ماوەی 10 ساڵێكە بافڵ جەلال حیسامەدین تاڵەبانی، پیاوێكی سەرەڕۆ، هەرزەسیاسیی، دوور لە ئەتەكێتی سیاسی و ئەدەبی قسەكردن و كەسێتییەكی دوور لە ئاكاری سەرۆكی حزب، بە شێوەی كودەتا دەستی بەسەر سەرۆكایەتیی حزبەكەی باوكیدا گرتووە لە كاتێكدا باوكی نەیویستووە ئەو شوێنە بە كوڕەكانی بسپێرێ، بەڵام ئەم لەبری ئەوەی درێژە بە ڕێبازی تەبایی بدات و لەسەر دوا پەیامەكانی مام بڕوات، ئەوەتا خەریكە نەك سەری خۆی، بەلكو هی حزبەكەی و ئەزموونی كوردستانیش كە تاكە هیوای دەیان ملیۆن كوردە لە جیهاندا، لە قووڕِێك دەچەقێنێ و بووەتە شێرپەنجە و بە گیان و مەزاجی كوردەواریی خەڵكی كوردستاندا.
لە یەكەم دەركەوتنیدا وەك بڕیاردەری یەكێتی، كوڕەكەی تاڵەبانی كەركووك و پارێزگەرەكەی لەپێناو دەستكەوتی حزبی و ئافەرینی میلیشیاكان فرۆشت، دۆخی سلێمانی گەیاندووەتە خراپترین دۆخی سیاسی و چەكداری و قاچاخچێتی ئاشكرا و ئەمەیش شۆڕ بووەتەوە بۆ نائومێدییەكی قووڵی كۆمەڵایەتی، بافڵ و حزبەكەی هۆی سەرەكی پەكخستنی گرنگترین دامەزراوەی یاسایین هەرێمەكەمانن كە پەرلەمانی كوردستانە، هەروەها رێگرن لە دروستبوونی كابینەی دەیەمی حكوومەتی كوردستان، هەموو ئەمانەیش تەنیا لە پێناو دەستكەوتی حزبی و كەسیی خۆی و براكەیەتی كە زۆر گەنجانە ئاساییە بەلایانەوە هەموو شتێكی كوردستان بشێوێ، بەڵام كەسێكە لە دەرەوەی كوردی بڵێ "بارەكەڵا فیك"
ئێستەی دوای نزیكەی دوو ساڵ لە هەڵبژاردن، دەیەوێ بە شێوازێكی تر بەردەوام بێ لە پەكخستنی پرۆسەی سیاسیی و كاراكردنەوەی پەرلەمان و پێكهێنانی كابینەی دەیەم، ئەمجارە بانگەشەی پێكهێنانی هاوپەیمانیی حزبی لەگەل بازرگانێك بە ناوی خاوەنی نەوەی نوێ كە بە "هاوپەیمانیی زیندان" ناسراوە، خاوەنەكانی ئەم هاوپەیانییە زۆر لەیەك دەوەشێنەوە چونكە هەردووكیان دەیان دۆسیەی یاساییان هەیە و ئەگەر دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ و بەهێز بێت رۆژێك لە ڕۆژان، ئەوە ڕەنگە هەر لە زیندان درێژە بە ژیانیان بدەن، چونكە یەكەمیان دەیان مەلەفی كوشتنی خەڵك و پاكتاوی سیاسیی لەسەرە و ئەویتریش سەتان سكاڵای خواردنی پارەی خەڵكی لەسەرە و وەك زۆرجار لە میدیا بینیومانە یەكێتیی نیشتمانی نایەڵێ دۆسییەكانی بچنە دادگا، تا ئەو تاكە جارەی بردیانە بەردەم دادوەر و یەكسەر حوكم درا، ئەویش لەبەر بەرژەوەندی یەكێتی كە پێویستی بە دۆخێكی وابوو بۆ ئاشكراكردنی ئەو گەرا سووكەی كە كاتی خۆی بۆ لێدان لە بزووتنەوەی گۆڕان، یەكێتی خۆی دروستی كرد و كردیشی بە خاوەنی لایەك لە سلێمانی.
بە گشتی دیمەنی كاركردنی ئەم گەنجانە بە تەواوی ڕوون بووەوە كە دەتوانین لەوەدا كورتی بكەینەوە: یەكێتی و بافڵ سڵ لە هیچ شتێك ناكەنەوە بۆ لاوازكردنی كوردستان و پێگەی كورد كە لە ماوەی ڕابردوودا سەرنجی جیهانی بۆ لای خۆی ڕاكێشا، ئامادەن دەست لەگەل شەیتانیش تێكەڵ بكەن تەنیا بۆ ئەوەی بە مەرامی حزبی و گەنجانەیان بگەن و دەستكەوتی كەسیی بە دەست بێنن.
بافڵ و شاسواری زیندان، چەند ڕۆژێكە بانگەشەی ئەوە دەكەن ئێستە ئەوان خاوەنی هاوپەیمانییەكی 39 كورسیین، لە كاتێكدا یەكێتی 23 كورسی و نەوەی كۆنی شاسوار 15 كورسی، دەكاتە 38 كورسی، ئەی كورسییەكەی تر لە كوێیە؟ ئەم كورسییە تاقانە هی حزبەكەی رەیان كلدانییە كە بە یەك كورسییەوە ئەجندای 23 و 15كەی بافڵ و شاسوار دیاری دەكات و ئەمانیش بەشوێنیدا دەڕۆن و دژایەتی كوردستان دەكەن، لە كاتێكدا هەموو خەڵكی كورد دەزانن كلدانی كێیە و ئاستی چەندە و چەنیش رقی لە ئەزموونی دەستووری هەرێمەكەمانە.
لە هەمووی سەیرتر ئەوەیە، ئەم هاوپەیمانییە لە میدیادا هەیە، بەڵام لەسەر كورسییەكانی پەرلەمان نین و ئەوە دوو هەفتەیە لێدوانی بەرپرسانی پارتی دەبینم دەڵێن، باشە فەرموون وەرن با پەرلەمان دەست بە كارەكانی بكات، كەچی هاوپەیمانییەكە ناوێرێ بچێتە كۆبوونەوەوە، دەزانن بۆ؟ چونكە گومانیان هەیە بەشێك لە كورسییەكان كە خەڵكی نیشتمانپەروەرن، لەم ئاراستەیە لایانداوە و نایانەوێ كێشە لە كوردستان زۆر بێت و پێگەی كورد لاواز بێت. كەواتە دیسان دەگەینەوە ئەو ئەنجامەی كە ئەم دوو گەنجەی سلێمانی، هیچ مەبەستێكیان نییە جگە لە لاوازكردنی كوردستان، بەڵام ئەمە بەوان ناكرێ.