نەزمی نوێی ناوچەکە و هەل و هەڕەشەکانی بەردەم کورد

PM:01:18:10/06/2026 ‌
لە یاداشتی پێشوومدا لەژێڕ ناوی "نەزمی نوێی ناوچەکە و شاکلیلەکەی" کە هەر لە "وشە" بڵاو بووەوە و لینكەكەی لە خوارەوەیە، پاش چاوخشاندنەوەیەک بەسەر ئەو گۆڕانکارییانەی زەوینەخۆشکەربوون بۆ ئەم نەزمەی ئێستە، بە تایبەتی لە ئەفغانستان، ئێران، عێراق، لبنان و کۆی وڵاتانی کەنداو لە حاڵی گۆڕیندایە، گەیشتم بەو پرسیارەی لەناو نەزمێکدا کە بەدوای دروستکردنی ئاشتییەوەیە لە ڕێگەی هێزەوە، هەل و هەڕەشەکانی بەردەم کورد کامانەن؟ 

لەم ساڵانەی دواییدا جاروبار لە بەرپرسان و نوێنەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکان و کەسایەتییە دیپلۆماتکارە ئەورووپاییەکانمان بیستووە کە کورد نابێ ئەم دۆخە بە شتێکی جێگیر و نەگۆڕ وێنا بکات. ئەم دەربڕینە و قسەگەلی هاوشێوەی، بەو مانایە نییە کە دۆزی کورد لە بەردەم مەترسیی کوشندەدایە، بەڵام بەو مانایەش نییە کە لە دۆخێکی جیگیردایە و پاڵی لێ بدەینەوە و خۆمان کۆ نەکەینەوە. 

ئەو قسانە نقوورچێکی دیپلۆماتی بوون چەندان ساڵە و ساڵی یەک دوو جار لێمان گیراوە. ئەگەر ئەوانە بیر خۆمان بخەینەوە و چاو لە ڕووداوەکانی پاش حەوتی ئۆکتۆبەر بکەین و ئەم جەنگەی ئەمەریکا-ئیسرائیل و ئێران، هەڵسەنگێنین، بە تەواوەتی ڕژدیی قسەکەمان بۆ دەردەکەوێت، بە تایبەتی لە دۆخێکدا کە کورد خۆی نەکرد بە لایەن لە جەنگەکەدا و بەپێی هەندێ قسە و باس ئیتر وەک جاران بە دەنگی بەرز باسی دۆزەكەی ناکرێت لە واشنتۆنەوە. 

هەموو ئەمانە ئاماژەن، ڕەنگە لە ڕوانگەی منێکی ڕۆژنامەنووسەوە شتێکی گاڵتەجاڕانە بێت، چونکە منی کورد خۆم نەخستە ناو ئاگرەکەوە و ئەمەریکا جۆرێک لە دڵئێشانی بۆ دروست بووە، خۆی لە خۆیدا گاڵتەجاڕانەیە، بەڵام ڕاستیی دنیای هەنووکەی ئێمەیە. نەزمی سەردەمی ترەمپ یان باشتر وایە بڵێین ترامپیزم لەناو ئەم نەزمەدا، ڕۆڵێکی ڕژد و یەکلاکەرەوە دەگێڕێت لەگەڵ ئەوەی دیسکۆرسی ترەمپ خۆی بە گاڵتەجاڕی و بێسەروبەری و پێشبینینەکراو، ناسراوە. 

ئەمەریکا و بەشێکی زۆر لە ئەورووپا، تا ئەم قۆناغە بە خاووخلیچکی یان بە توندوتۆڵی پشتگیرییان لە باشووری کوردستان و قەوارەی هەرێم کردووە و دەکرێت بڵێین ئەگەر قەڵغانی ئەوان نەبوایە، ڕەنگە تورکیا یان ئێران و بگرە وڵاتانی وەکوو سعوودیە و قەتەر، بە ئاسانی لغاو نەدەبوون و ئەو بستە خاکەیان پێ ڕەوا نەدەبینین. ئەمە وا دەکات کورد لەگەڵ ئەوەی دیپلۆماسیی بەهێز و کارای هەیە، هەمدیس لە دانوستان و ڕەواندنەوەی گومانەکان و هەموو ئەو شتەی گوایە وایکردووە باسی پێگەی کورد ئەگەر کەمیشی نەکردبێت، ئەوا بە دەنگی بەرز نەکرێت، چالاکتر بێت.

بە دڵنیاییەوە لەناو ئەم هاوکێشە و ڕۆمانتیزمی سیاسیی ترەمپ و واشنتۆنیشدا، دەبێت کورد بە دەرفەتی بزانێت و بە کردار بڵێت و بیسەلمێنیت کە فەلسەفەیەکی دیاریکراوی بۆ خۆی هەیە و وەک سیستمێکی سیاسیی نیوەسەربەخۆ خاوەن بڕیار و ئیرادەی سەربەخۆیە. ڕاستە واشنتۆن و ئەورووپا هاوپەیمانی بەهێز و بەوەجن، بەڵام بەو مانایە نییە هەرچییان گوت کورد بڵێت بەسەرچاو.

 هەڵبەت ئەمە دیپلۆماسییەکی ناسکە و دیپلۆماتکارانی کورد ئەوەندە ژیری و ئەزموونیان هەیە کە بزانن پەیامەکەیان چۆن بگەیەنن. ئەمە ئەو هەلەیە کە دەتوانین نەهێڵین ببێت بە هەڕەشە و پێم وایە هەڵوێستەکەی سەرۆک بارزانی لەبارەی پێشمەرگە و چەکی ئیرادە و باوەڕ، خۆی بە ڕادەیەکی زۆر پەیامەکەی گەیاند. بەڵام ئێمە هەڕەشەمان لە بەردەمە و خاڵی لاوازمان ئەوەندە هەیە کە بەر زیان بکەوین، تا بە دەنگی بەرز ددان بەوەدا نەنێین و بە ئیرادەیەکی کرداری و پراگماتیکیەوە هەوڵی چارەسەرکردنی نەدەین، ئەوا ناتوانین بە دڵنیاییەوە بڵێین مێژووی شکست و کارەساتەکانمان دووبارە نابنەوە. 

ڕەنگە زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە و لەم نەزمە شۆکهێنەر و بە پەلەیەدا، پێویست بکات باسی ئەو دەردە کوشندەیە بکەین کە مێژوویەکە لەگەڵمانە، ئەویش یەکنەبوونی ماڵی کورد و ئەو لێکترازانەیە کە هاوپەیمانەکانیشی ماندوو کردووە. ئەگەر جاران یەکنەبوون و یەکانگیرنەبوونی ماڵی کورد دەبووە هۆی ئەوەی لایەنێک بە ئارەزووی خۆی مامەڵە بە کەرکووکەوە بکات و 17ی ئۆکتۆبەر دروست بکات و برینێکی مێژوویی بۆ کوردستان تۆمار بکات، ئێستە ئەو یەکانگیرنەبوون و ناکۆکییە ڕەنگە کەتنی گەورەتر و قەڵشتی قەربوونەکراوەی بەدواوە بێت. بیرمان نەچێت ئەو نەزمەی ئێستە لەسەر سەرمایە و ئاسایش و ئەمنی واتە گەشەسەندنێکی بێ گرفت ئیش دەکات و لە ژوورەکانی بیرکردنەوەیاندا حسێبی زەرەر و زیانی خۆیان دەکەن و ئەوەی بۆیان گرنگ نییە مافی مرۆڤ و نەتەوەکانی دیکەیە. 

حاشا لەوە ناکرێت کە جیهان و ڕێکخراوگەلی وەک نەتەوە یەکگرتووەکان و دەیانی پاشکۆ و پێشکۆی پێویستیان بەم ڕووکار و دەمامکە دیموکراسی و مێدیاییە هەیە، بەڵام ڕۆحی ماکیاڤیلیستی و پراگماتیکانەی سیاسەتی ئەمەریکا تا ئێستە بۆ هەمووان دەرکەوتووە، بە تایبەتی لە سەردەمی ترەمپدا کە سڵ لە هیچ گۆڕانێكی هەڵوێست و بەراوەژووکردنەوەی دیسکۆرسێک ناکاتەوە. 

پێم وایە ئێستە کاتی ئەوە هاتووە کورد بە گەڕانەوە بۆ مەرجەعی باڵا و بەئەزموون و نواندنی نەرمی بەرانبەر دۆخی ناوخۆی کوردستان، خۆی کۆ بکاتەوە و ئامادەی شەپۆلی دیکەی ڕووداوەکان بێت، چونکە ئەم نەزمە هێشتا ماویەتی ڕووخساری خۆی بە تەواوەتی پێشان بدات، ئێمە نازانین ئەم ئاگربەستە چەند دەوام دەکات و سنوورەکانی کوێن و ئەمەریکا دەیەوێت چۆنچۆنی بەڕێوەی ببات، بۆیە هەلی کورد دۆز و دۆخەکەیەتی و ئەزموونی چەند دەیە حوکمڕانی کە شیاوی بەرگریکردنە بەپێی پێوەرە باڵا مرۆییەکان و هاوکات شیاوی ڕەخنە و هەڵسەنگاندنیشە بەپێی هەمان پێوەر. 
هەڕەشەکە ئەو دەردە لەمێژینەیەیە کە دەبێت وەک دەسپێشخەرییەکی مێژوویی مشوورێکی یەکلاکەرەوەی بۆ بخوازین، ئەگینا ڕەنگە بەرگەی ئەم یارییە نوێیەی جیهانی ڕۆژئاوا و ئەمەریکا و سەرکێشییەکانی ئیسرائیل و پەتداماڵینەکانی ئێران نەگرین.