وتەکانی شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ، کە ڕای گەیاند «لە هەرێم حکوومەت و دامەزراوەی شەرعیی نەماوە» و پۆستی سەرۆکی حکوومەتی داهاتوویش دەبێت بۆ هاوپەیمانیی یەکێتی و نەوەی نوێ بێت، تەنیا هەڵوێستێکی ئاسایی نییە؛ بەڵکوو بەشێکە لە هەوڵێکی سیاسی بۆ گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردن لە ڕێگەی گوشار، بارمتەکردنی دامەزراوەکان و دابەشکردنی پۆستەکان لە دەرەوەی قەبارەی ڕاستەقینەی هەر لایەنێک.
لێرەدا پرسیارێکی سادە و بنەڕەتیی دروست دەبێت: ئەگەر بە وتەی شاسوار عەبدولواحید حکوومەت و دامەزراوەی شەرعی لە هەرێم نەماوە، ئەی بۆچی ئەو و هاوپەیمانەکەی داوای پۆستی سەرۆکی هەمان حکوومەت دەکەن؟ چۆن دەکرێت لە هەمانکاتدا دامەزراوەیەک بە «نایاسایی»ی ناوزەد بکرێت و پۆستە باڵاکەیشی بکرێتە ئامانجی سەرەکیی مامەڵە و ڕێککەوتنی سیاسی؟ ئەم دژیەکییە پێشانی دەدات، کێشەکە لە بنەڕەتدا شەرعیەتی دامەزراوەکان نییە، بەڵکوو کێشەی بەش و پۆست و دەسەڵاتە. داواکاریی پەنجا بە پەنجا و پشتگوێخستنی سندووقی دەنگدانە، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی ٢٠٢٤، پارتی دیموکراتی کوردستان ٣٩ کورسی، یەکێتیی نیشتمانی ٢٣ کورسی و نەوەی نوێ ١٥ کورسییان بە دەست هێناوە، واتە پارتی بە تەنیا یەک کورسیی زیاتر لە کۆی کورسییەکانی یەکێتیی و نەوەی نوێی هەیە، کە پێکەوە ٣٨ کورسییان هەیە.
لەبەرئەوە داواکاریی یەکێتیی بۆ دابەشکردنی دەسەڵات بە شێوەی پەنجا بە پەنجا، لە ڕووی سیاسییەوە دەتوانێت داواکارییەکی گفتوگۆیی بێت، بەڵام ناکرێت وەک مافێکی دیموکراتی و ئەنجامێکی سروشتیی هەڵبژاردن پێشان بدرێت، دیموکراسی واتای ئەوە نییە لایەنێک بە ٢٣ کورسی هەمان قەبارەی دەسەڵاتی لایەنێکی ٣٩ کورسی وەربگرێت، ئەگەر جیاوازیی دەنگ و کورسی هیچ کاریگەرییەکی لە دابەشکردنی بەرپرسیارێتی و دەسەڵاتدا نەبێت، هەڵبژاردن بۆچی بەڕێوە دەچێت؟
یەکێتیی نیشتمانی لەبری ئەوەی ئەنجامی سندووقی دەنگدان وەک بنەمای پێکهێنانی کابینە وەربگرێت، هەوڵ دەدات بە دروستکردنی هاوپەیمانیی لەگەڵ نەوەی نوێ، قەبارەی سیاسیی خۆی گەورەتر لە قەبارەی هەڵبژاردن پێشان بدات، بەڵام تەنانەت دوای یەکخستنی ٣٨ کورسییەکەیش، ئەم هاوپەیمانێتییە نە زۆرینەی پەرلەمانی هەیە و نە لە پارتی کورسیی زیاترە، لەم جۆرە سیناریۆیە لەگەڵ گۆڕانیشدا تاقی کرایەوە و سەرکەوتوو نەبوو، چونکە ئامانجەکانی ڕاستەقینە و دیموکراتییانە نەبوون.
نەوەی نوێ، لە بانگەشەی گۆڕانکارییەوە بۆ خۆفرۆشیی سیاسی، ئەم جووڵانەوەیە ساڵانێک خۆی وەک توندترین ئۆپۆزسیۆنی سیستمی حوکمڕانیی هەرێم ناساند، بەردەوام پارتی و یەکێتیی بە هاوبەش و بەرپرسیار لە کێشەکانی حوکمڕانیی دارایی و دامەزراوەیی دەناساند، بەڵام ئێستە بۆ بەدەستهێنانی پۆست و بەشداریی لە دابەشکردنی دەسەڵات، دەستی هاوپەیمانێتی بۆ یەکێتیی درێژ دەکات، ئەو یەکێتییەی خۆی بەشێکی سەرەکیی هەمان حکوومەت و سیستمە، نەوەی نوێ ساڵانێک دژی بووە.
ڕێککەوتنی یەکێتیی و نەوەی نوێ بە ناوی «هاوسەنگکردنەوەی دەسەڵات»، «چاکسازی» و «چالاککردنەوەی پەرلەمان» پێشکەش کراوە، بەڵام ئەگەر مەبەست بە ڕاستیی چاکسازیی بووایە، دەبوو سەرەتا بەرنامەیەکی وردی هاوبەش بۆ مووچە، داهات، یەکخستنی هێزە چەكدارەكان، دادپەروەری لە خزمەتگوزاری و چۆنیەتی بەهێزکردنی دامەزراوەکان، بخرایەتە بەردەم خەڵک، لە بری ئەوە، قسەی سەرەکیی بووەتە ئەوەی پۆستی سەرۆکی حکوومەت بۆ کام هاوپەیمانێتیی بێت، بەم هەنگاوەش نەوەی نوێ بۆ نزیکبوونەوە لە کورسیی دەسەڵات، بەشێکی گرنگ لە ناسنامەی ئۆپۆزسیۆنی خۆی و ئەو متمانەیەی خەڵکی پێیان بەخشیوە دەخاتە ژێر پرسیار.
هەوڵەکانی پارتی بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەم، لە ماوەی بنبەستی سیاسی لە دوای هەڵبژاردنەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوام جەختی لە گفتوگۆ، چالاککردنەوەی پەرلەمان، ڕێزگرتن لە ئەنجامی هەڵبژاردن و پێکهێنانی کابینەی دەیەم کردووەتەوە، بەرپرسانی پارتی ڕایانگەیاندووە كە هیچ ڕێککەوتنێک نابێت لە دەرەوەی ئیرادەی دەنگدەران و قەبارەی کورسییەکانەوە بێت. بێگومان پارتی و حکوومەتی هەرێم لە رەخنە بێبەش نین، هەر حکوومەتێک دەبێت وەڵامدەری کەموکوڕییەکان، دواکەوتنی مووچە، کێشەی شەفافییەت و نایەکسانیی خزمەتگوزاریی بێت، بەڵام ڕەخنە لە حکوومەت شتێکە و هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن، ڕەتکردنەوەی بوونی دامەزراوەکان و گۆڕینی پەرلەمان بە ئامرازی گوشار، شتێکی دیکەیە.
ئەم بابەتە پێوەستە بە ژیان و ئایندەی میلەتێک و قەوارەیەکی سیاسی و نەتەوەیی، بە خوێن و ماندووبوون و قوربانی و گیانفیدایی هاتووەتە ئاراوە. حکوومەت بە کردار و پرۆژە وەڵام دەداتەوە، لە کاتێکدا هەندێک لایەن بە وتارە توندەکان بانگەشەی «نەمانی حکوومەت....» دەکەن، کابینەی نۆیەم بەردەوامە لە جێبەجێکردنی پرۆژەکانی ڕێگاوبان، کارەبا، ئاو، بەنداو، دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزاری و پشتگیریی کەرتی تایبەت و زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی.
بەپێی داتای فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە نێوان ساڵانی ٢٠١٩ تا ئایاری ٢٠٢٦دا، ٨١٠ پرۆژەی ڕێگە و پرد تەواو کراون و زیاتر لە ٣٠٥٥ کیلۆمەتر ڕێگە دروست کراون یان نوێ کراونەتەوە، هەروەها لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا، نۆ بەنداو و ٢٣ بۆندی کۆکردنەوەی ئاو تەواو کراون و پرۆژەی ڕووناکی بە ئامانجی دابینکردنی کارەبای ٢٤ سەعاتی تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦ بەردەوامە.
دەتوانرێت ڕەخنە لە خێرایی، کوالێتی، دابەشبوون یان شەفافیەتی هەر پرۆژەیەک بگیرێت، بەڵام ناکرێت بە یەک وتەی سیاسیی هەموو ئەو کار و خزمەتگوزارییانە بسڕێنەوە و بگوترێت حکوومەت نەماوە، حکوومەت ڕۆژانە خزمەتگوزاری بەڕێوە دەبات، پرۆژە جێبەجێ دەکات و لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی دەرەوە دانوستان دەکات، لە واقیعی سیاسیدا بوونی هەیە، تەنانەت ئەگەر کابینەکە ماوەی یاسایی خۆیشی تێپەڕاندبێت.
لە دژایەتیکردنی پارتییەوە بۆ لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، بێگومان هەرێم ساڵانێکە لە دەرەوە لەژێر گوشاری سیاسی، دارایی، تەناهی و دەستوورییەوە بەردەوام عێراق مامەڵەیەکی نادادپەروەرانەی لەگەڵ کردووە، بە هەر هۆکارێک بێت، ئەو لایەنە سیاسییانەی بەردەوام شەرعیەتی دامەزراوەکانی هەرێم ڕەت دەکەنەوە، پەرلەمان و پێکهێنانی کابینە دەکەنە بارمتەی پۆست و بەش، بە ئەنقەست یان بێ مەبەست، خزمەت بە لاوازکردنی قەوارەی هەرێم دەکەن، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو هێندەی نوێنەرانی کورد لە بەغدا دژ بە کوردستان کاریان کردووە، پەرلەمانتارێکی عەرەب نەیکردووە، بەردەوام نوێنەرە کوردەکان چاوساغی عێراقییەکان بوون بۆ سزادانی هەرێم و دانیشتووانەکەی.
بێگومان ئەنجامی سیاسەتێک پەکخستنی پەرلەمان، درێژکردنەوەی بنبەستی سیاسی، لاوازکردنی دەنگی هەرێم لە بەغدا و لێدانی متمانەی خەڵک بە دامەزراوەکان بێت، ئەوا ئەو سیاسەتە زیان بە قەوارە دەگەیەنێت، تەنانەت ئەگەر بە ناوی «هاوسەنگی» و «چاکسازی»ی... پێشکەش بکرێت.
کۆتاییهێنان بە بنبەست پێویستی بە ڕێزگرتن لە دەنگی خەڵک، دابەشکردنی بەرپرسیارێتی بەپێی قەبارەی سیاسی، دانانی بەرنامەی حکوومڕانیی ڕوون و وازهێنان لە سیاسەتی بارمتەکردنی دامەزراوەکان هەیە، لە هەمانکاتدا لە ڕوانگەی ستراتیجیەتی نەتەوەییەوە لە هەنگاوەکانی داهاتوو بڕوانرێت، نەک ڕق و کینە و سزادانی یەکتری.
قەوارەی هەرێم موڵکی هیچ لایەنێک نییە، بۆیە مەیدانی تاقیکردنەوەی یەکێتی و نەوەی نوێش نییە، ئۆپۆزسیۆن مافی ڕەخنە، چاودێری و پێشکەشکردنی جێگرەوەی هەیە، بەڵام مافی ئەوەی نییە لەپێناوی پۆست و دەسەڵاتدا بنەمای ئەو دامەزراوانە لاواز بکات کە هەموو خەڵکی کوردستان قوربانیبان بۆ داوە و بە ڕەنج و ماندووبوونی ئەوان بەرهەم هاتووە.