چەكی پێشمەرگە چەكی نەتەوەیەكە

AM:09:46:15/06/2026 ‌
ئەگەر بە مێژووی سیاسیی سوپای عێراقدا بچینەوە، ئەوا دەبینین ئەو سوپایە هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە سوپایەكی نیشتمانی ڕێكخراو كە لە ژێر سەركردایەتیی ناوەندێكی سەربازیی خاوەن یەك بڕیاری ئاراستەكردن بێت نەبووە، بەڵكو مۆركێكی میلیشیایی و ناناوەندایەتی و هەوەسی و كەسی پێوە دیار بووە. یەكەم كودەتای سەربازی لەسەر دەستی ئەم سوپایە، لە ساڵی 1936 بەكر سدقی كردی و تێیدا وەزیری بەرگری جەعفەر عەسكەری كوژرا. ئەم دوو پیاوە كە پورزای یەكتر بوون و هەردووكیشیان كورد بوون، خەڵكی ناوچەی عەسكەری دەشتی كۆیە بوون، بەداخەوە ڕۆڵێكی بنەڕەتیشیان لە دامەزراندنی سوپای عێراق بینی. 

لە سەروبەندی ئەم كودەتایە، سوپای عێراق تەنیا لە دوو فرقە پێكهاتبوو كە هەردوو فرقەكەش، بەكر سدقی  فەرماندەیی دەكردن و ساڵێك دواتر، بەكر سدقی خۆیشی كوژرا. بەدوای ئەم كودەتایە، هەراكەی مایس و جووڵانەوەكەی ڕەشید عالی گەیلانی و كودەتای تەمووزی قاسم و پاشان شوباتی بەعسییە شۆڤێنییەكان و سەرەنجامیش كودەتای سپی و بێ دەنگی سەدامی بەسەر بەكر بەدوا داهات. هەموو ئەم كودەتایانە، سوپا پێی هەستاوە و لە ناو ئەو سوپایەش، فەرماندەیەك بڕیارەكانی یاخیبوون و ئاراستەكردنی هێزی داوە، وەك ئەوەی بەكر سدقی بەرانبەر بە مەلیك غازی كردی و داوای دەكرد كابینەی حكوومەت بگۆڕێت. 

ئەم ڕوودانە و گیروگازێكی قووڵی سروشتییانەی ئەم سوپایە دەردەخەن، بەوەی چۆن سوپای وڵاتێك بە فەرمانی ئەفسەرێك، هەڵدەگەڕێتەوە و گوێ بە سەرووی خۆی نادات. ئەم ڕووداوانە فۆرمی سوپای عێراق، وەك هێزێكی سەربازی دیسپلینكراوی خاوەن ناوەندایەتی بڕیار و نیشتمانی هاوشێوەی سوپای هەر وڵاتێك دەرناخات، بەڵكو ئاماژەیە بۆ نەبوونی یەكگرتوویی و ڕێسای پێڕەوكراوی سەربازی و لە هەمووشی گرنگتر، بوونی شوناسێكی نیشتمانییانەی دەوڵەتییە، كە خۆی لە یەك سوپا و سوپای هەمووان ببینێتەوە. بێگومان كاتێ لەناو سوپای هەر وڵاتێكدا جۆرێك لە یاخیبوونی كەسی و لادەرانە لە بڕیار و ڕاسپاردەی سەربازی دروست دەبێت، مانای وایە بنەمای ئەو سوپایە لەسەر فەلسەفەیەكی سیاسی  نیشتمانی و شۆڕگێڕیی دروست نەبووە، ئەمەش دیارترین ئەو مۆركەیە كە لە سوپای عێراقدا هەیە. 

لە دوای ڕووخانی بەعس و دروستكردنەوەی بە ناو عێراقی نوێش، بە هۆی شەڕی داعشەوە لەبەر كڵۆڵی و بێ هێزیی سوپای عێراق، ڕێگە بە دامەزراندنی حەشدی شەعبی درا و لەو پەراوێزەیشەوە، چەندان ڕێكخراوی میلیشیایی لە شێوەی عەسائیبی ئەهلی حەق و حزبی خودا و سەرای قودس و چەندانی تر دروست بوون، ئەمانە وایانكرد هیچ شكۆیەكی سەربازی و بەهایەكی سیاسی بۆ سوپای عێراق نەمێنێتەوە و لە سێبەری ئەو سوپایەوە ببنە هێزی چەكدار، كە ئێستە هەڕەشەیەكی گەورەن بەسەر ئارامی و ئاسایشی وڵاتەكە. 

بەدرێژایی 12 ساڵی ڕابردوو، حەشدی شەعبی هێزێكی برەو پێدراو و پاڵپشتیكراوی دەوڵەت بووە، لە كاتێكدا ئەركەكەی تەنیا بۆ مەبەستێكی دیاریكراو و كاتێكی دیاریكراو دانرابوو. بۆیە ئێستە هیچ پاساوێك بەتایبەتیش دوای نەمانی داعش، بۆ مانەوەی ئەو میلیشیایانە نەماوەتەوە. لە بەرانبەر ئەمەدا پێشمەرگە بە دەستوور هێزێكی ڕێكخراو و ددانپێدانراوە و بەشێكە لە كۆی سیستمی بەرگریی عێراق، بەڵام مانای وانییە هەمان چوارچێوەی حەشدی هەبێت و میلیشیا بێت، بەڵكو چەكی دەستی پێشمەرگە، چەكی كۆی نەتەوەیەكە و هێمای بەرگریی و قارەمانێتی و خۆڕاگرییە و ئەوانەی لە خەیاڵی ئەوە دەژین كە دەبێ پێشمەرگەش چەكەكانی دابنێت، مەگەر بە خەون، دەنا ئەمە كارێكە هەرگیز ناكرێت. 

پێشمەرگە هێزێكی سەربازیی دیسپلینكراو و لە ئاستی هاوپەیمانیەتیی نێودەوڵەتی ددانپێدانراوە، خاوەنی سەركردایەتی و ناوەندایەتی بڕیار و ڕێسا و یاسای سەربازی خۆیەتی و ئامانجی سەرەكی پارێزگاریكردنە لە بوونی ئێمە و خاكی پیرۆزی كوردستان، لە ئەگەری مەترسیی گەورەشدا ئێمە هەموومان پێشمەرگەین. چەكی پێشمەرگە، چەكی مێژوویەكی درێژی سیاسی و شۆڕشگێڕیی نەتەوەیەكی بێ دەوڵەتە كە لە پێناو گەیشتن بە ئازادی و سەربەخۆییدا، ڕووبارێك خوێنی ڕشتووە، بۆیە ئەم چەكە سیمبولی بوون و مانەوەی نەتەوەیەكە، هەردووكیان بەیەكەوە دەژین و دەمرن و دەمێننەوە.