مەترسیی بە حزبیبوونی دەسەڵاتی دادوەری

AM:10:51:19/05/2026 ‌
دادگا و دەزگا دادییەكان لە هەر وڵات و كۆمەڵگەیەكدا، وەك كۆڵەكەی سەرەكیی پاراستنی مافەكان و سەقامگیریی سیاسی و كۆمەڵایەتی تەماشا دەكرێن. كاتێك ئەم دامەزراوانە سەربەخۆیی خۆیان لە دەست دەدەن و دەبنە ئامرازێك بۆ جێبەجێكردنی ئەجێندای سیاسیی حزبێك یان گرووپێكی دیاریكراو، ئیتر كۆمەڵگە بەرەو لێواری هەڵدێر و بێسەروبەری هەنگاو دەنێت.

گەورەترین زەنگی مەترسی بۆ هەرێمی كوردستان ئەوەیە كە دەسەڵاتی دادوەری لە ژێر هەژموونی سیاسییەكاندا بێت. ئەوەی دۆخەكە پڕمەترسیتر و نائومێدتر دەكات، ئەوەیە كە دەبیستین سەركردەی حزبێك خۆی، بە دەنگی بەرز هاوار دەكات و دەڵێت: "دادگاكان سەربەخۆ نین!". ئەم ددانپێدانانە، گەورەترین خەنجەرە لە جەستەی دادپەروەری دەدرێت و متمانەی هاووڵاتی بە یاسا بەتەواوی ناهێڵێت.

پەككەوتنی پەرلەمان و غیابی چاودێرییەكی كارا و راستەقینە، هۆكاری سەرەكین بۆ ئەوەی دەسەڵاتی دادوەری بكەوێتە ژێر سێبەری حزبەوە. كاتێك چاودێری نەبوو، یاسا دەكرێتە پەردەیەك بۆ شاردنەوەی تاوانەكان و سڕینەوەی ركابەرە سیاسییەكان. ئەوەی لەمدواییانەدا بینیمان، لە ئەشكەنجەدانی دڕندانەی گەنجێك و بێبەشكردنی لە مافە مرۆیی و جەستەییە سەرەتاییەكانی، تەنیا تاوانێكی ئاسایی نییە، بەڵكو سەرەتای كارەساتێكی گەورەیە. بێدەنگی لە ئاست ئەم جۆرە كردەوانە، رێگەخۆشكەرە بۆ دووبارەبوونەوەیان و گۆڕینی هەرێمی كوردستان بۆ جەنگەڵێك كە تێیدا تەنیا "هێز" بڕیار دەدات، نەك "یاسا".

ئێستە كاتی ئەوەیە ئەنجوومەنی دادوەری، سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە بێنە دەنگ. پێویستە رێگریی رژد لەو دەستوەردانە حزبییانە بگرن كە دەیانەوێت دادگا بۆ مەرامی تایبەتی بەكار بهێنن. پاراستنی شكۆی دادگا، پاراستنی شكۆی قەوارەی هەرێمی كوردستانە. ئەگەر دادگا نەبووە پەناگەی ستەملێكراوان، ئەوا دەبێتە چەكی دەستی ستەمكاران، ئەمەش پەڵەیەكی ناشیرینە بە رووی دیموكراسی و  بنپێكردنێكی ئاشكرای مافە مرۆییەكانە.