بەرپرسیارکردنی جەنگ و مرۆڤ

AM:11:52:17/06/2026 ‌
مرۆڤ بە گشتی جەنگبێزە، بە تایبەتی لەوکاتەوەی شارستانییەت مانیفێستی دیموکراسی کردووە، خواستی هێز یان لایەنانگەلێک کە بەناو نوێنەرایەتیی خەڵکیان دەکرد بۆ بەرپاکردنی جەنگ، ڕووی لە کزی کردووە، لانیکەم لە ئاستی کولتوور و خودئاگاییەوە، جەنگبێزیی مرۆڤ نابێتە هۆی ئەوەی وا بیر بکەینەوە مرۆڤ لە جەنگ نائاڵێت یان جەنگ نابێت بە ڕیشییەوە، مرۆڤی دوای جەنگ هەمان مرۆڤی پێش جەنگ نییە، وەک چۆن مرۆڤی پێش چەکی ئەتۆم هەمان مرۆڤی پاش ئەو دەسكەوتە کوشندە و هەڕەشەکارە هەمیشەییە نییە. 

سەدەی بیستەم هاوکات کە سەدەی فەلسەفە و بیرمەندە گەورەکان و شۆڕشی زانستی و... بوو، سەدەی جەنگە بێوێنە و کاولکەرەکانیش بوو. لە دیمەنێکی سینەمایی "پارێزەری شەیتان"دا ئالپاچینۆ کە ڕۆڵی شەیتان دەگێڕێت، بە پارێزەرەکە کە کیانۆ ڕیوز ڕۆڵەکەی دەگێڕێت، دەڵێت: کێ دەتوانێت بڵێت سەدەی بیست بەتەواوەتی هی من نەبوو؟ سەدەی بیستت لەبیرە کێڤێن؟ یان لە زنجیرە درامای سووپەر نەچراڵدا فریشتەی موقەڕەب، ڕافائێل لە کاستییەل کە فریشتەیەکی دەرکراوە، دەپرسێت: لە کوێیە؟ دەڵێت: خودا دەڵێی؟! مردووە کاستییەل! ئێمەی فریشتەیش ئیدی تاقەتی زەویمان نەماوە، سەدەی بیستت لەبیر نییە؟ پێت وایە ئەگەر خودا هەبوایە هەرگیز بواری دەدا ئاوا کوشتار و کاولکاری لە دنیادا ڕوو بدات؟ ئێمە تەنیا بەهەشتمان دەوێت و زەوی بە کەڵک نایەت. 

ڕەنگە ئەمە دوا مێتافۆڕ و وێنەسازییە درامییەکان نەبن کە بەم شێوەیە دەستەوداوێنی میتافیزیک دەبن و بەشێوەیەک نائومێدیی خۆیان لە مرۆڤ دەخەنە ڕوو، بەڵام هەموو ئاماژەکان دەڵێن، مرۆڤ خۆی داهێنەر و بکوژی هەر میتافیزیک و مانا و بێمانایی و...ێکە. واتە تاڵ یان شیرین یاخۆ سوێر و مزر و... مرۆڤە دەیچێژێت و دەیچێژێنێت. لۆجیکی پاساودەرانەی جەنگ هەمیشە دوو جەمسەری ڕەش و سپی دیاری دەکات، حەتمەن لایەنێک دەبێت شەڕ و خراپە بێت و لایەنێکیش خێر و چاکە. ئەگەر عەقڵانی چاوی لێ بکەین، گرنگ نییە لە کام لایەنەوە خۆمان/خۆیان دەبینینەوە/دەبیننەوە، بەڵکوو خاڵی جەوهەریی و جێیسەرنج ئەوەیە کە لۆجیکەکە دووجەمسەرە. 

بەو مانایەی هەر کام لە جەمسەرەکان ئەویتر بە شەیتان دەبینێت و خۆی بە فریشتە. ئەگەر کەمێک وردتر بینەوە لەم لۆجیکە، تێدەگەین تەنیا یەک ڕێگا دەخاتە بەردەم مرۆڤ، تەنیا یەک ڕووگە بۆ ڕووتێکردن و یەک بەها و تێڕوانین بۆ ژیان و مەرگ دیاری دەکات. كەواتە لۆجیکی دوو جەمسەر بە زۆری تاکبین و تاقدیدگایە. ئەم لۆجیکە بە درێژایی تەمەنی مرۆڤ ئیشی کردووە و هەر جارە و لە هەر قۆناغیکی شارستانییەتدا بە جۆرێک دەرکەوتووە. لە هەر سەردەمێکدا کاژێکی خستووە و ڕۆح و زمانی سەردەمی هەڵگرتووە. بۆیە دەتوانین بپرسین ئایا هیچ سەردەمێک لە مێژووی مرۆڤدا هەبووە کە تێیدا جەنگ بەپێی ئەم لۆجیکە ڕووی نەدابێت؟ 

ئەگەر چاوێک بە مێژوودا بخشێنین، وەڵامەکە ڕوون و هاوکات ناهومێدکەرانەیە. ئایا جەنگ بابەتێکە مرۆڤ ناتوانێت لێی لابدات و دەبێت بەهەر هۆیەک و لەژێر هەر باوەڕ و پاساوێکدا بێت، بەرپا بکات؟ جەنگەکان خزمەت بە کێ و کام چەمک و شێوەی ژیان دەکەن؟ مرۆڤ دوای جەنگ و وەستان لە ناو وێرانەکانیدا ڕەنگە بیر لەم پرسیارانە بکاتەوە. بێگومان جەنگەکان هەر لە سەردەمانی کۆنەوە ڕایەڵەیەکی فراوان بوون و لە وڵات و جیۆگرافیایەکدا سنووردار نەبوونەتەوە، ئەگەرچی زۆرینەی جەنگەکان بەهۆی برسێتی، قاتوقڕی و خواستی زیادکردنی دەسەڵات و ستەمکاریی ئیمپراتۆرەکان و دەسەڵاتداران و... ڕوویان داوە، بەڵام لە پشت هەموو ئەم جەنگانەوە ئەفسانە یان خەون و باوەڕێکی پیرۆز هەبووە. هیچ جەنگێک نییە پیرۆزمەندیی هاندەر و هەڵنەری نەبێت. 

جەنگی یەکەمین ئەگەر بە شەڕ و دەستەویەخەبوونی هابیل و قابیل دابنێین، بەهۆی توخمێکی پیرۆز بەناوی قوربانیکردن و بوونێکی باڵا و واڵا بەناوی خودا و یاساکانی بوو. سێبەری خودا بەسەر هەموو جەنگەکانەوە کەوتووە. ئەم تێگەیشتنە لە خودا بە شێوەی جۆراوجۆر و ئاڵۆز و هاوکات بزۆزیش بەناو شارستانییەتەکاندا شۆڕ کراوەتەوە، لەو شوێنەی پیرۆزمەندیی لە پانتاییە ئیلاهییەکەی دوور کەوتووەتەوە، کۆپی و لەبەرگرتنەوەیەكی زەوینیی بۆ کردووە و لە بافومێت و مولووخ و دەیان بتەوە تا دەیان فیرعەون و پاشا و تەختنیشی نێر و مێ، شۆڕ کراوەتەوە. 

ئەم شێوە مەعنەوییەتە داخراوە وایکردووە هیچ کات ڕۆژگاری ئاشتی بەدی نەیەت و ئەوەیش ئەگەر ئێمە لە سەردەمانێکدا ژیاوین یان دەژین جەنگ بەو مانا کۆنە و لەو نەزمە نەریتییەی دەرچووە و فۆرم و شێوەی دیکەی پەیدا کردووە و هەندێ جار وا دەزانین ئاشتی سەقامگیرە لە جیهاندا، تەنیا چاوبەستێکی دنیای نوێی جەنگ و نەزمی نەرمونیانی زاڵ کراوە. زۆر سەرنجڕاکێشە كاتێك مێژوو دەخوێنینەوە، سەرچاوەی زۆرینەی جەنگەکان یان پیاوانی ئاینین یاخۆ پیاوانی سیاسی و هەندێ جاریش یەکیان گرتووە و كاتیش هەبووە تێک بەربوون، و سووتەمەنیی نێوانیشیان خەڵکی پێڕەوکاری هەردوولا بووە. 

لەناو ئەم مێژووە خوێناوییەدا، زۆرجار جەنگەکان بزووێنەریان هەبووە و لایەنی جەنگنەویستی ڕاکێشاوەتە ناو جەنگ، نموونەی دیاری ئەمە کوردە کە لە مێژوودا تۆمار نەکراوە دەستدرێژیی کردبێتە سەر خاک و وڵات و سەرزەوینی دیکە، بەڵام کەم هێزی ستەمکار و جەنگخوازی ناوچەکە هەیە بە شێوەیەک لە شێوەکان لە جەنگەکانی سەر خاکی کوردستاندا ڕۆڵی نەگێڕا بێت، ئایا بەرپەرچدانەوەی ئەم جۆرە جەنگانە ئێمەیش دەخاتە ناو بازنەی جەنگویستەکان؟ واتە بەرگریی بە جەنگدۆستی هەژمار دەکرێت؟. 

وەڵامەکە ڕوونە. سپیپێستە خۆجێیەکانی ئەمەریکا تەنانەت بەرگریشیان پێ نەکرا و بەهۆی شارستانییەتی نوێ یان خەونی شارستانییەتی نوێوە، جگە لە بیرەوەریی هیچیان لێ نەمایەوە. لێرەوە دەتوانین بگەڕێینەوە بۆ ڕستەی یەکەم و لە قەوارەی ئەو ڕستەیەدا بپرسین، ئەگەر مرۆڤ جەنگبێزە، ئەم هەموو جەنگە بۆچی ڕووی داوە و ڕوو دەدات؟ ئەگەریش جەنگدۆستە ئەوا دنیایەک لە بانگهێشتی ئاشتی و جیهانێک لە خەونی جوان بۆ هێمنی و پێکەوەژیان و خولیای مرۆیی، بۆچی بەرهەم هاتووە؟ 

ئایا مرۆڤ گیرۆدەی ئەو سێبەرەی ناوشیاریی و خودئاگایی زەفەر بە تاریکی و ڕەشایی ئەو هەرێمە نەناسراو و دۆزەخییە نابات؟ یا کۆی ئەم دۆخە نەبوو وایکرد لە پاش جەنگی دووەمی جیهانی و تەنانەت پێش جەنگە جیهانییەکان و تەنیا بە گەشەسەندنی زۆروزەوەندی کۆمەڵی مرۆڤایەتی زۆر بیرمەند هاواری پووچی و هیچیی هەڵبڕن و یەخەی عەقڵانییەت و ئاوەزی مرۆڤ بگرن و بە توخم و ئامرازێکی باڵشکاو و کەموکورتی بزانن بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤ لە بابەتی شەڕ و جەنگ؟ ئاخۆ هەموو ئەمانە پێوەست نین بە بابەتی پیرۆزمەندییەوە؟ پیرۆزمەندیی بە مانا گشتییەکەی: پیرۆزمەندیی ئاسمان، زەوی، مرۆڤ، ئایدیا، خاک و... ئایا مرۆڤ بەبێ پیرۆزمەندیی واتە بێ جەنگ، دەتوانێت بژیی؟ یا ڕۆژگاری بێ جەنگ و بێ پیرۆزمەندیی هەر پۆڕاوە و دەشێت هەبێت؟