ئێمە وەک ڕۆژنامەنووس ناتوانین خۆ ببوێرین لەو شتانەی دەبنە ڕای گشتی و کاریگەریی لەسەر دادەنێن، تەنانەت ئەگەر بابەتەکە لە ئاستی پسپۆڕیی ئێمەیشدا نەبێت، دەبێت هەوڵ بدەین نەچینە ناو بابەتە پسۆڕییەکانەوە و تەنیا ئەرکی پیشەیی خۆمان بە ئەخلاق و دەربەستییەوە بەجێ بگەیەنین. بێگومان قسەکردن لەبارەی هەر دیاردەیەک یان بیروڕایەک کە لەناو کۆمەڵدا بڵاو دەبێتەوە، دەبێت هێندە پارێزی تێدا بێت حیکمەتی عەقڵی پێوە دیار بێت و هێندەش بوێرانە بێت، ئەرکی ئەخلاقیی خۆی بگەیەنێتە ئەنجام. دروستکردنی هاوسەنگیی لە نێوان ئەم دوو پێوانەیەدا ویژدان و تەرازوویەکی دادپەروەرانەی دەوێت.
بەم سەرنجەوە دێمە ناو بابەتەکە و دەڵێم، بۆچی کوردبێزیی لە گوتاری بەشێک لە مەلاکاندا بەرهەم دێت؟ یا بۆچی کوردبێزیی وەک مەحەکی هەڵسەنگاندن و عەیاری کێشانی باوەڕەکەیان لە قەڵەم دەدەن؟ ئاخۆ کورد و ئیسلام هێندە دوورن لە یەک کە دەبێت ڕەتکردنەوەی یەکیان بە مانای قبووڵکردنی ئەویتر بێت و بە پێچەوانەوە؟ ئایا ئیسلام دەبێتە دژی نەتەوە و لێرەدا نەتەوەی کورد، تا جەوهەریی ئاسمانی و ئەزەلی و ئەبەدیی خۆی بسەلمێنێت؟ ئەی چەندان کۆڵەکەی پتەوی مێژووی ئیسلام بەهۆی کوردەوە بنیات نەنراون؟.
مامۆستا هەژار موکریانی لە پێشەکیی کتێبی "مەلای جزیری"دا و لە زمانی ئیمام محەمەدی غەزالییەوە دەڵێت: دینی ئیسلام لەسەر سێ ستوون وێستاوە. ئەگەر خودا ئەو سێ کۆڵەکەی نەدابا، لەوانەبوو بتەپێ. ئەم سێ دینگە ئەستوورانە "دینەوەری، ئامێدی و شارەزوری" بوون. سەرباری ئەوەی لەو پێشەکییەی مامۆستا هەژاردا باسی چەندان کەسایەتیی بەرز و بلیمەتی دیکە کراوە کە مێژوو و جەوهەرەی ئیسلامیان پێوە بەندە.
هەر کەسێکی ئاینداری مسوڵمان ئەمە بزانێت، ئیدی بۆچی دەبێت کوردبوون بە گومانەوە چاو لێ بکات؟ مەگەر ئەوەی پێڕەویی لە ئایدۆلۆجیایەک بکات کە تەنیا خزێنراوەتە مێشکی و هیچ بیرێکی لێ نەکراوەتەوە. واتە یان جەهلە یا بە ئەنقەست بەهۆی لەخۆنامووبوونەوە پێڕەویی لە گوتارێک دەکات کە دژی نەتەوەیە! هەمان ئەو گوتارەی دژی نەتەوەی کوردە و کێشەی لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەی مسوڵماندا نییە! بۆ نموونە، کوردی مسوڵمانی ڕۆژئاوا (بە حەشیمەتێکی ئێزیدییەوە) مولحید و کافرن و فەلەستینییەکانی واشنتۆن و پاریس لە نەوەی پیرۆزن! ئەی باشە کوردی باشوور لە گەرمیان و شارەزوور و هەڵەبجە و بارزان مسوڵمانی بێگەرد و پەپوولەئاسا نەبوون؟
ئەم پرسیارانە بۆیە پێوەست دەکەم بەم کوردقڕانەوە، چونکە هەمان گوتار بەرهەمی هێناوە کە هەندێک لە مامۆستایانی ئاینی ئێستەیش لە کوردستان بە شێوازی جۆراوجۆر بانگەشەی بۆ دەکەن و بڵاوی دەکەنەوە. دەزانم ئەم باسە زۆر هەڵدەگرێت و من بازم بەسەر پرسی یەکسانیی عەرەب و عەجەمدا داوە، هەڵبەت بەپێی ئایەتی پیرۆز جگە لە تەقوا هیچیان بەسەر ئەویتردا نازدار و سەروەرتر نین، بەڵام ئەم بابەتە لە دنیای گوتاری ئاینی و عەرەبیزمدا، بە ڕادەیەک بووە بە دروشم، لە مانا بەتاڵ کراوەتەوە و وەک بڵێی ئەو ئایەتە هەر لە قورئاندا نەبێت، ئێستە ئێمە فەخری عەرەبی مسوڵمان و تورک و فارسی موسڵمان بە سەر کوردا دەبینین! لە حاڵێکدا ئەگەر ئەوەندەی ئەوان کورد ئیسلامی پاراو نەکردبێت، بێگومان بە ڕادەی ئەوان کردوویەتی و پێم وایە زیاتریشی کردووە.
ئەو گوتارەی من مەبەستمە لێرە بە نموونە دەیخەمە ڕوو، مامۆستایەکی ئاینی کە پێشتر کەناڵی هەبوو (م. خوراسانی) و لە کەناڵەکەیەوە بە ئارەزوو و سەلیقەی خۆی دژی هەموو مەخلوقاتێکی ئیلاهی قسەی دەکرد و ژنی بە دایناسوور دەزانی و باسی هەڵنەسانی زەوقی خۆی دەکرد بۆ ژنی (بەوتەی ئەو) ناشیرین، باشترین نموونەیە. ئەو لە کاتی پەلاماردرانی ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن ئەحمەد شەرعەوە و بێڕێزیکردن بە ژنن و کچانی كورد و شیواندنی تەرمەکەیان لەلایەن میلیشیا دڕندەکانی سەربە جیهانی تورک و عەرەبەوە، بە توندی دژی ژنە شەڕڤان و ژن هاتە دەنگ. ئەو ژن بە کارەکەر و بەردەستی پیاو دەزانێت کە تەنیا بۆ خزمەتی ئەو دەبێت بجووڵێتەوە، بەڵام چونکە ڕوانینی بۆ ئیسلام بژاردەکارانەیە، تەنیا ئەو فاکتانە دێنێتەوە و تەئویلی دەکات کە لە خزمەتی قسە سەلیقەیی و زەوقییەکانی ئەودا بن. ئەگینا ژنان لە سەردەمی ئیسلامیشدا هەم لە ئاستی بازرگانیدا ئیشیان دەکرد، بۆ نموونە حەزرەتی خەدیجە کە هاوسەری یەکەمی پێغەمبەر (د . خ)، پێغەمبەر بە پارەی ئەو کەسابەتی دەکرد. نموونە زۆرن و دەتوانن چاو لە کتێبە مێژووییەکانی تایبەت بە ئیسلام بکەن. باسی من تەفسیر بە زەوق و لێکدانەوە بە سەلیقەیە لەلایەن مەلایەکی ئاواوە.
بابەتەکە هەر لێردا ناوەستێتەوە و ئەو بەهۆی دەمهەراشی و زۆر بڵێییەوە ناتوانێت قسەی ناخ و ئاواتی دەروونی بشارێتەوە و لە بەردەم مایکەکاندا دەڵێت: هەر کەسێک هات وتی ئەم کاتەت باش، ئەوە لێی بترسە؟ هەر کەسێک هات وتی السلام علیکم متمانەی پێ بکە و سەری خۆتی پی بسپێرە، ئێستە با مامۆستا وەڵاممان بداتەوە، ئەوانەی بە عەرەبی قسە دەکەن و لە السلام علیکەوە تا الی القاو بە جوانی بۆ دنیا باس دەکەن، جێی متمانەن و ئەوەی دەڵێت من کوردم جێی متمانە نییە؟
ئەم دژوازییە تەنیا لەناو وەها مەلاگەلێکدا دەبینرێت، ئەمانە کەسانی لە خۆنامۆن، داگیرکراو و دەمارگرژن و دەبێت میکانیزمی یاسایی توند دابنرێت لە بەرانبەریان و بە ڕێوشوێنێکی ژیرانە و سەردەمی پابەند بكرێن کە ئیتر دژی کورد و مسوڵمانی کورد و ئازارەکانی، بەرپرسیارانە بدوێن و پەیام بڵاو بكەنەوە.
بابەتەکە پێوەست نییە بەوەی ئێمە مسوڵمانین یان نا، پێوەستە بەوەی ئەو گوتارە هیچ ڕاستییەکی تێدا نییە و تەنیا یاریکردنە بە خەڵک لە ڕێگەی حەزی قسەکردن و مەعریفەنیشاندان و خۆنواندن وەک ئەفەندی و خواجەئیسلامییەکانی دەرەوەی جیهانی کورد، ئەگەرچێ هەر هەموو لە ژێر دەمامکی خزمەت بە مزگەوت و خەڵک و ئیسلامدا، پەردەپۆش دەکەن.