پێش ئەوەی كورد بە "نائومێدی”ی تاوانبار بكرێت، پێویستە دنیا چاوێك بخاتە سەر ئەو مێژووە تاڵەی ئەم گەلە تێیدا ژیاوە.
كورد ئەو میلەتەیە لە سەرەتای سەدەی ڕابردووەوە بووەتە قوربانیی بەرژەوەندییەكانی وڵاتانی زلهێز، دوای ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی، كورد هیوای هەبوو وەك هەر نەتەوەیەكی تر خاوەنی دەوڵەت و چارەنووسی خۆی بێت، بەڵام لە ژوورە داخراوەكانی سیاسیدا، خاكی كوردستان بەسەر چەند وڵاتێكدا دابەش كرا، بێ ئەوەی پرسیار لە گەلێك بكرێت كە خاوەنی ئەو خاكەیە، لەو ڕۆژەوە تا ئێستە كورد هەمیشە نرخ و بەهای ئەو دابەشكردنەی دەدات؛ بە كوشتن، ئەنفال، كیمیاباران، جینۆساید و دەربەدەری و ڕاگواستن.
گەلی كورد زۆرجار بەڵێنی پشتگیریی پێ دراوە، بەڵام هەر جارێك لە كاتی بەرژەوەندییە سیاسییەكاندا بەتەنیا جێهێڵراوە، ئەم مێژووە وایكردووە كورد بە ئاسانی متمانە بە هیچ زلهێزێك نەكات، چونكە ئەوەی لە 100 ساڵی ڕابردوودا بینیویەتی، زۆر نەتەوەی تر نەیانبینیوە.
تۆ دەڵێیت كورد "نائومێدی” كردوون، بەڵام كێ نائومێدتر كراوە؟ ئەو میلەتەی هەمیشە لە كاتی شەڕدا بانگهێشت كراوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی دنیا یان ئەو زلهێزانەی دوای هەر قوربانییەك بەڵێنەكانیان لە بیر كردووە؟
كورد لە شەڕی داعشدا بە نوێنەرایەتیی هەموو دنیا شەڕی كرد، هەزاران گەنجی كورد گیانیان بەخشی بۆ ئەوەی تیرۆر نەگاتە ئەوروپا و ئەمەریكا، لەو كاتەدا هەموو دنیا باسی قارەمانیی كوردی دەكرد، بەڵام كاتێك باس لە ماف و چارەنووسی كورد كرا، هەمان دنیا بێدەنگ بوون و لە دژی ئەو خواستەی كورد وەستانەوە.
ڕیفراندۆمی كوردستان نموونەیەكی ئاشكرای ئەو دووڕووییە بوو، گەلێك بەشێوەیەكی دیموكراتیك ئیرادەی خۆی دەربڕی، بەڵام بەرژەوەندییە سیاسییەكان لەسەر دەنگی گەل سەركەوتن، ئەوە بۆ كورد نامۆ نییە؛ چونكە ئەم گەلە هەمیشە فێر بووە لە كاتی بڕیارە گەورەكاندا مافەكانی دەكرێتە قوربانی. بۆیە ئێستە ئەگەر كورد بەوردی و بە هۆشیاریی مامەڵە دەكات و خۆی بە ئاسانیی ناخاتە ناو هەر شەڕێكی نوێ، ئەوە نائومێدیی نییە؛ ئەوە ئەزموونی مێژوویەكی پڕ لە غەدرە.
پرسیارێكی ڕوون بۆ بەڕێزتان و دنیا هەیە:
ئەگەر كورد هاوپەیمانێكی گرنگە، بۆچی تا ئێستە هیچ پڕۆژەیەكی ڕوون و رژد بۆ چارەسەری پرسی كورد نەخراوەتە سەر مێز؟ بۆچی گەلێك بە ملیۆنان كەسەوە هەمیشە دەبێت قوربانیی هاوسەنگییە سیاسییەكانی ناوچەكە بێت؟ بۆچی كاتێك كورد خوێنی دەدا، دەبێتە هاوڕێ، بەڵام كاتێك مافی خۆی دەوێت، دەبێتە كێشە؟
كورد داوای جەنگ ناكات؛ داوای دادپەروەریی دەكات، داوای ئەوە دەكات وەك هەر نەتەوەیەكی تر بەڕێزەوە مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، نەك تەنیا وەك ئامرازێك بۆ كاتی شەڕ.
مێژوو سەلماندوویەتی كە كورد هەمیشە دۆستی ڕاستەقینەی ئەو كەسانە بووە بەڕاستی لەگەڵیدا هاوسۆز بوون، بەڵام متمانە بە قسە دروست نابێت؛ بە كردار دروست دەبێت، ئەگەر ئەمەریكا و دنیا بەڕاستی دەیانەوێت كورد هاوپەیمانێكی متمانەپێكراو بێت، پێویستە یەك جار بۆ هەمیشە بە كردار پێشانی بدەن، كە مافی ئەم گەلە ڕەوایە و پێویستە بە دەست بێت و چیتر ستەمی لێ نەكرێت.
تەنانەت ئەو عێراقەی بەڕێزتان لێی ناڕازین و بە هاوپەیمانی ئێرانی دەزانن، لە سەرەتای شەڕی داعشەوە یاریی بە قووت و ژیانی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستانەوە دەكات، ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی نەیانتوانیوە بچووكترین هاوكاریی كورد بكەن لە چارەسەركردنی كێشەكانی لە بەغدا، ئەوە دۆخی پارچەكانی تری كوردستانیش بە پێش چاوی هەمووانەوەیە.