دانووستانی ئێران و ئەمەریکا، ڕەگوڕیشە، مێژوو و بێمتمانەیی

PM:03:48:27/04/2026 ‌
پێشەکی
پێوەندی ئێران و ئەمەریکا لە دوای ساڵی  1979ـەوە نمونەیەکی کلاسیکی  "ململانێی ستراکچەری"ـییە کە لەسەر بنەمای دژایەتی ئایدۆلۆجی، ناکۆکی بەرژەوەندیی ناوچەیی، تێکەڵبوونی هاوکێشەی نێودەوڵەتی، واتە کێشەی ئێران و ئەمەریکا تەنیا کێشەیەکی دووقۆڵی نێوان تاران و واشنتۆن نییە، بەڵکو تێکەڵ بە کۆمەڵێک هاوکێشەی تری جیهانی و ناوچەیی بووە و لەسەری بنیات نراوە. هەروەها کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی 2015 JCPOA و پێڕەوکردنی سیاسەتی  "زۆرترین گوشار"، لەگەڵ بەرەوپێشچوونی خێرای بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و فراوانکردنی نفوزی ناوچەیی، وایکرد  "بێ متمانەیی"  لە ئاستێکی تاکتیکییەوە بگۆڕێت بۆ فاکتەرێکی ستراتیجی.

لە ماوەی  -20252026چەند گۆڕانکارییەکی قووڵ هەردوو وڵاتی ئێران و ئەمەریکای ناچار کرد، بگەڕێنەوە بۆ مێزی دانووستان، بەڵام دانووستانێکی  "مەرجدار".
لای ئێرانەوە، گوشاری سەختی سزای ئابووری و پێویستیی ڕژێم بە پاراستنی سەقامگیری ناوخۆیی، وایکرد تاران ناچار بێت نەرمی بنووێنێت، واتە ئێران بۆ کەمکردنەوەی تێچووی ئابووری، ئامادەیە هەندێک سازش بکات، بەڵام نایەوێت دەستبەرداری هێڵە سوورە ستراتیجییەکانی ببێت.
هەرچی ئەمەریکایە، ترسی لە تەقینەوەی قەیرانێکی فرەوان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر نرخی وزە و ئاسایشی هاوپەیمانەکانی وەک ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو، وایکردووە واشنتۆن بگاتە ئەو بڕوایەی کە "بەڕێوەبردنی قەیران"  لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە، لە جەنگ هەرزانتر و لۆجیکیترە.
لە ڕووی ڕۆڵی ناوچەییەوە، نێوەندگیری وڵاتانی سێیەم پرۆسەی دانووستانی خێراتر کردووە، بەڵام ئەو نێوەندگیرییە تەنیا ئاسانکارییە و هیچ گەرەنتییەک بۆ سەرکەوتنی کۆتایی ڕێککەوتنەکە نادات، چونکە کێشە ڕیشەییەکان هەر ماون. بە کورتی، هەردوولا لەبەر  "نەبوونی بژاردەی باشتر"  گەڕاونەتەوە بۆ دانووستان، نەک لەبەر  "بوونی متمانە".

پرسی سەرەکی ئەم بابەتە شیکارییە ئەوەیە، ئایا بێمتمانەیی بووەتە بەربەستێك ڕێگە نەدات، دانووستان بگاتە  "خاڵێکی هاوسەنگ"  و ڕێککەوتنێکی جێگیر و درێژخایەنی لێ بکەوێتەوە؟ یا بە پێچەوانەوە، هەر ئەم بێمتمانەییە خۆی بووەتە میکانیزمێک بۆ "بەڕێوەبردنی ململانێ"؟ واتە هەردوولا لەسەر مێزی دانووستان دەهێڵێتەوە، چونکە هەردوولا دەزانن شکستهێنان بە دانووستان و چوونە ناو جەنگێکی کراوەی تر، زەرەری زیاترە لە مانەوە لە دانووستانێکی چەقبەستوو و تەنانەت ئەگەر ئەنجامیشی ڕوون نەبێت.

شیکاری سێ ئاستی بێمتمانەیی لە بەربەستی ڕێککەوتنەوە بۆ میکانیزمی بەردەوامی دانووستان

یەكەم،  ئاستی ناوخۆیی: بێمتمانەیی وەک ئامرازی شەرعیەتدان بە دەسەڵات و مانەوەی سیاسی
لە هەردوو وڵاتدا، دۆسیەی ئێران و ئەمەریکا لە کێشەیەکی سیاسەتی دەرەوەوە گۆڕاوە بۆ ئامرازێکی ململانێی ناوخۆیی.  لە ئێران، باڵی ئەمنی-ئایدۆلۆجی  "بێمتمانەیی بە ئەمەریکا"  وەک سەرچاوەیەکی شەرعیەت بەکار دەهێنێت. هەر هەنگاوێک بەرەو سازان، لەلایەن ئەم باڵەوە وەک  "خۆبەدەستەوەدان و خیانه‌ت لە خوێنی شەهیدان"  لێک دەدرێتەوە.  لە بەرانبەردا باڵی دیپلۆماسی لەژێر گوشاری سزای ئابووریدا، ناچارن نەرمی تاکتیکی بنووێنن، بەڵام ناتوانن باسی "متمانەی ستراتیجی"  بکەن، چونکە لە ناوخۆدا پشێوی دروست دەکات .

لە ئەمەریکایش هەمان دیمەن دووبارە دەبێتەوە، بەڵام بە شێوەیەکی تر، هەر چوار یان هەشت ساڵ جارێک، لەگەڵ گۆڕانی سەرۆکدا، ئاراستەی سیاسەت بەرانبەر ئێران 180 پلە دەگۆڕێت.  دیموکراتەکان دێن باسی دیپلۆماسی دەکەن، کۆمارییەکان دێن هەڵیدەوەشێننەوە.  ئەم  "سیاسەتی پاندۆڵ"ـە وایکردووە لە تاران، بگاتە ئەو بڕوایەی کە هیچ بەڵێنێکی کۆشکی سپی جێگیر نییە و ناکرێت متمانەی پێ بکرێت.  سەرەڕای ئەوەیش، کۆنگرێس بەهۆی کاریگەریی لۆبی ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو، هەمیشە ئامادەیە سزای نوێ بسەپێنێت و دەسەڵاتی هەر سەرۆکێک سنووردار بکات کە نیازپاکی هەبێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران.

دووەم، ئاستی ناوچەیی: چۆن هاوپەیمانە ناوچەییەکانی ئەمەریکا دەبنە سەرچاوەی بەردەوامی بێمتمانەیی؟
ئیسرائیل و سعوودیە ڕاستەوخۆ لە دانووستانەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکادا ئامادە نین، بەڵام لە پشت پەردەوە ئەوان سنوور و مەرج بۆ هەر ڕێککەوتنێک دادەنێن، بە واتایەکی تر، ئەمەریکا ناتوانێت ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێراندا بکات کە لەگەڵ بەرژەوەندییە ستراتیجییەکانی هاوپەیمانە ناوچەییەکانیدا نەیەتەوە.

ئیسرائیل پارێزەری هێڵە سوورەکان
ئیسرائیل سەرکەوتوو بووە لەوەی بابەتی  "ڕێگری لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە"  بکاتە هێڵێکی سووری نەگۆڕ لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکادا. واتە هەر ئیدارەیەکی ئەمەریکی بێت، ناتوانێت ئەم مەرجە پشتگوێ بخات، جگە لەوەش، ئەگەر ئیسرائیل هەست بکات دانووستانەکانی واشنتۆن و تاران بەرەو ئاراستەیەک دەڕوات کە لە زیانی ئەودایە، یەکسەر دەستوەردان دەکات. ئیسرائیل بێ متمانەیی وەک چەکێک بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی دڵنیا بێت هەر ڕێککەوتنێک بکرێت، سنووردار دەبێت و ڕێگە نادات ئێران ببێتە هێزێکی ئاسایی و قبوڵکراوی ناوچەکە.

وڵاتانی کەنداو: ترس لە جەنگ و ترس لە ڕێککەوتن
دوای هێرشەکەی ساڵی 2019 بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی "ئارامکۆ"ی سعوودیە، وڵاتانی کەنداو گەیشتنە ئەو بڕوایەی شەڕێکی گشتگیر لەگەڵ ئێراندا، وێرانکەر دەبێت بۆ ئابووری و ئاسایشی ناوچەکە، بۆیە وازیان لە سیاسەتی "ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ"  هێنا و ڕوویان لە  "کەمکردنەوەی گرژییەکان"  کرد، بەڵام کێشەکە لێرەدا کۆتایی نایەت، چونكە ئەو وڵاتانە لە هەمانکاتدا لەوەیش دەترسن ئەمەریکا و ئێران لەسەر حسابی ئاسایشی ئەوان ڕێکبکەون و ئێران دەستی باڵاتر بێت لە ناوچەکەدا. بۆیە لە هەڵوێستدا دوالیزمن، لەلایەک پشتگیری لە  "دانووستانی سنووردار" دەکەن تەنیا بۆ ئەوەی ڕێگری لە هەڵگیرسانی جەنگ بکەن، لەلایەکی ترەوە دژی هەر "ڕێککەوتنێکی گشتگیر و ستراتیجی"ن کە ببێتە هۆی بەهێزبوونی پێگەی ئێران و کەمبوونەوەی گرنگی ئەوان لای ئەمەریکا.
 بێمتمانەیی لەم ئاستەدا ڕۆڵێکی دووانەیی هەیە، لەلایەک بەربەستێکی گەورەیە لە بەردەم ئاساییبوونەوەی تەواوی پێوەندییەکانی ئێران و ئەمەریکا، چونکە ئیسرائیل بە کردەوە  "مافی ڤیتۆ"ی هەیە لەسەر هەر ڕێککەوتنێکی مەزن، لە لایەکی ترەوە میکانیزمێکە بۆ پاراستنی سەقامگیری، چونکە هەموو ئەکتەرە ناوچەییەکان، سەرەڕای ناکۆکییان، لەسەر ئەوە کۆکن کە تەقینەوەی دۆخەکە و هەڵگیرسانی جەنگ، زیان بە هەمووان دەگەیەنێت.

سێیەم، ئاستی نێودەوڵەتی: سیستمی فرەجەمسەری و بەکارهێنانی بێمتمانەیی وەک میکانیزمی هاوسەنگکردنی هێز
لەگەڵ کۆتاییهاتنی قۆناغی "تاکجەمسەری ئەمەریکا"  و گەڕانەوەی کێبەرکێی نێوان زلهێزەکان، بێمتمانەیی نێوان ئێران و ئەمەریکا لە کێشەیەکی دووقۆڵییەوە گۆڕاوە بۆ "ئامرازێکی جیۆپۆڵەتیک" بەدەست زلهێزە ڕکابەرەکانەوە لەم سیستمە نوێیەدا، مانەوەی ناکۆکییەکە لە بەرژەوەندی چەندان یاریزانی نێودەوڵەتیدایە، بۆیە هەوڵی دروستکردنی متمانە نادەن، بەڵکو دۆخە بێمتمانەییەکە بەڕێوە دەبەن.

چین، ڕکابەری ئابووری ئەمەریکا
چین بووەتە گەورەترین "ـسیستەمی هەناسەدان" بۆ ئابووری ئێران لەژێر سزا تووندەکانی ئەمریکادا، ئەویش بە کڕینی نەوتی ئێران بە داشکاندنێکی زۆر و واژۆکردنی ڕێککەوتنی هاوکاریی 25 ساڵە، پەکین ئەو "تۆڕی ئاسایشە ئابوورییە"ی بۆ تاران دروست کردووە کە پێویستی بە سازانی خێرا لەگەڵ واشنتۆن نەمێنێت. ڕاستییەكەی، چین سوودمەندی یەکەمی مانەوەی بێمتمانەییە، چونکە تا ناکۆکی ئێران و ئەمەریکا بەردەوام بێت، سەرنج و سەرچاوە سەربازی و دیپلۆماسییەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەرقاڵ دەبن، ئەمەیش وا دەکات ئەمەریکا نەتوانێت بە تەواوی تەرکیز بخاتە سەر "کێبەرکێی سەرەکی"  لەگەڵ چین لە ناوچەی هیندۆ-پاسیفیکدا-Indo-Pacific .  کەواتە بۆ پەکین، بێمتمانەیی ئێران-ئەمەریکا میکانیزمێکە بۆ لاوازکردنی ڕکابەرە گەورەکەی و دواخستنی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لە ئاسیا.

ڕووسیا، هاوکارێك لەژێر سزادا
دوای جەنگی ئۆکراینا و توندبوونی سزاکانی ڕۆژئاوا لەسەر مۆسکۆ، پێوەندی نێوان ڕووسیا و ئێران لە هاوکارییەکی تاکتیکییەوە گۆڕا بۆ هاوپەیمانییەکی ستراتیجی.  ڕووسیا پێویستییەکی زۆری بە درۆن و مووشەکی بالیستی ئێرانی هەیە بۆ جەنگدا دژی ئۆکراینا، لە بەرانبەردا، ئێران پێویستی بە پشتیوانی سیاسی ڕووسیایە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەروەها تەکنەلۆجیای سەربازیی پێشکەوتوو. 
ئەم  پشتبەستنە بە یەکتر وایکردووە تێچووی گۆشەگیربوونی نێودەوڵەتی" بۆ ئێران زۆر کەم ببێتەوە، بۆیە مۆسکۆ وەک پەکین، هیچ بەرژەوەندییەکی لە دروستبوونی متمانە لە نێوان ئێران-ئەمەریکادا نییە، چونکە ئێرانێکی گۆشەگیر، سزادراو و دژەئەمەریكا، هاوپەیمانێکی ملکەچ و بەسوودترە بۆ ڕووسیا، لە ئێرانێکی ئاسایی و کراوە بە ڕووی ڕۆژئاوادا.

یەکێتی ئەوروپا،نێوەندگیرێکی بێ توانا
بە کورتی یەکێتی ئەوروپا لە دۆسیەی ئێراندا توانای کاریگەریی نەماوە، هۆکارەکەیش سادەیە، چونکە ئامرازی نییە.
کۆمپانیا ئەوروپاییەکان لە نێوان بازاڕی ئەمەریکا و ئێراندا، هەمیشە ئەمەریکا هەڵدەبژێرن.و ترسیان لە سزاکانی واشنتۆنە، بۆیە ئەوروپا نەیتوانی دوای کشانەوەی ترەمپ لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، سوودی ئابووری بە ئێران بگەیەنێت.
لە سیستمی فرەجەمسەری ئێستەدا، ئەوروپا نە زلهێزە تا یاسا دابنێت، نە بێلایەنە تا هەمووان متمانەی پێ بکەن، ئەمەریکا وەک شوێنکەوتووی خۆی دەیبینێت، چین و ڕووسیایش وەک بەشێک لە بلۆکی ڕۆژئاوا.

بێ متمانەیی ئێران-ئەمەریکا بووەتە کارتی گوشار بەدەست چین و ڕووسیاوە،.ئەوان سوود لەم ناکۆکییە وەردەگرن بۆ:
1- سەرقاڵکردنی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دوورخستنەوەی لە ئاسیا.
2- سەلماندنی کۆتاییهاتنی سەردەمی تاکجەمسەری .
بێمتمانەیی ئێستە هەم کێشەیە و هەم چارەسەر، کێشەیە لە بەردەم هەر هەوڵێکدا بۆ کۆتاهێنانی یەکجاریی ململانێکە، چونکە ڕێگە نادات متمانەی پێویست بۆ "ڕێککەوتنی مەزن" دروست بێت، هاوكات چارەسەرە بۆ ڕێگریکردن لە جەنگ، چونکە هەموو لایەنەکان، تەنانەت دوژمنەکانیش، دەزانن "دانووستانی بێ ئەنجام" لە جەنگێکی بە ئەنجام باشترە. کەواتە ئێمە لە بەردەم کۆتایی ململانێکەدا نین، بەڵکو لە بەردەم قۆناغێکی نوێداین کە تێیدا بێمتمانەیی لە "کێشە"وە گۆڕاوە بۆ "بەشێک لە سیستمی بەڕێوەبردنی کێشەکە".

ڕەگی کێشەکان و دروستبوونی بێمتمانەیی

کودەتای 1953 خاڵی وەرچەرخان
بۆ تێگەیشتن لە ناکۆکی نێوان ئێران و ئەمەریکا، دەبێت 73 ساڵ بگەڕێینەوە دواوە، كاتێك ساڵی  1953 دەزگای هەواڵگریی ئەمەریکا (CIA) ئۆپەراسیۆنی "ئاجاکس"ی جێبەجێ کرد بۆ ڕووخاندنی حکوومەتەکەی محەمەد موسەدەق کە نەوتی ئێرانی خۆماڵی کردبوو، ئەمریکا "شا"ی گەڕاندەوە سەر تەخت و بۆ ماوەی 25 ساڵ پاڵپشتیی ڕەهای لێ کرد، ئەمە لای ئێرانییەکان بە دەستێوەردانی بێگانە لە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەیان بینرا.

ساڵی 1979 لە هاوپەیمانەوە بۆ "شەیتانی گەورە"
شۆڕشی ئیسلامی تەنیا گۆڕینی ڕژێم نەبوو، بەڵکو گۆڕینی ناسنامەی دەوڵەت بوو، داگیرکردنی باڵوێزخانەی ئەمەریکا و بە بارمتەگرتنی 52 دیپلۆمات بۆ 444 ڕۆژ، لەلایەن واشنتۆنەوە وەک  "شکاندنی شکۆی نەتەوەیی"  تەماشا کرا، لە بەرانبەردا، ئێرانی نوێ ئەمەریکای وەک  "شەیتانی گەورە"  پێناسە کرد، لێرەوە  "دەستوەردان"  لەلای ئێران و "تیرۆر"  لە لای ئەمەریکا، بوونە دوو چەمکی چەسپاو بۆ وێناکردنی یەکتر.

هەشتاکان یەکەم پێکدادانی سەربازی
ئۆپەراسیۆنی "نوێژی پێغەمبەر" (1988) گەورەترین شەڕی دەریایی ئەمەریکا بوو لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە، دوای ئەوەی کەشتییەکی ئەمەریکابی بە مینی ئێرانی هاتە پێکان، واشنتۆن نیوەی هێزی دەریایی ئێرانی لە یەک ڕۆژدا تێکشکاند، هەر لەو ساڵەدا، ئەمەریکا  "بە هەڵە"  فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری ئێرانی خستە خوارەوە و 290 کەس مردن، تاران ئەمەی وەک تاوانی جەنگ هەمیشە بە بیر جیهان دەهێنایەوە.

هەناردەکردنی شۆڕش و "هیلالی شیعی"
دوای  1979، ئێران چەمكی "هەناردەکردنی شۆڕش"ـی کردە دۆکترینی سیاسەتی دەرەوە، دوای ڕووخانی سەدام لە 2003، ئەم دۆکترینە بوو بە پرۆژەی "هیلالی شیعی" بازنەیەك لە تارانەوە بۆ بەغدا، دیمەشق، بەیروت و... بە ئامانجی:
1- قووڵایی ستراتیجی بۆ ئێران.
2- دروستکردنی هەڕەشەی هەمیشەیی لەسەر ئیسرائیل.
بەهۆی پاڵپشتی حیزبوڵا، حەماس، حووسییەکان و حەشدی شەعبی، ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی ناچار بوون ئێران وەک "هەڕەشەی ناوچەیی"  سەیر بکەن.

دۆسیەی ئەتۆمی و جەنگی ئەلیکترۆنی
دۆسیەی ئەتۆمی لە کێشەیەکی تەکنیکییەوە گۆڕا بۆ "سیمبولی متمانە" کشانەوەی ترەمپ لە ڕێککەوتنی 2015 و سەپاندنی  "ئەوپەڕی گوشار"  لە  2018، لای ئێرانەوە وەک  "پشتکردنە بەڵێن"  لێکدرایەوە.  لە بەراتبەردا، هێرشی ڤایرۆسی  "ستاکسنێت"  بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان، لەلایەن تارانەوە وەک  "جەنگی ڕانەگەیەنراو"  سەیر کرا، بەمەیش متمانە بە  "ڕێگەی دیپلۆماسی"  لە هەردوولا لاواز بوو.

قاسم سولەیمانی و لەناوبردنی هزری ستراتیجی ئێران
کوشتنی قاسم سولەیمانی لە 2020، تەنیا کوشتنی کەسێک نەبوو، بەڵکو لێدان بوو لە ئەندازیاری "هیلالی شیعی"، ئەمەریکا بەمە ویستی تۆڕی بریکارەکانی ئێران بشێوێنێ، ئێرانیش ئەمەی وەک  "ڕاگەیاندنی جەنگ"  وەرگرت و سوێندی  "تۆڵەی سەخت"ی خوارد.  لەو ڕۆژەوە، خستنە لیستی تیرۆری سوپای پاسداران و هێرشی بریکارەکان بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکا، بوونە داینەمۆی پەرەسەندنی گرژییەکان.

ئاستی نێودەوڵەتی، لە دانوستانەوە بۆ "جەنگی یەکلاکەرەوە " 2020-2026
شکستی دیپلۆماسی  2021-2023
هەوڵی سەرۆك بایدن بۆ گەڕانەوە ناو ڕێککەوتنی ئەتۆمی شکستی هێنا، چونکە:
1-ئێران داوای گەرەنتی دەکرد ئەمریکا جارێکی تر پاشەکشێ نەکات
2- ئەمریکا داوای فرەوانکردنی ڕێککەوتنەکەی دەکرد بۆ مووشەک و سیاسەتی ناوچەیی،.گەیشتنە بنبەست و ئەمە وایكرد پیتاندنی یۆرانیۆم زیاد بکات و متمانە بگاتە سفر.

لووتکەی پەرەسەندن : 2025-2026
هێرشی 12 ڕۆژەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە حوزەیرانی 2025، کۆتایی سەردەمی دیپلۆماسی ڕاگەیاند.   دواتر هێرشی هاوبەشی ئەمەریکا و ئیسرائیل و کوشتنی خامنەیی لە 28ی شوباتی  2026، ململانێکەی گۆڕی بۆ  "جەنگی مان و نەمان" سەرۆك ترەمپ دەیەوێت بەم جەنگە دۆسیەی 47 ساڵە دابخات و ئێران وەک هێزی ناوچەیی لە پەلوپۆ بخات.
جیاوازی جەنگی 2026 لەگەڵ پێشتر ئەوەیە، ئێران تۆڕی بریکارەکانی لاواز بووە، بەڵام لە ناوخۆدا یەکگرتووترە. مێژوو دەڵێت/ ئێرانییەکان لە تەنگانەدا پەنا بۆ "بەرگربی پیرۆز"  دەبەن، بۆیە ئەم جەنگە یان دەبێتە کۆتایی بێمتمانەیی بە یەکلاکردنەوەی سەربازی، یان دەبێتە سەرەتای قۆناغێکی خوێناویتر و درێژخایەنتر.

کاریگەریی بێمتمانەیی لەسەر ڕێککەوتنی نێوان ئەمەریکا و ئێران، لە تیۆرییەوە بۆ کردار 
متمانە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا

لە پێوەندی نێوان تاکەکاندا، متمانە بنەمای هەر مامەڵەیەکە، بەڵام لە جیهانی سیاسەتدا، بە تایبەت لە نێوان دوو دەوڵەتی دوژمندا، "متمانەی تەواو و بەردەوام" تەنیا ئەفسانەیە و بوونی بەردەوامی نییە . بۆیە پرسیارە گرنگەکە ئەوە نییە ئایا متمانە هەیە؟ بەڵکو دەبێ بپرسین ئاخۆ کەمترین ئاستی متمانە هەیە بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ؟ واتە ئەو بنچینە بچووکەی کە ڕێگە نادات پێوەندییەکان بە یەکجاری بپچڕێن.

بێمتمانەیی وەک بکوژی ڕێککەوتن
بێمتمانەیی نێوان ئێران و ئەمەریکا بە چوار شێوە ڕاستەوخۆ ڕێککەوتن لەبار دەبات:
1- مەترسی فریودان، هەر لایەک پێیوایە ئەویتر ڕێککەوتن تەنیا بۆ کڕین و بەدەستهێنانی کات واژۆ دەكات. ئێران پێیوایە "ئەمریکا دەیەوێت بەرنامە ئەتۆمییەکەی ڕابگرێت و دواتر هێرشی بکاتە سەر" . ئەمەریکایش پێیوایە، "ئێران دەیەوێت سزاکان هەڵبگیرێت و بە نهێنی لە پیتاندنی یۆرانیۆم بەردەوام بێت".
2-کێشەی گەرەنتی، لە سیاسەتدا پرەنسیپێكی نێودەوڵەتی نییە زۆرت لێ بکات پابەند بیت، دوای کشانەوەی دۆناڵد ترەمپ لە  2018، ئێران چیتر باوەڕی بە واژۆی ئەمەریکا نەما، بۆیە ئێستا داوای "گەرەنتی کرداریی" دەکات، نەک بەڵێنی سەر کاغەز.
3- لە ناوخۆی هەردوو وڵاتدا، هێزێکی سیاسی بەهێز هەیە دژی هەر ڕێککەوتنێکە، لە ئەمەریکا: کۆنگرێس و لە ئێران ڕەوتی توندڕۆکان. بێمتمانەیی پاساوێكە بە دەستی ئەمانەوە بۆ شکستهێنان بە هەر دانوستانێک.
4-نەمانی  "سایەی داهاتوو" و بنبەستی دانوستانی ئەمەریکا-ئێران. لە تیۆری یارییەکاندا، سایەی داهاتوو، ئەو بڕوایەیە کە کارلێکی نێوان دوو لایەن بەردەوامیی دەبێت، بۆیە هاوکاری یەکتر دەکەن، چونکە لە سزای داهاتوو دەترسن، بەڵام لە دۆسیەی ئێران و ئەمەریکادا، ئەمە نەماوە.

هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دوو فاکتەری ستراکچەری: 
یەکەم، ناجێگیری ناوخۆیی، کشانەوەی ترەمپ لە ڕێککەوتنی 2015، سەلماندی کە  "واژۆی ئەمەریکا" تەنیا بۆ چوار ساڵە، لە ئێرانیش نادیاری جێنشینی وایکردووە واشنتۆن نەزانێت لەگەڵ کێ ڕێکدەکەوێت.
دووەم، تێڕوانینی "خاڵی وەرچەرخان" هەردوولا پێیانوایە ئەمە دوایین دەرفەتی دیپلۆماسییە پێش جەنگ، ئێران دەترسێت لە گۆڕینی ڕژێم و ئەمەریکا لەوەی ئێران چەکی ئەتۆمی وەدەست بهێنێت.
لێرەدا لۆژیکی هەردوولا دەگۆڕێت بۆ ستراتیجی "هەموو شتێک یان هیچ". واتە لە بری سازانی هەنگاو بە هەنگاو، داوای پاکێجی یەکجاریی دەکەن، ئێران داوای هەڵگرتنی تەواوی سزاکان + گەرەنتی دەکات، ئەمەریکایش داوای وەستاندنی تەواوی پیتاندن + مووشەک + سیاسەتی ناوچەیی دەکات.

لە گوتارەوە بۆ کردار، چی متمانە دروست دەکات؟
لە دۆسیەی ئێراندا، ئەوەی کەشوهەوای دانوستان دروست دەکات *لێدوانی جوان نییە، بەڵکو هەنگاوی بچووکی کرداریـیە، بۆ نموونە:
1 ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکان ← نیشانەی نیازپاکییە.
2 کەمکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم ← نیشانەی پابەندبوونە.
3 نێوەندگیری لایەنی سێیەم وەک پاکستان  ← کەمکردنەوەی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ.
بەبێ ئەم هەنگاوە بچووکانە، بنچینەی کەمترین متمانە، دروست نابێت و هەر ڕێککەوتنێک بەر لە لەدایکبوونی دەمرێ.

کێشەی سەرەکی ئەمەریکا و ئێران نەبوونی "متمانەی تەواو" نییە، بەڵکو نەمانی کەمترین ئاستی متمانە بۆ دەستپێکردن، ئەم شۆکە مێژووییانە بە "هەنگاوی کرداری دوولایەنە" چارەسەر نەکرێن، هەر ڕێککەوتنێک تەنیا ئاگربەستێکی کاتی دەبێت نەک چارەسەرێکی ستراتیجی.
پێوەندی 47 ساڵەی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئەو رێژە کەمەیشی تێدا نەماوە، راستە بەردەوامیی دژەلێدوانەکانی ترەمپ کاریگەریی راستەوخۆی هەیە، بەڵام پرسی نەمانی متمانە لە نێوان ئەو دوو وڵاتە دوژمندارەدا، لەوە کۆنتر و قووڵترە.

لە کتێبی هونەری دانوستان، وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئێران، "متمانە" دەکات بە دوو بەشەوە، متمانە بە لایەنی بەرانبەر کە دەوڵەتە، لەگەڵ ئەو کەسەی راستەوخۆ قسەی لەگەڵ دەکەیت، ئێران بەرانبەر ئەم دۆخەی هەنووکەیە، متمانەی نە بە ئەمەریکا هەیە، نە بە کەسایەتییە دانوستکارەکان و سەرۆک دۆناڵد ترەمپیش هەیە، بە پێچەوانەی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا باراک ئۆباما کە توانی متمانەی ئێرانییەکان بەدەست بهێنێت، بۆیە سەرانی تاران داوای جێگری سەرۆک جەی دی ڤانسیان کرد لە بری ستیف ویتکۆف و جارید کۆشنێر.
بێمتمانەیی نێوان ئەم دوو دەوڵەتە دوو لایەنەیە، سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەشتاکانی سەدەی رابوردوو، هەر لە کاتەکانی جەنگی نێوان عێراق و ئێراندا، پاشان بۆ ساڵی 1992، لەو کاتەدا کۆمەڵێک بارمتەی ئەمەریکایی لای حزبوڵای لبنان بوون. هاشمی رەفسنجانی سەرۆک کۆمار بوو، عەلی خامنەییش رابەری باڵا بوو، بۆ نیازپاکی و کردنەوەی دەرگایەکی ئێرانی بە ڕووی پێوەندی دروستکردن لەگەڵ ئەمەریکا و رۆژئاوادا، رەفسنجانی پێشنیازی ئازادکردنی بارمتەکانی کرد و ئازادیشی کردن، بەڵام ئەمەریکاییەکان پاشگەز بوونەوە لەو بەڵێنانەی دابوویان بە ئێران، ئەمەیش بووە مایەی ئەوەی خامنەیی سەرزەنشتی رەفسنجانی بکات لەسەر ئەو سادەیی و بێئاگاییەی بەراتبەر ئەمەریکا.
بەڵام ئەوەی متمانەی لە دڵی ئێرانییەکاندا بەتەواوی سڕیەوە، پاشەکشەی ئەمەریکای سەردەمی ترەمپە لە رێکەوتنامەی ساڵی  2015ی ئەتۆمی نێوان ئێران و گرووپی 5+1 کە لە ئەندامە هەمیشەییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش و ئەڵمانیا پێک دێت، ترەمپ هات و گوتی ئەمە مامەڵەیەکی خراپە بۆ ئەمەریکا، لە 2018 پاشەکشەی کرد و سزاکان بەسەر ئێراندا سەپێنرانەوە،  ئەنجامەکەیشی ئەم جەنگەیە کە کاریگەری لەسەر تەواوی جیهان بە جێهێشتووە.

کۆتا دوو خولی دانوستانەکانی 2025 و 2026 دوو ئەڵقەی زنجیرەیی مێژووی بێمتمانەیی ئەو دوو وڵاتەن، لە کاتی بەڕێوەچونی گفتوگۆی نێوان شاندی هەردوولا بە ئامانجی رێکەوتن، ئەمەریکاییەکان بە هاندانی ئیسرائیل هێرشی سەربازییان بۆ سەر خاکی ئێران دەست پێ کرد، بە سەختی ئەو وڵاتەیان بۆردمان کرد.
سۆزان مالۆنی بەڕێوەبەری پرۆگرامی سیاسەتی دەرەوەی پەیمانگەی بروکینگز، لە دیمانەیەكدا لەگەڵ "نیویۆرک تایمز" لە سێی نیسانی 2026، تیشک دەخاتە سەر ڕەهەندێکی گرنگی دەروونی دانوستانەکانی ئێران و ئەمەریکا. بە بۆچوونی مالۆنی، ئێرانییەکان دوای جەنگی 12 ڕۆژەی حوزەیرانی 2025 هەست بە "تاڵاوی ستراتیجی" دەکەن، چونکە دانوستانەکانی پێش جەنگەکە لەلایەن ئەوانەوە وەک  "فێڵێکی سەربازی"  لێک دەدرێتەوە.
وتەکانی مالۆنی دەیسەلمێنێت لە دۆسیەی ئێران و ئەمەریکادا،  "مێژووی دانوستانەکان خۆی بووەتە بەشێک لە کێشەکە".  کاتێک لایەنێک هەست بکات دانوستان وەک  چەکی فریودان بەکار هاتووە، ئەوا کەمترین ئاستی متمانە بۆ دەستپێکردنیش لەناو دەچێت و مێزی گفتوگۆ دەبێتە گۆڕەپانی جەنگی سارد.

سەرۆکی ئەمەریکا خۆی لە شەڕی 12 رۆژەدا گوتی  "ئێرانییەکانم خەڵەتاند". لەم جەنگەی هەنووکەیەشدا هەمان حاڵەت دووبارە بووەوە، لەوکاتەی هەموولا دانوستانێکی ئومێدبەخشیان دەبینی، بەڵام لە ناکاو لە بەرەبەیانی 28ی شوباتی ڕابردوو، هێرشێکی بەرفرەوانی کردە سەر ئێران و رابەری باڵای کوشت. زانیارییەکان دەڵێن، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بنیامین نەتانیاهۆ، لە 11ی هەمان مانگ لە ژوورێکی تایبەتی کۆشکی سپی قەناعەتی بە ترەمپ هێناوە بۆ شەڕ.

محەممەد جەواد زەریف وەزیری پێشووتری دەرەوەی  ئێران، لە یاداشتەکانیدا ئەو بێمتمانەییەی نێوان تاران و واشنتن دەگێڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێک، لەوانە:
1- ئیسرائیل، یەکەمین لایەنی خاوەن بەرژەوەندییە لە خراپی پێوەنددیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکان، چونکە ئیسرائیل بە چەک و پارەی ئەمەریکا لەگەڵ ئێران و دۆستەکانیدا دەجەنگێت.
2-لۆبی جوو لە ئەمەریکا کە بۆ هەمان مەبەستی یەکەم واتە بەرژوەندیی ئیسرائیل کار دەکەن، بە هاوئاهەنگی زایۆنییە-مەسیحییەکان کە پێیان دەوترێت کەنیسە ئینجیلییەکان.
3-وڵاتە عەرەبییەکانی ناوچەکە، گەورەترین سەرئێشە بۆ خۆیان و ئێرانیش ئەوەیە کە نەیانتوانیوە چوارچێوەیەکی سیاسیی و ئاسایشیی بۆ خۆیان لە ناوچەکەدا دروست بکەن، چاویشیان بە ئێران هەڵ ایەت، بۆیە ئەمەریکایان هێناوەتە ناوچەکە و کەوتوونەتە داوی پڕوپاگەندەی رۆژئاوا کە ئێران مەترسییە لەسەریان. وەک زەریف دەڵێت، ئەمەریکا وایکرد پێوەندی نێوان ئەوان و ئێران "ئاسایشی"  بێت نەک سیاسی و ئابووری، ئەمە یەکێکە لەو جومگانەی ئەمەریکا بە بەردەوام کاری لەسەر کردووە، تا کەلێنی نێوان وڵاتانی کەنداو لەگەڵ ئێراندا فرەوانتر بێت و خۆیان لەو نێوەندەدا یاریی بکەن.

لەم جەنگەی ئێستەدا چەندەها رۆژنامەی ئەمەریکایی بڵاویان کردەوە كە وڵاتانی کەنداو بە تایبەت سعوودییە، هانی ئەمەریکا دەدات تا قورستر بۆردمانی ئێران بکات، هەروەها لە کاتی واژۆکردنی رێکەوتنامەی ئەتۆمیی 2015 ئەو وڵاتانە نیگەران بوون، نەیاندەویست رێکەوتنامەکە واژۆ بکرێت.
لە بەرانبەردا، عەرەبەکان دەڵێن، هەستی پاوانخوازیی ئێران لە ناوچەکەدا و ئارەزووی گەشەپێدانی تایفەگەریی، هۆکارێکی سەرەکی خراپی پێوەندییەکانە. ئەم هۆکارانە سەرەکین، بەڵام تەنیا ئەمانە نین متمانەی نێوان ئێران و ئەمەریکایان لە رەگوڕیشەوە  دەرهێناوە، وەک ویستی ئێران بۆ جێگیرکردنی هەژموونی خۆی لە ناوچەکەدا، ئەمەیش مێژووی هەیە و تەنیا لە سەردەمی رژێمی فەرەمانڕەوای کۆماری ئیسلامیی ئێراندا سەری هەڵنەداوە. 

کاریگەریی ئەم بێمتمانەیە لەسەر ئەم ئاگربەستە چییە؟ رێژەی متمانەی دوو وڵات بە یەکدی لەم ئاستە و بەمجۆرە بێت، چۆن بگەنە رێکەوتن؟ تاران بەهیچ جۆرێک باوەڕی بە بەڵێن و پەیمانی واشنتن نییە، بۆیە رژدە لەسەر گەرەنتی نێودەوڵەتی بە تایبەت پێوەندیدار بە هەڵگرتنی سزا ئابوورییەکان، لە بەرانبەردا ئەمەریکاییەکان دەڵێن، ئێران پیتاندنی یۆرانیۆمی گەیاندووەتە ئاستی %60،  ئەمەیش زۆر زیاترە لە بەکارهێنانی پیشەسازیی مەدەنی. بە واتایەکی تر، ئامانجی ئێران گەیشتنە بە رێژەی %90 و ئاستی بەرهەمێنانی بۆمبی ئەتۆمی.
لەم کاتەدا، پاش راوەستانی کاتیی جەنگ، یەکەمین و گرنگترین هەنگاو بریتییە لە دروستکردنی متمانە، ئەمەیش ئەرکی قورسی وڵاتانی نێوەندگیرە، ئەگینا بە هەمان هەست و گیانی پێشوویانەوە و بە بوونی ناتەنیاهۆ لە کایەکەدا، هەرەسهێنانی ئاگربەست و سەرهەڵدانەوەی جەنگ، ئەگەرێکی نزیتکرە.

سیناریۆکانی داهاتوو: شیکاریی سێ ڕێگەی ستراتیجی بەردەم دانووستانەکان
لەژێر سێبەری بێمتمانەیی قووڵ و هاوکێشە ئاڵۆزە ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا، دانوستانی ئێران و ئەمەریکا لە بەردەم سێ سیناریۆی سەرەکیدان، هەریەکەیان کۆمەڵێک مەرج، ئەگەر و لێکەوتەی جیاوازی هەیە کە ئاراستەی ململانێکە دیاری دەکەن:

سیناریۆی یەکەم، ڕێککەوتنی بچووک و کاتی، بەڕێوەبردنی قەیران نەک چارەسەر
ئەمە ئەگەرە بەهێزەکەیە، هەردوولا گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە نە توانای "ڕێککەوتنی مەزن"ـیان هەیە و نە توانای بەرگەگرتنی "جەنگێکی گشتگیر" بۆیە پەنا دەبەنە بەر "ڕێککەوتنی تاکتیکی"  لەسەر بنەمای  "کەم بۆ کەم".  لەم سیناریۆیەدا، ئێران ڕازی دەبێت بە ساردکردنەوە و کەمکردنەوەی بەشێک لە پیتاندنی یۆرانیۆم و فرەوانکردنی چاودێریی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، لە بەرانبەردا ئەمەریکا بەشێک لە پارە بلۆککراوەکانی ئازاد دەکات و چاوپۆشی لە هەناردەی نەوتی ئێران بۆ چین دەکات.

شیکاری ستراتیجی ئەم سیناریۆیە ئەوەیە، بێمتمانەیی لە "بەربەست"ـەوە دەبێتە "میکانیزمی بەردەوامی". واتە هەردوولا بە ئەنقەست ڕێککەوتنەکە بچووک و سنووردار دەهێڵنەوە بۆ ئەوەی:
یەکەم، تێچووی شکست کەم بێت، ئەگەر لایەنی بەرانبەر پاشەکشێ بکات.
دووەم، کات بکڕن بۆ ڕێکخستنەوەی ناوخۆ و چاوەڕوانی گۆڕانکاریی لە هاوکێشەی نێودەوڵەتیدا.
مەترسی ئەم ڕێگایە ئەوەیە، هەر ڕووداوێکی نەخوازراوی ناوچەیی، وەک هێرشێکی ئیسرائیل یان کردەیەکی گرووپە بریکارەکان، دەتوانێت بە خێرایی هەڵیوەشێنێتەوە، چونکە هیچ "سایەیەکی داهاتوو" نییە، ڕێگری لە تێکچوونی بکات.

سیناریۆی دووەم، تەقینەوەی کۆنترۆڵکراو و گەڕانەوە بۆ سیاسەتی تووند
ئەم سیناریۆیە کاتێک دێتە ئاراوە کە یەکێک لە لایەنەکان بگاتە ئەو بڕوایەی "دانووستانی بێ ئەنجام" زیانی لە جەنگی سنووردار زیاترە. لای ئێرانەوە، ئەگەر سزاکان بگەنە ئاستێک هەڕەشە لە مانەوەی ڕژێم بکەن، لەوانەیە پەنا بباتە بەر خێراکردنی بەرنامەی ئەتۆمی وەک "کارتی هەڕەشە"  بۆ ناچارکردنی ئەمەریکا بە سازش.  لای ئەمەریکایشەوە، ئەگەر ئیدارەیەکی توندڕۆ بێتە سەرکار، لەوانەیە بگاتە ئەو بڕوایەی تەنیا "هێزی سەربازی"  دەتوانێت ئێران ناچار بە سازش بكات.
لەم سیناریۆیەدا، بێ تمانەیی دەبێتە سووتەمەنی پەرەسەندن، هەردوولا هەر هەنگاوێکی بەرانبەر وەک "نیەتی خراپ" لێک دەدەنەوە و بە هەنگاوی توندتر وەڵامی دەدەنەوە. مەترسییەکە لەوەدایە یاریزانە ناوچەییەکان، بە تایبەت ئیسرائیل، دەتواننێ سوود لەم دۆخە وەربگرێت بۆ سەپاندنی ئەجێندای خۆیان و پەرەسەندنەکە لە "کۆنترۆڵکراو"ەوە ببەن بۆ "جەنگی گشتگیر".
ئەنجامی ئەم ڕێگایە یان گەڕانەوەیە بۆ سیناریۆی یەکەم ،بەڵام دوای تێچوویەکی زۆر، یان چوونە ناو سیناریۆی سێیەمە.

سیناریۆی سێیەم. "گۆڕانی پاردایم" لە ململانێی ستراکچەرییەوە بۆ هاوکێشەی نوێ
ئەمە لاوازترین ئەگەرە، بەڵام مەحاڵ نییە و پێویستی بە  "شۆکێکی دەرەکی"ـی گەورەیە بۆ گۆڕینی هەموو هاوکێشەکە. بۆ نموونە:
1-گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە ناوخۆی ئێران دوای نەمانی ڕێبەر، ببێتە هۆی هاتنەسەرکاری باڵێکی پراگماتیکی کە ئامادە بێت دەستبەرداری دۆکترینی هەناردەی شۆڕش بێت.
2- ڕێککەوتنی مەزنی ئەمەریکا و چین لەسەر دابەشکردنی ناوچەکانی هەژموون، تێیدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ماوەیەک لە ئەولەویەتی ئەمەریکا دەربچێت و واشنتۆن ناچار بێت لەگەڵ ئێران وەک هێزێکی ناوچەیی مامەڵە بکات.
3-هەڕەشەی هاوبەش، وەک گرووپێکی تیرۆریستی نێودەوڵەتی یان قەیرانێکی ژینگەیی، هەردوولا ناچار بکات هاوکاریی یەکتر بکەن.

لەم سیناریۆیەدا، بێمتمانەیی لە فاکتەرێکی ستراکچەرییەوە دەگۆڕێت بۆ کێشەیەکی تەکنیکی کە دەکرێت بە میکانیزمی بنیاتنانی متمانەی هەنگاو بە هەنگاو چارەسەر بکرێت، بەڵام بەهۆی قووڵی زامە مێژووییەکان و فرەیی یاریزانە بەرژەوەندیخوازەکان، ئەم سیناریۆیە پێویستی بە ئیرادەیەکی سیاسی نائاسایی و کاتێکی درێژ هەیە.

دەرئەنجام، ململانێیەکی بە دامەزراوەیی کراو لەژێر ناوی دانووستاندا
شیکاری ڕەگی مێژوویی، ستراکچەری و سێ ئاستی بێ متمانەیی نێوان ئێران و ئەمەریکا، دەریدەخات لە بەردەم "کۆتایی ململانێ"ـدا نین، بەڵکو لە بەردەم وەرچەرخانێکی نوێداین لە فۆڕمی ململانێکەدا. 
بێمتمانەیی چیتر تەنیا بەربەستێک نییە لە بەردەم ڕێککەوتندا، بەڵکو خۆی گۆڕاوە بۆمیکانیزمی بەڕێوەبردنی ململانێ.

یەکەم، شکستی ڕێککەوتنی مەزن و سەرکەوتنی بەڕێوەبردنی قەیران
هۆکارە ناوخۆییەکانی وەک سیاسەتی پاندۆڵی ئەمەریکا و ململانێی باڵەکانی ئێران، لەگەڵ هۆکارە ناوچەییەکانی وەک ڤیتۆی ئیسرائیل و دوودڵی وڵاتانی کەنداو، هۆکارە نێودەوڵەتییەکانی وەک سوودمەندبوونی چین و ڕووسیا لە بەردەوامیی ناکۆکییەکە، وا دەکەن کەمترین ئاستی متمانە بۆ دەستپێکردنـیش، زەحمەت دروست ببێ. لە ئەنجامدا سیناریۆی ڕێککەوتنی کاتی و سنووردار، ئەگەرە زاڵەکەیە. 
هەردوولا بە  "کەم بۆ کەم"  ڕازی دەبن نەک لە بەر متمانە، بەڵکو لەبەر نەبوونی بژاردەی باشتر، جەنگ تێچووی زۆرە و ڕێککەوتنی گشتگیر مەحاڵە.

دووەم، نەمانی سایەی داهاتوو
کێشەی سەرەکی ئەوە نییە کە ئێران و ئەمەریکا متمانەیان بە یەکتر نییە، بەڵکو ئەوەیە باوەڕیان بە بوونی سبەینێیەکی هاوبەش نییە. 
كشانەوەی ترەمپ لە 2018 و بەکارهێنانی دانوستان وەك فێڵی سەربازی لە  2025، وایکردووە هەر لایەک لە دانووستاندا، داوای هەموو شتێک یان هیچ بکەن، ئەمەیش مێزی گفتوگۆ لە ئامرازێکی چارەسەرەوە دەگۆڕێت بۆ گۆڕەپانێکی نوێی ململانێی سارد.

سێیەم، ئایندە بەسەر دوو لێواری تیژەوەیە
ئایندەی پێوەندییەکان لەسەر هێڵێکی تەنک دەڕوات، یان چەقبەستووییەکی بەڕێوەبراو کە تێیدا ڕێککەوتنی بچووک ڕێگری لە جەنگ دەکا، بەڵام کێشە ڕیشەییەکان چارەسەر ناکات، یان تەقینەوەی کۆنترۆڵکراو ئەگەر یەکێک لە لایەنەکان بگاتە ئەو بڕوایەی تێچووی مانەوە لەم دۆخە چەقبەستووەدا، لە تێچووی جەنگ زیاترە. 
ڕێککەوتنی گشتگیر، تەنیا لە ئەگەری شۆکێکی دەرەکی گەورەدا چاوەڕوانكراوە، وەک گۆڕانکاری ڕیشەیی لە سیستمی سیاسی ئێران یان ڕێککەوتنی مەزنی ئەمەریکا و چین.

"بێمتمانەیی" لە دۆسیەی ئێران و ئەمەریکادا، بووەتە بەشێک لە سیستمی بەرگریی ململانێکە و چارەسەر بە واژۆکردنی کاغەزێک نابێت، بەڵکو بە دروستکردنەوەی سایەی داهاتوو دەبێت لە ڕێگەی هەنگاوی کرداریی دوولایەنە و گەرەنتی نێودەوڵەتی ڕاستەقینەوە.
تا ئەوکاتە، ئێمە لە بەردەم کۆتایی ململانێکەدا نین، بەڵکو لە بەردەم قۆناغێکی نوێداین کە تێیدا ململانێکە لە شەقام و مەیدانی جەنگەوە گواستراوەتەوە بۆ سەر مێزی دانووستان، بەڵام بە هەمان توندی و بە هەمان ئامانجی یەکلاکەرەوە.