شاسوار هەڵگرن بۆ مێژوو

PM:02:23:30/06/2026 ‌
ئۆپۆزیسیۆن لە کوردستان یان باشتر وایە بڵێین خواستی ئۆپۆزسیۆنبوون، مێژوویەکی درێژی هەیە، درێژ هێندەی شۆڕشەکەی. هەر ئەوکاتەی لە شۆڕشی ئەیلوولدا برادەرانی مەکتەب سیاسی دووجار لە پارتی جیا بوونەوە، جاری یەکەمیان بووە بەهۆی ڕسوایی و قۆڵبڕینیان لەلایەن بەعس و سەدامەوە و مام جەلالی ڕەحمەتی هاتەوە ژێر سێبەرەکەی بارزانیی نەمر و ئەویش دەستی باوکانەی بەسەردا هێنا. دواجار ئەوەی لێکەوتەوە کە تا ئێستە گیرۆدەین. لەو سەردەمەوە تا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، یەکێتییە نوێکە، بزووتنەوەی گۆڕان، كاكی نەوەی كۆن، ڕەوتی هەڵوێست، بەرەی گەل و... ئەوانیتر، هەمیشە دەنگێکی ناڕازی هەبووە ویستوویەتی خۆی وەک ئۆپۆزسیۆن پێناسە بکات. 

ئەوەی ئەلفبێی سیاسەت و تەنانەت ڕۆژنامەوانی بزانێ، تێدەگات کوالێتی و باڵابوونی هەر سیستمێکی سیاسیی گرێدراوە بە ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینەوە، ئۆپۆزسیۆنێک کە لە هەمبەر لاری و بۆشاییەکان قسەی ڕژد و پرۆژەی هەبێت، ئۆپۆزسیۆنێک لە تەمەنی ئۆپۆزسیۆنیی خۆیدا بۆ خەڵک و دەوڵەتی بسەلمێنێت کە توانای هەیە جێگرەوەی دەسەڵات بێت، یان لانیکەم هەندێک پرۆژەی باشتر لەوەی هەیە، پێشکەشی دەسەڵات و خەڵک بکات. بەم ڕوانگە خێرایەوە دەتوانین بڵێین، ئەوەی لە کوردستان هەیە هیچ کامیان ناخرێنە ناو چوارچێوەی ئۆپۆزسیۆنەوە، بەڵام بە توندی دەمامکی ئۆپۆزسیۆنیان بە ڕووخساریاندا هەڵواسیووە و خەڵک چەواشە دەکەن. لەم کورتە نووسینەدا ناکرێت من مێژووی ئۆپۆزسیۆن لە کوردستان باس بکەم، بەڵام باس لە ڕوانگەی یەکێتیی نوێ بۆ ئۆپۆزسیۆن و ڕوانگەی نەوەی نوێ بۆ هەمان بابەت دەکەم. 

ڕوانگەی یەکێتیی نوێ یان باشتر وایە بڵێین پافڵ تاڵەبانی وەک کەسی یەکەم و كۆتایی ئەو حزبە، ڕوانگەیەکی بژاردەکارانەیە نەک دیموکراسییانە، ئەمەیش دەرخەری ئەو یارییە نادروست و مافیاییەیە کە لە ئارادایە. چۆنە کاک پاڤل و کاک ئاراس و لاهووری شێخ جەنگی پێکەوە کەرکووکیان ڕادەست کرد و دواتر بوون بە دوژمنی یەکتر؟ چۆناوچۆن ئەم دوژمنایەتییە لە فۆرمی ئۆپۆزسیۆندا خۆی دەرخست و دوای دنیایەک بگرەوبەردە ڕەوتی بەرەی گەل دامەزراو و تەلەڤزیۆنی زووم کەوتە پێگەی ئۆپۆزسیۆن و دواجاریش ڕووداوەکانی لالەزاری لێ کەوتەوە کە چەکدارانی یەکێتی گاڵتەیان بە گیانی گیراوەكان دەکرد و بە چەکی دەستیان و بە زمانی گاڵتەوە دەیانتۆقاندن؟ 

باسەکە ئەوەیە ئەو برایەتییەی نێوان ئەو سێ ئامۆزا، چونکە مسۆگەرکەری بەرژەوەندیی دارایی و مافیایی نەبوو، لە مایە زەرەری دەکرد و درێژەی نەكێشا، دەیان دۆسیەی وەک ژەهرخوارد و هەوڵی تیرۆر و... داتاشرا، واتە ئۆپۆزسیۆن لەلایەن کاک لاهووریشەوە هەر ئاخێزگەیەکی دوژمنکارانەی هەبوو نەک خواستێکی ڕەسەن و ڕاستەقینە بۆ چاکسازی و خستنەڕووی بەدیل. ئەی باشە بەرانبەر نەوەی نوێ بۆچی پافڵ هێندە کراوە و خۆش مامەڵەیە و لەناو زینداندا دۆسییەکانی یەکلا دەکاتەوە و هاوپەیمانیی پێک دێنن؟ 

من بە ئەگەرێکی زۆرەوە پێشبینی دەکەم ئەنجامی کاک شاسوار و نەوەی نوێ لەوەی بەرەی گەل و بەرهەم ساڵح باشتر نابێت. بەڵام لێرەدا دژوازی و دووفاقی سیاسی لە کرداری سیاسیی یەکێتیدا بەدی دەکرێت، ئەمەیش دەرخەری نەبوونی ڕوانگەی ڕاستەقینەیە بۆ بوونی ئۆپۆزسیۆن و خواست بۆ مەعامەلە و سەودا لەسەر دەنگ و ڕای خەڵک. ڕوانینی نەوەی نوێ یان باشتروایە بڵێین کاک شاسوار بۆ ئۆپۆزیسیۆن تەواو ڕوانینێکی وەهمی و بۆشە. ئەو لایەنە هیچ ڕۆژێک لە ڕۆژان ئۆپۆزسیۆن نەبووە تا ئێستە گەنگەشەی پێکهێنانی هاوپەیمانیی بکات، تەنیا ئەوە بەسە تۆزێک مێژووی پشکەکانی چاڤی لاند و چالاکی و خواستەکانی شاسوار و سروەی خوشکی لە بەغدا بۆ پلە و پۆست بە تاسووقی داراییەوە بێنینەوە بەرچاو و دەردەکەوێت ئەوەی هەیە هێز یان لایەن و شەخسێکە کە کاسبی بە دەنگی خەڵکەوە دەکات لە ڕێگەی پارە و میدیاوە. 

ئێمە ئێستە دەزانین نەوەی نوێ تەنیا کەسێك بوو، بەهۆی میدیا و پارەوە کە بۆ مەبەستەکەی تەرخانی دەکرد، بڕێک دەنگی ناڕازی ڕاکێشا و ئێستەیش بە پێچەوانەی هەموو ئەو دروشمانەی شاسوار دژ بە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات دەیوت، دەنگی خەڵک و کورسییەکانی خستە مەزادێكی ئاشكراوە و تەنیا یەك كڕیاری هەبوو، ئەویش بۆ بەرژەوەندی شەخسی و مافیایی و یاریی بە چارەنووسی سیاسیی هەرێمەوە لەم دۆخە ئاڵۆزەدا؟ 

شاسوار ئیتر ئەو دیمانانەی خۆیشی ناناسێتەوە کە دیوت هەڵیگرن بۆ مێژوو، بۆیە ئیتر وەک کۆمێنت دەیانبینێت و بەلایەوە گرینگ نین، بەڵام ئەم کارەی ئەو هەم خاڵی کۆتایی لە بەردەم هەر جۆرە دەرکەوتنێكی ئۆپۆزسۆنبووندا دانا بۆ داهاتوو و هەم خۆیشی و بازرگانییەکەی دەبێ هەڵگیرێن بۆ مێژوو! بەو مانایەی وەک لاپەڕەیەکی ڕەش کە قۆڵبڕ و دەنگدز و دەنگفرۆشیی کردە پیشە. بەڵام خەیاڵی پڵاوە و ئەو پیلان و مامەڵەیە لە هەمبەر خواستی نەتەوەیی و ئیرادەی خەڵکی کوردستاندا، بڵقی سەر ئاوە.