کورد و ئایدۆلۆجیا

PM:02:00:11/06/2026 ‌
کوردبوون ئەزموونێکی سەیر و پڕ ئازارە. هیچ ئایدۆلۆجیایەک نەبووە لە سەدەی بیستەمەوە تا ئێستە کورد لە پێناویدا خوێنی خۆی بەخت نەکردبێت یان لە پێناویدا خوێنی نەڕژابێت! چەپ و ڕاست و ئاینی و کۆنەپەرست! من نامەوێت کوردبوون لە هەمبەر ئایدۆلۆجیاکاندا دابنێم، بەڵکوو بەر لەوە مرۆڤبوون لە بەرانبەر ئایدۆلۆجیاکاندا دادەنێم، بەو پێیە دەپرسم چ ئایدۆلۆجیایەک شایستەیە مرۆڤ بە درێژایی مێژووی خۆی لە پێناویدا قوربانی بدات یان خۆی قوربانی بکات؟ 

بێگومان سەدەی 20 هێندەی کارەسات و مرۆڤقڕانی بەخۆوە بینی، دەکرێت بڵێین زیاترین تێڕامانیشی هەر بەو هۆیەوە لەسەر کارەساتە گەورەکان بەدوای خۆیدا هێناوە، بۆیە ئەم پرسیار و تێڕامانانە لەسەر ئەم نەریتە نەفرەتییەی خۆقوربانیکردنی مرۆڤ یان بە قوربانیکردنی لەپێناو ئایدۆلۆجیاکاندا، شتێکی نامۆ نییە. بە ئاسانی دەکرێت ڕەچەڵەکی لە هزر و ئەندێشەی بیرمەندانی دژەفاشیزم و ئازادیخوازی سەدەی بیستەمدا بدۆزینەوە. 
ێژووی ئەم خۆقوربانیکردنە لەگەڵ ئایدیای ئازادیدا گرفتی بۆ دروست بوو، خەون و خواستێک کە لە دڵی مرۆڤدۆستییدا هاتە ئاراوە و بە هەموو جیهاندا و لە ئاستی جۆراوجۆر و سەیروسەمەرە و زۆرجار دژوازدا بڵاو بووەوە. دژواز لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و لە وڵاتانی مسوڵماندا بە تایبەتی. 

ئایدۆلۆجیای چەپ و ڕاست لە سەدەی بیستەمدا کۆمەڵگەی کوردییان ڕاچڵەکاندا و ئیرادەیەکی چەندلایەنە بۆ تێپەڕین لە نەریتە چەقبەستووەکان و بەدەستهێنانی ڕزگاریی نەتەوەیی ڕووی لە گەشانەوە کرد. بەهۆی تەمەنکورتیی دەرکەوتەکانی ئەم ئیرادەیەوە، لە هەندێک پارچە و سەختیی ئەزموونە مێژووییەکە، هەم لە ڕووبەڕووبوونەوەی نەزمی سیاسیی ناوچەیی و هێزی داگیرکەران و هەمیش لە لێدان لەو نەریتە خۆماڵیانەی کۆمەڵگەی کوردییان تووشی چەقبەستوویی کردبوو، ئایدۆلۆجیایەکی تاکجەمسەر و یەکلایەنە هەموو کوردستانی نەگرتەوە، چونکە پارچەکانی تریش هەرکامیان حەوجەی مێژوویی و ئایدۆلۆجیی تایبەت بەخۆیان هەبوو. 

لە باکور، باشوور و ڕۆژهەڵات، سەردەمێک تەریقەت پێشەنگی گۆڕانکاری و ئیرادەی سیاسیی بوو، ئەگەرچی زۆر ئاوانگار نەبوو، بەڵام دەکرا وەک دەروازەیەک بۆ ڕزگاری لە ستەم و ژێردەستی ببینرێت و دواتر بچێنە ژوورەوە و دەسکاریی کۆی دیکۆراسیۆنی ناوەوەی ئەم ماڵە کۆنە مێژووییە بکرێت. پاش ئەوە بزووتنەوەی چەپ بە خوێندنەوەی جۆراوجۆرەوە و لە پاڵ ڕەوتی ڕاست و ئامادەبوونی بەردەوام ئایدۆلۆجیای ئیسلامی، بەردەوام کۆمەڵگەی کوردی لەناو ململانێیەکی قووڵی دەروونیدا هێشتەوە. لە پاش ڕاپەڕینی 1191 و ڕزگاربوونی بەشێک لە باشووری کوردستان، ئەو ئومێدە درەوشایەوە کە ئیسلامی سیاسی پاشەکشێی کردووە و هێزە ڕاستە ناسیۆنالیستەکان (پێشتر هەندێکیان لەژێر کاریگەریی چەپی تۆخ و نیوەتۆخدا بوون و ئێستە بایانداوەتەوە بۆ ڕاست)، بە خەونی ئازادی و خۆشگوزەرانی و لەپێناو ئاسوودەیی مرۆڤی کورددا، دەسەڵاتیان وەرگرت و چەندان ساڵ لەگەڵ قەیرانەکاندا ڕەوتی ڕاست توانی جێگیری سیاسی خۆی دەستەبەر بکات. بەڵام ئێستە ناتوانین بڵێین دۆخەکە وەک جارانە. 

ئێستە بەهۆی ئەو قەیرانە ناوخۆیی و پێکەوەنەسازانەی هێزە کوردییەکان، سەرباری ئەوەی کۆمەڵێک هەل و دەرفەت لە کیس چوون، ئەو هیوایەی لە بەردەمدایە خەریکە ماندوو ببێت و بە یەکجاری بۆی دانیشێت! مەبەستم ئەوە نییە هیوابڕاو بین یان هیواکوژر كراوین، بەڵکوو مەبەستمە بڵێم دەبێت پرۆژەیەکی گەورەمان هەبێت بۆ تێپەڕین لەم دۆخەی بەشێوەیەک لە شێوەکان مێژووی کارەساتەکانمان بۆ دووبارە دەکاتەوە. بابەتەکە تەنیا سیاسەتیش نییە، بەڵکوو بوون و شێوەی ژیانی مرۆڤی کوردە، ئەندازیاریکردنی جۆرێک لە کوردبوونە کە ئیتر یاریی سیاسیی بچووک و ململانێی بەرتەسک دادی تاسووق و تامەزرۆییەکانی نادەن. پرۆژەیەک لە چەندین ڕەهەندی ڕۆشنبیری، چاند، ئابووری، سیاسەت و کۆمەڵایەتی ئیشی بەردەوام و بێلایەنانە بکات، واتە تەنیا لایەنگری کوردبوون و ئەزموونی پڕ هەڵبەز و دابەزی مێژووەکەی بێت. 

لە ماوەی 34 ساڵ حوکمڕانی باشووری کوردستاندا کاری گەورە و فرە و فراوان کراون، بەڵام خەمساردی گەورەیش ڕووی داوە. ناکرێت بە ئاسانی بەسەریاندا باز بدەین و خۆمان نەخوێنینەوە و ڕەخنەی خۆمان نەکەین، ڕەخنەیەک تەنیا لە ئاستی گوتار و قسەدا نەمێنێتەوە، بەڵکوو پرۆژەمان هەبێت بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشایی و کەموکوڕییانەی بەهۆی ڕەخنەوە بۆمان دەردەکەون. 

کۆمەڵگەی هەرێمی كوردستان ئەمەی پێ قووت بدرێ یان نەدرێت، ئەو هەرێمە دەروازەی خەونی سەرووی 50 ملیۆن کوردە لە جیهاندا. هەڵسوکەوتی زۆرینەی کورد لە باشوور ئەمەی دەرخستووە کە لەگەڵ ئەوەی لەناو پێکهاتەیەکی سیاسی و ئابووریی جیاوازدان و لەلایەن عێراقەوە بەسەریدا سەپێنراوە، بەڵام بە باوەشی کراوە کوردانی پارچەکانی دیکە و خەونەکانی لە ئامێز گرتووە، من خەمی ئەوەمە ئەو ئامێز و خەونە ڕۆژێک لێک دابڕێن، ڕۆژێک ئیتر تەحەمولی قورسایی خەمەکانی یەکدی نەکەن، ڕۆژێک نازی یەکدی نەکێشن. 

بە هەموو ئەمانەیشەوە، تاکی کورد و دەستەبژێرەكەی لە ئاستی خۆیان بۆ بووژاندنەوەی ناسنامەی نەتەوەیی و چەسپاندنی دۆزەکە، هەوڵیان داوە و سەرکەوتنی باشیش مسۆگەر کراوە، بەڵام سەرکەوتن بە مانای نەبوونی مەترسی و لە خەمڕەخسان نییە و ئەم نووسینە هۆنینەوەی ئەو کەڵکەڵە و خەمەیە کە کوردبوونمان لێ دەشێوێنێت.