لە زانستە ڕامیارییەکاندا، هەمیشە جیاوازییەکی جەوهەری لە نێوان ئەوەی دەبینرێت و ئەوەی هەیە، دەکرێت. زۆرینەی هاووڵاتییان وا ڕاهاتوون دەوڵەت وەک کۆمەڵێک دامەزراوەی فەرمی ببینن کە لە ڕێگەی دەستوور و یاساوە بەڕێوە دەچن، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە لە زۆر کۆمەڵگەدا، ئەم دامەزراوانە تەنیا ڕووکارێکی فەرمین، بۆ پەردەپۆشکردنی دینامیکییەتی ناوەندەکانی بڕیاردان. ئەو بزوێنەرەی لە کایە نافەرمییەکانی دەرەوەی دامەزراوەکاندا بڕیارە چارەنووسسازەکان دەدات، دەوڵەتی قووڵە،
ئەم دیاردەیە سیستمێکی ئاڵۆزە کە لەناو جومگەکانی دەسەڵاتی فەرمیدا ڕەگ دادەکوتێت و بەرژەوەندییە گشتییەکان دەکاتە قوربانیی بەرژەوەندیی دەستەبژێر/نوخبە. کاتێک هاووڵاتیی سەیری شاشەکان دەکات، دەموچاوی سیاسییەکان دەبینێت، بەڵام کاتێک دەچێتە ناو واقیعی بڕیارەکان، هەست بە بوونی هێزێکی شاراوە دەکات کە هەموو یاساکان تێدەپەڕێنێت. ئەمە دەوڵەتی سێبەرە کە پێی دەوترێت: "دەوڵەتی قووڵ."
چەمک و بنەماکانی دەوڵەتی قووڵ
بۆ ئەوەی بە وردی لەم بابەتە تێبگەین، دەبێت سەرەتا پێناسەی چەمکی (دەوڵەتی قووڵ) بکەین. ئەم دەستەواژەیە ئاماژەیە بۆ (تۆڕێکی ئالۆز و پێوەست لە بەرپرسانی باڵای دەزگاکانی تەناهی، فەرماندە سەربازییەکان، بیرۆکراتە هەمیشەییەکان، و خاوەنکارە نافەرمییەکان و گرووپە چەکدارەکان، کە جیاواز لەو دەسەڵاتە هەڵبژێردراوەی خەڵک کار دەکەن.
ئەم پێکهاتەیە تایبەتمەندییەکی هەیە، پێی دەوترێت: کاریگەریی بێدەنگ. ئەوان پێویستیان بەوە نییە لە پانتایی گشتییدا دەربکەون، چونکە کلیلی دەروازە ڕاستەقینەکانی دەسەڵاتیان لە دەستدایە. ئەم دەوڵەتە لەو شوێنەدا دروست دەبێت کە یاسا تێیدا لاوازە و دامەزراوەکانیش وەک ئامرازێک بۆ شەرعییەتدان دەستەڵاتخوازی بەکار دێن.
لە ڕووی فەلسەفییەوە، ئەم دۆخە بە تێپەڕاندنی گرێبەستی کۆمەڵایەتیی ناو دەبرێت، چونکە دەوڵەت نوێنەری ڕاستەقینەی گەل نییە و دەبێتە نوێنەری ئەو گرووپە نافەرمییانە کە دوور لەچاوی چاودێریی کار دەکەن.
زاراوەی دەوڵەتی قووڵ لە بنەڕەتدا لە تورکیای مۆدێرنەوە سەرچاوەی گرتووە.
ئەم چەمکە لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا گەیشتە لووتکەی بەکارهێنان، کاتێک دەرکەوت کە تۆڕێکی نهێنی لەناو سوپا و هەواڵگری و تۆڕەکانی تاوانکاریی ڕێکخراو لە تورکیادا هەیە کە بڕیارەکان دەدات. ئەوان خۆیان بە (پاسەوانی ڕاستەقینەی نیشتمان) دەزانی و هەر سیاسییەکیان بە دڵ نەبووایە، پاکتاوی جەستەیی یان لە ڕێگەی کودەتاوە لایان دەبرد.
ئەم مۆدێلە دواتر لە زۆر وڵاتی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و ئەمەریکای لاتین دووبارە بووەوە. لە هەندێک شوێن، ئەم دەوڵەتە ڕەنگی ئایدیۆلۆجی وەردەگرێت و لە هەندێک شوێنی دیکە تەنیا وەک پێکهاتەیەکی دارایی قۆرخکار دەمێنێتەوە، بەڵام لە هەموو حاڵەتەکاندا ئامانجی یەک شتە: کۆنترۆڵکردنی بێسنووری دەسەڵات و سامان.
کەرەستەکانی دەوڵەتی قووڵ
دەوڵەتی قووڵ بۆ ئەوەی بمێنێتەوە، پشت بە چەند میتۆدێکی زانستی و ڕێکخراو دەبەستێت کە دەتوانین بەم شێوەیە پۆلێنیان بکەین:
١. بەکارهێنانی (حاڵەتی ئاوارتە): ئەمە مەترسیدارترین چەکی ئەوانە. دەوڵەتی قووڵ هەمیشە پێویستی بە دروستکردنی مەترسییەکی بەردەوام هەیە. بەم پاساوە، دەتوانن دەستوور پەک بخەن و کارە نایاساییەکانی خۆیان بە ناوی ئاسایشی نیشتمانی شەرعی بکەن.
٢. کۆنترۆڵکردنی بیرۆکراسی: ئەوان دەزانن وەزیرەکان دێن و دەچن، بەڵام (بریکاری وەزارەت) و (بەڕێوەبەرە گشتییەکان) دەمێننەوە، بۆیە کەسانی دلسۆزی خۆیان لەو پۆستە هەمیشەییانەدا دادەنێن. ئەمە دەبێتە هۆی بەربەستێکی گەورە لە بەردەم هەر گۆڕانکارییەکدا. کاتێک حکوومەتێکی نوێ دێت و دەیەوێت خزمەتگوزارییەکان چاک بکات، ئەم تۆڕە کارگێڕییە بە شێوەیەکی نادیار کارەکان پەک دەخات تا ئەو حکوومەتە لە بەر چاوی خەڵک دەشکێنێت.
٣. دروستکردنی ئابووریی سێبەر: دەوڵەتی قووڵ بە بێ پارە بنیات نانرێت. ئەوان دەست دەگرن بەسەر گرێبەستە زەبەلاحەکان، دەروازە سنوورییەکان و سەرچاوە سروشتییەکانی وەک نەوت و گاز. ئەم پارە بێشوومارە بەکار دێنن بۆ دروستکردنی ئینتیما و بەدەستهێنانی پشتیوانی میدیایی و دادوەری. لەم دۆخەدا، دەوڵەت چیتر ئەرکی چاودێریی بازاڕ نییە، هێندەی خۆی دەبێتە لایەنێکی بازرگانیی قۆرخکار.
٤.بەکارهێنانی گوشاری میدیایی: لە سەردەمی نوێدا، ئەوان خاوەنی سوپایەکی ئەلیکترۆنی و دەزگای میدیایی گەورەن. کارەکەیان ئەوەیە ڕای گشتی بشێوێنن و ڕاستییەکان تەمومژاوی بکەن. هەر کەسێک بوێری ئەوەی هەبێت پەردە لەسەر ڕاستییەکان لاببات، خێرا ڕووبەڕووی تیرۆری کەسایەتی یان مەترسی جەستەیی دەبێتەوە .
دیاردەی دەوڵەتی قووڵ، لە عێراقی دوای 2003، وەک یەکێک لە ئاڵۆزترین کێشە سیاسی و یاساییەکانی ناوچەکە دەردەکەوێت. ئەم دیاردەیە لە واقیعدا بریتییە لە دروستبوونی تۆڕێکی ئاڵۆز لە ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان، لە پشت پەردەی دامەزراوە فەرمییەکانەوە کار دەکەن و بڕیارە ستراتیجییەکانی وڵاتەکە ئاڕاستە دەکەن. ئەوەی ئەم سیستمە لە دەوڵەتی ڕاستەقینە جیا دەکاتەوە، ئەوەیە كە دەسەڵاتی ڕاستەقینە لە دەستی ئەو کەس و لایەنانەدایە کە لە ڕووی دەستوورییەوە بەرپرسیار نین، بەڵکو لە ڕێگەی هەژموونی سەربازی و داراییەوە دەسەڵاتی خۆیان بەسەر جومگە هەستیارەکانی حکوومەتدا سەپاندووە.
کۆڵەکەی سەرەکیی ئەم دەوڵەتە سێبەرە لە هەژموونی گرووپە چەکدارە نادەوڵەتیەکانەوە بەرجەستە دەبێت، زۆرینەی کات خاوەن ئەجێندای ئایدیۆلۆجیی هەرێمی و سنووربەزێنن. ئەم گرووپانە توانیویانە بنەمای (قۆرخکاریی بەکارهێنانی هێز) کە تەنیا مافی دەوڵەتە، تێکبشکێنن و ببنە خاوەن بڕیار لە کێشە چارەنووسسازەکانی وەک شەڕ و ئاشتیدا.
مەترسیی ئەم دۆخە کاتێک زیاتر دەبێت کە دەبینرێت ئەم هێزانە بەبێ گەڕانەوە بۆ فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکان، هێرش دەکەنە سەر نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان و وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكانی نیشتەجێبوون، ئەمەیش وایکردووە سەروەریی دەوڵەت تەنیا وەک ڕواڵەتێکی یاسایی بمێنێتەوە و ناوەڕۆکە ڕاستەقینەکەی لەدەست بدات.
هاوتەریب لەگەڵ ئەم هەژموونە سەربازییە، لە عێراقدا ئابووریی سێبەر وەک مەکینەی دارایی دەوڵەتی قووڵ کار دەکات. ئەم سیستمە داراییە لە ڕێگەی سپیکردنەوەی پارە، کۆنترۆڵکردنی مەزادی دراو و دەستبەسەرداگرتنی گرێبەستە گەورەکانی وەبەرهێنانەوە گەشە دەکات. ئەم داهاتانە تەنیا بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی سەربازیی گرووپە میلیشیاکان بەکار دێن. دەرەنجامی ئەم ڕەفتارانە ڕاستەوخۆ لە داڕمانی بەهای دینار و تێکچوونی بژێوی هاووڵاتیاندا ڕەنگ دەداتەوە، چونکە سامانی گشتی لە بری ئاوەدانکردنەوە، دەخرێتە خزمەت ئەجێندا هەرێمییەکانەوە.
قووڵایی ئەم تەنگژەیە کاتێک زیاتر ڕوون دەبێتەوە کە دەبینین دەوڵەتی سێبەر توانیویەتی هەژموونی خۆی بەسەر سیستمی بیرۆکراسی و دادوەریی وڵاتدا بسەپێنێ. دروستکردنی تۆڕێکی فرەوان لە بریکارە هەمیشەییەکان و فەرمانبەرانی باڵا لە ناو وەزارەتەکاندا، وایکردووە هەر هەوڵێکی چاکسازی یان لێپرسینەوەیەکی یاسایی، پەک بخرێت. بۆیە کاتێک دەزگا چاودێرییەکان و دادگا دەکەونە ژێر هەڕەشەی سەربازی یان گوشاری سیاسی، سەروەریی یاسا دەبێتە دروشمێکی بێمانا و گەندەڵی دەبێتە سیستمێکی ڕێکخراو کە کەس نەتوانێت لێی بپرسێتەوە.
بۆ پاراستنی ئەم ئیمپراتۆرییەتە نادیارە، دەوڵەتی سێبەر پەنا دەباتە بەر ئامرازە توندەکان، لەوانە پاکتاوکردنی سیاسی بۆ بێدەنگکردنی نەیارەکان و چالاکانی كۆمەڵی مەدەنی، لەگەڵ بەکارهێنانی سوپای ئەلیکترۆنی و میدیای ئاڕاستەکراو بۆ شێواندنی ڕاستییەکان.
ئەم جەنگە دەروونی و میدیاییە، ئامانجی ئەوەیە شەرعییەت لە دەنگی نیشتمانیی وەربگرێتەوە و هەر ڕەخنەیەک وەک خیانەت پێناسە بکات. لە کۆتاییدا، عێراق وەک قەوارەیەکی سیاسی لە بەردەم هەڕەشەیەکی وجوودیدایە، چونکە تا ئەوکاتەی "دەوڵەت لەناو دەوڵەت"دا هەبێت و چەک و پارە لە دەرەوەی یاسا بن، نە ئارامیی ناوخۆیی و نە سەروەریی نێودەوڵەتی، بەدی نایەن.