پرسی گەندەڵی دارایی و کارگێڕی لە عێراقدا، گەورەترین ئەو ئاستەنگانەیە کە لە دوای ساڵی 2003وە ڕووبەڕووی حكوومەتە یەک لە دوای یەکەکان بوونەتەوە. پەککەوتنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و بەهەدەردانی ملیاران دۆلاری خەزێنەی دەوڵەت، هەمیشە ناڕەزایی توندی شەقامی لێکەوتووەتەوە، بۆیە ڕاگەیاندنی هەر هەڵمەتێکی نوێی دژەگەندەڵی، وەک هەوڵێک بۆ گێڕانەوەی متمانەی هاووڵاتییان بە دامەزراوە فەرمییەکان دەبینرێت، چونکە پرسی گەندەڵی لە عێراقدا، ئیتر پرسێکی دارایی سادە نییە، بەڵکو پرسی مان و نەمانی دەوڵەتە. كەواتە دەبێت ئامانجی ڕاستەقینەی هەر هەڵمەتێکی نیشتمانییش، چەسپاندنی سەروەریی یاسا، گەڕاندنەوەی دارایی دزراو و سنووردارکردنی هەژموونی ئەو لایەنانە بێت کە لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەتدا کار دەکەن.
هەڵمەتەكەی عەلی زەیدی کە لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەکەی دەستی پێ کردووە، سەرەتایەکی ئومێدبەخشە، بەڵام لە بەردەم دووڕیانێكدایە، ئەگەر تەنیا ئامانجێکی سیاسی کورتخایەن یان پیشاندانێکی میدیایی بێت، ئەوا کاتێک بەرژەوەندییە گەورەکان دەکەونە مەترسییەوە، پاشەکشەی پێ دەکرێت، بەڵام ئەگەر پاڵپشتی نێودەوڵەتی و ئیرادەیەکی ناوخۆیی ڕاستەقینەی لە پشت بێت، دەبێتە سەرەتای ستراتیجێکی نوێ کە دەستکاری نەخۆشییە درێژخایەنەکەی سیستمی حوکمڕانی دەکات.
بۆ تێگەیشتن لە قووڵایی ئەم قۆناغە، پێویستە ئاوڕ لە تیۆریی ناوداری زانای سیاسی (ئارنۆڵد هایدنهایمەر) بدەینەوە، ئەو شرۆڤەیەکی فرەڕەهەند بۆ پێکهاتەی گەندەڵی دەکات، لە ڕێگەی تیشکخستنە سەر جیاوازییەکانی نێوان تێڕوانینی "دەستەبژێری دەسەڵاتدار" و "ڕای گشتی". هایدنهایمەر سێ ئاستی دیاریکراوی مێژوویی بۆ گەندەڵی دادەنێت:
یەکەمیان "گەندەڵی ڕەش"، کاتێک ڕەفتارەکە ئەوەندە نایاسایی و ناڕەوشتییە، هەم دەستەبژێری سیاسی و هەم سەرجەم چینەکانی کۆمەڵگە بە یەکدەنگی سەرکۆنەی دەکەن و داوای سزادانی توندی دەکەن، وەک بەرتیلخۆریی ڕاستەوخۆ لە دادگاکان یان دزینی ئاشکرای بودجە کە زیان بە مافی سەرەتایی مرۆڤەکان دەگەیەنێت.
ئاستی دووەم "گەندەڵی سپی"، تێیدا ڕەفتارەکان لادانە لە دەقە یاساییەكان، بەڵام لەلایەن دەستەبژێر/نوخبە و کۆمەڵگەوە بە چاوێکی سادە سەیر دەکرێ و چاوپۆشی لێ دەكرێ، چونکە وەک نۆرمێکی کولتووری و پێویستییەکی کۆمەڵایەتی لێهاتووە، نموونەی هەرە دیاریش بەکارهێنانی دەسەڵاتە بۆ دامەزراندنی خزم و کەس کە کۆمەڵگە وەک "ئەرکێکی ئەخلاقی بەرانبەر خێزان" پێناسەی دەکاتەوە، نەک تاوان.
ئاستی سێیەم و مەترسیدارترین، "گەندەڵی خۆڵەمێشی"، ئەم جۆرە گەندەڵییە لە دۆخێكی تەمومژاویدا دەمێنێتەوە، کاتێک دەستەبژێر و کۆمەڵگە لەسەر پێناسەکردن و بە تاواندانانی كارەكە هاوڕا نین. بۆ نموونە، ڕەنگە گرووپێكی دەسەڵاتدار یاسایەک بەکار بهێنێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندی خۆی، لە کاتێکدا ڕای گشتی ئەوە بە تاوان بزانێت، كەواتە یەكلا نابێتەوە و ئەم دۆخە ناڕوونە مەترسیدارترین جۆری گەندەڵییە، چونکە دەرگا بۆ ڕەواییپێدانی سیستماتیکی گەندەڵی دەکاتەوە.
بە سەرنجدان لەم تیۆرییە، دەبینین عێراق بە تەواوی قۆناغی "گەندەڵی ڕەش"ی تێپەڕاندووە، واتە کێشەی ئێستە تەنیا بەرتیلخۆریی بچووک و ئاشکرا نییە، بەڵکو دۆخەکە پەرەی سەندووە بۆ ململانێی قووڵ لە ناوچەی ململانێی نێوان "گەندەڵی سپی و خۆڵەمێشی". پێم وایە مۆدێلێکی نوێ و پێشکەوتووی گەندەڵیش لە عێراقدا لەدایک بووە کە گەندەڵی لەوە دەرچووە لادانی کەسیی بێت، بەڵکو بووەتە "دەستوورێکی نەنووسراو" و ستراتیجیێکی داڕێژراو.
کوتلە سیاسی و ئابوورییەکان، لە ڕێگەی بە یاساییکردنی كارەكانیان و دروستکردنی کۆمپانیا و گرێبەستی فەرمی، سەروەتی دەوڵەت قۆرخ دەکەن. گەندەڵی سپی کە پێشتر وەک خزمخزمێنەیەکی سادە لە فەرمانگەکاندا دەبینرا، ئێستە لەژێر ناوی "پشکپشکێنەی سیاسی" بووەتە بنەمای دابەشکردنی جومگەکانی دەوڵەت، ئەمە وایکردووە کولتووری چاوپۆشیکردنی گشتی، باڵ بەسەر کۆمەڵگەدا بکێشێت و هیوای گۆڕانکاری کەم بکاتەوە.
پێموایە ناونانی ئەم هەڵمەتە بە چاکسازی، تەنیا کاتێک ڕاستەقینە دەبێت کە شمشێرەکەی عەلی زەیدی بگاتە ملی سەرکردە باڵاکان و سەرانی سیاسی بەغدا، نەک تەنیا گەندەڵکارە بچووکەکان، چونکە ئەگەر دەرفەتەکە وا لەبار بوو بێت بۆ بچووكەكان، ئەی سەرووتر چی؟. مێژووی سیاسیی عێراق پێمان دەڵێت، زۆرجار دروشمی دژەگەندەڵی وەک کارتی گوشار بۆ پاکتاوکردنی نەیارەکان و كپكردنی شەقامی توڕە بەکار هاتووە. بۆیە ئەگەر زەیدی تەنیا پشت بە پۆستە فەرمییەکەی ببەستێت، بێ پشتیوانیی جەماوەریی ڕێکخراو، یان چەترێکی نێودەوڵەتی، زۆر زوو لە ناوەڕاستی ڕێگاکەدا بە تەنیا دەمێنێتەوە، چونکە لایەنە سیاسییەکان تا ئەو شوێنە لەگەڵیدان کە بەرژەوەندی و گیرفان و دەسەڵاتی خۆیان سەلامەت بێت.
بە بۆچوونی من، بۆ سەرخستنی هەر پرۆسەیەکی ڕاستەقینەی چاکسازی، پێویستە ستراتیجەکە لە سزادانی تاکەکەسەوە بگۆڕێت بۆ "هەڵتەكاندنی ژینگەی گەندەڵی"، ئەمەیش بەبێ کارکردن لەسەر سێ تەوەر، ناکرێت:
یەکەم، چاکسازی ڕادیکاڵی سیستمی دادوەری بە جۆرێک کە لە دەرەوەی ململانێی سیاسی بێت.
دووەم، بە دیجیتاڵکردنی تەواوی مامەڵە دارایی و کارگێڕییەکانی دەوڵەت، بۆ نەهێشتنی دۆخی خۆڵەمێشی و ناڕوونی یاسایی.
سێیەم، گێڕانەوەی متمانە بۆ هاووڵاتییان لە ڕێگەی دیوەدەری/شەفافیەت لە داهاتەکاندا.
ئایندەی ئەم دۆخە لە نێوان دوو سیناریۆدا یەکلا دەبێتەوە، ئەگەر ئەم هەڵمەتە نوێیە تەنیا لە چوارچێوەی دەستکەوتی کاتی و دروشمی میدیاییدا بمێنێتەوە، ئەوا گەندەڵی شێوازی خۆی دەگۆڕێت بۆ مۆدێلێکی خۆڵەمێشی ئاڵۆزتر کە تێیدا چاکسازی دەبێتە خەونێکی مەحاڵ، ئەمەیش وڵات بەرەو تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتیی نوێ دەبات، بەڵام ئەگەر زەیدی بتوانێت پێشنیارە بنەڕەتییەکان جێبەجێ بکات و هاوپەیمانی لەگەڵ شەقامی تووڕە و لایەنە نێودەوڵەتییەکان ببەستێ، ئەوا بۆ یەکەمجار عێراق بەرەو دروستكردنی دامەزراوە هەنگاو دەنێت و ژینگەی بەرهەمهێنانی گەندەڵی بۆ هەمیشە ئیفلیج دەکرێت.