چەند تێبینییەکی خێرا لەبارەی مەرگنامەی مەریوان وریا بۆ فارووق ڕەفیق
1
ڤاسیلی گرۆسمان، ڕۆماننووسی سۆڤێتی، لە ڕۆمانەکەیدا، «ژیان و چارەنووس» ڕووداوێک دەگێڕێتەوە، کاتێک لە ستالینگراد، سوپای ئەڵمانی تێکدەشکێت، و ڕووسەکان دادگایی ئەفسەرێکی ئەڵمانی دەکەن، ئەفسەرە ئەڵمانییەکە دەڵێت: «ئەگەر تۆ بیبەیتەوە، ئەوا ئێمە دەدۆڕێین، بەڵام ئێمە لەناوبردنەوەی تۆدا، درێژە بە ژیانی خۆمان دەدەین».
2
بۆ ئەم وتەیەم هێنایەوە؟ بڵێم کە ڕۆشنبیرانی نەوەی ڕابردوو، لەناو نەوەی ئێمەدا نا، بەڵام لەنێو خۆیاندا، چەندیش دژی یەکتر بن، درێژە بە ژیانی یەکتر دەدەن، واتە زۆربەی جار دەبنە وێنەی هەڵگەڕاوەی یەکتر.
ئەگەرچی زۆر دەمێکە قسەم لەبارەی هیچ ڕووداوێکی ڕۆشنبیریی کوردییەوە نەکردووە و بە پێویستیشم نەزانیوە، لانیکەم مەیدانی کارکردن و بیرکردنەوە و چالاکیی من نەبووە و دەتوانم بڵێم بە دیاریکراوی لە دوای 2013ەوە هیچ پێوەندییەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆم لەگەڵی نەبووە، جگە لە پڕۆژەی سەربەخۆی خۆم نەبێت. بەڵام ئەمڕۆ کاتێک مەرگنامەکەی مەریوان وریا-م بۆ فارووق ڕەفیق خوێندەوە، کە بارکراوە بە جەنگێکی قووڵی سایکۆلۆجی، زمانێکی ئیهانەئامێزی دوور لەهەر پێوەرێکی باڵا و پرەنسیپی ڕۆشنبیری، و دەرهاویشتنێکی ناوەکییە، حەزم کرد ئەم چەند تێبینییەتان لەگەڵ بەشکەم.
3
نووسینەکەی مەریوان وریا دەیەوێت خۆی وەک نرخاندنێکی ڕۆشنبیرانە پێشان بدات، بەڵام هەستبزوێنانە وەک مەیدانێکی جەنگیی درەنگوەخت دژی نەیارێک دەجووڵێتەوە کە چیتر لێرە نییە وەڵام بداتەوە. لەژێر پەردەی شیکاریی ڕەخنەییدا، کۆمەڵێک ڕەهەندی خیانەتی هاوڕێیەتی، دڕدۆنگی و یەکسانسازییەکی بریندار، وەستاون.
نووسەری کۆچکردوو چیتر وەک کەس/کارەکتەر مامەڵەی لەگەڵ ناکرێت، بەڵکو وەک مەترسییەکی هێمایی/ڕەمزی، کە دەبێت دوای مردنی، دیسپلین و ڕام بکرێت. بۆ نموونە، حەزی قووڵی ڕامکردنی جەستە و فیکری کۆچکردوو، ئەگەر دەروونشیکارییانە بڕوانین، لەم دەربڕینانەدا دەردەکەون: «ئەو بەبێ هەستکردن بە هیچ کێشەیەک، شتێک و پێچەوانەکەیشی دەگوت»، «خاوەنی پڕۆژەیەکی فەلسەفی نەبوو»، و «ئەو فەیلەسوف نەبوو». چەندان دووپاتکردنەوەی هاوشێوە.
ئەم دووپاتکردنەوەیە خۆی لە ڕووی سایکۆلۆجییەوە شتانێکی زۆر دەڵێت، ئەگەر کارەکتەرێک سێبەرێکی زۆری لەسەر کردیت، دەروونیانە هەوڵی دوورخستنەوەی ئەو سێبەرە دەدەیت، لە ڕێگەی بە ترسناک و بێبەها پێشاندانی ئەم سێبەرە.
لەوە دەچێت نووسەر نەتوانێت نووسەری کۆچکردوو لە جیهانی ناوەوەی خۆی دوور بخاتەوە، لە بەرانبەر شتێکدا کە نەتوانی دووری بخەیتەوە، هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی دەدەیت، بۆ ئەوەی کۆنتڕۆڵی بکەیت، سەرەتا دەبێت لە بەها و ڕەوایەتیی بخەیت. ئەوەی لە نووسینەکەی مەریوان وریادا دەیەوێت وەک ڕەخنە دەست پێ بکات، خێرا دەگۆڕێت و دەبێتە فۆرمێکی سزادانی هێمایی.
4
یەکێک لە سەرەکیترین دژبەری و ناکۆکییەکانی مەرگنامەکە سەرکۆنەکردنى نمایشە، کەچی خێرا خۆی دەبێتەوە بە مەیدانی نمایشکردن. نووسەر هێرش دەکاتە سەر نووسەری کۆچکردوو، بەهۆی «هاوار»، «دەنگەدەنگ»، «پەلاماردان و هێرشکردنە سەر کەسانی تر»، و گۆڕینی ژیانی ڕۆشنبیری بۆ «جەنگی رەمزی» و... هتد، کەچی مەرگنامەکە خۆی دەبێتە مەیدانێکی جەنگ و هێرشی بەرفراوانی هێمایی و ڕەمزی بۆ سەر نووسەری کۆچکردوو.
ئەگەرچی دەیەوێت ڕەخنە لە کولتووری جوێن و ئیهانە بگرێت، کەچی بە دەیان فۆرم و شێوە هەمان کولتوور بەرهەم دەهێنێتەوە. لە جیاتی جوێنی ڕاستەوخۆ، مەکینەی جوێنی رۆشنبیری بەگەڕ دەخات. بۆ نموونە، «لەمپەڕی راستەوە و بۆ ئەوپەڕی چەپ و لەوپەڕی چەپەوە بۆ ئەوپەڕی راست بازی دەدا»، «مەنهەجیەتی لە نووسین و شیکردنەوەدا، تیا نییە» و بوونی «کاریگەرییەکی خراپی لەسەر وێنە و رۆڵی رۆشنبیر لە دنیای ئێمەدا» هەبووە.
زمانی نووسینەکە هەنگاو بە هەنگاو دەبێتە زمانی دادگە، سزادان، زمانی پۆلیسی و زمانی بچووککردنەوەی ئەویترە. نووسەری مەرگنامە دەڵێت، نووسەری کۆچکردوو بەردەوام دەستەواژەگەلی وەک «گاگەل» و «کۆیلە، و «غەبی» و «حەشامەت» و «عەوام» و «نەفام» و «گاڕان» و «گەمژە» و «جاهیل» و«مێگەل»ی بەکارهێناون، بەڵام لە پرۆسەی سەرکۆنەکردندا، نووسەری مەرگنامە هەمان ئەم چەمک و دەستەواژانە لە خۆیدا دەتوێنێتەوە و وەک مەکینەیەکی نوێی هێرشی سەرتاپاگیر، بەکاریان دەهێنێتەوە، هەندێکجار تەنیا فۆرم و ئاوازیان دەگۆڕێت.
فارووق ڕەفیق لەم مەرگنامەیەدا بەش بەش لە شکۆبوون، جددیبوون، یەکگرتوویی و ڕەوایەتیی ڕۆشنبیری دەخرێت. زمانی نووسینەکەی مەریوان وریا فۆرمی زمانی «قڕکردن و سڕینەوەی سەرتاپاگیر»ی ئەویترى «دوژمنی ناوخۆیی» وەردەگرێت، کە پێیوایە لە خۆیدا دەژی و دەبێت بکوژرێت.
5
ئەگەر ڕۆژێک توێژەرانێکی کۆمەڵناسی دەربکەون، دەتوانن زۆرباش کار لەسەر ئەو پڕۆژەیە بکەن کە بە بازنەی «ڕەهەندییەکان» لە دنیای ئێمەدا ناسرا، بە تایبەت زمانی توندوتیژیی ڕەمزی لە نووسیندا، زمانی شکاندنی ئەویتر تا ئاستی کوشتنی ڕەمزی و دادگاییکردن دوای مەرگ.
ئەم نووسینە مەرگنامەییەی مەریوان وریا، پێمان دەڵێت، ئەم نەریتە ڕۆشنبیرییە دوای ئەو هەموو گۆڕانکارییانەی کۆمەڵگەی کوردی، نەیتوانیوە گۆڕان بەسەر خۆیدا بهێنێت، لە زمانی هێرشبەرانەی سەدەی ڕابردوو ڕزگاری نەبووە.
6
هەموو ئەوەی نووسەری مەرگنامە، نووسەری کۆچکردووی پێ تۆمەتبار دەکات، مرۆڤ دەتوانێت لە خۆیشیدا بیاندۆزێتەوە: پارادۆکس و بازبازێنی سیاسی و فیکری، لە لیبراڵەوە بۆ چەپ و بۆ بانگەشە بۆ ئیسلامیی ئیخوانی. لە زمانی جوێن و «بەدەبەنگزانین»ی ئەوانیترەوە تا «بەگاڕانکردن و بەمێگەلکردن»ی کۆمەڵگە و نەیاران و بیرجیاوازان.
تا هاتنی ئۆباما بەشێک لە ڕۆشنبیرانی ئەو بازنەیەی بە ڕەهەند ناسراون، سەربە تیۆری لیبراڵ بوون، لەگەڵ هاتنی ئۆباما و وەرچەرخانی جیهان بەرەو چەپی کولتووری و هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئیسلامیی سیاسی، ئەمە ڕۆشنبیرانی کوردیشی تەنییەوە. نووسەری مەرگنامە خۆی یەکێک بوو لە نەیارە سەرسەختەکانی چەپ تا دەگاتە بادانەوە بەرەو چەپ و بەکارهێنانی «بلۆکی مێژوویی» گرامشی بۆ یەکخستنی عەلی باپیر، سەڵاحەدین بەهادین، نەوشیروان مستەفا، بەرهەم ساڵح و ئۆپۆزیسیۆن، دژی پارتی.
ئەمە لە کوردستان بە پێکەنینەوە سەیر دەکرا، بەڵام دیاردەیەکی جیهانی بوو و کوردستانیشی تەنیبووەوە. کەواتە تۆمەتبارکردنی فارووق ڕەفیق بە شتێک کە لە مەریوان وریا خۆیشیدا ڕەنگدانەوەی قووڵی هەیە، هەوڵێکی دەرهاوێژیی فیکرییە.
7
سایکۆلۆجیست دەتوانێت شتێک لە نووسینەکەی مەریوان وریادا بدۆزێتەوە: شەڕ دژی ئەو سێبەرەی فارووق ڕەفیق کە لە خودی نووسەردا دەژی و درێژە بە ژیانی خۆی دەدات، بەڵام بەو شتەی ئێستا فارووق ڕەفیق بەجێی هێشتووە: ئایدیۆلۆجیای جیهانی سێیەم، لە فارووق ڕەفیقدا مردووە و لە مەریوان وریادا دەژی، ڕۆژێک لە فارووق ڕەفیقدا دەژیا و مەریوان وریا شەڕی دەکرد.
8
خۆشحاڵم نەوەی ئێمە کەمترین شوێنەواری ئەم میراتەی سەدەی ڕابردووی هەڵگرتووە و تێیدا ناژی.