یاسا و یاری بە كەرامەتی مرۆڤی كورد "وەستانێك لەسەر كەیسی حەمەڕەش"

PM:05:07:21/05/2026 ‌
سەرەتا دەبێ ئەوە بڵێم تەنیا ڕەنگە لە وڵاتە دواكەوتوو و دیكتاتۆرییەتەكاندا ددانپێدانانی گیراوێك (بەهەر هۆكارێك)، لەبارەی باری ڕەگەزی و دەستدرێژیكردن و تابۆكانی جەستە، بە ئاسانی ئاشكرا دەكرێت و هەر بەو ئاسانییەش پشتگوێ دەخرێت، لە ناو ژاوەژاوی نەریت و عەیبە یان مامەڵەی سیاسی و ڕێككەوتنی ژێربەژێر دیزە بە دەرخۆنە دەكرێت. ئەمە بۆیە دەڵێم، چونكە شاهیدەكە واتە ((بەڕێز حەمەڕەش)) وەك پاسەوانی یەكێك لە بەرپرسانی ڕەوتێكی دیاریكراوی سیاسی ئیشی كردووە، خۆی لە دانیشتنی دادگادا ددانی بەو كارەساتەدا ناوە كە بەهۆی ئەشكەنجەدانی هێزە تەناهییەكانی ئیدارەی یەكێتیی نوێوە لە پیاوەتی كەوتووە.

بێگومان ئەم شاهیدە دەبێ ئاگاداری ئەوەش بووبێت كە ڕۆژنامەنووس یان ڕۆژنامەنووسانێك لەوێن كە وتەكەی بەو گرنگی و تابۆشكێنییەوە دەگوازنەوە بۆ ڕای گشتی، بۆیە وەك ئەخلاقی ڕۆژنامەنووسی لێرەدا دەڵێم، باسكردنی ئەم كەیسە نەك تەنیا ئاماژە نییە بە عەیبە لەسەر كاك حەمەڕەش، بەڵكو دداننانێكی خاكەڕایانەیە بە بوێری و سەربەرزیی ئەو مرۆڤە كە لە چركەساتێكی مێژوویی دیاریكراودا، بەو ئاشكراكردنە جاڕی ڕێسوایی هێزەكانی تاریكیی دژی مافی مرۆڤ لە جیۆگرافیایەك داوە كە هەموو مێژووەكەی، خەبات و قوربانیدان و چەرمەسەری و هاوكات شكۆ و خەون بۆ ئازادی بووە. 

لەم ڕوانگەیەوە دەبێت بۆ ڕای گشتی ڕوون بێت ئەم كەسایەتییە نەك تەنیا جێگەی بەزەیی نییە، بەڵكو جێگەی ڕێزی گەورە و ستایشە كە تەڵەی ئەشكەنجەدەران و جەلادانی تەقاندووەتەوە و هۆشدارییەك دەدات بە ئێمە لە ئەگەری هەر جۆرە گیرانێكمان، لەو ئاوا سیستم و جیۆگرافیایەكی داگیركراودا لەلایەن چەند كەسی مافیایی و بنەماڵەییەوە. هەر كام لە ئێمە وەك مرۆڤ، بە گوێگرتن لە زایەڵەكانی مرۆڤبوونمان، بە گەڕانەوە بۆ ناخمان، دەتوانین وێنای خۆمان بكەین لە دۆخێكی هاوشێوە، یان جیاواز لەوەی حەمەڕەش تووش ببین و بەشێوەیەك لە شێوەكان ڕووبەڕووی ئاوا دەسدرێژی و لێدانێك دەبینەوە! ئایا ئاشكراكردنەكەمان مانای ئەوە ناگەیەنێت كە ئێمە لەوپەڕی برینداربوونیشدا سەر بۆ جەلادەكان دانانەوێنین؟ ئایا مانای ئەوە ناگەیەنێت كە ئێمە بە برینداریش و لێدان لە تابۆ شەخسییەكانیشمان، هەر دەتوانین خەونی ئازادی و بەرگری لە مافی ئینسانیی خۆمانمان هەبێت؟.

مێژووی مرۆڤ پڕە لە كارەساتی ئاوا كە بەناوی ئاین، سیاسەت، بەرژەوەندیی گشتی كراوە، بەڵام لە بنەوەڕا دەستی چەند كەس یان گرووپێكی ناتەندروست و ڕانتخوازیان لە پشتەوە بووە كە بۆ دابینكردنی بەرژەوەندییەكانی خۆیان، هەموو سنوورە ئینسانییەكانیان وە ژێر پێ ناوە و لە كامێرای ژوورە ڕاقییەكانی خۆیانەوە، دیمەنی ئەشكەنجە و لێدانی گیراوانیان بینیوە و چێژیان وەرگرتووە، بە قاقا یان بزە لەسەر برین و كیم و خوێن، پێكەنین پڕ ئاڵۆشیان لە ژوورەكانی خۆیان و یار و دڵبەرە شاراوەكانیان بە فەزاكەدا تەقاندووەتەوە!.

 ئەمە ئەو ساتانەیە دەبێت ئێمە قووڵایی دڕندەیی و بنپێكرانی ماف و كەرامەتی ئینسانی بناسین و تۆماری بكەین، لێی نەسڵەمێینەوە، ئەمە ساتی بینین و وێناكردنی خەیاڵدانی تاریكی ئەو كورسینشین و سامان بۆماوانەیە كە گۆڕەپانی مێژووی ئینسان بە یاریپێكراوی خەون و خولیاكانی خۆیان دەزانن، ئەمە ئەو چركەساتەیە كە دەشێت عەجاج و بارقەكان لە دایك بن، بەڵام هێشتا ماویانە پێبگەن و دەستێكی ئاشكرا و بەرفراوان لە مێژووی كەرامەتی مرۆڤ لە ناوچەكە بوەشێنن و ناوی خۆیان بخەنە ناو ئێنسۆكلۆپێدیای تاوانبار و جەلادە نەمرەكانی مێژووەوە. 

دڵڕەقەكان لە هەر كوێ بن، برای ڕۆحین، دڕندەكان لە هەر ژوورێك دانیشتبێتن و هەر كتێبێك بخوێننەوە، یان هەر هیچ كتێبێكیش نەخوێننەوە، هاوپەیمان و سۆزدەری مەعنەویی یەكترن، براكان و سۆزدەرانی هیتلەر و مۆسۆلینی پێش خۆیان، دەیانی وەك ناپلیۆن و بیسمارك بوون، ئایا شتێكی نامۆیە لە وەچەكانی داهاتوویان لە كوردستانی خۆمانیش كوڕ و براكان و سۆزدەرانیان دەركەون؟ ئایا حەمەڕەش بەو بوێری و یاخیبوونەیەوە، بە ئێمە ناڵێت كە ئەگەر لە ناو تۆڕێكی ئاوادا و ئەگەر من وەك پیاو ئاوام لێ دێت، ئەوا ژن و یان كچێك كە هەموو تەمەنی لە ناو تۆڕێك لە سەركوتی دەروونی و كولتووری داپۆشین و قس و بڤە و عەیبە و شەرمەدا پەروەردە بووە، ئاین و ڕوانگە ترادیشنییەكان، سەرتاپا وەك عەورەت و گوناه بینیویانە، دەبێت هەر بتوانن ئەم ڕاستییە ئاشكرا كەن؟ ئایا هەر دەوێرن باس لەو گەدەرە ناكۆتایە بكەن كە بەسەریاندا هاتووە؟ ئایا لایەنانی مافی مرۆڤی و ویژدانی مرۆییش ئەگەر لەسەریان بكاتەوە، دیسان نابن بە قوربانیی بنەماڵە و هێزە تەقلیدییەكان؟.

 لێرەوەیە كە دەبیت ددانپێدانانی كاكە حەمەڕەش وەك لادانی بەردی سەر مڵۆی ئەو چاڵاوە تاریكە بزانین كە پڕە لە ژەهر و دووپشك و مار، كە مێژوویەك لە تاریكی و خۆڵ و خاكفرۆشی و بێباكی و بێشەرمەیی ژەرهرداری كردوون! ئەمە ئەو وەستانەیە كە دەبێت لەسەر دادگاییكردنێك هەمانبێت كە ئیرادەی جێبەجێكردنی یاسای لە نزمترین ئاستدایە، چونكە لە ناو یاری و كایەی حزبی و شەخسیدا گیری خواردووە.