ئەگەر چاوێک بە مێژووی شارە دیار و ناودارەکاندا بخشێنین، بە ئاسانی دەگەین بەو باوەڕەی کە شار بەبێ پێوەندییەکی جەوهەری و فرەڕەهەند لەگەڵ دەسەڵاتدا عومری درێژ نابێ، یان جۆگەلەی گەشە و نەشەی کوێر دەبێتەوە و نابێت بە شار، وەک قەبارە و کولتوور یان هەر بە تەواوەتی لە بەرداشی یاریی و زەبروزەنگی دەسەلاتدا خاپوور دەبێت. واتە ئەگەرچی شار خۆی کولتوورێکە لە بنیاتنان و ئاوەدانکردنەوە کە لەلایەن کۆچەری و ڕەوەندەکانەوە و لە چرکەساتێکی مێژوویی دیاریکراودا بڕیاری دروستبوونی یان بە پرۆژە یان بە پرۆسە (گەشەی ئۆرگانی) دەدرێت، بەڵام وێناکردنی شار بەبێ ئارگۆمێنت یان تێگەیشتنێک لە هێز و دەسەڵات، مومکین نییە یان نوقسانییەکی دیارە.
ئەوانەی شار بنیات دەنێن، دەتوانن تێگەیشتنێک لە هێزیش لەگەڵ خشت بە خشت و کۆڵان بە کۆڵان و درەخت بە درەختی شارەكەدا، بەسەر پەیکەری شاردا داکووتن، ئەو چرکەساتەی ڕەوندەکان زۆر دەبن و پێداویستییەکانیان لە سروشتەوە دابین ناکرێت و هاوکات ئەکتی کۆمەڵایەتی و کولتووری ناو ئەو پێکهاتە گچکەیە فرەڕەنگ و تاکمەندانە دەبێتەوە، مەیلی شارسازی لە هەناوی ئەو جڤاکەدا چەکەرە دەکات. بەو مانایەی دەتوانین بڵێین، نە پرۆسەی دروستکردنی شار بەتاڵە لە خواستی دەسەڵات و نە هیچ دەسەڵاتێکی شاریش بەرییە لە مۆنۆپۆل و پاوانخوازی.
ئەمەی دەڵێم، دەسەڵاتی شاریی بەو مانایە نییە كە ئێمە جۆرەکانی دەسەڵاتی ناشاریی دیموکرات و کراوەمان هەیە، بەڵکوو قسەی لاپاڵ و بەتوانجی من ئەوەیە، دەسەڵات لە شاردا لە فۆرمە ئۆرگانیەکەیدا، دەبێت فرەڕەنگی لەگەڵ خۆیدا هەڵبگرێت و هەر کاتێک بەرەو تاکڕەنگی و تاقدەنگی ڕۆیشت، ئیتر کولتووری فرەیی و جۆراوجۆری شار، دەبێت بە قوربانیی ئارەزوو و حەزی پاشا یان بەرپرسێکی سەرەکی یان سەرۆکێک کە بە هەر جۆرێک بووە و بە خەیاڵی خۆی جلوبەرگی پاشایانەی لەبەر کردووە و تاجی شاهانەی لەسەر ناوە!
کێشەکە ئەوەیە لە واقیعدا بە دەگمەن منداڵی وامان لێ پەیدا دەبێت کە بە دەنگی بەرز و بێباکانە هاوار بکات، جەنابی پاشا ڕووتی. دیارە ئەم دەربڕینە میتافۆر و هێمایینە، وەک چۆن چیرۆکە کۆنەکەی جەنابی پاشا و مناڵەکە، هەڵگری هەمان ڕەگەزە! ئەم چیرۆکە خۆی لە خۆیدا هەڵگری ڕەخنەیەکی ئاوەزمەندانە و ژیرانەیە کە بەهۆی دڵڕەقی و بێ بەزەییی پاشا لە زمانی منداڵێکەوە بە گوێی پاشادا دراوە، ئەگەرچی زەینییەتێکی مەبەستداری گەورەساڵی لە پشت بووە.
بێگومان مێژووی شار لە کوردستانی گەورە، بە ڕادەی مێژووی کوردستان و هەموو ئاڵۆزییەکانی پڕ لە گرێ و ڕەهەندی ئاڵۆز و پێچاوپێچە. لەگەڵ ئەوەدا کە کوردستان چەندان شاری گەورە و درەوشاوە و کاریگەریی هەیە، مەرج نییە هەموو ئەم شارانە بە پێوەری سەردەمیانە و بەپێی ڕەهەندە فرەچەشن و ڕەنگاڵەییەکانی شار، وەک شار هەژمار بکرێن. واتە بە مانایەکی دیکە هەر شارێکی کوردستان بە ڕادە و ئاستێک شارە، بەڵام کام شار یان کام شارانە، شاری پڕ و تەواون؟ ئایا شاری وا هەر هەیە؟ یان شار هەیکەلێکی کولتووری و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییە کە دەبێت بەردەوام لە حاڵی گەشەدا بێت و کاژ بخات و خۆ نوێ بکاتەوە؟
ئەم پرسیارانە لەگەڵ ئەوەی بۆ وەڵامدانەوەن، دەشێت هەڵگری وەڵامیش بن، بە مەرجیک لێکیان بدەین و تێیان ڕامێنین. بە دڵنیاییەوە کەم کورد هەیە ناوی شاری سلێمانی نەبیستبێت، ئەمەیش نەک بەهۆی بانگەشەی میدیایی و سیاسییەوە، بەڵکوو بەهۆی ئەو پێگە مێژوویی، رۆشنبیری، کولتووری و ئەدەبی و سیاسییەی کە ئەم شارە بە درێژایی سەدەی 20 وەک شایستەیی و مافێکی بەجێ و ڕەوای خۆی، بەدەستی هێناوە. سلێمانی بە چەندان ئاوەڵناو ڕازێنراوەتەوە و هەر هەموویشیان شیاوی هەبوون: شارە حەیاتەکە، شاری ڕۆشنبیری، پایتەختی ڕۆشنبیری، کولتووری ڕەسەن و... بەڵام ئایا ئێستەیش دەتوانین ئەم بانگەشانە بکەین و بڵێیت، سلێمانی ئەو تایبەتمەندییە کولتووری و کۆمەڵایەتییە بزۆز و باڵایانەی پاراستووە یان لە پەراوێزی یاریی سیاسی و حزبیدا، بە ئەڵقەیەکی چەكداریی خەریکە بەرەو نەمان و کاڵبوونەوە دەچێت؟!
ئەگەر هەر کتێبێکی مێژوویی (گەورە و گچکە/ ئاستنزم و ئاستبەرز، لە ڕووی زانستی و لێکۆڵینەوەییەوە) لەسەر شاری سلێمانی بخوێنینەوە، دەتوانین هەموو ئەو درەوشانەوەییەی تێدا ببینینەوە، بەڵام بەداخەوە ئەوە ئێستە ئەگەر نەیشڵێین بە کاملی، بەڵکوو تا ڕادەیەکی زۆر بووە بە بەشێک لە مێژوو و لە ئەرشیڤدا زیندانی کراوە!
کێشەی گەورەی زەینییەتی کورد ئەوەیە، وا دەزانێت ئەگەر ڕەخنە لە شارێک دەگری، تۆ خەریکی بەرگریت لە شارێکی دیکە! نەخێر ئەمە ئەو کولتوورە خێڵەکییەیە کە هیچ پێوەندییەکی لەگەڵ زەینییەتی شاردا نییە! ئێمە ڕەخنە لە شارێکی وەک سلێمانی و دۆخەکەی دەگرین، چونکە نەک تەنیا چاوەڕوانییە بەجێکانمان بەدی ناهێنێ، بەڵکوو ئەوەی بەدەستیشی هێناوە خەریکە دەیدۆڕێنێ، بەڵام نابێت بە هەڵەدا بچین کاتێک بەم کردار و بکەرانە (سلێمانی.... بەدەستی هێناوە... دەیدۆڕێنێت) قسە دەکەین، مەبەستمان ئەو لایەنەی هەڵسووڕێنەری کاروباری سەرەکیی ڕەوتی گەشە یان وێرانبوونی شارە، واتە هەمان دەسەڵات کە لە سەرەوە باسمان کرد!
دەسەڵاتی خۆجێیی لە سلێمانی ئێستەدا، کێشەی ئەوە نییە پرۆژەی پێ ناکرێت یان ناتوانێت پرۆژەی بۆ ئەو شارە هەبێت، بەڵکوو کێشە ترسناکەکە ئەوەیە نایەوێت هیچ پرۆژە و پلانێکی بۆ شارەكە هەبێت. نە قەیرانەکانی شاریان لا گرنگە، نە درەوشاوەییەکانی جێی سەرنجیانە. شارێک ئەم دوو بابەتە حاکمانی ڕانەچڵەکێنێت، ئەی چی بە ئاگایان دێنێت؟ ئایا لایەنێک "نەیەوێت" بەرنامەی بۆ شارێک هەبێت، جگە لە تاڵان و بڕۆی سەرمایەی ژێرزەوی و کولتوورقڕان و نووسەرکوژی و ... بادانەوە بۆ نەریتێک کە لە خەونی مێژوویی خۆیشیدا هەڵی نەگرتووە و هاوردە کراوە، تەنیا بەرنامەی کرداری ئەو لایەنە نییە؟ تەنیا بەرنامەیەک کە هیچ هەنگاو و پلانێکی ناوێت جگە لە دەستشۆردن لە داهاتوو و دۆخی هەنووکەیی شار و دانیشتووانی! تەنیا بەرنامەیەک کە دەتوانێت پێکهاتەی کولتووریی و کۆنەستی شار تێکبدات و ئەو مێژووەی تۆماری کردووە لە ناخی تاریکی و پێچەوانەكردنەوەدا بخنکێنێت!
کەڵەبەرنامەی حاکمانی سلێمانی کە ئەو شارە مەزنەیان بەرەو لێواری بێمانایی و پووکانەوە بردووە، هیچ نەکردن و لە شارخستنی ئەو شارەیە، وەک بارمتەیەک کە دواجار نازانێ بە چی بیگۆڕێتەوە و بۆ گیراوە، سلێمانی کەوتووەتە ناو قەفەسی جنۆکەوە!