میدیاکان بڵندگۆی ڕۆشنگەرین یان شانۆی کاتکوشتن؟

PM:01:15:06/05/2026 ‌
هەنووکە بەهۆی ئەو نەزمەی لە تۆڕ و ڕایەڵەکاندا هەیە، ئەو گەشە ئامانجدار و بە مەبەستەی لە جیهانی تۆڕەیلی کۆمەڵایەتیدا ڕووی داوە، بە دەگمەن دەتوانین میدیایەک ببینین هەموو ڕەگەزەکانی سەرخۆبوونی تێدا بێت. سەرباری ئەوەی میدیایەکی سەربەخۆ پێویستی بە پشتگیریی دارایی و لوجیستی تایبەت هەیە کە کەسانی سەربەخۆی میدیاکار جێبەجێکردنی ئەمەیان پێ هەڵناسووڕێت، بۆیە بەداخەوە ڕەنگە ئیتر واز لەو خەونە ئایدیالیستییە بهێنین کە میدیا وەک شتێکی سەربەخۆ لە دەرەوەی هاوکێشەکانی هێز و دەسەڵات وێنا دەکرا. 

ئەمە بەو مانایە نییە كە ڕوانگەی سەربەخۆ لە میدیا ناسەربەخۆ یان کەم سەربەخۆكاندا دەرناکەوێت یاخۆ میدیاکان ئاستێک لە سەربەخۆییان تێدا نییە، بەڵکوو بەو مانایەیە کە نەزمی میدیایی وەک بەشێک لەو نەزمە گشتییەی شۆڕشی تەکنەلۆجیا و یاریکەرە زلەکان دەیخەمڵێنن، ئەگەری زۆر کەمی لە بەردەمدایە بە سەربەخۆیی هەناسە بدات، لە هەمانکاتدا ئێمە دەتوانین بەردەوام ئەو هیوایەشمان زیندوو ڕابگرین کە میدیای سەربەخۆ یان میدیاکاری سەربەخۆ، هەر دەبێت هەبێت و ڕۆژێک بە تەواوەتی لای ئێمە لەدایک بێت. 

ئەم ڕوانگەیە سەلمێنەری ئەوە نییە کە میدیاکانی سەربە حکوومەت یان لایەنێک زەربی سیفر بکەین، بەڵکوو بەپێچەوانەوە دەکرێت بە گیانی سەربەخۆیی و ڕۆشنگەرییەکی سەربەخۆکارانەوە لەناو ئەو میدیایانەدا چالاک بین، بۆیە پێم وایە دەتوانین باس لە میدیا پیشەیی و ناپیشەیی و ناسەربەخۆکان بکەین، لۆجیکی ترە. 

هەر لە دێرزەمانەوە کاری میدیایی لەگەڵ ڕۆشنگەری و بەیانکردنی حەقیقەتدا، لەدایک بووە. هەر ئەم جۆرە لەدایکبوون و هەناسەدانە، وایکردووە ئێمە واز لە میدیای سەربەخۆ نەهێنین و هێشتا هیوامان بە بوون و دەرکەوتنێکی تەواو و تۆکمەی هەیە، بەڵام میدیای ناسەربەخۆیش دەتوانێت هەڵگری تێڕوانینی سەربەخۆ بێت، ئەمەیش ئەو میدیایەیە کە دەکرێت پێی بڵێین پیشەیی. میدیایەک کە باوەڕی بە حەقیقەت لە ئاستگەلێکدا پاراستووە و بە سپۆنسەر و پشتگیریی لە دەربڕینی ڕای جیاواز و سەربەخۆ دەسەلمێنێت. میدیای نافەرمی و بە ڕواڵەت سەربەخۆیش، دیاردەیەکی ترە هەنووکە لە جیهانی مەجازی و تۆڕەکانی کۆمەڵایەتیدا دەیبینین. لەوێدا دەبینین کە هەواڵێکی ساختە دەتوانێت دەیان پەیجی قەرەباڵغ و پڕبینەر بە خۆیەوە سەرقاڵ بکات یان نا، با بڵێین دەیان پەیجی کارا و پڕبینەر دەتوانن هەزاران کەس بە هەواڵێکی ساختە یا وێنەیەکی ڕووتەوە سەرقاڵ بکەن و کات و وزەی بەردەنگ بکوژن. ئەمەیش دەرکەوتەی ئەو سەربەخۆییخوازییە نەرێنییەیە کە ئێمە دەبینین چۆنچۆنی لە دژی حەقیقەتی ڕووداوەکان کە خەونی میدیاکاری سەربەخۆیە، ئیش دەکات. 

لەم نێوانەدا میدیای فەرمی یان حکوومی، بەپێی ئەو دەروەستییەی لە ئاست کۆمەڵگە و ئاڕاستەکردنی هەیەتی، ناتوانێت بە ئاسانی و دوور لە بەرپرسیارێتی هەواڵ و وێنەی نەگونجاو و پێشوەخت بباتە ناو ماڵ و زەینی خەڵک و کۆمەڵگەوە، لەم ڕووەوە لایەنی فەرمیبوونی میدیایەک زیاتر خزمەتمان دەکات، تا سەربەخۆبوونی! ڕەنگە ئەوە قسەیەکی ناباو و نەگونجاو بێت، بەڵام ئەگەر قووڵتر چاو لە دەربڕینەکەم بکرێت، نکۆڵیکردنی سەربەخۆیی میدیا و خەونی سەربەخۆیی نییە، بەڵکوو ئیرادەیەکە بۆ تێپەڕین لەو فەوزایەی بە ناوی سەربەخۆیی ڕاگەیاندن و ئازادی ڕۆژنامەوانییەوە دەرخواردی مرۆڤی ئێمە دەدرێت. 

لەناو ئەم فەزایەدا کاتێک میدیایەک بە فەرمی سەربە لایەنێکی دیاریکراوە، بەڵام بەرهەمهێنەر یان ڕچەدانەری هەمان ئەو فەوزایە بێت، ئەوا ئێمە لە قووڵی کارەساتەکە و مەرگی ڕۆشنگەریی تێدەگەین. نموونەی هەرە دیاری ئەم ڕێبازە "کەناڵ8ـە". ئەو کەناڵە وەک زۆرینەی کەناڵە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان، توانای باشی لەبەردەستە، دەتوانێت فەرمانبەر و پێشکەشکار و ڕۆشنبیری خیتابدەر و... بێنێتە سەر شاشە و... بەڵام تاکە شتێک و گرنگترین شت کە نییەتی،  ئاسۆیەکی تەنانەت لێڵیشە بۆ خزمەت بە ڕاستییەکان. 

ئەم کەناڵە هێندە بێ پلان و ناکارامە بەڕێوە دەبرێ، تەنانەت ناتوانێت وەک کەناڵە مامناوەندە بێ تواناكانیش ڕاستییەکان لە بەرژەوەندیی خۆی بەکار بهێنێت. کەناڵێکی هەڵچوو و بەرکار، دوور لە هەر کردار و بکەرێتییەک! زۆرجار هەواڵەکانی وەک قسەیەکی گێلانەیە کە ناتوانی هیچ ڕەگەزێکی هەواڵسازیی (تەنانەت ساختەی سەرکەوتوویش!)ی تێدا بدۆزیتەوە. ڕەنگە ئەمە لە سەرێکەوە دڵخۆشکەر بێت کە کەناڵێكی ناپیشەییبوونی خۆی ئاوەها جاڕ دەدات، بەڵام بە پێچەوانەوە، کارەساتیش ئەوەیە ئەم کەناڵە فەرمییە و سەربە لایەن و كەسێكی دیاریکراوە و کۆمەڵێک گەجەر و گوجەری لە دەوری خۆی کۆکردووەتەوە و چاوبەستراوانە هەموو هەواڵەکانی وەک وەحیی دابەزیو دەبینن و بەناو بینەرە بە ژمارە كەمەیاندا بڵاوی دەکەنەوە. 

ئەم کەناڵە دەتوانێت هەواڵی وا بڵاو بکاتەوە بۆنی خوێنی لێ دێت و کۆمەڵگە هەڵدەوەشینێتەوە، هیچ باکێکی نەک لە چەواشەکردنی ڕاستییەکان نییە، بەڵکوو لە ساختەکردنی ڕاستیی درۆینەیش چێژ دەبینێت! ئەمە ئەو ساتەیە کە لایەنی فەرمیی میدیا دەکەوێتە خزمەتی حەقیقەتسازیی درۆینە و دەبێت بە شانۆی کوشتنی کاتی هاووڵاتی و بگرە کردنەوەی دەرگای دەیان کارەسات بۆ کۆمەڵگە و داهاتووی دۆزی کورد، چونكە ئەقڵی بەڕێوەبردنەكەی بەرپرسیار نییە بەرانبەر هیچ و باكی بە بچووكترین ئینتیما بۆ هیچ شتێك نییە.