نەوەی نوێی كورد و نەوەی كۆنی شاسوار

PM:01:50:05/07/2026 ‌
جووڵانەوەی نەوەی نوێ تا ئێستە نەیتوانیوە سینا و گوتارێکی حزبی بۆ خۆی دەستنیشان بکات، بۆیە بە ئاسانی دەتوانین شوێنپێی ئەو تارماییە هەڵگرین کە لە ڕاستیدا کۆمپانیایەکی بازرگانیی تاکەکەسی یان چەند کەسی بوو، بەڵام بەناوی ڕێکخستن و فۆرمێکی مۆدێڕنی دامەزراوەیەکی سیاسیی دێتە قسە. پێم وایە شاسوار عەبدولواحیدا لە ڕووی سایکۆلۆجییەوە هیچ لارییەکی لەم بابەتە نییە و سیاسەت هەر بە بازاڕ و بازرگانی تێگەیشتووە، کەمیش نین ئەوانەی سیاسەت وەک پانتایی دەسکەوتی دارایی و پێگەی مەعنەوی و کۆمەڵایەتی دەبینن، بەڵام ئەمانە بەم ڕوانگەیەوە کۆمەڵێک دیسپلین و بەهای نیشتمانی و هێڵی سووریان هەیە. وشیاریی شاسوار لەسەر ئەوەی جووڵە و چالاکیی سیاسیی لەژێر سێبەری خواستی دارایی و بەرژەوەندیی بازرگانیدایە، وایکردووە ئەو دەمامکە عورفییە هەڵبەستێت و ئاشکرای نەکات کە ئەو زیاتر بازرگانە نەک سیاسی یان ڕیفۆرمیست یاخۆ تەنانەت یاخییەک. 

سایکۆلۆجیای بازرگان لەناو پانتایی دوو جەمسەری بردنەوە/دۆڕاندا، دەلەوەڕێت و خۆراک وەردەگرێت، لە شکڵە سیاسییەکەدا ئەمە دەگوازێتەوە بۆ پانتایی سیاسەت و وایدادەنێت كە سیاسەتیش بەهەمانشێوەی بازاڕ، کۆمەڵێک یاسای نەنووسراو و ژێربەژێری هەیە، یان بە فێڵ و پڕوپاگەندە و ڕیش لە خەنەدانانی ئەم و ئەو، براوەیی مسۆگەر دەکات، بەڵام ئەمە لێکدانەوەیەکی مەترسیدارە. ترسناکترین چرکەسات ئەوەیە بازرگان بە خەونی دارایی و خەیاڵی کاپیتاڵیستییەوە بۆینباخە سوورەکەی ببەستێت و باز بداتە ناو سیاسەت. ئەویش سیاسەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتیش لە وڵات و سەرزەوینێکی وەک کوردستاندا. 

ئەم چاوبەستکارییە لە هەمبەر نەتەوەیەک کە بە درێژایی سەدەی 20 خوێنی دا، هەتا کەرامەت و شکۆی لەمێژینەی پارێزراو بێت و لانیکەم لەو بستە ئازادکراوەی خاکەکەیدا خۆی و بوون و مانەوەی پێناسە بکات، شانۆیەکی ئەهریمەنییە، چونکە ئەهریمەن لە شتە مادییەکانەوە دەست پێ دەکات، وەک لە توراسی ئیسلامی و دینە ئیبراهیمییەکانیشدا بەشێوەیەک لە شێوەکان دەجال نوێنەرایەتیی دەکات. ئەو ئەهریمەن و دەجالەی لە سەردەمی نەبوونی و قاتوقڕیدا هەموو شتێکی پێیە، لە وشکبوونی دەریاچە و ڕووبارەکاندا ئاوی سازگاری پێیە، لە سەردەمی برسێتی و گیانەڵادا ژیانی پێیە و... بەڵام هەموو ئەمانە چاوبەست و درۆی مادین و لەودیوەوە دۆزەخی بێباوەڕی و بەلاڕێداچوون چاوەڕوانی هەڵخەڵەتێنراوان دەکات. 

بێگومان ئێمە لە سەردەمی قاتوقڕیدا ناژین، بەڵام دەجالەکان لامانن. ئەوانن دەیانەوێت وا تێمانگەیەنن كە جیهانی ئێوە بەرەو لێواری بەوبەختی و نەبوونی دەڕوات و ئێوە خۆتان هەر نوێنەرایەتیی کولەمەرگی و ژان دەکەن، ئەوان لە ڕێگەی نەخشاندنی جیهانی بێ گرێ و کێشە و بەتاڵ لە هەر تەنگەژەیەک، دەیانەوێت ڕۆحمان بکڕن و بیخەنە گرەو بۆ بەدەستهێنانی خەون و خەیاڵەکانی خۆیان. 

ناوەرۆكی نەوەی نوێ یان باشتر وایە بڵێم شاسواری خاوەنی، هەر ئەم یارییە کاپیتاڵیستییەیە کە بە خەونی ئایدیالیستی دەیەوێت دۆخی قەیرانمان بۆ پاساو بداتەوە. دەیەوێت بڵێت هەموو شتێک لە کیس چووە و دەبێت تەختوتاراجی ئەم کۆمەڵگە تێک بدرێت، چونکە بابەتەکە بەلای ئەوەوە بردنەوە و دۆڕانە نەک مێژوو و شوناس و کۆمەڵگە و کەرامەت، نەک خوێنی ڕژاوی دەیان هەزار کورد و قەڵاچٶکردنی وڵات و پاکتاوی ڕەگەزی و مەترسیی توانەوە. 

نەوەی نوێ لە پزدانێکی ناتەندروستەوە لەدایک بوو، پزدانێک برسی بوو بە خواردنی چەور و پڕ لە میکرۆب و خواستی ڕەش و تاریک. هەر بەم هۆیەوە من هیچ کات ئەو جووڵانەوەم بە نوێنەری نەوەی نوێی کوردستان نەزانیوە. نەوەی نوێی ئێمە لەگەڵ هەموو جیاوازییان لە ئەزموونی ژیاندا، لە جیهانی دیجیتاڵ و تەکنەۆلۆجیای بەردەست و دەیان و سەتان بابەتی دیکە، هێشتا مانای ئاڵا و خاک دەزانن، زمان و کیانی کوردیی گرنگە بۆیان، هێشتا مێژووی خوێن و قوربانیدانی لا پیرۆزە و پەسندە، لەگەڵ ئەوەی ڕەخنەی ڕادیکاڵ و ڕژدیشی هەیە، بەڵام چاوی بڕیوەتە ئاسۆی بنیاتنان و ئافراندن نەک ئەوەی خۆی مەڵاس دابێت بۆ تێکدان و ڕووخاندن، چونکە خۆی ناتوانێت یاریی بکات یان لە یارییەکە تێناگات، یاخۆ دەستی کورتە و ناگاتە باڵای بەرزی درەختی شوناس و شۆڕش.

ئەم ڕستە نەرێنیانەی دوایی دیاریکەری ناخی کاک شاسوارن نەک نەوەی نوێی كورد. واتە شاسوار دەستەواژەیەکی زل و زەبەلاحی داگیر کردبوو و بە ناویانەوە خەریکی یارییەکی سیاسیی ئیرهابیانەیە بۆ ئامانج و بەرژوەندیی بازرگانیی خۆی. بۆ تێگەیشتن لەم وێنە ڕاستەقینەیەی نەوەی نوێی شاسوار، تەنیا یەک فاکت بەسە، ئەویش ئەوەیە لە هیچ کوێی دنیادا، تەنانەت لە ئەفەریقا و ئەفغانستانیش، یەک لایەنی ڕەخنەگر و ئۆپۆزیسیۆن بوونی نەبووە و نییە کە بە حکوومەت و دەسەڵات و خەڵک و یار و نەیار بڵێت یان دەبێت منیش سەرۆک بم یان دەبێت ئەم کیانە نەمێنێت. 

هیچ عەقڵێکی ئازاد و ڕەخنەگر ناڵێت کێشە نییە و قەیران نەماوە و گرفتمان نییە، بە پێچەوانەوە ئێمە دەبێت وەخۆ کەوین، نەک لە باشوور، بەڵکوو لە هەموو کوردستان، شەپۆلەکانی گٶڕانکاریی توند و سامناک و ترسناک و لێڵیشن، بەڵام بوونی ئەم دۆخە وا دەکات من قومار بە کیانێکەوە بکەم کە 50 ملیۆن کورد چاوی بڕیوە تێی و هیوای لەسەر هەڵچنیوە. 

ڕەنگە ئەم گوتارەی شاسوار بۆ ماوەیەک هەندێ زەینییەت هەڵخڕێنێت و بە یاخی و سەربزێوی بزانن، بەڵام بیرمان نەچێت ئەوە هەر ئەم یاخییە ڕادیکاڵە بوو، لە زیندان هەموو بەڵێن و ئەو خەونانەی بە لایەنگرانی دابوو، لەسەر سینییەکی زێڕ بە چەشەیەک لە ترس و ئامیانێک لە خۆڕادەستکردن، پێشکەشی ئەو لایەنەی کرد کە بە هەزاران ڤیدیۆی بۆ مێژوو هەڵگیراوی جوێنی پێداون و ڕەتی کردووەتەوە! بەڵێ ئەمەیە دژوازییە تاڵ و تراجیدییەکانی وڵاتی من.