لمی شۆڕش و دۆلاری دەسەڵات، سلێمانی لە نێوان مردنی گۆڕان و زەماوەندی نەوەی نوێ و یەکێتیدا

PM:09:17:03/07/2026 ‌

مێژووی سیاسیی سلێمانی هاوشێوەی شانۆگەرییەکی تراجیکۆمیدی لێهاتووە؛ ئەکتەرەکان دەگۆڕێن، ماسکەکان دەگۆڕێن، بەڵام دەقەکە هەر هەمان دەقە. لە هەمان ئەو هۆڵ و ئوتێلانەی کە ڕۆژانێک نەوشیروان مستەفا تێیدا خەونی بە "گۆڕان"ی ڕیشەییەوە دەبینی، ئەمڕۆ شایەتحاڵی لەدایکبوونی وەرزێکی نوێین لە "مەشغوڵکردنی خەڵک". 

گۆڕان وەک ناو و قەوارە بەرەو ئاوابوون چوو، بەڵام جێگەکەی چۆڵ نەکرا، دەستبەجێ بازرگانانی نوێی سیاسەت هاتنە سەر تەختەکە تا بە هەمان ئاواز، بەڵام لۆگۆیەکی جیاواز، سەما لەسەر برینەکانی ئەم شارە بکەن.
جێی سەرنج و پێکەنینە، نەوەی نوێ کاتێک هاتە ناو کایەکەوە، خۆی وەک تاقە فریادڕەس و نەیاری سەرسەختی گەندەڵی و سیستمی حوکمرانی نیشان دەدا. سەرۆکەکەیان بە زمانی شاسوار انە دەیوت، ئێمە وەک ئەوان نین و ناچینە ژێر باری هیچ ڕێککەوتنێکی بۆگەنی سیاسی"! بەڵام چی گۆڕا؟ چ فۆرمولەیەکی سیحری لەپڕ شاسوار ئاوا بە پەرۆش و خێرا دەکات بۆ واژۆکەری ڕێککەوتن لەگەڵ یەکێتی لە هەمان ئەو شوێنانەی پێشتر پێی دەگوتن "مۆڵگەی گەندەڵی"؟ ئایا بەرژەوەندی گەل گۆڕا، یان کورسییەکان و پشکەکانی کێکە سیاسییەکە شێوازی تێڕوانینیانی گۆڕی؟

تراژیدیای گەورە لێرەدا سلێمانی خۆیەتی. بۆ دەبێت ئەم شارە هەمیشە وەک هۆڵێکی سارد و سڕی کۆنفراسات سەیر بکرێت کە تەنیا ئەرکی "شایەتحاڵی ڕێککەوتنەکان" بێت؟ بۆچی کاتێک مەرەکەبی ڕێککەوتنەکان وشک دەبنەوە، کەس ناپرسێت: داهاتی ئەم شارە چی لێهات؟ کێ بەرپرسە لەو هەموو دزی و گەندەڵی و قاچاخچێتییەی شارەکەی خستووەتە سەر چۆک؟ کاتێک نەوەی نوێ و یەکێتی لەسەر مێزی هاوسەنگی دادەنیشن، پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: چۆن ڕوویان دێت سەیری چاوی گەنجانی بێکار و شەقامە وێرانەکانی سلێمانی بکەن؟

ڕاستییەکە ئەوەیە، ئەوەی ئێستە ڕوو دەدات تەنیا دابەشکردنی دووبارەی دوکانە سیاسییەکانە، یەکێکیان کڕیارێکی کۆنە و ئەویتریان دەیەوێت بە پۆشاکی نوێوە کاڵا کۆنەکان بە خەڵک بفرۆشێتەوە. 

دواجار، نە نەوەی نوێ و نە یەکێتی، هیچ پڕۆژەیەکی ڕاستەقینەیان بۆ بوژاندنەوەی سلێمانی پێ نییە، جگە لە درێژکردنەوەی تەمەنی ئەو دۆخە چەقبەستووەی خەڵکی شارەکەی پێ مەشغوڵ دەکەن، تا کەس کاتی نەبێت بپرسێت، پارەکان لە کوێن؟

نمایشەکە بەردەوامە، ماسکەکان دەکەون و دەخرێنەوە سەر دەموچاوەکان، بەڵام پێدەچێت خەڵکی سلێمانی ئیتر لەم هۆڵە بێزار بووبن و کاتی ئەوە هاتووە بڵێن: خواحافیز لە ئێوە و دوکانە سیاسییەکانتان، ئەم شارە شایەنی بینینی ڕۆژێکی بێ ماسکە.