لە عێراق ڕستەیەکی باو هەیە، هەموو بەرپرس و سیاسییەکان وەک ئایەت دەیڵێنەوە "٩٠٪ی بودجەی دەوڵەت لەسەر نەوتە. ئەم ڕستەیە بووەتە وەڵامێکی ئامادە بۆ هەر پرسیارێک لەبارەی هەژاری، بێکاری و شکستی ئابووری. گوایە عێراق هیچی تری نییە جگە لە نەوت، بۆیە ئەگەر نرخی نەوت دابەزێ، خەڵك ڕووبەڕووی کارەساتی گەورە دەبنەوە، بەڵام ئەمە تەنیا نیوەی ڕاستییەکەیە، نیوەکەی تر کە باس ناکرێت، ئەوەیە کە ئەم ژمارەیە کراوەتە پەردەیەک بۆ شاردنەوەی گەندەڵی و ناکارامەیی دەوڵەت.
وەزارەتی دارایی عێراق، بانکی نێودەوڵەتی و سندوقی دراو، هەموویان دەڵێن ٨٥٪ بۆ ٩٢٪ی "پارەی بودجەی حکوومەتی عێراق، لە نەوتەوەیە". ڕاستی ئەوەیە ئەوان باسی "بودجەی حکوومەت" دەکەن، نەک گشت سەرچاوەكانی داهات كە زۆر فرەوانترن لەوەی تەنیا سەرچاوەکەی نەوت بێت، بەڵام کێشەکە ئەوەیە حکوومەت نایەوێت یان ناتوانێت، دەستی بە بەشەكانی تری سەرچاوەی داهات و ئابووری بگات.
عێراق سامانێکی زۆری هەیە
1- دەروازە سنوورییەکان، بەپێی خەمڵاندنی فەرمی دەسەڵاتی دەروازەکان، ساڵانە دەبێت نزیکەی ١٠ ملیار دۆلار داهاتی گومرگ کۆ بکرێتەوە، بەڵام ئەوەی دەچێتە خەزێنەی دەوڵەتەوە تەنیا بەشێکی کەمی ئەو پارەیە، ملیارەکانی تر لەناو تۆڕی قاچاخچێتی و گەندەڵی و بەرتیلخۆریدا ون دەكرێن و نادرێتە دەوڵەت.
2- باج، لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا، سەرچاوەیەکی گرنگە بۆ داهاتی دەوڵەت و ٣٠٪ تا ٥٠٪ی کۆی بودجە پێکدێنێت، بەڵام لە عێراقدا بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی و بانکی نێودەوڵەتی، داهاتی باج تەنیا ١٪ بۆ ٣٪ی کۆی داهاتی گشتیی دەوڵەتە.
هۆکاری ئەم ڕێژە کەمەی کۆکردنەوەی باج، بانکی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتی "Iraq Economic Monitor"دا بە ڕوونی ئاماژە بە "Low tax collection capacity" دەکات، ئابووریەکی گەورەی نافەرمی و "ژێر بەژێر" بوونی هەیە کە لە دەرەوەی سیستمی باجە.
3- کارەبا، لە هەموو وڵاتێکی ئاساییدا، کەرتی کارەبا یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی داهاتی دەوڵەت، بەڵام لە عێراقدا پێچەوانەکەی ڕاستە. بەپێی ڕاپۆرتەکانی دیوانی چاودێریی دارایی و بانکی نێودەوڵەتی، لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە تا ٢٠٢٣، زیاتر لە ٨١ ملیار دۆلار لە کەرتی کارەبادا خەرج کراوە، بەڵام تا ئەمڕۆیش عێراق نەیتوانیوە ڕۆژانە 15 سەعات کارەبا بۆ هاووڵاتییانی دابین بکات.
سووتەمەنی
تەنانەت لەناو کەرتی نەوتیشدا، عێراق ناتوانێت بە دروستی مامەڵە لەگەڵ سامانەکەی بکات، جگە لە هەناردەکردنی نەوتی خاو، بەنزین، گازی شل، نەوتی سپی و پترۆکیمیایی بەرهەم دێنێت، بەڵام بەپێی سیاسەتی دارایی ئێستە، ئەم بەرهەمانە لە بازاڕی ناوخۆدا بە نرخی پاڵپشتیکراو دەفرۆشرێن. بۆ نموونە، بەپێی داتای سندوقی نێودەوڵەتیی دراو بۆ ساڵی ٢٠٢٢، عێراق ساڵانە نزیکەی ١٤ ملیار دۆلار تەرخان دەکات بۆ پاڵپشتیی نرخی سووتەمەنی.
عێراق تەنیا وڵاتی نەوت نییە، لەژێر پەردەی نەوتەوە، ئابوورییەکی زەبەلاح هەیە دەوڵەت لێی بێ بەشە، زانکۆ و نەخۆشخانە ئەهلییەکان ساڵانە سەتان ملیۆن دۆلار لە خەڵک وەردەگرن، بەبێ ئەوەی باجێکی ئەوتۆ بدەن بە دەوڵەت، كۆمپانیا زەبەلاحەکانی مۆبایل و ئینتەرنێت زیاتر لە ٤٠ ملیۆن بەشداربوویان هەیە و قازانجی ساڵانەیان چەندان ملیار دۆلارە. مۆڵ و بازاڕە گەورەکان، بازرگانیی ئۆتۆمبێل، مۆبایل، کەلپەلی کارەبایی و خۆراک، تا ئێستە عێراق وەك دەوڵەت سوودێکی ئەوتۆی لەو سەرچاوانە نەدیوە، تەنیا بەرپرس و کاربەدەستان بۆ گیرفان و بەرژەوەندییە تایبەتەکانی خۆیان سوودیان لێ دەبینن.
هەر بەپێی خەمڵاندنی بانکی نێودەوڵەتی و شارەزایانی ئابووری، ئەگەر دەوڵەت تەنیا باجێکی یاسایی ١٥٪ لەو کەرتانە وەربگرێت، دەیتوانی ساڵانە ٢٥ بۆ ٣٥ ملیار دۆلار داهاتی زیادە بخاتە سەر بودجە.
ئەم پارەیە ناڕۆنە خەزێنەی دەوڵەت، چونکە گەندەڵی بووەتە سیستم، کۆمپانیا گەورەکان پشتیان بە حزب و میلیشیا و بەرپرسی گەورە قایمە، بە ئاشکرا خۆیان لە باج دەدزنەوە، بەشێکی زۆری کاڵا بەبێ گومرگ لە دەروازەکانەوە هاوردە دەكرێن، پارەی گومرگ ڕاستەوخۆ دەچێتە گیرفانی بەرپرسانی دەسەڵات و فەرمانبەری باج لە جیاتی ئەوەی داهات کۆ بکاتەوە، بەرتیل وەردەگرێت بۆ خۆی، فەرمانگەکانی چاودێریش خۆیان بوونەتە هاوبەشی گەندەڵییەکان.
کێشەکە نەوت نییە، بەڵکو دەوڵەتە
کەواتە ڕاستیی ئەوەیە عێراق بەدەست نەبوونی چاودێریی و حکوومەتێکی تۆكمەوە دەناڵێنێت، نەك نەبوونی سەرچاوەی داهات، دەوڵەتێک نەتوانێت باج کۆ بکاتەوە و گومرگ کۆنترۆڵ بکات و کارەبا بکات بە کەرتێکی قازانجبەخش، خۆی لە گەندەڵیدا نووقم بووە.
لێرەدا ئەوە ئاشکرا دەبێت، کاتێک بەرپرسێک دەڵێت "٩٠٪ی بودجە، نەوتە"، مەبەستی ئەوە نییە پێمان بڵێت چەند پشت بە نەوت دەبەستن، بەڵكو مەبەستی ئەوەیە بڵێت، تکایە پرسیارم لێ مەکەن بۆچی داهاتی گومرگ ونە، باج کۆ ناکەینەوە، کارەبا هەر نییە. راستییەكە ئەوەیە نەوت بووەتە بیانوویەکی ئامادە بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی.
لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە، بۆچی تەنیا داهاتی نەوت دەچێتە خەزێنەی دەوڵەتەوە؟ چونکە نەوتی خاو لەژێر چاودێری کۆمپانیا جیهانییەکان و ناوەندەكانی نێودەوڵەتیدا دێتە فرۆشتن و دزینی پارەکەی زەحمەتە، بەڵام داهاتی گومرگ، باج، کارەبا، دەتوانرێت لەژێر مێزەوە دابەش بکرێت و کەس پێی نەزانێ.
عێراق دەتوانێت ئابوورییەکی بەهێزی فرەچەشنی هەبێت، بەڵام نە سیستمی هەیە، نە ئیرادەی سیاسی، كەواتە کێشەکە لەو دەستانەدایە کە نەوت وەک پەردەیەک بەکار دێنن بۆ شاردنەوەی گەندەڵی و شکست و ناکارامەیی خۆیان.