لەیلا قاسم.. تێكۆشەرێك كە لە یادەوەریی كورددا هێمای خۆڕاگرییە

AM:11:11:12/05/2026 ‌
مێژووی مرۆڤایەتی پڕە لەو كەسایەتییانەی ڕۆڵی سەرەكییان لە گۆڕانكارییە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكاندا گێڕاوە، بەڵام هەندێك لەو كەسایەتییانە سنووری چالاكی سیاسییان تێپەڕاندووە و بوونەتە هێمای بەرزی مرۆڤبوون و ڕەگوڕیشەی پتەویان لە یادەوەری گشتیدا گرتووە. لەناو ئەوانە و لە مێژووی تازەی كورددا، لەیلا قاسم وەك یەكێك لە گرنگترین كەسایەتییە كاریگەرەكان دەردەكەوێت كە بەشداریی لە داڕشتنی هۆشیاری نەتەوەیی مۆدێرنی كورددا كردووە، نەك تەنیا لە ڕێگەی خەباتی سیاسییەوە، بەڵكو لە ڕێگەی ئەو مۆدێلە ئەخلاقی و كولتوورییەی بەرجەستەی كرد بۆ  ئافرەتانی كورد كە سەرقاڵی دۆزەكانی ئازادی و كەرامەت و دادپەروەری بوون.

لەیلا قاسم تەنیا چالاكێكی سیاسی یان خوێندكارێكی زانكۆ نەبوو، بەڵكو خەباتكارێكی  نەتەوەیی بوو، بە تێپەڕبوونی كات و باوەڕی پتەوی بە دۆزەكەی، بوو بە سیمبولی كە كۆمەڵگەی كوردی لە سەدەی بیستەمدا و بۆ هەمیشە شانازیی پێوە دەكات، بەتایبەتی لە ڕۆڵی ئافرەت لە ژیانی گشتیدا. 

كەسایەتیی لەیلا، ڕابەرایەتیی گواستنەوەی ئافرەتانی كوردی كرد لە پێگەی تەقلیدی بزووتنەوە ڕزگاریخوازییەكانەوە بۆ پێگەی سەرەكی و ناوەندی بڕیاردان، بۆیە لە هەموو نموونەیەكی ژنی لێهاتوودا، كورد نییە ناوی لەیلا قاسم بە زمانیدا نەیەت. بۆیە دەتوانرێت ئەزموونی ئەو وەك قوتابخانەیەكی خەبات و بیركردنەوە سەیر بكرێت كە هۆشیاری سیاسی و پابەندبوون و بوێری، لە بەرانبەر ستەمدا پێڕەو كرد.

گرنگی ئەزموونی لەیلا قاسم لە توانای گرێدانی مەعریفە بە چالاكی نەتەوەییەوە سەرچاوە دەگرێت. پێگەی ئەو وەك خوێندكاری زانكۆ و تواناكەی لە ڕووی كولتووری و فیكرییەوە بەجۆرێك ڕەنگی دایەوە كە سنووری چالاكیی سیاسی كلاسیكی تێپەڕاند. كەسایەتییەكەی هاوشێوەی ئەو ڕۆشنبیرە پابەندە بوو كە پێشڕەوی پرسەكانی كۆمەڵگەی دەكرد، مۆدێلێك كە دووپاتی دەكاتەوە پەروەردە و مەعریفە و دۆزی ڕەوا، لە بەرانبەر نادادپەروەری و ستەمكاریدا چۆك دانادا، بۆیە بە چالاكیی پێشانی دا كە دەستەبژێرە گەنجە خوێندكارەكانی زانكۆ دەتوانن ڕۆڵی سەرەكی لە داڕشتنی هۆشیاری و بەرگریكردن لە مافە نەتەوەییەكان بگێڕن.

جگە لەوەیش، بوونی لەیلا قاسم لە یادەوەریی كورددا پێوەندییەكی نزیك بە پێگەی ئافرەتی كورد لە خەباتی ڕزگاریخوازیدا هەیە. ئەزموونی لەیلا سەلماندی كە ئافرەتان توخمێكی لاوەكی یان ڕەمزی نین لە بزووتنەوە سیاسییەكاندا، بەڵكو هاوبەشی ڕاستەقینەن لە بڕیار و گۆڕانكارییە گرنگەكاندا. 

ئەم ئامادەبوونە فێمینیستییە پێشاندەرێكی بەرچاوە لە شانازیكردن بە ژن و كەشێكی فراوانتری بۆ ئافرەتان ڕەخساند، بۆ بەشداریی سیاسی بە بەراورد لەگەڵ زۆر لە كۆمەڵگە تەقلیدییەكانی ناوچەكە. بۆیە لەیلا قاسم ئەوەندەی هێمای خەباتی نەتەوەیی كوردە، سیمبولێكی ژنانی ڕزگاریخوازە لە سەرانسەری دنیادا.

لایەنێكی گرنگتری ئەزموونەكەی، پابەندبوونی بێوچان بوو بە بنەما شۆڕشگێڕانە و ئەخلاقییەكان تا دوا ساتەكانی ژیانی. بە خۆڕاگرییەكی بێ وێنەوە ڕووبەڕووی ڕژێمی ستەمكاری عێراق بووەوە، سەرەڕای ئەو هەڕەشە و سزایانەی كە بەرگەی گرتبوو، ڕەتی دەكردەوە هیچ زانیارییەك لەبارەی هاوڕێكانی یان ئەو بزووتنەوەیە سیاسییەی كاری بۆ دەكرد، ئاشكرا بكات. ئەم هەڵوێستە وەك بەرجەستەكردنی دڵسۆزی و بڕوابوون بە خەباتی سەربەخۆیی نەتەوەیی و هەروەها پەیامێكی سیاسی كە دووپاتی دەكاتەوە، خەباتی ڕاستەقینە لەسەر بنەمای قوربانیدان و پابەندبوون بە پرەنسیپەكانەوە دامەزراوە، نەك بەرژەوەندیی كەسی یان ترس.

چركەساتی لە سێدارەدانی لەیلا قاسم ڕەهەندێكی قووڵی لە هۆشیاری كورددا چەسپاندووە، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی جلە كوردییەكەی لە كاتێكدا بەرەو لە سێدارەدانی دەبەن. ئەم دیمەنە واتای سیاسی و كولتووری گەورەی هەبوو، گوزارشت لە پێوەندیی نێوان ناسنامەی نەتەوەیی و كەرامەت و خۆڕاگری دەكرد و وێنەی ئافرەتی كوردی وەك هێمای هێز، پتەوتر كرد. بەم هۆیەوە لەیلا قاسم بووەتە هێمایەكی نەتەوەیی كە لە ئەدەبیاتی بەرەنگاری و یادەوەری جەماوەریی كوردیدا ئامادەیە.

بیرهێنانەوەی ئەزموونی لەیلا قاسم، تەنیا وەبیرهێنانەوەی كەسایەتییەكی مێژوویی نییە، بەڵكو سەرلەنوێ بەدواداچوونە بۆ بەهاكانی ئازادی و دادپەروەری و ناسنامەی نەتەوەیی لە واقیعی نوێدا. نەوەی نوێمان پەند لەو وانەیە وەردەگرێت و لە ژیانیدا وەك شانازیی لێوەی فێر دەبێ. بەو مانایەی قوتابخانەی لەیلا قاسم لە یادەوەریی كورددا زیندوو دەمێنێتەوە، وەك بەشێك لە سەرمایەی نەتەوەیی و درێژەدان بە كاروانی سەربەخۆیی و كەرامەت.