ڕۆڵی چین لە جەنگی ئەمەریكا و ئێراندا.. چۆن مانگە دەستكردەكەی بەیجینگ هاوكێشەی جەنگەكەی گۆڕی؟

AM:09:30:31/05/2026 ‌
ململانێی سەربازی و جیۆپۆلەتیكی نێوان ئێران و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، تەنیا شەڕ و ململانێیەكی سادەی ناوچەیی یان كێشمەكێشێكی كاتی نێوان تاران و واشنتن نەبوو، بەڵكو ئەم جەنگە پێشبڕكێیەكی ستراتیجی قووڵ و فرەڕەهەند بوو بۆ سەرلەنوێ گۆڕین و داڕشتنەوەی هاوسەنگیی هێز، هەم لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەم لەسەر ئاستی دنیا. كاتێك بە وردی لە پاشخان و ڕەوتی ڕووداوەكانی ئەم جەنگە و ڕۆڵی هێزە هەرێمییەكان دەكۆڵینەوە، دەبینین كە كۆماری گەلی چین چۆن وەك كارەكتەرێكی بێدەنگ، بەڵام یەكلاكەرەوە، پاڵپشتییەكی تەكنۆلۆجی و هەواڵگریی بێوێنەی پێشكەش بە ئێران كردووە، بە جۆرێك كە سەرجەم هاوكێشە سەربازییەكانی سەر زەوی و ئاسمانی گۆڕی.

لە ساڵی ٢٠٢٤دا بەر لەوەی ئەم جەنگە بە فەرمی و بەم شێوازە بەربڵاوەی ئێستە دەست پێ بكات، سوپای پاسدارانی ئێران هەنگاوێكی ستراتیجی گەورەی هاویشت. تاران بە شێوازێكی تەواو نهێنی، گرێبەستێكی گەورەی بۆ كڕینی مانگی دەستكردی چاودێری بە نرخی ٣٦.٦ ملیۆن دۆلار، لەگەڵ كۆمپانیایەكی پێشكەوتووی چینی بە ناوی EarthEye واژوو كرد. ئەم مانگە دەستكردە كە ناسنامە تەكنیكییەكەی TE-01B بوو، بە جۆرێك ڕادەستی لایەنی ئێرانی كرا كە ڕاستەوخۆ لە خولگەی ئاسمانەوە كۆنترۆڵ و بەڕێوەبردنی بەتەواوی خرایە ژێر دەستی پسپۆڕانی سەربازی ئێرانەوە. ئەم مانگە دەستكردە چینییە خاوەنی تەكنۆلۆجیایەكی یەكجار پێشكەوتووی وێنەگرتن و چاودێری بوو، بە جۆرێك توانای هەبوو بچووكترین جووڵەی ئۆتۆمبێلە سەربازییەكان، گۆڕانكارییەكانی ناو بنكە ئاسمانییەكان، فڕین و نیشتنەوەی فڕۆكە جەنگییەكان بە شێوازی ڕاستەوخۆ (Live/Real-time) بگوازێتەوە بۆ ژووری ئۆپراسیۆنەكانی تاران. ئەمەش بۆ سوپایەك وەك سوپای ئێران، بازدانێكی گەورە بوو لە كوێری و كزی هەواڵگرییەوە بۆ بینینی تەواوەتی گۆڕەپانی جەنگەكە.

پێدانی ئەم مانگە دەستكردە پۆڵایینە بە ئێران و دابینكردنی ئەم جۆرە پاڵپشتییە تەكنۆلۆجییە باڵایە، تەنیا یارمەتییەكی لۆجستی نەبوو، بەڵكو گۆڕینی تەواوی یاساكانی یارییەكە بوو. بەهۆی ئەم داتا وردانەوە، ئێران توانی بە شێوازێكی چاوەڕواننەكراو و بە وردییەكی بێوێنە، بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە دەوروبەری خۆی و ناوچەی كەنداوی عەرەبی بكاتە ئامانج. لە یەكێك لە هێرشە مووشەكییە هەرە دیارەكاندا، تاران توانی چەند فڕۆكەیەكی گواستنەوەی سووتەمەنیی ستراتیجی لە یەكێك لە بنكە ئاسمانییەكانی سعوودیە تێكبشكێنێت و زیانێكی گەورە لە هێزی ئاسمانی هاوپەیمانان بدات. ساتی پێكان و سەرجەم ئەم هێرشە مووشەكی و درۆنییە وردانە، تەنیا بە پشتبەستن بەو وێنە گەرمانە و داتا هەواڵگرییە ڕاستەوخۆیانە ئەنجام دران كە مانگی دەستكردی "چاوی ئاسمان" (EarthEye)ی چینی، چركە بە چركە بۆ ناوەندی بڕیاردانی تارانی دەناردن.

هێزی ڕاستەقینەی ئەم هاوپەیمانییە كاتێك دەركەوت كە ئەمەریكا و ئیسرائیل، لە ڕێگەی هێرشی ئەلیكترۆنی (Cyberattacks) و بۆردمانی فیزیكییەوە، هەوڵێكی چڕیان دا بۆ تێكشكاندنی وێستگەكانی سەر زەویی ئێران بە مەبەستی پەكخستنی كۆنترۆڵی مانگە دەستكردەكە، بەڵام كاتێك وێستگەكانی ناوخۆی ئێران كەوتنە بەر هێرشە بەربڵاوەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل، تاران توانای پێوەندیكردن و وەرگرتنی زانیارییەكانی بەتەواوی لە دەست نەدا. هۆكاری ئەمەش ئەوەبوو كە وێستگە پشتگیریی و یەدەگەكان لە دەرەوەی خاكی ئێران جێگیر كرابوون و دەستی هێرشەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیلی پێ نەدەگەیشت.

ئەم پرۆسەیە لە هاوپەیمانییەكی ئاسایی و سەرپێی نێوان دوو دەوڵەت تێدەپەڕێت و دەچێتە چوارچێوەی لۆجیكی «ئەندازیاری ستراتیجی، (Strategic Engineering). ئەمەش واتە بەیجینگ نەك تەنیا ئامێری فرۆشتووە، بەڵكو دەستی ئێرانی گەیاندووە بەو ستەیشن و وێستگە زەوینییانەی كە لەلایەن كۆمپانیای Empisat ی چینییەوە بەڕێوە دەبران و كۆنترۆڵی مانگە دەستكردەكانی بەیجینگیان لە دەستدا بوو. ئەمە جووڵەی یەكەمی چین بوو لەم شەڕەدا: بێدەنگ، پاك، بێ جێهێشتنی شوێنەپەنجە لە گۆڕەپانەكەدا، بەڵام یەكجار كاریگەر و كوشندە بۆ بەرەی ڕۆژاوا.

بۆ دۆخی جیۆپۆلەتیكی ئێستە، پێم وایە كاتێك وڵاتێكی زلهێزی وەك چین، ئەو توانا هەواڵگرییە بێ هاوتایە دەداتە دەست لایەنێكی وەك ئێران، تا دوژمنە گەورەكەی لە ئاسمانەوە بە ڕوونی ببینێت، بێگومان چیتر چەمكێك نامێنێتەوە بە ناوی "جەنگی ناوخۆیی یان كاتی". لێرەوەیە ئێمە تێدەگەین چۆن تاران توانیویەتی بۆ ماوەیەكی درێژ ڕووبەڕووی میكانیزمە نێودەوڵەتییەكان و گەمارۆ ئابووری و سەربازییەكان ببێتەوە و سنوورداركردنی تواناكانی پەكبخات.

واقیعی گۆڕەپانەكە پێمان دەڵێت كە ئەو پاڵپشتییەی لە پشت پەردەوە پێشكەش بە ئێران دەكرێت، زۆر لەوە گەورەترە كە لە میدیا فەرمییەكاندا دەبینرێت؛ تاران پێویستی بەم جۆرە شادەمارانە هەیە بۆ بەردەوامبوون لەم شەڕە بەهەر جۆرێك بێت. چین بەم كارە نەك تەنیا ئێرانی ڕاگرت، بەڵكو ئەمەریكاشی ناچار كرد كە لە ناوچەكەدا پێداچوونەوە بە تەواوی سیستمی بەرگریی و ستراتیجی خۆیدا بكاتەوە.

لە كۆتاییدا وێنە شاراوەكەی پشتی پەردەی جەنگەكە پێمان دەڵێت كە براوەی ڕاستەقینەی ئەم هاوكێشەیە، كۆماری گەلی چینە. چین بە شێوازێكی تەواو دیپلۆماسییانە و ستراتیجییانە یارییەكە دەباتەوە، بەبێ ئەوەی پێویست بكات تەنانەت یەك فیشەكیش لەلایەن سوپای گەلەكەیەوە بتەقێنێت.

بەیجینگ، ئێرانی وەك كارتێكی فشاری گەورە و كاریگەر دژ بە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بەكار هێناوە؛ كارتێك كە هەم تاڵاوی دۆڕان و پاشەكشێ بە واشنتن دەنۆشێت، هەم پێگەی سەربازی و سیاسی ئەمەریكا لە ناوچە ستراتیجییەكەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لاواز دەكات. ڕاستی دۆخەكە تا بەم ساتەش كە هیچ ڕێككەوتنێكی فەرمی و كۆتایی لە نێوان جەمسەرەكاندا بە ئاكام نەگەیشتووە و بە دروستی ڕانەگەیەنراوە، ئەوەیە كە ئەمەریكا لە بەردەم جەنگێكی فرەجەمسەردایە.