لە چاوی ئایدۆلۆجیای ڕەقەوە

AM:11:19:21/06/2026 ‌
دوای ڕادەستكردنەوەی ئەفغانستان بە تاڵیبان و بڵاوبوونەوەی ئەو ڤیدیۆیانەی ساتی ڕووبەڕووبوونەوەی موجاهیدەکان لەگەڵ دنیای نوێ و شار و ئامرازەکانی. دنیا بەچاوی خۆی بینی ئەو کەسانە هێشتا لەدایک نەبوون! لەدایکنەبوون بەو مانایەی لە سەردەمێکی تردا دەژین و ناتوانن جیهانی نوێ هەرس کەن، بەڵام ڕاستییەکەی جیهان تەنیا چاوی کردەوە و وەک تەماشاکەرێک پاش تۆزێک حەپەسان، کەوتە گاڵتە و قاقالێدان و ڕۆژئاوایش وەک بڵێی هیچ ڕووێ نەداوە و ئەم وڵاتە بەرهەمی ململانێی ئەوان و ڕووسیا و هاوپەیمانییە ناوچەییەکان نین، گوێیان داخست و ئێستە لەگەڵ هەموو شتێکی ئەو وڵاتە ناکۆک نین و هەوڵ دەدەن لەناو مەنزوومەی سیاسەت و نەزمی نوێدا جێگایەکی (با لەو خوارەیشەوە بێت) بۆ دانێن. 

هەر لەو سەروبەندەدا و پاش گەڕانەوەی تاڵیبان، کەسێکیان بەناوی ئاین و خوداوە بۆ دژایەتی هەر دیاردە و دەرکەوتەیەکی جیهانی ڕۆژئاوا، تەلەڤزیۆنەکەی خۆی بە چەکوش شکاند و بە بزەیەکی پڕ لە ئیمانەوە چاوی لە کامێرایەک دەکرد کە ڤیدیۆکەی تۆمار دەکات، بەڵام لە بیری چووبوو ئەو کامێراكەیش هەر دەسکردی ئەو کۆمپانیا ڕۆژئاواییە مولحید و بێ دینانەن! نموونەی ئەم ڕوانگەیە لە کوردستان زۆرن، وتارەكانی کەسێکی وەک مەلا هەڵۆ حەمەڕەشید پڕن لەم نموونانە. ئەگەر ئەوەی تاڵیبان بە ئیمانێکی ئایدۆلۆجی و غروورێکی ئاینییەوە دەکرێت، ئەمەی مەلای لەمەڕ خۆمان جۆرێک لە خۆپەسندی و خۆپەرستیشی تێدایە، وەک بڵێی ئەو ئەبقەریی سەردەمە و کەس وەك وی ناتوانێت زانست و پێشکەوتن بخاتە ژێر پرسیارەوە! جا چ پرسیار و تێڕامانێک! 
مەلا هەڵۆ دەڵێت: ئێوە (ناسا) چووزانن زەوی تەخت نییە؟ من ئەڵێم تەختە، خۆ ئەوان گەزیان نەکردووە! بە مەتر پێواویانە؟" سەیرە لەم سەردەمەدا قسەیەکی وا بەناوی مەعریفە و ئیمانەوە بیکەیت! 

ئەوەی ئەفغانستان تەنیا بە ناوی ئیمانەوە دەیکات، نەک مەعریفە و دەرهاوێشتەکەیشی کەمتر کارەساتاوییە! ئەمانەی لای خۆمان بە ناوی مەعریفەوە جەهل بڵاو دەکەنەوە و هیچ ناوەندێکی ئەکادیمی و ڕێکخراوێکی مەعریفیش نییە پێیان بڵێت، کاکە دانیشە ئەمە چی دەڵێی؟ چۆنچۆنی بەڵگە و داتای زانستی ڕەت دەکەیتەوە؟ 
ئەوەی ئەم گوتارە دەیکات ڕێکخستنی ڕەشوڕووتە بۆ بەکارهێنانیان لە کاتی پێویست بکەوێتە خزمەت پرۆژەیەکی سیاسیی دیاریکراو کە پلانەکەی لە وڵاتانی نامۆ و بەخوێنی کورد تینوو داڕێژراوە! 

ئەگەر چاوێک بەو نەرەیشن و گێڕانەوانەدا بخشێنین کە لە جیهانی عەرەبیدا پێوەست بە فەلەستین و دەجال و یاجوج و ماجوج و ئاخرزەمان بەرهەم دێن، تێدەگەین ئەم گوتارە سەرلەبەری (بە هەندێ زیاد و کەمەوە) کۆپی پەیستێکی هەمان گوتارن! هەمان ئەو گوتارەی جیهان بە موڵکی خۆی دەزانێت و هەموو نەتەوەکانی تریش ئەگەر لە خزمەتی ئەودا نەبن کافر و مولحید و زەندیقن! پرسیارێک کە بەردەوام من لە خۆمی دەکەم ئەوەیە، بۆچی گوتاری ڕۆشنبیریی کوردی بە تایبەتی لە سلێمانی و هەڵەبجە وەها خۆیان لە هەمبەر ئەم جۆرە جەهلاندنە دۆڕاندووە؟ کێ بەرپرسە لە ڕەشۆداماڵینی گوتارێک کە توندوتیژی بڵاو دەکاتەوە و ڕۆژ دوای ڕۆژ تاکەکانی ئەم نیشتیمانە لە نەریتە بەهادارەکان و ڕەوشتی باوباپیریان جیا دەکاتەوە؟ نەک هەر ئەوە، بگرە دەیانکات بە دژ و نەیاریشی! 

من بۆیە ئەم پرسیارە دەکەم، چونکە کوردستان هیچ کات ئەفغانستان نەبووە تا ئەم دیاردانە ئاوا و وەک ئەوێ بە سەرماندا تێپەڕن، ماهییەت، بەستێن، مێژوو، سایکۆلۆجیا و مرۆڤی کورد جیاوازە لەوانەی ئەوێ، بەڵام ئەم جۆرە دیمەنانە لە گاڵتە و تەنزەکانی ڕۆژگارن! لە ئەفغانستان دوای گەڕانەوەی تاڵیبان، وردە وردە کچ و ژنان لە هەر جۆرە دەرکەوتن و چالاکییەک بێبەش کران و سزای توندیان بۆ دانان، تەنانەت ئەم ڕۆژانە ژنێک بە قامچی سزا درا و لەناو ئاپۆرای خەڵکدا بەسەریدا جێبەجێ کرا، تەنیا بە هۆی وانەوتەنەوە بە کچان، لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە! ئاخر ئەمە چ کارەسات و مەهزەلەیەکە کە گوتاری سەلەفییەت و توندئاژۆکانی کوردستان بە تایبەتی لە سلێمانی، پشتگیریی وەها تێڕوانینێک دەکەن؟ 

ئێمە ساڵانێکی زۆر وا لێکمان دەدایەوە سلێمانی شاری ڕۆشنبیرییە و هەولێر هێشتا ماویەتی، ئێستە دەبینین ئاین، بیر، ئەدەب و دەیان جومگە و کۆڵەکەی دیکە لە هەولێر باڵا دەکەن و دەگەشێتەوە و ئەوێ نەک هەر پایتەختی سیاسی، بەڵکوو بووە بە پایتەختی ئابووری و کولتووریی ناوچەکەیش، کەچی لە سلێمانی هەر ڕۆژە و کەتنێک لە لایەن ئیسلامی سیاسی و گرووپە توندئاژۆکانەوە دەبینین، دیار نییە بەرپرسانی خۆجێیی چ جۆرە گریبەستێکیان لەگەڵیاندا هەیە کە ئاوا دەستیان شل کردووە بۆیان! 

باشە کوا ئازادی و خۆپێشاندانەکانی سلێمانی؟ کوا ئەدەب و پیاسەی عاشقان و دانیشتنی سەربەستانەی ناو باخەکان؟ کێ وای لە سلێمانی کرد؟ بە ڕاستی ئەوەی خەمساردە لە هەمبەر ئەو پرسیارە و بە قووڵی بەدوایدا ناچێت، ئەوە چاویشی نوقاندووە لە بە ئەفغانستانکردنی کوردستان. 
ئەم پلانە دواڕۆژێکی شوومی دەبێت نەک تەنیا بۆ دەسەڵات و قەوارەی کوردی، بەڵکوو بۆ هەموو بوونی کورد و هەرچییەکی تا ئێستە لە شاخ و زانکۆکان و ناو کتێبخانەکان ڕستبێت، ئەوا لەناو میحرابی پیرۆزی مزگەوتەکاندا و بە بڵاوکردنەوەی جەهل و چەواشەکاری و توندئاژۆیی، دەبێتەوە بە خوری. با وەخۆ کەوین.