ڕستەیەکی باو هەیە دەڵێت تەنیا مەرگ درۆ ناکات. ڕەنگە بتوانین ئەم ڕستەیە هەڵپێکین بەو ئایەتەی قورئانی پیرۆزەوە کە دەڵێت: یوم تبلیء السرائر. واتە ڕۆژێک پەردە لەسەر ڕاستی و نهێنی لا دەدرێت. بەو بارەدا هەردوو دەربڕینەکە واتە هەم ڕستەکە و هەم ئایەتەکە هەڵگری زایەڵەیەکی پیرۆزن، دەلالەت لەو ڕووداوە گرنگە دەکەن کە مەرگە، چ وەک مەرگی کەسێکی ئاسایی یان ناودار و ناسراو، یاخۆ مەرگی کۆی مرۆڤ وەک ڕەمزێک بۆ گەیشتنی ڕۆژی حەشر و ئاخرزەمان. بۆیە دەمەوێت زۆر بە سادە و ساکاری گرنگیی ئەو ڕووداوە گەورە و مەزنە باس بکەم کە ناوی مەرگە.
ڕەنگە کەم مرۆڤ هەبێ بیری لە مەرگی خۆی نەکردبێتەوە، بەو مانایەی بیری لەوە نەکردبێتەوە پاش مەرگی چ ڕوو دەدات؟ نەک لەو دنیا و لە جیهانێکی دیکە، بەڵکوو لێرە چی ڕوو دەدات؟ پاش نەمانی ئەو کێ دڵتەنگتر دەبێت و کێهان فرمێسکی بۆ دەڕێژن و كام کەسانە لەبیری ناکەن و یادی دەکەنەوە؟ ئایا باوک و دایکی تا چەند مانگ یان چ ماوەیەکی زەمەنی دەتوانن وەک جاران ژیان دەست پێ بکەنەوە و دیسان پێ بکەننەوە؟ یا ئەگەر ڕۆحانیەتەکە لەودیو پەردەی مەرگەوە بتوانێت چاو لە ژیانی مرۆڤگەلی نزیک و دۆست و هاوخوێن و خزمانی بکات، مافی ئەوەیان ناداتێ لە شڵپە و زرمەی مەرگی ئەو دوور بکەونەوە و دیسان باوەش بە ژیاندا بکەنەوە؟
ئەمانە و دەیان پرسیاری دیکە، دەکرێت بە خەیاڵی مرۆڤێکدا بێن کە بیری لە مەرگی خۆی کردبێتەوە یان با بڵێین بە ئاستێک مەرگئەندێش بووبێت. وەک ڕوونە جیاوازیی زۆر لە نێوان مەرگئەندێشیی مرۆڤێکی ئاسایی و مرۆڤێک کە بەشێوەیەک لە شێوەکان داهێنەرە و لەناو ژیاندا هەوڵی ئەزموونکردنی بوونێکی جیاوازتر و قووڵتر دەدات، هەیە. مرۆڤی هونەرمەند، نووسەر، داهێنەر و... ژیان بە فۆرمێکی قووڵ لەناو مەرگئەندێشیدا ئەزموون دەکات، ئەو هەوڵ دەدات ژیانێک لێرە تۆمار بکات کە پاش مەرگیشی بمێنێتەوە، واتە بە مانایەک هەوڵەکانی دەچنە خانەی لێدان لە مەرگ و پەسنددانی ژیان، واتە ئیرادەیەک بۆ نەمری.
بێگومان ئەم ئیرادە هێماییە و دەتوانین لە مێژووی مرۆڤایەتیدا نموونەی سەتان هونەرمەند و داهێنەر بهێنینەوە، ئەگەرچی بە جەستە لە قووڵایی تەپوتۆزی سەدەکاندا خەوتوون، بەڵام ناو و ئەندێشەیان سنوورەکانی زەمەن و جیۆگرافیای بڕیوە و هێشتا زیندوون. خەیام، دۆستۆفسکی، مەلای جزیری، ئەحمەدی خانی و... سەتان و بگرە هەزارانی تر. بۆیە دەتوانین بڵێین مەرگئەندێشیی سادە و کەممەودای خەڵکی ئاسایی، زیاتر دڵتەنگی و هەستێکی لە غوربەتی ئەم دنیاییە بەرهەم دێنێت و مەرگەئندێشیی کەسانی هونەرمەند و بیریار و داهێنەریش، ئیرادەیەک بۆ نەمری و هەوڵێک بۆ هێشتنەوەی ئاسەوارێک لە "خۆی" دەسەپێنێ.
کەم نین ئەو کەسانەی لەناو کۆمەڵگەی ئێمەدا هەوڵ دەدەن شوێنپێی خۆیان جێبهێڵن، تا پاش مەرگیش ناویان هەر بە زاراندا بێت، ئەمەیش نەک تەنیا وەک چڵێسییەکی ڕەها بۆ نەمرییەکی ڕۆژانە، بەڵکوو وەک خواستێک بۆ هەبوون و مانەوە لە گۆڕەپانی ژیان و بووندا.
بێگومان فارووق ڕەفیق نموونەیەکی دیاری ئەم ئیرادەیە بوو. ئەو ویستی بەوەی لە دەستی دێت و بەوەی لە مێشک و هزری دەخێزێت، مانایەک ببەخشێت بەو جەستە و ڕۆحەی هەیەتی و قسەی خۆی لەسەر ژیان و بوون کردبێت و زەخیرەی فكری خستبێ بۆ دوای مەرگ، بەڵام ئێمە دەزانین مەرگ چ جۆرە ئەزموونێکە و بە قەولی مام هەژار موکریانی، کەس لەولاوە نەگەڕاوەتەوە خەبەر بهێنێت چ باسە!
لەم کاروانەی ژیاندا بەرەو هەواری مەرگ، نموونەی وەک فارووق لە ئاستی خەون و حەز و چالاکیدا ئەگەر نەڵێم زۆرن، بەڵام کەم نین. ئەو بە پرۆژە و خەونەکانی ناوە ناوە زرمەی لە پشتەملی نەزانی و نەریتە سواوەکان و پێشنەکەوتوویی هەڵدەستاند، نە بەرزەمرۆڤ بوو و نە مرۆڤێکی ئاساییش، بەڵکوو مرۆڤێک بوو نەیدەتوانی لەبارەی مرۆڤ ە دۆزی نەتەوەكەی خۆی بێدەنگ بێت و چرکەساتەکانی ژیانی بەبێ ئیرادەیی تێپەڕێنێت تا مەرگ دەگات.
لەم ڕێگا دوور و درێژەدا فارووق زۆری لەسەر ئەخلاق باس کرد. لە بیرمە یەکەم کتێبی خوێندمەوە "ماڵێکی لێکترازاو و ویژدانێکی بیمار" لە لاپەڕەی دەسپێکدا ئەم پێشکەشکارییەی نوسیبوو "پێشکەشە بەو هێزەی دێت و چرایەک لەم ماڵە تاریکەی کورددا دادەگیرسێنێت". دەتوانم بڵێم بەشێکی زۆری خەون و خەمی فارووق لە ناوی ئەم کتێبە و پێشکەشکارییەکەیدا چڕ کراوەتەوە، ئەگەرچی بەهۆی ئەو ڕەخنە توندانەی لە دەسەڵاتی کوردی دەگرت، ڕەوتە ئیسلامییەکان چەپڵەی زۆریان بۆ لێدا، بەڵام ئەمە بەو مانایە نەبوو فارووق کارەساتی ئیسلامی سیاسی و دیدە ئایدۆلۆجییە کوشندەکانی ناو کۆمەڵگەی کوردی نەناسێت. هەر لەو کتێبەدا دەبینین خەونەکانی فارووق تەنیا بۆ کوردستانێکی نیمچەئازادکراوی وەک باشوور نییە، بەڵکوو ئەو "کوردبوون-لە-جیهاندا" پێشکەش دەکات.
ئەم ڕستە و ڕوانینانە بە یەک لە سەتیش ناتوانن ڕوانگە و کەڵکەڵەکانی ئەو، بابەتی بکەنەوە. بەڵام دەتوانین هەر بە مانە، لە قووڵایی ختوورە و هەوڵەکانی تێبگەین و لە باتی ئەو کە ئێستە زمانی وشکە، بپرسین هاوڕێکانی چۆنچۆنی مەرگی ئەویان هۆنییەوە؟ ئایا بێدەنگییان نیشانەی بێ بەرهەمبوونی ئەو بووە، یان فیزی هزری و بادیهەوابوونی مەعریفییان لە جیهانی جەنجاڵ و بە بریق و باقی تۆڕەكانی کۆمەڵایەتیدا؟ ئاخۆ هاوڕێ بێدەنگە ڕەهەندی و ناڕەهەندییەکانی لەو سەتان لاپەڕەیەی فارووق نووسیونی، یەک ڕستەیان نەدیتەوە بیکەن بە بیانووی یادکردنەوەی ژیانی و پێشوازییەکی مەعریفیی ڕەمزی لە مەرگی لەناکاوی و بەڕێکردنی بە وشە و ڕستەی تەرمەکەی؟
فارووق وەک هەر نووسەر و بیریار و توێژەرێک، بێ کەموکوڕی و هەڵە و تەنانەت هەڵەی دیاریش نەبوو، بەڵام ئایا وشە و ڕستە و بیرکردنەوەی ئێمەی مرۆڤ بە گشتی، لەناو مەزرای ئەخلاق و دیسیپلینە مرۆییەکاندا نەچەقیوە؟ ئەگەر کەسایەتییەکی نەسرەوتوو و بێ ئارام و بە داڵغەی وەکوو فارووق نەیتوانی سۆزی هاوڕێ و ئەمەگی دۆست و وەفای هاوبیرانی لە کاتی ڕوودانی مەرگیدا مسۆگەر بکات، ئایا ئەمە داڕمانی ئەخلاقی گشتییە لەناو ئێمەدا، یا ئەمە تەنیا لەناو ئەڵقەیەک لە کتێبخوێن و نووسەراندا هەیە کە غروور و لەخۆباییبوون یان ئایدۆلۆجژیستبوون و فۆبیای داوەریکردن لە لایەن ڕەوت و کەسانی دژبەری کەسی مردووەوە، باوە و ئەوانیش بەهۆی کاریگەرییە ڕێژەییەکەیانەوە بەسەر کۆمەڵگەدا، بڵاوی دەکەنەوە؟
ئەمانە بۆ تێڕامانن. مەرگی فارووق ڕەفیق، دەتوانن ئێمە دڵتەنگ بکەن بەوەی مرۆڤێک دەتوانێت دوای تەمەنێک هەوڵ و ماندووبوون بە ئاوەز و عەقڵی مرۆڤی گەورە یان بچووکی خۆیەوە، نە دوژمنانێکی شایستەی هەبوو و نە دۆستانێکی بە ئەمەگ! ئەمە ئەو وانە دڵتەزێنەی کۆچی دوایی کەسانی دیاری وەک ڕەفیق سابیر، فارووق ڕەفیق و ئەبووبەکر جافن. وانەیەک بەر لەوەی بمانترسێنێت دەبێت پرسیاری زیاتر و بە گوێرەی ئەوەیش مەعریفەی قووڵلترمان بە دیاری لۆ بێنێت.