ئێمەی کورد وهک بەشێک لە مرۆڤگەلی ئەم گۆی زەوییە، تا لە جیهانی مۆدێڕن تێنەگەین، لە زۆر شت کە ئەم جیهانە هێناویەتی و وەک جەبرێکی مێژوویی ئێمەیشی مۆدێڕنیزە کردووە، تێناگەین. جیهانی مۆدێڕن جیهانێکی بێ پێشینە و زۆڵ نییە (وەک هەندێک نووسەر و ڕۆشنبیری کورد دەڵێن! لانیکەم بۆ ڕۆژئاواییەکان و بە تایبەت ئەورووپای رۆژئاوا)، بەڵکوو لە هەناوی جیهانی ڕێنیسانس گۆراوە و باڵای کردووە و بەم شێوەیە جیهانی ڕێنیسانسی باڵاکردوو و لەدایکبووی گەڕانەوەیەکە بۆ جیهان و هزر و ئەدەبی یۆنان و رۆمی کەونارا. کەواتە بۆ تێگەیشتن لە جیهانی مۆدێڕن ئێمە بەرجەوەن و ئاسۆیەکی بەرفراوانی مێژووییمان لە بەردەمە کە دهشێت لەلایەن و ڕەهەندی جیاوازەوە بخوێنرێتەوە. ئەم تێڕوانینە کە لە هەنووکەدا قسە دەکات، بەرهەمهاتووی ئەو مێژووە بەرفراوانەیە.
یەکێک لە باسە هەرە گرینگ و ناوەندییەکانی جیهانی مۆدێڕن، پرسی جیهانگیریی (Globalization)ه. جیهانگیریی هەر لە دەسکەوتەکانی جیهانی مۆدێڕنە و دەبێتە هۆی گەشەسەندن و پەرەسەندنیشی. پێوەست بەم دەستەواژەیە دەکرێت بڵێین هەموو جیهانی مۆدێڕن لە سێ ڕووبەری گەورەی زمانی و کولتووریدا باڵایان کرد و گەشەیان سەند و خۆیان له جیهاندا مانیفێست کرد.
1-زمانی ئینگلیزی لە ڕووی زانستە سروشتییەکان و تەکنۆلۆجیا و بە گشتی زانست بە زۆر لق و ڕەهەندییەوە.
2-زمانی ئەڵمانی لە ڕووی فەلسەفی و زانستە مرۆییەکانەوە
3-زمانی فرەنسی لە ڕووی ئەدەب و چەشنێک فەلسەفەی ئەدەبییەوە.
ئهم زمانانه لهو ڕووه ئاماژهپێدراوانهدا، خۆیان جیهانیی کرد و بوون بە ناوەندی پشت پێبەستن و کارکردن لە ڕووبەڕووبوونەوەی زمان و جیهانانی دیکە لەگەڵ مۆدێڕنیته و جیهانی مۆدێڕندا. زمانە ئەورووپاییەکان هەموویان لە ڕیشەی هیند ـوـ ئەورووپین (Indo-European)، جگە لە چەند زمانی وەک فینلاندی و مەجاری کە زمانناسان دەیانگەڕێننەوە بۆ ڕیشەی زمانە ئوراڵی (Uralic)یەکان و هەروەها زمانی باسکی لە ئیسپانیا کە زمانێکی تەراکەوتە و تاقانەیە. واتە بە ڕای زمانناسان، ئهم زمانه لەگەڵ هیچ زمانێک خزمایەتی و هاوبنەماڵەیی نین.
ئەو زمانانەی کیشوەری ئەورووپا کە ڕیشەی هیندۆئەورووپییان هەیە، بریتین لە: یۆنانی، سێلتی، ژێرمەنی و ئوسلاوی. هەرکام لەم بنەماڵە زمانییانە و زمانگەلی ڕۆڵەی ئەم بنەماڵانە، ڕەوت و پرۆسێسی گۆڕان و گەشە و نەشەی تایبەت بە خۆیان هەبووە. گۆڕانی پێکهاتی زمانی لە ماوەی هەزاران ساڵدا، بەهۆی جودایی و دابڕانی نەتەوە ئاخێوەرەکانی سەر بەم زمانانە و هەروەها جیهان، ژینگەی مێژوویی ـ کولتووریی تایبەتیان، بووەتە هۆی ئەوەی نەک تەنیا بنەماڵە زمانییەکان، بەڵکوو زمانەکانی ئەم بنەماڵانەیش له چاوی یهکتردا تووشی زۆر جیاوازیی و نامۆیی ببنهوه کە لە هەندێ حاڵەتدا ناسینەوەی هاوبنەماڵەبوونیان تەنیا لەلایەن زمانناسانەوە دەسنیشان دەکرێت. بۆ نموونە، زمانی ئەڵمانی و ئینگلیزی هەردوو سەربە بنەماڵەی زمانیی ژێرمەنن، بەڵام جیاوازی زۆریشیان لەگەڵ یەکدا "پەیدا کردووە".
زمانی ئەڵمانی لە پرۆسێسی گەشە و گۆڕانی خۆیدا بەشێکی زۆر لە تایبەتمەندییە ڕێزمانیی و وشەییەکانی زمانی ژێرمەنی پاراستووە، بۆ نموونە ڕەگەزی سێیانەی ناو (نێر، مێ، بێ ڕەگەز)، پێشگر و پاشگرە کۆنەکان و ...ی پاراستووە و بەم هۆیەوە پێکهات و بیریاریی تایبەت بەو پێکهاتەیەی خۆی، بەرهەم دەهێنێت.
زمانی ئینگلیزی بەهۆی لادان لەم تایبەتمەندییە کۆنانەی زمانی ژێرمەنی (لە ئەڵمانیدا پارێزراون) و کەڵکوەرگرتن لە گەنجینەیەکی بەرین و ناکۆتای وشە لە زمانی لاتین و فرەنسی، بووهتە زمانێکی سادە و لە هەمانکاتدا زانستی و پێکهاتێکی تایبەتی بۆ خۆی ڕۆناوە.
زمانی فرهنسیش بەشێوەی زمانی ئینگلیزی هەندێ گرێدراویی بە زمانی لاتینییەوە هەیە و هەر وەک ئینگلیزیش پێکهاتێکی شیکارانەی وەرگرتووە و لە پێکهاتی لێکدراوانە (ترکیبی)ی زمانی ئەڵمانی، مەودای گرتووە.
شتێک کە دەبێتە هۆی ئەوەی ئەم زمانانە لە ڕووی زانست و فەلسەفە و ئەدەبەوە سەرچاوەی زمانەكانی تری جیهان بن، سەرەڕای هزر و بیر و شارستانییەتی کولتوورییان، "کراوەیی" ئەم زمانانەیە بە ڕووی مێژوو و شارستانییەتی کۆنی خۆیاندا کە زمانی یۆنانی و لاتین بوون. کەواتە خاڵی هەرە سەرکەوتووی زمانێکی وەک ئینگلیزی بۆ جیهانیبوونی، ئەو تایبەتمەندییەیە کە بە "زمانی کراوە" ناوزەد کراوە.
زۆر لەو چەمک و دەستەواژانەی هەنووکە لە جیهانی زانست و تەکنۆلۆجیادا بەکار دێن و پانتایی ئەو زمانانەیشی بەزاندووە، لە بنەڕەتدا دەستەواژە و وشەی لاتین و یۆنانین، بۆ نموونە، لە زمانی ئینگلیزیدا بۆ بوونناسی هیچ کات ناگوترێت و ناشكرێ بگوترێت Beinologyبەڵکوو لە یۆنانییەوە وەرگیراوە کە دەڵێن ontology یان وەک باڵێکی ناو زانستە سروشتییەکان بۆ توێژینەوەکانی بواری ئاو و ئاوناسی، لە وشەی water کەڵک وەرناگرن، بەڵکوو دەڵێن hydrology یا وشەی تەلەڤزیۆن کە لە بنەمادا بە لێکدانی دوو وشەی tele (دوور)ی یۆنانی و vision (بینین)ی لاتینی پێکهاتووە و بە واتای بینین لە ڕێگهی دوورهوه دێت، زۆر نموونەی تریش...
ئەم ڕەوت و کراوەییە لە قۆناغێکی گەشەسەندنی ئەم زمانانەدا هاتە ئاراوە کە بەهۆی کراوهییان توانییان زۆر دەستەواژەی زانستی، فەلسەفی، یاسایی و... بێننە ناو زمانەکەیان و لە ئینگلیزیدا بە لاتینیخوازی (Latinization) و لە فرەنسیدا بە لاتینیخوازی دووبارە (relatinisation) ناوزەد کراوە.
بەهەرحاڵ، بە گشتی دەمەوێت بڵێم، ئەم زمانانە بەهۆی کراوەییان بە ڕووی ئەو سامانە گەورەیەی کەونارادا، توانییان نەك تەنیا بارستایی و ئەندازەیەکی زۆر لە هەموو چەشنێکی وشە و پێکهات و هاوتاسازی و... دەستەبەر بکەن بۆ خۆیان، بەڵکوو تا ئاستێك ئەم بەرهەمهێنانە زمانییەیان لە سەرهوه بوو کە توانیان قەرزیش بە زمانانی تر بدەن.
ئێمە ئەگەر ئەم سەرچەشن و فۆرمەلە بۆ زمان لە ڕووبەرووبوونەوە لەگەڵ جیهانی مۆدێڕن و داخوازییە زمانییەکانی بەکار بێنین، دەتوانین بەشێک لەو قەیران و پاشاگەردانییەی له زمانی کوردیدا ههیه، چارەسەر بکەین. لە بنەمادا دەشیت بگوترێت هەموو زمانەکان وزە و توانستی"کراوەیی"ان تێدایە و دەتوانن لە زمانی دیکە وشە و دەستەواژە و تەنانەت فۆرمی ڕێزمانی و پەیڤینەکانیش وەربگرن، ئەم تایبەتمەندییە بە تایبەتمەندیی "ئیسفەنجی"یانەی زمان ناو دەبرێ، ئاماژەیە بۆ توانستی هێزەکی زمانەکان بۆ گۆڕان و گەشە و باڵاکردن.
تەنانەت زمانە سروشتی و کشتوکاڵییەکانیش دەتوانن لە هەمبەر داخوازییە زمانی و پێویستییە زانستییەکانی جیهانی مۆدێڕن، تایبەتمەندیی نەرمۆکی و ئیسفەنجیبوونیان بخەنە گەڕ، تا بتوانن لەناو جیهانێکی وەها قەرباڵغ و خێرادا بمێننەوە و لەناو نەچن.
تێبینی: بۆ نووسینی ئەم یادداشتە لە کتێبی زمانی کراوەی داریوش ئاشوری کەڵک وەرگیراوە.