بهێڵن دایکی خۆمان ببینین

PM:01:45:11/05/2026 ‌
من نە کەسێکی سیاسیم و نە حزبیشم، بۆیە لێدوانیش لەسەر ئەم بابەتە، هێندە ئاسان نییە، لەبەرئەوەی کار و پسپۆڕی من شانۆیە، ئەم پیشەیەیش تەواو گرێدراوە بە سیاسەتەوە. سیاسەتێکی کومەڵایەتی، مرۆڤایەتی، جوانی و سیاسەتی بەرپرسیارانە. هەر لە یۆنانی دێرینیشەوە کاتێک سەکۆی شانۆ بۆ ئاخاوتن لە رێگەی نواندن و ئەکتەرەوە خوڵقا، کرایە پانتاییەکی سیاسی. کەرەستەی بیر و داڕشتن و ئامانج لەسەر بنەمای هزری سیاسی خوڵقا. شانۆ ئاوێنەیەکە بۆ بینینی نەبینراوەکانی ناخی مرۆڤایەتی و دۆخی گوزەرانی کۆمەڵگە. مینبەرێکە بۆ رەخنەگرتن و دۆزینەوەی چارەسەر و سەرفرازیی بوون. هەروەك برێشت دامەزرێنەری شانۆی مەلحەمی گوتوویەتی: شانۆ تەنیا گێڕانەوەی چیرۆک نییە، بینەر بخاتە خەو، بەڵکو پێویستە بینەر ناچار بکات بیر بکاتەوە و بڕیار بدات. 

ئێستە سەکۆکەی شانۆکاران کە مینبەرە راستگۆکەی شانۆیە، پێویست بوو گەورەترین رۆڵمان ببینیایە لە بەدیهنێنانی پەیامی ئاشتەوایی، کارکردن لە پێناو گۆڕانکارییە ریشەییەکانی وەک سەرچاوەی هێنانی نائومێدین بۆ ناو کۆمەڵگە، گەڕان بە دوای چارەسەر و ئەنجامدا. 
مەخابن، لەم کاتە گرینگەدا شانۆ چووەتە قۆناغی متبوونەوە، یاخۆ بڵێم مت کراوە.. دەیان شانۆکار خەونی داهێنانیان خزاندووەتە ناو هەگبەی نائومێدی خۆیان و لەباتی ئارەزووی داهێنان لە هونەرەکەدا، چاوەڕوانن رۆژێک بێ دەرگای هۆڵەکان بکرێتەوە و ئەوەی پێویستە بگوترێ، بیگەیەنن، بەڵام رەنگە لە هەموو ئەوانەیش پێویستتر ئەوەبێ، لەگەڵ خۆماندا بە ڕوونی بدوێین.

لە بری ئەو سەکۆیەی ئێستە رووناکییەکەی کوژاوەتەوە، کورسی هۆڵەکانی خاڵییە، لێرەوە دەمەوێ پەیامی خۆم بگەیەنم. لەم سەکۆیەوە، وەک کوردێکی پاک، و کچی ماڵباتێكی تێکۆشەر، وەک ئەو بەرپرسیارێتییە نەتەوەییەی لە لاوێتییەوە هەمیشە لە بەردەممدایە و بانگم دەکاتەوە. پێم دەڵێ باسی ترس و گومانەکانی خۆت بکە! ترسێک ئێستە ترسێکی گشتییە، هەموو پێکەوە بەو ترسەوە لە ناوەڕاستی ئۆقیانووسێکدا لە بەلەمێکی چارۆکەداردا دانیشتووین. ئەگەر بایەکی شەڕانگێز هەڵ بکات، گشتمان پێکەوە وەک یەک، نغرۆ دەبین.

هەر مەترسییەک لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان دروست بووبێ، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ یەخەی ئێمەی گرتووە، لەناو هەرێمەوە باجەکەیمان داوە، پڕیشکمان بەرکەوتووە، وەک هەلێک بووە بۆ دوژمنەکانمان، ئەو دۆخە شڵەقاوە بقۆزنەوە و ئازاری ئێمەی پێ بدەن، زۆر کات ماڵمان پەرش و بڵاو بووە و سەرلەنوێ  کۆمانکردووەتەوە.

هەمیشە هەرێمی کوردستان فریادڕەسی کێشە سیاسییەکانی دراوسێکانی بووە، ئەمەیش لەپێناو  پاراستنی خۆیدا بووە، یا بانگەوازی ئاشتەوایی کردووە، وەک قەوارەیەکی سەربەخۆ و پڕشانازی هەنگاوی ناوە، بەڵێ پڕشانازی، هەموویشمان ئەو هەقیقەتە دەزانین ئێمە چ هەرێمێکی ئاوەدانمان هەیە، ئەگەر بەراوردی بکەین بە شارەکانی خوارووی خۆمان، یا بە وڵاتانی دراوسێوە. 
بەڵام مەخابن، لە ناوخۆماندا وایان لێکردووین پێمان قورس بێت باس لە شانازیبوون بە خۆمانەوە، وەک کورد و سەربە هەرێمی کوردستان، بکەین. پێمان شەرمە کوردانە و دۆستانە بیر بکەینەوە، ئەم هەستەیش لە میتودێکەوە خوڵقا (تۆ جنێو بدە، تۆ بەرەی دوژمنەکانی کورد بەرمەدە، وەک کوردێک شکۆ و پیرۆزییەکانت رەش بکەوە، تۆ تەنیا واعیزە بدە، کەواتە تۆ کەسێکی رۆشنبیری و هەیت).

کێشەیەکی پەروەردەی کۆمەڵایەتی لە دەزگا و دامەزراوە میدیاییەکانەوە سەری هەڵداوە، ئەویش ئەوەیە لە ئاستی پێویستدا نین، ئەوان بەرپرسیاری سەرەکین لە هۆشیاریی کۆمەڵایەتی و نەتەوەییدا، وەک دەیبینین لە نێوشەقامەوە بەدەمی مایکەکانەوە چ دەگوزەرێ؟ هەموو کەس بۆی هەیە  شرۆڤە بکات، لە ئاستی خوێندەواری و پسپۆڕی جیاوازدا، لە تەمەنی جیاوازدا، ئەمەیش بارێکی سایکۆلۆجی نەرێنی بۆ سەر خەڵکی هەرێم دروست کردووە، هەر کەسێک هەڵدەستێ رێگە بەخۆی دەدات قسە لەسەر هەموو شتێک بکات، رێگەپێدراویشە. 

ئەوانەی لە کەناڵەکان دادەمەزرێن و مایکیان دەدرێتە دەست، ئەو کەسە ئاساییانەی سەرشەقامەکە دەکەنە ئامانج بۆ ئامانجی کەناڵەکە، بەمەیش لاڕێی پەروەردەی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی بەئاراستەیەکی نەخوازراودا دەبەن. هەندێ لە میدیاکاران وەک پێویست لە رەوشتی میدیایی و پەروەردە و بەخێوکردن و فێرکردندا ورد نین، واتە هیچ زانیارییان لەبارەی زانستی  پێداگۆگی نییە. ئەو جۆرە بەرنامانە ناچنە چوارچێوەی کاری میدیای پیشەییەوە، بەڵکو وەک بلۆگەرێک بۆ کەناڵەکان کار دەکەن، بەرنامەی زانستیی، هەمەڕەنگ و کولتووریی، پەروەردەی خێزان، هەر نییە، ئەمەیش بەشێکی ترە لە خوڵقاندنی خەمۆکێ و نائومێدیی و دڵەراوکێ لای هاووڵاتییان.

ئێوە دیقەتان داوە؟ لە میدیای کوردیدا هەمیشە رووخساری جوانی گەنج دەبینین، لەگەڵ ئەوەی لە میدیاکانی ئەم وڵاتەی منی تێدام، پێشکەشکارەکان هەموو کەسانی بە تەمەنن، چرچولۆچی رووخساریان گرینگ نییە، ئەو لە ناوەندێکی هەستیاری گرینگدا کار دەکات، خاوەن ئەزموون و مەعریفەن، بە دەنگێکی سەرنجراکێش و هێمنن، دەزانن چ دەڵێن، بۆ دەدوێن و لەگەڵ کێ بدوێن. ئەم کەلێنە بەشێکی گەورەی لە پاشاگەردانی دروست کردووە، شۆڕ بووەتەوە ناو سۆشیال میدیایش. ئەو کەسەی شانسی لە مایکی کەناڵێکی تیڤی نەبێ، شەوانە لەسەر پەڕەکەی خۆیەوە بە ئاسانی و بێ سڵەمینەوە شکۆی هەر کەسێکی بووێت دەتوانێت وێرانی بکات، تەنانەت ئەو کەسانەی لەناو ستۆدیۆی کەناڵەکانیشەوە بانگ دەکرێن، وەها دەدوێن یا پرسیاری وا وروژێنەریان لێ دەکرێت، بۆنی جەنگێکی ساردیان لێدێت. 

ئێوەی میدیاکار خۆ دەزانن، ئەو سندووقەی ناوی تیڤییە، کە داگیرسا یەکەم شت خێزان دەکاتە ئامانج؟ واتە  ئێوە بە مەبەستەوە لە ناو خێزانەوە، دەتانەوێ وێرانییەکە دروست بکەن، دواجار ئەوانیش ئامانجەکەی ئێوە دەگوازنەوە بۆ ناو کۆمەڵگە.
ئێوە نازانن ئێمە چەند ماندووین؟ گەنج لە دڵەڕاوکێدا دەژیی، وەک هاووڵاتییەکی کورد پرسیار لە خۆی دەکات، داهاتووی لە کوێیە؟ چی لێ دێت لەناو ئەو هەموو بیروبۆچوونە دژ بەیەک و دژ بە کوردبوون و دژ بە ژیانەدا، ئەوە بەس نییە كە ئێمە لە جیهانێکی دڵڕەقدا گوزەران دەکەین؟ جەنگی ئەتۆمی، ژیری دەستکرد، دەسەڵاتی رۆبۆت، کەمبوونەوەی دەستی کار، سەرجەم جومگەکانی ژیانی خستووەتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە. رۆژانە هەزاران زانیاری دژبەیەکمان بۆ دەخەنە سەر سفرەی نانخواردنمانەوە. ژینگە وێران بووە، خواردەمەنی و بەرووبوومی ئاژەڵ تا دێت کوالیتی خراپ دەبێت، لەژێر رەحمەتی کاریگەری کەشوهەوا و تاقیگە کیمیاییەکاندا ژیان دەگوزەرێنین، بێ لەوەی ڕووداو و کارەساتەکانی جیهانیش وەک بروسکەیەک بە خێرایی دێن و بە خێرایی رۆژەکانمان تێدەپەڕن، ئیتر دەرفەتی تەواومان بەدەستەوە نییە چاوەڕوان بین.

ئێمە لەناو ئەم دژوارییەدا خۆمان بۆ کۆ ناکرێتەوە، سەرباری ئەوەی چواردەورمان بە دوژمن تەنراوە، یەکتریش وێرانتر دەکەین. بە پێوەری نوکتەکەی (ئەو دایکی خۆی نەبینێت) هەڵسوکەوت دەکەین. 
(دوو کەس فەرمانی سێدارەیان بۆ دەرچووبوو، پێش ئەوەی جێبەجێ بكرێ پرسیار لە یەکیان دەکرێت،
دوا ئارەزووت چییە؟
دایکی خۆم ببینم.
پرسیار لە دووەم دەکرێت،
ئەی تۆ دوا ئارەزووت چییە؟
ئەو دایکی خۆی نەبینێ!
ئەمە تەنیا نوکتەیەک نییە، ئەمە عیبرەتە...

لەم دۆخە تەنگژاوییەی بەسەر كوردستان هێنراوە لە هەموو لایەكەوە و گرژی پێوەندییەكانی هەرێم و بەغدا، لە یارییەکانی ئەودیوو پەردە دبلۆماسییەکانەوە، هەڵبەت پێویستمان بە هەوڵە سیاسییە نەرمەکەی سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانییە. کەسایەتییەکی دیبلۆماسی و میانڕەو. هەمیشە بە هزرە ئاشتیخوازانە و ڕەفتاری کەسایەتییە سیمپاتییەکەی، دەتوانێت گرێکوێرەکان بکاتەوە، دەرگایەکی هیوا دەخاتە سەر پشت. گەواهی ئەم بیروبۆچوونەیشم بە خوێندنەوەی كارەكانی پێشوو و جووڵە گرنگەكانییەوە هاتووە، بۆ نمونە، کارکردن بۆ خوڵقاندنی ژینگەیەکی تەندروست بۆ لاوان لە هەلی کار و خوێندن و بەرەوەپێشەوەچوونی تواناکانیان. دۆزی ژنان و هەوڵدان بۆ وەدەستهێنانی مافەکانیان، هەنگاوی پێشکەوتووی بەخۆیەوە بینی، کارکردن بۆ یەکسانی، پێداگری بۆ هێنانە ناوەوەی ژن لە کایەی سیاسیدا، رێکسختنەوەی باری کەسێتی، پاراستنیان لە چوارچێوەی خێزاندا، هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە بۆ ئەو پرسە گرینگە، کار لە بوارەکانی کولتوور، بەرەوپێشبردنی پێوەندییەکانی هەرێم و  وڵاتان.
 
ئەمەی من دەیڵێم تەنیا قسەی خۆم نییە، بەڵکو لە ناوەندی میدیاکانی ئەڵمانیشدا بە ئەندازیاری پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانی هەرێم و پارێزەری سەقامگیریی وەسف دەکرێت. وەک سیاسەتوانێک لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و واقیع مامەڵە دەکات، نەک تەنیا دروشم. توانایەکی بەهرەداری بۆ گفتوگۆ لەگەڵ نەیاراندا هەیە، ئەمەیش لە دنیای سیاسەتدا پێی دەڵێن (هێزی نەرم). بۆ نمونە، گۆڤاری "Derspiege,2017" یەکێکە لە گۆڤارە بەناوبانگەکانی ئەوروپا، بنکەکەی لە شاری هامبورگی ئەڵمانیایە، لەو ساڵانەی گەمارۆكانی دوای خواستی كوردستان بۆ سەربەخۆیی "ریفراندۆم"، گۆڤارەكە نێچیرڤان بارزانی بە سیاسەتوانێکی پراگماتیک لە قەڵەم دا كە "دەتوانێت گرژییەکانی نێوان بەغدا و هەرێم خاو بکاتەوە". دواتر لە مانگی یەکی ساڵی 2018، باسی لە دووبارە بنیادنانەوەی پێوەندییەکانی لەگەڵ ئەوروپادا کرد.

رۆژنامەی  فرانکفورتە ئەلگێماینە " Frankfurter allgemeine Zeitung"ی ئەڵمانی كە بایەخێکی زۆر بە سیاسەتی دەرەوە دەدات، چەندان ڕاپۆرتی لەسەر شێوازی حوکومڕانی ئەو بڵاوکردووەتەوە. لە یەکێک لە ڕاپۆرتەکاندا بە کەسایەتییەکی رۆژئاواییخواز دایژمێرێت کە هەوڵی داوە هەرێمی کوردستان بکاتە ناوچەیەکی ئارام بۆ وەبەرهێنەرە بیانییەکان. كار یۆ پاراستنی پێکەوەژیانی ئاینی دەکات و پەناگەیەکە بۆ کریستیانەکانی هەرێم.

هەروەها لە سەردانەکانیدا بۆ (کۆنفرانسی ئاسایشی مینوشن) و سەردانە فەرمییەکانی بۆ ئەڵمانیا، رۆژنامەی دی، ڤێلت "Die Welt-2021" دەنووسێت: نێچیرڤان بارزانی توانیوویەتی هاوسەنگی لە نێوان هێزەکانی ناوچەکە وەک ئێران و تورکیا و وڵاتانی رۆژئاوا دروست بکات. هەروەها لە سەردانەکانیدا بۆ بەرلینی پایتەخت و دیدارەکانی لەگەڵ ئەنگێلا مێرکڵ، ستایشی هەڵسوکەت و دانووستانە دبلۆماسییەکانی کراوە.

لە کۆتاییدا، ئێمە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ هێزی مەنتیق، جوانتر بڕوانین لەو هەوڵانەی ئاماژەی ئەودیوی رووناکیمان پێشان دەدەن و هیوامان پێ دەبەخشن و لێڵییەکانی ئایندەمان بۆ ڕوون دەکەنەوە.
گرینگ و پێویستە هەر کەس لە هەر بوارێکدایە، پاسەوانی هەست و نەستەکانی خۆی بێت و لە خەمی داهاتووی نەوەکانماندا بێت. ئەو مۆدێلە لە هەڕەمەکیبوون و نابەرپرسیارییەی میدیا دەبێت کۆتایی پێ بێت، هەمووان بۆ یەک ئامانج و یەک ئاراستە کار بکەین کە پاراستن و بەهێزکردنی هەرێمی کوردستانە.

هەر کەس لای خۆیەوە دەتوانێت ئەفراندن بکات و رۆڵی کاریگەریی هەبێت، لەم خۆپارێزییە گشتییەدا، بەهەمووان دەتوانین کوردستانێکی گەشاوەتر و پارێزراوتر و رەنگینتر بۆ داهاتوو ببەین و خۆمان لە میتودی ( ئەو دایکی خۆی نەبینێت)، بە دوور بگرین.