانی ئوتومبیل، بەربوونەوە، جۆرەها حاڵەتی شكان و نەخۆشی تر لەخۆ دەگرێ. لەوێش هەر پشكنینێك پێویست بوو، بۆ دایكم و سەتان نەخۆشی تر دەكرێ. بەهەرحاڵ سێ شەو لەوێ ماینەوە، تا نەشتەرگەریی گۆڕینی تۆپی حەوزی تەواو بوو. 

بە درێژایی ئەو ماوەیە یەك پزیشكم نەبینی تووڕە و ڕووگرژ بێت، بێڕێزییەك بە نەخۆش بكات، سەت جار پرسیارت لێ بكردنایە، هەموویان وەڵام دەدایەوە، بێ ئەوەی هەست بە بێزاری بكەن. ئەوانەی  دەمانەوە، خەویان نەبوو، بە بەردەوامی دەبوو نەخۆشەكان ببینن، پرسیارت لە هەر كارمەند، پەرستار و پزیشكێك بكردایە، بەوپەڕی ڕێز و شكۆمەندییەوە وەڵامی دەدایەوە. تەنانەت كاتێ پشكنینەكانی دایكمم بردە بەشی ڕاوێژكاریی، پزیشكێكی بە تەمەنی قاڵبووی ناو كاری زانستی، پێی گوتم كوا دایكت؟ گوتم حەوزی شكاوە و ناتوانێ بێتە ئێرە، خۆی هەستا و بە ئامێرەكانی پزیشكییەوە لەگەڵم هات و پشكنینەكەی بۆ كرد. 

كارمەندانی تاقیگە، تیشك، سۆنەر، خزمەتگوزاریی، بگرە برا پێشمەرگەكانی ناو پرسگە، وێرای ئەو هەموو پەستانەی لەسەریانە، نەمبینی خۆیان تووڕە بكەن، دەنگ بەرز بكەنەوە، بگرە هەر كەسوكاری نەخۆشەكان بوون، كەشی ئەوێیان تێك دەدا. هەزاران پشكنین لە ڕۆژێكدا بێ بەرانبەر بۆ نەخۆش دەكرێ. من دوو ڕۆژی تر لەوێ بامامایە شێت دەبووم، كەچی تیمی نەخۆشخانە، بەهۆی ڕێزداری و پشوودرێژی و ئارامییانەوە، ئەوپەڕی هێمن و ئاسایی دەردەكەون. 

ئێمە ڕاهاتووین داودەزگای خزمەتگوزاریی حكومی ناشیرین بكەین، بێگومان ڕاستە لە بەرانبەر ئەم نەشتەرگەرییەدا برە پارەیەكم دا، بەڵام هەمان نەشتەرگەریم لە نەخۆشخانەیەكی تایبەت بۆ بكردایە، پێنچ ئەوەندەی ئەم پارەیەم دەچوو، بۆیە كاتێ چیڕۆكی مەرگی غەزاڵم بیست، ئەم ڕووداوەی دایكمم بیر هاتەوە و لە خۆمم پرسی، بە ڕاست كامیان شایەنی ناوی نەخۆشخانەی بەخشینن؟ نەخۆشخانەی فریاكەوتنی ڕۆژئاوای هەولێر كە دەبەخشێت و ناوی بەخشین نییە، یان نەخۆشخانەی بەخشین كە ناوی بەخشینە و نابەخشێت؟ 

هیوادارم تاكەكانی كۆمەڵگەی ئێمە، سەرپێی و بە ڕوالەت فریو نەدرێن و پارەی خۆیان بە زیادەوە بەهەدەر نەدەن، خزمەتگوزاریی باش لە نەخۆشخانە حكوومیەكان هەیە، كەمێك ئارامیی و متمانە بكە، هەمان چارەسەر و هەمان دكتۆر لە ئەهلی بە گران بۆت دەكرێ، ئیتر بۆچی دوا ئەو بانگەشانە بكەوین كە بازرگانین و هانت دەدەن پارەكەت لە ئەهلی بە فیڕۆ بدەی.