به‌هۆی ئه‌وه‌ی کورد چ له ئاستی ناوخۆیی و چ له ئاستی ناوچه‌ییدا، سەردەمانێكی ده‌ستی به هیچ میدیایه‌ک ڕانه‌ده‌گه‌یشت و داگیرکه‌ر و ده‌وڵه‌تانی دژبه‌ری کورد و شۆڕشه‌که‌ی، به ئاره‌زووی خۆیان هه‌ر وێنه‌یه‌ک بیانویستایه له کورد و کوردستان و جووڵه و بزووتنه‌وه‌کانی دروستیان ده‌کرد و ده‌رخواردی گوێگر و بینه‌ری خۆیانیان ده‌دا. ئەمە بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کورد له‌گه‌ڵ دیارترین ئامراز و ئامێری مۆدێڕنە، واته میدیا، پێوه‌ندییه‌کی دره‌نگوه‌ختی ده‌ست پێ کرد و تا ئێستەیش باجه‌که‌ی ده‌دات، به تایبه‌تی ده‌وڵه‌تانی ئێران، عێراق، تورکیا و سوریا، توانیویانه مێژوویه‌ک له وێنه و نیگاری نادروست و دوور له ڕاستیی کورد بخه‌نه ڕوو، جه‌ماوه‌ر و کۆمه‌ڵگەی خۆیانی پێ ئاڕاسته بکه‌ن و له ساته‌وه‌خته هه‌ستیار و مێژووییه‌کاندا، دژی کورد یان هه‌ر جۆره ناڕه‌زایی و ئازادیخوازییه‌ک، که‌ڵکی لێ وه‌ربگرن.
لەم ئاراستەیەدا داگیرکەرانی کوردستان وەک لەم شەڕەی دوایی ئێران و ئەمەریکا و ئیسرائیل‌دا بینیمان، لەناو کایەی "پیرۆزکردنی خۆیان و ناپیرۆزکردنی ئەوانیتر"، میدیایان بەکار هێنا و لەو ڕووەوە تەمەنێکی زۆریان لە شێواندن و قەڵبکردن، لە کارنامەی میدیاکانیاندا هەیە.
لە سەردەمی مۆدێڕن و پۆست مۆدێڕن‌دا، میدیا له وڵاته ئازاده‌کان هه‌وڵی ئه‌وه‌ی دا پیرۆزیسازیی نه‌کات و پێکهاتی ده‌سه‌ڵاتی به هه‌موو ورده‌کاری و هه‌ڵه و په‌ڵه و به مانای مرۆڤبوونی ئاسایی هێنایه به‌رده‌م کامێرا و به‌م شێوه‌یه خه‌ڵکی وڵاتانی ئازاد (ڕۆژئاوا)، هه‌م خه‌رمانه‌ی پیرۆزاندنی ده‌سه‌ڵاتیان لا ڕه‌وییه‌وه، هه‌میش تێگه‌یشتن سه‌رۆکێكیش وه‌ک ئه‌وان ده‌توانێت خه‌وەنووچکه بدات و له ناوه‌ڕاستی دانیشتنێکی په‌ڕله‌مان یان کۆبوونه‌وه‌یه‌کی ده‌وڵه‌تدا وه‌ک ئه‌وان پێبکه‌نێت، ئاو ده‌خواته‌وه و ته‌نانه‌ت به دزیشه‌وه ده‌ست ده‌کات به کونەلووتیا!
هه‌رچی وڵاتانی نائازاد و جیهانی سێیه‌میشه، پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌یه، سه‌رۆک و ڕێبه‌ری وڵات زۆر به که‌میی ده‌رده‌که‌ون، هه‌میشه جۆره سنوورێک له نێوان کامێرا و به‌رده‌نگدا هه‌ستی پێ ده‌کرێت و پیرۆزیی به‌رهه‌م ده‌هێنێت و له ئه‌نجامیشدا ئه‌و دێڕ و ڕستانه‌ی ده‌خرێنه ڕوو و مۆنتاج ده‌کرێن و به‌رده‌نگ و وه‌رگر بۆ ئه‌م پیرۆزیسازییه هان ده‌ده‌ن، بۆیه ئیراده‌گه‌رێتی له‌م وڵاتانه‌دا له ئاستێکی خوار و نزمدایه و به زۆریی زه‌ینییه‌تی وه‌رگرانیش خۆنه‌گرتوو و دووره له ڕه‌خنە و ئاوه‌زی ڕه‌خنه‌گرانه و به ئاسانی له‌لایه‌ن کامێرامان یان ده‌رهێنه‌ر یان... ئاڕاسته ده‌کرێن و پیرۆزمه‌ندی باڵ به‌سه‌ر هه‌ر جۆره خواست و ئاره‌زوو و داوکارییه‌کی نوێ‌دا ده‌کێشێت و ئه‌وه‌ی نایه‌ته ئاراوه "گۆڕان" و خه‌ونی ئازادی و باشتربوونی ئه‌و کۆمه‌ڵگەیە. نموونه‌ی هه‌ره دیاری ئه‌م جۆره ده‌وڵه‌تانه کۆماری ئیسلامیی ئێرانه.
ئێران تا ئێسته و له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی سۆشیال‌میدیادا، خه‌رجێکی زۆر ده‌کات تا میدیا و میتۆدی ڕاگه‌یاندن و وێنه‌سازیی و ئاڕاسته‌کردن، ته‌نیا و ته‌نیا له ده‌ستی خۆیدا بمێنێته‌وه، به‌ڵام ئێمه ده‌زانین ئه‌مه له جیهانی ته‌کنه‌لۆجیای پێشه‌که‌وتووی ئێستەماندا ته‌نیا وه‌همێکه که سه‌ری هه‌ر باوه‌ڕدارێک له دواجاردا له گۆڕ ده‌نێت. نموونەیەک بۆ سەلماندنی ئەم قسەیە ئەمەیە: ساڵی ڕابردوو گرووپێکی میدیایی هاکكەر به‌ناوی "عه‌داله‌تی عه‌لی" کامێرای زیندانی ئه‌وینیان هاک کرد و ئه‌و وێنه ناشیرین و دژه‌مرۆییەیان له سه‌رداب و تاریکخانه‌کانی ئه‌و سیستمەدا ئاشکرا کرد و بوو بەهۆی ئه‌وه‌ی به‌شێکی زۆر له لایه‌نگرانی سیستم و ڕژێمی کۆمار تووشی حه‌په‌سان و شۆک بن.
به‌ڵام ئه‌م هاوکێشه‌یه ته‌نیا شه‌ڕێک نییه که به ئامراز و پێداویستی ته‌کنه‌لۆجییه‌وه گرێ درابێت، به‌ڵکو ڕه‌هه‌ندێکی گرینگی دیکه‌ی گوتاری سیاسییه که تێیدا و له پشته‌وه ئیش ده‌کات و ئاڕاسته ده‌کرێت. تا ئێسته‌یش سیستمێکی وه‌ک کۆماری ئیسلامی له ڕێگه‌ی میدیاوه زۆرترین ئاراسته‌ی کۆمه‌ڵگە به‌جێ ده‌گه‌یه‌نێت (ئه‌گه‌رچی تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان کۆسپ و ته‌گه‌ره‌ی ڕژدیان بۆ ئه‌م بابه‌ته د‌روست کردووه و له دواجاردا ده‌یشکێنێت، به‌ڵام باسی من لێره‌دا ئەوە نییه و دایده‌نێم بۆ کاتێکی دیکه)، گرینگ‌ترین بابه‌تێک که ڕه‌هه‌ندی گوتاری و دیسکۆرس و ئامرازی ته‌کنه‌لۆجیی میدیای کۆمار پێکه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه و هه‌موو هه‌وڵێک ده‌ده‌ن له‌و ڕێگه‌یه‌وه و له کاته چاره‌نووسسازه‌کاندا بیکه‌ن به مۆته‌که‌ی سه‌ر خه‌ڵکی ئێران و کیانی حوکمڕانیی خۆیانی پێ بپارێزن، ئه‌و وێنه‌سازییه‌یه که له نه‌ته‌وه نافارسەكان یان ده‌ره‌وه‌ی ناوه‌ند خستوویانه‌ته ڕوو، زۆر سه‌یره که بزانین کایه و ده‌لاله‌تی مانایی ئه‌م گوتاره له درێژه‌ی 47 ساڵ ته‌مه‌نی ئه‌م حکوومه‌ته ئاینییه شیعییه ئایدۆلۆجییه ده‌سه‌ڵاتخوازه‌دا، له ئاستی ناوه‌رۆک و مانادا بچووکترین گۆڕانی به‌سه‌ردا نه‌هاتووه، به‌ڵام له ڕووی ته‌کنیک و فیگۆر و شێوه‌ی نواندنه‌وه، گۆڕاوه و چاوبه‌ست و سیحری دیکه به کار ده‌هێنێ.
ئه‌و وێنانه‌ی میدیای کۆماری ئیسلامی به پیرۆزاندنی خۆی و "له پیرۆزی خستن"ی ئه‌ویتر (کورد)، به‌کاری هێناوه، هەر له ده‌مه‌ده‌می شۆڕشی گه‌لانی ئێرانەوە دەستی پێ کردووە و تا ئێستەیش بەردەوامە. ئه‌م وێنه‌یه بۆ ماوه‌ی 46 ساڵ زیاتر له زه‌ینی هه‌ر ناکوردێکی دانیشتووی جیۆگرافیای ئێران‌دا که ناوی کوردی بیستبێت، ئاماده بووه و ئه‌م وێنه‌یه له فیلمه‌کانی "کانی ماگا، کاڵێ، گلها و گلوله‌ها" و ده‌یان فیلمی دیکه، نه‌ک به شێوه‌ی ده‌لاله‌تی ڕاسته‌وخۆ، به‌ڵکوو له فۆرمی مرۆڤی نائاسایی و كێوی و نامه‌ده‌نی و ئاوارته‌دا خراوه‌ته ڕوو.
ئه‌م له پیرۆزخستن و شێواندنه له خزمه‌تی گوتاری پیرۆزاندنی کۆمای ئیسلامی خۆیدا بووه که له ڕێگه‌ی گوتارێکی دیاریکراوی نیشانه‌سازیی میدیاییه‌وه ساڵانی ساڵ په‌ره‌ی پێداوه و له ڕاستیشدا به‌شێکی خه‌ڵک هێشتا به‌و وێنە میدیاییە ده‌ژین کە گوایە کورد مرۆڤگەلی ئەشقیا و كێوی و سەربڕن و ئەگەر سه‌ربڕیش نه‌بن، ئه‌وا هەر ده‌بێ به پارێزه‌وه له‌گه‌ڵیان بجووڵێیته‌وه.
ئه‌م وێنه‌سازییه ناڕه‌وا و سیاسییه له سه‌رده‌می کرانه‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌کان هه‌م له جیهانی واقیع و هه‌م به‌هۆی که‌ناڵ و تۆڕه میدیاییه‌کان و هه‌میش به‌هۆی ئازادبوونی باشووری کوردستان و مانیفێستکردنی کو‌لتوور و ڕۆشنبیری و حوکمڕانی و ده‌وڵه‌تداریی و... کوردی، به‌شێکی زۆری نادروستییەكەی بۆ خه‌ڵکی ئێران ڕوون بووه‌وه و ته‌نانه‌ت گه‌یشتوون بەو باوەڕەی که کورد کولتوورێکی له‌مێژینه و شارستانیانه‌ی هه‌یه و هه‌میشه به جۆرێک له شانازی و ڕه‌سه‌نایه‌تییه‌وه ناویان هێناون. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی هه‌ر هونه‌رمه‌ند و ده‌رهێنه‌ر و گه‌شتیارێک که ڕێی که‌وتووته کوردستان له‌سه‌ر تایبه‌تبوونی که‌سایه‌تی کورد و کولتووری میواندۆستی و مرۆڤایەتییان دواوه.
ئێمە وەک کورد بۆ تێکدانی ئەم کایەیە ڕێگەی زۆرمان لەبەرە و یەکەمین هەنگاویش ئەوەیە بزانین چ وێنایەکیان لێ نەخشاندووین، تا پووچەڵیان بکەینەوە و قەڵببوونیان دەرخەین.