ئێران نەڕووخا، بەهۆی کوردەوە

PM:08:31:19/06/2026 ‌
ڕەنگە ئەم ناونیشانە بە لاتانەوە جێی تێڕامان بێت، بەڵام بەشێکە لە حەقیقەت. 
ساڵانێکە لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا، چاوەڕوانی ئەنجامی ململانێی ئەمەریکا و ئێران دەکرێت، بە جۆرێک کە ببێتە هۆی گۆڕانکاری ڕیشەیی لە ئێران و ناوچەکە، دواجار جەنگ ڕووی دا و هیچ نەگۆڕا، بگرە ئێران بەهێزتر لەوەی مەزەندەی بۆ دەکرا، دەرکەوت.

وەك بینیمان پریشکی ئاگری جەنگەکە زۆر وڵاتی ناوچەکەی گرتەوە، بەڵام ئەوەی جێی سەرسوڕمان بوو، ئەو وڵاتانەی رکابەر یان نەیاری ئێران بوون و کۆماری ئیسلامییان بە هەڕەشە دەزانی بۆ سەر ئاسایشی خۆیان، هەڵوێستێکی ئەوتویان نەبوو، وێڕای ئەوەی هەر لە سەرەتاوە تا کۆتایی جەنگەکە سوپای پاسداران دەستی لێ نەپاراستن، بە تایبەتی وڵاتانی کەنداو، کورد گوتەنی "بوون بە پۆڕی خوراو". لە کاتیکدا دەیان ساڵە ئەمەریکا پارەی زەبەلاح لەو وڵاتانە وەردەگرێت بۆ ئەوەی پارێزگارییان لێ بکات، کەچی ئەوان لە بری ئەوەی دەستدرێژی ئێران قبووڵ نەکەن، هەندێکیان هەرزوو بایاندایەوە و پەرۆش بوون بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگەکە بۆ ئەوەی ڕزگار بن لەو بارودۆخەی تێیکەوتون. 

تورکیا و پاکستان ئاراستەی جەنگەکەیان گۆڕی 

پاش ئەوەی ئەمەریکا و ئیسرائیل زۆر لە سەرانی ئێرانیان لە یەكەم ڕۆژی جەنگی 40 ڕۆژەدا کوشت، تەنیا بژاردە بۆ رووخانی ڕژێمی ئێران، ڕاپەڕینی خەڵک بوو. هەربۆیە هێزی ئاسمانی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە سەرانسەری وڵاتەكەدا شوێن و بارەگاكانی ڕژێمیان بۆردمان دەکرد، بەتایبەتی بە چڕی لە بنکە و بارەگاكانی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان دەدا، بەو هیوایەی ڕۆژهەڵات ببێتە دەروازە بۆ ڕاپەڕینی گەلانی ئێران.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، دۆناڵد ترەمپ پێوەندی بە چەند سەرکردەیەکی کوردەوە کرد، بەو ئامانجەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەست بە ڕاماڵینی ڕژێمی ئێران بکرێت، 
بەڵام هەر پاش پێوەندییەکەی ترەمپ، تورکیا کە نەیارێکی تەقلیدی ئێرانە، کێچ کەوتە کەوڵی و بە زوویی کەوتە خۆی، چونکە ئەوەی تورکیا لێی دەترسا خەریک بوو ڕوو بدات.

ئەنقەرە زیرەکانە توانی قەناعەتی ترەمپ بگۆڕێت و واشنتۆن لە پشتیوانیی کورد پەشیمان بکاتەوە، بەپێی زانیاری هەندێك میدیای جیهانی، جەی دی ڤانس جێگری سەرۆكی ئەمەریكا، ناوەڕۆكی ئەم پلانەی بۆ سەرۆكی توركیا ئاشكرا كردووە، پێی گوتووە سوودمەندی سەرەكی ئەم جەنگە كوردە، 
تورکیا بەخێرایی کاریگەریی خۆی لەسەر پلانەکە دانا و ئەمەش هەرزوو لە لێدوانەكانی سەرۆك ترەمپدا هەستی پێ کرا سەبارەت بە کورد. 

ئەم دەستوەردانە خێرایەی توركیا، ئاراستەی جەنگەکەی گۆڕی، لە کاتێکدا دۆخەكە نزیك بوو لەوەی گۆڕانکاری ئێران و ناوچەکە لە ئازادکردنی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەست پێ بکات. 

هەڵبەت هەر لەبەر هەستكردن بەو مەترسییە بوو کە پێش ئەوەی ڕووداوە گەورەكان ڕوو بدەن، تورکیا پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ پەکەکە دەست پێ کرد و بە ئاشکرا مەترسییەکانی خۆی لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە نەدەشاردەوە. ئەمەیش چەندان جار لە زاری دەوڵەت باخچەڵی و سەرۆك ئەردۆغانەوە بیستراوە .

تورکیا هەر بەوەیشەوە نەوەستا و توانی لەگەڵ سعوودیە و میسڕ و پاکستان، بەرەیەک پێکبێنێ بۆ ئەوەی گوشار لە سەرۆکی ئەمەریکا بکەن شەڕەکە ڕابگرێت، پێش ئەوەی بارودۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەربچێت، سەرئەنجام پاکستان ڕۆڵی پێ درا و شەڕ ڕاگیرا و وەك باس دەكرێت و زۆر میدیای جیهانی ئاماژەی پێ دەدەن، ئەو لێکتیگەشتنەی کراوە، زیاتر لە بەرژەوەندی ئێرانە نەک ئەمریکا .

بەڵام تورکیا ئەمەی لەبەر چاوی کاڵی دەسڵاتدارانی تاران نەبوو، بەلکو بۆ ڕێگری بوو لە دروستبوونی قەوارەیەکی نوێی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چونکە تورکیا رووخانی ئێران و بنیاتنانی هەرێمێكی تری كوردی، بە نزیکبوونەوەی مەرگی جیۆگرافیاكەی خۆی دەزانێ، هەربۆیە سەرکەوتووانە هاوکێشەکەی لە بەرژەوەندی خۆی گۊڕی. ئەمەریکایش لەبەرئەوەی پلانێکی ڕوونی نەبوو لە جەنگەکەدا، کەوتە تەڵەی ئەنقەرەوە .

بینیمام کاتێک شەڕ درێژەی کیشا و خەڵکی ئێران نەجووڵا، ترەمپ كە وادەردەكەوێت كەسێكی ڕاڕایە، بێهیوا بوو لە سەرکەوتن، ئەمەیش دەرفەتی بە ئێران دا زیاتر خۆڕاگر بێت، لەبری ئەوەی خۆی ڕادەست بکات، یاریی بە کات کرد و ئەمەریکای ناچار کرد نەرمی زیاتر بنوێنێ بۆ ئەوەی جەنگەکە کۆتایی بێت. 

لە ئەنجامی ئەم جەنگەدا ئەوەی تا ئێستە دیارە.
-  ئەمەریکا شکۆی وەک جاران نەما .
-  ئێران زیانی زۆری بەرکەوت بەڵام ڕژێمەکەی مایەوە و ئەگەری زۆرە بەهێزتر بێتەوە مەیدان . 
-  تورکیا براوەی سەرەكی جەنگەکە بوو. .
چونکە ئەو گۆڕانکاریەی چاوەڕوان دەکرا و ئەنقەرە لێی دەترسا، زیندەبەچاڵ کرا، بۆیە پرۆسەی ئاشتی نێوان تورکیا و پەکەکەیش لە کۆتایی نزیکە، چونکە هۆکارەکەی پێوەست بوو بە گۆڕانکاری ناوچەکەوە، واتە تەکتیکی بوو نەک ستراتیجی .  

لەم جەنگەدا هەرێمی كوردستان 
ژیرانە ماڵەی کرد . 
ئەگەرچی لەلایەن ئەمریکاوە هەوڵی لەگەڵ درا و لەلایەن ئێران و میلیشیاکانەوە گێچەڵی زۆری پێکرا . 
بەڵام هەرێم ڕۆڵێكی گرنگی بێلایەنانەی گێڕا و بە متمانەبەخۆبوونەوە ، ریسكی بە دەسكەوتەكانییەوە نەكرد و نەچوونە ناو شەڕێك كە ئەنجامەكەی دیار نەبوو . 

هەرچەندە ئەمە بۆ بەرژەوەندی هەرێم بوو، بەڵام بەدیوەكەی تردا بە سوودی ئێرانیش شکایەوە، چونكە ئەگەر کورد بەشداریی بکردایە، دوور نەبوو ئاراستەی ڕووداو و پێشهاتەكان بە جۆرێکی تر بگۆڕانایە .لەمەدا هەرێم ناهەق نەبوو کە بێلایەنی هەڵبژارد، چونکە زۆرجار لەم جۆرە ململانێیەدا کورد بوونەتە قوربابی بەرژەوەندی هێزە گەورەکان .