هەرێمی كوردستان، بەرەنجامی دەسەڵاتی بەغدا و حكوومەتی عێراق و پڕۆژە بازرگانییەكانی سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی كۆن نییە، تا بە ئاسانی هەڵبوەشێندرێتەوە، بەڵكو بەری ڕەنج و تێكۆشانی هەزاران شەهید و ڕووبارێك خوێنی ئێمەیە، بۆیە باسكردن لەوەی "ئەگەر وانەبێ هەرێم هەڵدەوەشێتەوە"، ناپاكییەكی گەورەی نەتەوەیی و نیشتمانییە و لادانە لە هەموو جۆرە ئاكارێكی كوردستانییانە و مۆڕاڵی نەتەوەیی كە مرۆڤی كوردی پێ دەناسرێتەوە، بەڵام كەسێك لە بنەڕەتدا، خۆی دۆڕاندبێت، ئایا باكی بە نیشتمانە بیدۆڕێنێت؟
شاسوار و گەنجە فریودەر و دەنگدرە هەڵخەڵەتێنراوەكانی نەوەی نوێ، ئەم قەوارەیان دانەمەزراندووە، تا هەركەی ویستیان هەڵیبوەشێننەوە، هەرێمی كوردستان، بەری دەیان ساڵ خەبات و تێكۆشان و ڕووبارێك خوێنە. ئەم هەرێمە، ڕەوایەتی نێودەوڵەتیی هەیە و خاوەنی دەسەڵاتێكی سیاسی و كارگێڕیی و یاساییە لە ئاستی جیهاندا ناسراوە، وەك دەسەڵاتێكی جیاواز لە عێراق مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت.
ئەم هەرێمە، لەژێر چەتری بڕیارێكی نێودەوڵەتیدایە، ڕاستە پێوەندییەكانی ئێمە لەگەڵ ناوەند، لەسەر بنەمای فیدراڵیەتە، بەڵام كوردستان تایبەتمەندی سیاسی و نەتەوەیی خۆی لە ڕووی زمان، فەرهەنگ و شوناسی نەتەوەیەوە هەیە، بۆیە بە خەونی حوشترانەی شاسوار هەڵناوەشێتەوە و كورد لەو بەشەی كوردستاندا، وێڕای هەبوونی كەموكورتیش، هەرگیز ئامادە نییە بە دەستی خۆی، جارێكی دیكە خۆی بكاتەوە بە كۆیلەی عێراقی و سەدامێكی تر حوكمی بكات.
بێگومان ئاساییە ململانێ و ناكۆكی حزبی لە نێوان هێزە سیاسییەكاندا، تا ئاستی كوردوتەنی "شیر و تیر لەیەك سوین بچێت"، بەڵام هەر كاتێكك ئەو ململانێیە، بە ئامانج و مەرامی هەڵوەشانەوەی ئەو قەوارەیە و لە پێناو ئەجێندای دوژمنكارانە و بە عێراقیكردنەوە بێت، ئەوا گەلی كورد هەرگیز ڕێگە بەو مەرامەی هێزێكی بە ناو سیاسی و ئۆپۆزسیۆنی فرۆشراو نادات.
خەڵكی كوردستان بە شێوەیەكی گشتی، ئەگەر لە دەسەڵات و شێوازی حوكمڕانیش جۆرە ڕەخنە و تێبینیشیان هەبێت، بەڵام ئامادە نین قوربانی بە ئازادییەكەوە بدەن كە خەونی سەتان ساڵەی باوانیان بووە و خەباتی نەوەكانی داهاتووی خۆیشیانە، جارێكی دیكە خۆیان ژێردەستە بكەنەوە. كەسانێك دڵۆپێك خوێنیان لەپێناو ئەو ئازادییەدا نەڕشتووە و لەوەتەی چاویان لەناو بێشكە هەڵێناوە، خەیاڵیان هەر لای كۆكردنەوەی پارە و دەسكەوتی كەسی و سوودی بارزگانیی بووە، باكیان بەوە نییە هەرێمەكە نەمێنێت، چونكە لە بنەڕەتدا نیشتمانی ڕاستەقینەی ئەوان قازانجە نەك بەهاكانی مرۆڤ، بەڵام بۆ خەڵكانێك كە باش لە ناوەرۆك و ستەمی فاشییانەی بەعس بەر لە ڕاپەڕین گەیشتوون و ژێردەستەیی و چەوسانەوەی سیاسییان بینیوە و نەوەیەك كە لە ئازادیدا ژیاوە و ئێستەیش دەیەوێ كوردبوون وەك هەر تاكێكی وڵاتێكی تر شانازی دەوڵەت و ئاڵای پێ ببەخشێ، دەزانن مانەوەی ئەم هەرێمە، واتا شكۆی كورد و ئومێدی ئایندە، مانەوەی زمان، ئازادی، سەربەستی و كولتوور و ئاكار و هەموو شتێك.
ئەوانەی بڕوایان وایە، لە ڕقی پارتی دەبێ هەرێمەكە هەڵبوەشێتەوە، گەورەترین خزمەت بە پارتی دەكەن، چونكە وامان پێشان دەدەن كە تەنیا پارتی لە خەمی كوردستان و قەوارەكەیدایە، ئەمەیش ناڕاستەوخۆ پێگەی جەماوەریی پارتی زیاد دەكات، وەك ئەوەی لە هەڵبژاردنی عێراق بینیمان.
باشترین چارەسەر بۆ ئەم دۆخە، دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنە، هەر هێزێكی سیاسی باوەڕی بە خۆی هەبێت، دڵنیا بێت لە جەماوەرەكەی، ئەوا با لەگەڵ دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن بێت، چونكە تاكە ڕێگە و ئامرازی دەرخستنی پێگەی ڕاستەقینەی جەماوەر و نوێنەرایەتیی خەڵكی كوردستان، هەڵبژاردنە كە من دڵنیام كۆتایی بە نەوەی كۆنی شاسواریش دێت و خەڵك ئەمجارە باجی مامەڵەكانی لێ دەسێنێتەوە، ئەمە باشترین بژاردەیە بۆ ئەوەی لەو دۆخە دەرچین، نەك كەسانێك لە بەرانبەر ئازادبوونی خۆیان لە زیندان، بانگەشەی ژێردەستەكردنەوەی هەرێمی كوردستان و هەڵوەشاندنەوەی بكەن.
نەوەی نوێ، هەڵەیەكی سیاسی گەورەی كرد، ئەوەندەی تر درزی نێوان پارتی و یەكێتی قووڵ كردەوە و هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكوومەتی، دوورتر خستەوە، بۆیە دەبوو هوشیاریی سیاسی ئەوەی هەبێت، ئەم دوو هێزە چەند ململانێشیان هەبێت، چەندە لە یەكتریش دوور بكەونەوە، دواجار هەر دەگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و یەكتری تەواو دەكەن، چونكە جگە لەوان حكومڕانیی بە هێزەكانی تر ناكرێت، ئەوەیشی بۆ نەوەی نوێ دەمێنێتەوە، شەرمەزاریی سیاسی، لە دەستدانی دەنگدەر و لایەنگرە، ئەگەر گومانیان لەو بۆچوونەی من هەیە، با بوێرن، ڕێگەی هەڵبژاردن بگرنە بەر، ئەوكات ڕاستیی بۆ هەمووان ڕوون دەبێتەوە.