ئەو لێدوانەی شاسوار عەبدولواحید، زیاتر لەوەی پڕۆژەیەکی واقیعی و جێبەجێکراو بێت، مانۆڕێکی سیاسی و هەوڵێکە بۆ ڕاکێشانی سەرنج و بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی. قسەكانی نە لە بنەمای لۆجیک و واقیعەوە هەڵدەقووڵێن و نە پشتیوانی لە هیچ پلان و بەرنامەیەکی ڕوون دەکەن، بەڵكو هەموو خۆگیڤكردنەوە و پەلاماردانێكی ئەزموونی كوردستان، بۆ شاردنەوە و پەڕدەپۆشکردنی رێکەوتنێکی زۆرەملێی ناو زیندان دەكات و دەیەوێ بڵێ، ئەوە من نیم كە جاران ئۆپۆزسیۆن بووم و ناشزانێ چۆن بڵێ ئەمەیان منم كە زۆر هەرزان خۆم و دەنگی خەڵكم بە فیڕۆ دا.
بەڵام خەڵکی کوردستان چەندان جار ئەزموونی ئەم جۆرە دروشم و بەڵێنانەیان کردووە، لە زۆربەی کاتەکاندا دەرکەوتووە تەنیا ئامرازێک بوون بۆ چەواشەکردنی ڕای گشتی و بەدەستهێنانی دەنگ و پشتیوانی سیاسی یاخۆ شاردنەوەی شکست و كەڵەكەكردنی سەرمایە .شاسوار بۆی هەیە باسی هەر مامەڵەیەك بەخۆی و دەنگی خەڵكی ناڕازی و فرۆشتنی بە دەسەڵات بكات، بەڵام كاتێك زیادەڕۆیی دەكات و سەرلێشێواوییە ناچارییەكەی خۆی دەگۆڕێت بۆ باسكردن لە نەمانی هەرێمی کوردستان، ناکرێت ئەم قسانەی قبوڵ بکرێت، چونكە لەو ئاستە نییە و رەنگە تاكە خێزانیش بن لەسەر ئاستی كوردستانی گەورە كە هیچ رۆڵێكیان لە دەسكەوتەكانی خەبات و ئازادیی كوردستاندا نەبووبێ.
قەوارەی هەرێمی کوردستان، نە موڵکی کەسێکە و نە موڵکی هیچ حزب و لایەنێکی سیاسییە، بە شاسوار و پارتی و یەکێتیشەوە، ئەم هەرێمە بە خوێنی هەزاران شەهید و بە قوربانی و خەباتی نەوە دوای نەوەی ئەم گەلە بنیات نراوە و پاراستنی بەرپرسیارێتیی هەمووانە، بۆیە چارەنووسی هەرێم نابێت ببێتە بابەتی هەڵسوکەوتی تاکەکەسی و دروشمی درۆینی ئەم سەختەچییانەی سیاسەت، بەڵکو دەبێت لەسەر بنەمای بەرژەوەندی گشتی، یاسا و ویستی خەڵکی کوردستان دیاری بکرێت.
فڕێدانی ئەم فڵتەفڵتە و درکاندنی نیەتی پیسی دوژمنانەیان بەرانبەر كوردستان، لەو جۆرە قسە سووكانەوە، هەرچەند قسەكەرەكە بێ بایەخ و ئاستنزمیش بێ، بەڵام هەر پڕ لە مەترسییە و كورد دوژمنی زۆرە كە دەتوانن سوود لە مرۆڤی سووك وەربگرن بۆ دژایەتی دۆزەكەی، بۆیە دەبێت هەموو کوردستانییەک بە یەک دەنگ دژی ئەم جۆرە لێدوانانە قسەیان هەبێت.
ئەوە ڕوونە یەکێتی وەک بووکەڵەی سیاسی سەیری شاسوار دەکات و بە هەرزانترین نرخ دەستی كەوتووە، كەچی ئەو وا مەستی جەلادەكەی بووە بە ئارەزووی خۆی یاریی بە هەست و ماندووبوونی خەڵكی كوردستان دەكات و رێك لە دۆخێكدا كە هەموو هەفتەیەك پێی بگوترێ ئەگەر ئەم قسانەیش بكەی، زووتر لە زیندان ئازادت دەكەین.
راستە ئەو بە رێککەوتنێکی گوماناوی بە جەستە رزگار کراوە، بەڵام هێشتا هێشتا ئەقڵ و كەسایەتی، لەژێر کۆنترۆلی یەکێتی و ویست و خواستەکانیدایە، بۆیە دەبینین ئەوەی یەکێتی خۆی ناتوانێت بیڵێت یان مەبەستی نییە ئێستە بیدركێنێ، ئەوە لە رێگەی بووكەڵەكەیانەوە دەیخەنە بەر گوێی ڕای گشتی، چونكە زۆر روونە ئەو قسانەی شاسوار هەمووی لەژێر گوشار و هەڕەشەدان و دەیانەوێت کێشە و بەربەست لە بەردەم پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستاندا دروست بکەن، زۆرجار خواست و ویستی دوژمنانی کورد لە رێگەی ئەم حزبە بەناو کوردانەوە دێنە دی، بەڵام گرنگە هەموو لایەک ئەوە بزانن كە هەرێم بە خوێن دروست بووە و بە خوێنیش بەرگریی لێ دەکرێت و نەوەی تازەی ئەم نەتەوە گەورەیە ژێردەستی قبوڵ ناكات، هەروەك بینیمان چی بۆ رۆژئاوای كوردستان كرا، بۆیە با مناڵەوردكە وا نەزانن كوردستان شووشەیەكە و لە دەستی ئەوان بكەوێ، دەشكێ